ئۆپۆزیسیۆن و ترسی به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت !

ئۆپۆزیسیۆن و ترسی به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت !
2009-10-07T12:41:59+00:00

به‌هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانیه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ قۆناغێكی تری پێشكه‌وتووتر وسه‌نگینتر ته‌نانه‌ت به‌بۆچونی هه‌ندی له‌ شاره‌زایان وچاودێرانی سیاسیه‌وه‌ ، كه‌شتی دۆخی سیاسی هه‌رێمه‌كه‌ی له‌كه‌نارێكی ئارامدا له‌نگه‌ر پێگرت و ئاسۆیه‌كی پرشنگداریشی بۆ ئێستاو ئاینده‌ی ئه‌زمونه‌ دیموكراسیه‌كه‌ی مسۆگه‌ر كردووه‌ .

هه‌ر به‌م پێودانگه‌ ، مافێكی سروشتی هه‌ر هێزو قه‌واره‌یه‌كی سیاسی خۆیه‌تی كه‌ تێزێكی تایبه‌تی خۆی بۆ كۆی هاوكێشه‌و سیستمی سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی وئابووری و رۆشنبیری په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێم وبه‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌بێت و به‌هۆیه‌وه‌ بتوانێت دیدو بۆچونی خۆی وجه‌ماوه‌ره‌كه‌ی به‌قه‌ده‌ر قه‌باره‌و قورساییه‌كه‌ی له‌چوارچێوه‌ی به‌شداریكردنێكی كارای له‌ ئه‌رك وده‌سه‌ڵاتدا به‌كرده‌وه‌ پراكتیزه‌ بكات و ئه‌جێندایه‌كی تایبه‌تی هه‌بێت .

مانگێك زیاتره‌ له‌ناو چه‌ند هێزێكی سه‌ركه‌وتوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا مقۆمقۆی ئه‌وه‌ ده‌كری داخۆ به‌شداریبكه‌ن له‌ كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم یانیش به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شدارینه‌كه‌ن ، به‌لكو وه‌كو ئۆپۆزیسیۆن له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌دا سه‌نگه‌ر بگرن و رۆڵی چاودێر و گه‌ر پێویستیشی كرد هه‌ندی جار پیلانگێڕان له‌دژی یه‌وه‌ بگێڕن ..؟ !

ئه‌م ریتمه‌ تازه‌یه‌ له‌ هاوكێشه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی وێڕای ئه‌وه‌ی هیچ سوودێك به‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان ناگه‌یه‌نێت –ئه‌گه‌ر زیانی پێنه‌گه‌یه‌نێت - له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ بنه‌مایه‌كی لۆژیكی ئه‌وتۆشی له‌پشت به‌دیناكرێت جگه‌ له‌ لۆجیكی ( ئه‌گه‌ر ره‌ش نه‌بێت ئه‌وا سپی یه‌ ) ، كه‌ بێگومان ئه‌م دیده‌ ساده‌یه‌ ،هه‌رله‌زه‌مانی زووه‌وه‌ له‌جیهانی سیاسه‌تدا مایه‌پوچ ده‌رچووه‌ .

ئۆپۆزیسیۆنی كوردی له‌ ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كانی رابردووی خۆیدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم ، هه‌م وه‌كو شه‌ریكێكی سیاسی و به‌شدار له‌ ده‌سه‌ڵات و مافدا، هه‌م وه‌كو هێزێكی سیاسی جیاواز له‌ دیدو بۆچون و فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی خۆیدا ده‌مێكه‌ ئه‌وه‌ی بۆ ساغ بۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ وئیراده‌یه‌كی سیاسی به‌هێزو زه‌مینه‌یه‌كی له‌بارو كه‌رسته‌و پێداویستی ته‌واوی بۆ بڕه‌خسێت ئه‌وا نه‌ك بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری وسیاسی خۆی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا فراوان وبه‌هێز ده‌كات ، به‌ڵكو هه‌میشه‌ ده‌توانێت له‌ناوه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تدا رۆڵ و پێگه‌ی سیاسی وئابووری وكۆمه‌ڵایه‌تی خۆی قایمترو تۆكمه‌تر بكات .

