نه‌ریتی پشوو لای كورد

نه‌ریتی پشوو لای كورد
2009-11-18T07:24:45+00:00

به‌ یه‌كێك له‌ خۆشه‌ویسترین و جوانترین ڕۆژه‌كانی هه‌فته‌ و مانگ و ساڵ زانراوه‌. ئه‌مه‌ و جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌و تاك و خێزانانه‌ به‌شێوازێكی گشتی و كارمه‌ندانی هه‌ر ده‌وڵه‌تێكیش له‌پاڵ خوێندكارانی به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، به‌رده‌وام له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژانه‌دا ژیاون و ده‌ژین. دیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌ خۆڕا و بێ هیچ هۆكارێك نا، به‌ڵكو له‌ ده‌رئه‌نجامی ماندووبوونێكی (شه‌ش) ڕۆژه‌ی هه‌فته‌ و چه‌ند مانگی ساڵ، له‌ كار و خوێندن و خزمه‌تگوزاری، له‌ یه‌كێك له‌ دامه‌زراو و ده‌زگا و خوێندنگا و په‌یمانگا و زانكۆكانی ده‌وڵه‌تدا. لێره‌وه‌ش بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی ماندووبوونی كات و ڕۆژه‌ پڕ له‌ كێشه‌ و سه‌رقاڵییه‌كانیان، (پشوو) كراوه‌ته‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ حه‌وانه‌ و به‌خۆداچوونه‌وه‌ی ماندووبوونه‌كانی ڕۆژانی ڕابردوو.

