ڕۆژێك بۆ قوربانیانی‌ كوردی‌ فه‌یلی‌

ڕۆژێك بۆ قوربانیانی‌ كوردی‌ فه‌یلی‌
2009-08-22T12:00:51+00:00

هه‌ر چه‌نده‌ به‌شی‌ زۆری‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد شوێنكه‌وته‌ی‌ ئاینی‌ ئیسلامه‌، به‌ڵام ڕێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاویش له‌ كاكه‌یی‌ و ئێزدی‌ و به‌ ڕێژه‌یه‌كی‌ كه‌متریش چه‌ند ئاینێكی‌ تر بوونی‌ هه‌یه‌ له‌ناو كورددا. هه‌ر چه‌نده‌ ئێستا به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ و نه‌مان ده‌چن، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ش كه‌ سه‌ر به‌ ئاینی‌ ئیسلامن سه‌ر به‌ یه‌ك مه‌زهه‌ب نین، به‌ڵكو هه‌ردوو مه‌زهه‌به‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ ئیسلامیش له‌ناو كورد هه‌یه‌، هه‌ر چه‌نده‌ سوننی‌ مه‌زهه‌به‌كان زیاترن، به‌ڵام چه‌ندین ناوچه‌ی‌ دیاری‌ كوردستان هه‌یه‌ ڕێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ سه‌ر به‌ مه‌زهه‌بی‌ شیعه‌ن وه‌ك ناوچه‌كانی‌ خانه‌قین و مه‌نده‌لی‌ به‌دره‌و جه‌سان و ناوچه‌كانی‌ ناوه‌ڕاستی‌ عیراقیش وه‌كو به‌غدا و كوت و به‌له‌دروز و كه‌نعانیه‌ و دیاله‌ و چه‌ندین ناوچه‌ی‌ تر به‌شی‌ زۆری‌ كورده‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئاینزای‌ شیعه‌ن. "ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ كرماشان و شنۆی‌ كوردستانی‌ ڕۆژهه‌ڵاتیش" كه‌ پێیان ده‌وترێت كوردی‌ فه‌یلی‌ هه‌ر چه‌نده‌ تێبینی‌ له‌ سه‌ر ئه‌م ناوه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونی‌ كات گۆڕان به‌ سه‌ر وشه‌كه‌دا هاتووه‌ و بووه‌ به‌ فه‌یلی‌. هه‌ر چه‌نده‌ به‌ درێژایی‌ مێژووی‌ ئیسلام "ته‌نها ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م نه‌بێت" بوونی‌ دوو مه‌زهه‌بی‌ كێشه‌ گه‌لێكی‌ زۆری‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب دروستكردووه‌ و به‌م هۆیه‌وه‌ مێژووه‌كه‌یان پڕه‌ له‌ كاره‌ساتی‌ خوێناوی‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ دڵخۆشییه‌ دوو مه‌زهه‌بی‌ بۆ كورد ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی‌ لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌، هه‌ر چه‌نده‌ نكۆڵی‌ له‌وه‌ ناكرێت كه‌ هه‌ندێكجار دوژمنان سوودیان لێوه‌رگرتووه‌ و تا هه‌نوكه‌ش پلان و به‌رنامه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ستی‌ كوردبوون لای‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كان نه‌هێڵن، به‌ڵام تائێستا كوردی‌ فه‌یلی‌ شانازیی‌ به‌ كوردبوونی‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن و له‌ نیو سه‌ده‌ی‌ ڕابردوودا له‌ شۆڕشه‌كانی‌ ئه‌م به‌شه‌ی‌ كوردستاندا به‌شداری‌ به‌رچاویان كردووه‌ و به‌ جۆرێك حكومه‌تی‌ عیراق به‌ ته‌واوی‌ له‌م ڕۆڵه‌یان نیگه‌ران بوو بوو. هه‌ر بۆیه‌ به‌ چه‌ندین شێوه‌ی‌ جیاواز تۆڵه‌ی‌ لێكردنه‌وه‌ و ڕقی‌ خۆی‌ ڕشت به‌ سه‌ریاندا. ده‌وڵه‌تی‌ عیراق بێ هیچ ماندووبوون و ئه‌رككێشانێكی‌ زۆر پیلانی‌ له‌ ناوبردنی‌ فه‌یلییه‌كانی‌ جێبه‌جێ كرد، چونكه‌ به‌هۆی‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌ ناوچه‌ و شوێنی‌ نیشته‌جێبوونیان به‌ ئاسانی‌ ده‌ستی‌ گه‌یشتنێ‌ و ئه‌وه‌ی‌ ویستی‌ ده‌رحه‌قیان ئه‌نجامیدا. یه‌كه‌مین پێكهاته‌ی‌ كوردبوون كه‌ ناوچه‌كانیان ڕووبه‌ڕووی‌ ڕاگواستن و به‌ عه‌ره‌بكردن بوونه‌وه‌. یه‌كه‌م پرۆسه‌ی‌ بێسه‌ر و شوێنكردنیش هه‌ر دژی‌ ئه‌وان پیاده‌ كرا، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ له‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابردوودا كارێك نه‌كرا كه‌ زۆرترین زانیاریمان له‌سه‌ر ناوچه‌كانی‌ كوردی‌ فه‌یلی‌ و ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی‌ به‌ سه‌ریاندا هاتووه‌ هه‌بێت. من بۆ خۆم وه‌ك گه‌نجێك كاتێك له‌ قۆناغی‌ ئاماده‌یی‌ بووم ئه‌و وتارانه‌ی‌ بۆ یاده‌كانی‌ هه‌ڵه‌بحه‌ و ئه‌نفال ده‌منووسین، ته‌نها ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ حه‌وت هه‌زاری‌ كوردی‌ فه‌یلی‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌شته‌كاندا بێسه‌ر و شوێن كراوه‌، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ دادگاییكردنی‌ سه‌رانی‌ ڕژێمی‌ به‌عس له‌سه‌ر كه‌یسی‌ له‌ناوبردن و ده‌ربه‌ده‌ركردنی‌ كورده‌ فه‌یلییه‌كان و چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ كوردسات زانیم چی‌ به‌ كوردی‌ فه‌یلی‌ كراوه‌ و ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه‌ی‌ ئه‌وان هه‌مانبووه‌ ته‌نها مشتێك بووه‌ له‌ خه‌روارێك. ئه‌گینا ئه‌و ڕووداو و به‌سه‌رهاتانه‌ی‌ له‌و دادگاییكردن و به‌رنامه‌ تایبه‌تانه‌دا گوێبیستی‌ بووین زۆر ویژدان هه‌ژێن بوون، چه‌ند به‌ به‌رنامه‌ هه‌وڵی‌ له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌یان دراوه‌. كه‌ چه‌ندین مانگ به‌ر له‌و پرۆسه‌ دوژمنكارییه‌ ، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك فۆرمی‌ زانیارییان پێڕكراوه‌ته‌وه‌ دواتر ده‌ست ده‌كرێت به‌گرتن و بێسه‌ر و شوێنكردنی‌ گه‌نجه‌كانیان و ڕاگواستنی‌ ژن و منداڵ و به‌ ته‌مه‌نه‌كانیان بۆ ئێران. ئه‌وانه‌شی‌ ئێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ به‌غدا له‌وپه‌ڕی‌ نه‌هامه‌تیدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن.

