پیرێك خۆی گه‌نج ده‌كاته‌وه‌

پیرێك خۆی گه‌نج ده‌كاته‌وه‌
2009-10-19T11:22:01+00:00

هێشتا به‌شێك له‌ سیاسه‌توان و رۆشنبیرانی ئێمه‌ش پێگه‌ی كورد هێنده‌ به‌ گرنگ نازانن كه‌ ئاخۆ ده‌توانێت ته‌نها كارتێكراو نه‌بێت و ئه‌ویش پێگه‌ی خۆی بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری به‌كار بێنێت؟ ره‌نگه‌ لای هه‌ندێك ئه‌وه‌ پرسیارێكی ساویلكانه‌ بێت كه‌ چۆن كورد ده‌توانێت ئاراسته‌ی هه‌ندێك گۆڕانكاریی له‌ ناوچه‌كه‌ بگۆڕێت؟ به‌ڵام ئاخۆ بیریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی زۆر له‌و گۆڕانكارییانه‌ به‌ ڕه‌چاوكردنی به‌هێزبوونی پێگه‌ی كورد رووده‌ده‌ن یان لانیكه‌م كورد یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی؟

توركیا زۆر له‌به‌ر ده‌رگای یه‌كێتیی ئه‌ورووپا راوه‌ستا و بێ ماندووبوون له‌ ده‌رگای ده‌دا، هه‌میشه‌ش وه‌ڵام (نا) بوو و هۆكاره‌كه‌یش گۆڕانكاریی دیموكراسی و باشكردنی ره‌وشی ژیانی ناوچه‌ كوردنشینه‌كان بوو، به‌هاتنه‌ سه‌ر كاری پارتی داد و گه‌شه‌پێدان گۆڕانكاریی گرنگ له‌ سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركیادا هاتنه‌ئارا، ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا ده‌یكات كه‌م بێت یان زۆر، گرنگه‌. بیرمان نه‌چێت ئه‌و ده‌ستی له‌ حه‌رامترین دۆزی ناو وڵاته‌كه‌ی دا، دۆزێك كه‌ ته‌نها به‌هۆی ناوهێنانی چه‌ندین سیاسه‌توانی ناوداری وڵات ره‌وانه‌ی گرتووخانه‌كان كرابوون.

ئه‌ردۆگان له‌ده‌رگای حه‌رامێكی دیكه‌ی دا و خۆی له‌ ئه‌رمه‌ن نزیك كرده‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت من به‌ كارتی كورد و ئه‌رمه‌نه‌وه‌ ده‌چمه‌ نێو ئه‌ورووپاوه‌. دوو قووربانی كه‌ ده‌كرێ مامه‌ڵه‌یه‌كی ژیرانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌دا بكه‌ن و له‌قازانجی دۆزه‌كه‌یاندا بێت. ده‌مێنێته‌وه‌ئه‌وه‌ی كه‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ نوێیه‌دا ده‌كه‌ن.

ره‌نگه‌ هه‌ندێ لایه‌ن پێیان وابێت ئه‌وكارانه‌ی ئه‌ردۆگان گه‌مه‌یه‌كی سیاسین و ته‌نها بۆ شكاندنی ده‌سه‌ڵاتی ژه‌نڕاڵه‌كانی توركیایه‌، به‌ڵگه‌شیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ردۆگان له‌م ماوه‌یه‌دا زۆر سوكایه‌تی به‌ ئیسرائیلی هاوپه‌یمانی دێرینی ژه‌نڕاڵه‌كانی توركیا كردووه‌ و ده‌یه‌وێ به‌جۆرێك كۆتایی به‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ بهێنێت و هه‌ر بۆیه‌ش بوو رێگه‌ی نه‌دا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل به‌شداریی له‌ مانۆڕه‌ هه‌واییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی ناتۆدا بكات، گوایه‌ ئیسرائیلییه‌كانیش هه‌ستیان به‌و گه‌مه‌یه‌ كردووه‌، بۆیه‌ به‌ هێمنییه‌وه‌ ده‌ڵێن ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ كار له‌ په‌یوه‌ندیی ستراتیژیی نێوانمان ناكات.

ئه‌و لایه‌نانه‌ی زۆرتر گره‌و له‌سه‌ر ئه‌م بۆچۆنه‌ی دوایی ده‌كه‌ن رۆژنامه‌نووسه‌ عه‌ره‌به‌كانن، ئه‌وان پێیان وایه‌ توركیا له‌به‌ر دڵسۆزیی بۆ دانیشتوانی غه‌ززه‌ی فه‌له‌ستین ئه‌وه‌ دووه‌مجاره‌ هه‌ڵوێستی (مه‌ردانه‌) به‌رامبه‌ر ئیسرائیل وه‌ربگرێت و خۆزگه‌ی ئه‌وه‌ ده‌خوازن وڵاتانی عه‌ره‌بییش ئه‌و شه‌هامه‌ته‌یان هه‌بێت! هه‌ڵبه‌ت هه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ سه‌ریان له‌وه‌ سڕ ماوه‌ كه‌ بۆچی توركیا ده‌یه‌وێ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان باش بكات، بۆ ئه‌وه‌ش ته‌فسیره‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ توركیا ده‌یه‌وێ ئیمپراتۆریای عوسمانی نوێ بكاته‌وه‌ و پاڵ به‌ ئیسرائیله‌وه‌ بنێت و خۆی ببێته‌وه‌ سه‌رداری رۆژهه‌ڵاتی ناوین و رۆڵێك ببینێت كه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی نه‌یانتوانیوه‌ بیبینن.

راستییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ توركیای پیر خه‌ریكه‌ خۆی گه‌نج ده‌كاته‌وه‌ و رۆشنبیرانی كوردیش تا ئێستا خوێندنه‌وه‌یه‌كی روونییان بۆ ئه‌و پێشهاته‌ گرنگه‌ نییه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ هه‌یانبێت و به‌ پشت به‌ستن به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد به‌رچاوروونیی زیاتر بده‌نه‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی هه‌رێم.

Shafaq Live
Shafaq Live