ئێمه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ ترسی هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له‌ به‌شداریكردنیان له‌ حكومه‌ت ، به‌رده‌وام بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی به‌شینه‌وه‌ی چه‌ند ده‌ستكه‌وت وئیمتیازاتێكه‌وه‌ ئه‌و هێزانه‌ بكات به‌ ده‌سكه‌لای خۆی وبه‌ئاره‌زووی خۆی بڕیار وبه‌رنامه‌ی خۆی به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنێت و هیچ كه‌س ولایه‌نێك له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تدا نه‌مێنێت بتوانێت له‌به‌رامبه‌ریدا بوه‌ستێته‌وه‌، به‌ڵام گه‌ر وردتر له‌ ره‌وتی رووداوه‌كان وقۆناغی تازه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ بڕوانین ئه‌وا چه‌ند به‌ره‌نجامێكی رۆشن ودروست به‌دیده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ ئه‌هێنی كه‌ هێز وقه‌واره‌ سیاسیه‌كان هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جیددی له‌سه‌ر بكه‌ن و جارێكیتر چاو به‌ مه‌سه‌له‌ی به‌شداریكردن له‌و حكومه‌ته‌دا بخشێننه‌وه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ لێره‌دا زۆر پێویست بێت بپرسین :

• ئایا كاراكته‌ره‌كان وره‌هه‌نده‌ سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی وئابووریه‌كان له‌ئێستادا نه‌گۆڕاون به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ نه‌هێڵێت چیتر ئه‌و وێنانه‌ی پێشووی تاقیكردنه‌وه‌كان دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ ؟

• ئایا گۆڕینی میكانیزم وفاكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سه‌رخستنی كارنامه‌ی حكومه‌ت به‌ئاراسته‌ی جێبه‌جێكردنی رێژه‌ی هه‌ره‌ به‌رزی داخوازیه‌كانی هاووڵاتیان، هه‌مان ئه‌و پێوه‌ره‌ ئه‌خلاقیانه‌ نین كه‌ له‌ ریزبه‌ندی ئه‌جێندای سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسیه‌كان له‌ رابردوو وئێستا وئاینده‌دا وه‌ك داواكاری ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌؟

• ئایا هه‌ڕه‌شه‌ی په‌تایه‌كی كوشنده‌ی وه‌كو گه‌نده‌ڵی كه‌ سه‌رله‌به‌ری كایه‌ سیاسی وئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی وفه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ی گرتۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ ناهێنی كه‌ چیتر دووره‌ په‌رێز نه‌وه‌ستین وبه‌هه‌موومان و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌ .. ؟

وه‌كو پێده‌چێت له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا چه‌ند لیست وهێزی سیاسی به‌ره‌سمی ئاماده‌یی خۆیان بۆ به‌شداریكردن له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌ی شه‌شه‌م رابگه‌یه‌نن و راسته‌وخۆش بكه‌ونه‌ دانوستان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی راسپێردراووجێگره‌كه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ش بۆخۆی پێچكردنه‌وه‌یه‌كی سیاسی نه‌خوازراوی ئه‌وتۆیه‌ بۆ هه‌ندی لیستی دیكه‌ كه‌ به‌درێژایی ئه‌وماوه‌یه‌ی رابردوو گرۆی سیاسیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كرد .

به‌و شێوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ش بێت به‌شداریكردنی هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی له‌ كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای ئه‌وه‌ی ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ پێگه‌یشتنی عه‌قڵی سیاسی كورد ودرككردن به‌ به‌رپرسیارێتی مێژوویی وئه‌خلاقی له‌هه‌مبه‌ر دۆخێكی وه‌كو ئه‌مڕۆی ئه‌زمونی دیموكراسی خه‌ڵكی كوردستان ، له‌هه‌مان كاتیشدا نیشانه‌یه‌كی ئاشكرای جوامێری ودڵسۆزی ئه‌و هێز وسه‌ركردانه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌ریزی پێشه‌وه‌ی قوربانی وخۆبه‌ختكردندا بوون له‌پێناو ئازادی وسه‌رفرازی گه‌له‌كه‌یان.
Shafaq Live
Shafaq Live