بۆیه‌ له‌ كۆتایدا داوا ده‌كه‌م بۆ به‌ زیندوو هێشتنه‌وه‌ و له‌ بیرنه‌كردنی‌ قوربانیانی‌ كوردی‌ فه‌یلی‌ ڕۆژێك دابنرێت و ساڵانه‌ چۆن له‌ ڕۆژی‌ 14-4 و 16-3 و 31-7 یادی‌ ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و بارزانیه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش یادی‌ قوربانیانی‌ كوردانی‌ فه‌یلی‌ بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی‌ عیراق هه‌ر شتێكی‌ كردبێت به‌ پاساو بۆ له‌ ناوبردنی‌ كوردانی‌ فه‌یلی‌ ده‌بێت دواجار ئه‌وه‌مان له‌ بیرنه‌چێت كه‌ ئامانجی‌ یه‌كه‌می‌ حكومه‌تی‌ عیراق له‌ ناوبردن یان كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كورد بووه‌ له‌ به‌غدا و ترسان بوو له‌ ڕۆڵ و پێگه‌یان كه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا بوویان له‌ پایته‌خت. هه‌ر وه‌ك یه‌كێك له‌ سكاڵاكاره‌كانی‌ ده‌یوت كاتێك پیاوانی‌ ڕژێم هاتوون بۆ ده‌ستگیركردنمان وتویانه‌ نابێت كورد له‌ به‌غدا بمێنێت. كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كورد نه‌بوونایه‌ و ئه‌و  ڕۆڵه‌ گرنگ و به‌رچاوه‌یان نه‌بوایه‌ له‌ به‌غدا هه‌رگیز ئه‌وه‌یان به‌سه‌ردا نه‌ده‌هات.

Shafaq Live
Shafaq Live