سه‌باره‌ت به‌ (كورد)یش، كه‌ خاوه‌ن مێژووییه‌كی تایبه‌ت و دێرین به‌خۆی بووه‌، له‌ سه‌رده‌مانێكی كۆنه‌وه‌ پشووی ناسیووه‌ و پشووی كردۆته‌ چه‌ندین وێستگه‌ی ته‌مه‌نی ژیانی. له‌م نێوه‌نده‌شدا پشوو هه‌بووه‌ ناوچه‌یی و بنه‌ماڵه‌یی. هه‌روه‌ها هه‌بووه‌ ئایینی و نیشتمانی و كۆمه‌ڵایه‌تی. بۆ هه‌ر یه‌كێكیش له‌و پشووانه‌ كات و بۆنه‌ و مه‌راسیمی تایبه‌ت به‌خۆی بووه‌، بۆیه‌ هیچ پشوویه‌ك له‌وی دی نه‌چووه‌. لێره‌وه‌ دیارترین نه‌ریت لای كۆمه‌ڵی كورده‌واری ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ بۆ هه‌ر یه‌ك له‌و پشووانه‌ ئه‌رك و مه‌راسیمی تایبه‌ت به‌خۆی بووه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌رك و مه‌راسیمی پشووی جه‌ژنه‌ ئایینییه‌كان له‌ ئه‌رك و مه‌راسیمی پشووی بۆنه‌ نیشتمانی و ته‌نانه‌ت ناوچه‌ییه‌كان جیاوازبووه‌. جیاوازییه‌كه‌ش بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ڕیسا و یاساییه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، كه‌ ڕۆژگار بۆ كۆمه‌ڵێك نه‌ریتی جیاواز و پڕ سه‌یر و سه‌مه‌ری گۆڕیوون. خودی ئه‌و بۆنانه‌ش، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری چه‌ند پشوویه‌كی جۆراوجۆر سه‌رئه‌نجام چه‌ندین نه‌ریتی نوێی به‌ خودی پشووه‌كان به‌خشیووه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی پشووی (هه‌ینی) لای كۆمه‌ڵی كورده‌واری جیاوازبووه‌ له‌ پشووی نیوه‌ی ساڵ و سه‌ری ساڵی خوێندن لای خوێندكاران. هه‌روه‌ها جیاوازیش بووه‌ له‌ پشووی بۆنه‌یه‌كی نیشتمانی یان نه‌ته‌وه‌یی. بۆ نموونه‌ لای كورد بۆ هیچ یه‌ك له‌ پشووی ڕۆژانی هه‌ینی پێویست نه‌بووه‌ پۆشاكی نوێ له‌به‌ربكات و بپۆشێت. یان به‌ر له‌ پشووه‌كه‌ ماڵه‌كه‌ی بڕازێنێته‌وه‌ و خۆی بۆ ڕۆژه‌ ئاماده‌بكات. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ جگه‌ له‌ وه‌رزه‌كانی به‌هار و هاوین، كه‌ لای به‌شێكی كۆمه‌ڵگاكه‌مان بۆ سه‌یران و گه‌شت به‌كارهاتووه‌ و كه‌متر بۆ مانه‌وه‌ له‌ ماڵبووه‌، تا پێویست به‌وه‌ بكات ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی به‌ڕووی میوانه‌كانی واڵا بكات. له‌كاتێكدا پشووی ڕۆژانی جه‌ژنه‌ ئایینییه‌كان وه‌ك جه‌ژنه‌كانی (ڕه‌مه‌زان و قوربان) لای كورده‌ موسڵمانه‌كان و جه‌ژنه‌كانی (له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح/د.خ) و (سه‌ری ساڵی زایینی) و (جه‌ژنی هه‌ستانه‌وه‌) و (جه‌ژنی ڕۆژوو) لای كورده‌ مه‌سیحییه‌كان و (جه‌ژنی ڕۆژووی ئێزدی) لای كورده‌ ئێزدییه‌كان، به‌ ئاماده‌كردنی پۆشاكی نوێ و ڕازانه‌وه‌ی ماڵه‌كان و ئاماده‌كردنی خۆشترین و جوانترین خواردن و خواردنه‌وه‌ پێشوازیكراوه‌. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ڕووی خۆشی خه‌ڵكی و به‌ڕێكردنی ڕۆژه‌كانی جه‌ژن به‌ به‌زم و خۆشی لای په‌یڕه‌وانی ئه‌و ئایینانه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌ردوو پشووی نیوه‌ی ساڵ و سه‌ری ساڵ لای خوێندكارانی كورد، سه‌رباری ڕزگاربوونیان له‌ كێشه‌ی خوێندن و به‌سه‌ر بردنی چه‌ند مانگێگ له‌ خوێندن، بۆ ساڵانێكه‌ لای هه‌ندێك خوێندكاری ده‌ست ڕۆیشتووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، خۆئاماده‌كردن بووه‌ بۆ خوله‌ جۆراوجۆره‌ زمانه‌وانی و هونه‌ری و زانستییه‌كان. وه‌ك فێربوونی جۆره‌كانی هونه‌ری موسیقا و شانۆ و وێنه‌كێشان و په‌یكه‌رتاشین، تا ده‌گاته‌ فێربوونی زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان وه‌ك زمانه‌كانی (ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی و فارسی و عه‌ره‌بی...تاد). ئه‌مه‌ و جگه‌ له‌ فێربوونی (كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت)، تا ده‌گاته‌ (به‌رگدرووی و دارتاشی و سه‌ما و گۆرانی و... تاد)، به‌ڵام بۆ خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان ناردنی خوێندكاره‌كانیان بووه‌ بۆ سه‌ر كارێك، تا كه‌مێك له‌ ئازار و مه‌ینه‌تی خۆی و خێزانه‌كانیان كه‌مبكه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ش بۆ (كرێكاری و جوتیاری یان كڕین و فرۆش و كاری سه‌رپێی... تاد). واته‌ ئه‌م توێژه‌ خوێندكاران به‌هۆی كه‌مده‌رامه‌تی یان ناهۆشیاری به‌رپرسانی خێزانه‌كانیانه‌وه‌، بێبه‌شبوون له‌ هه‌موو خۆشی و فێربوونێك، كه‌ خزمه‌ت به‌ بواری زانستی و مه‌عریفیان بگه‌یه‌نێت.

سه‌رباری ئه‌وانه‌ی باسكران، ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌ك له‌و ڕۆژه‌ پشووانه‌ كه‌وتبێته‌ هه‌ردوو وه‌رزی (به‌هار و هاوین) ئه‌وا به‌شێك له‌ تاك و خێزانه‌كان ڕوویان له‌ سه‌یرانگا و كه‌نار چۆم و ڕووبار و پێده‌شت و دۆڵ و لاپاڵی چیاكان كردووه‌. به‌وه‌ش نه‌ریتێكی تریان خستۆته‌ سه‌ر نه‌ریته‌كانی كورد، كه‌ به‌ (نه‌ریتی سه‌یرانكردن) ناسراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌وتبێته‌ وه‌رز و مانگه‌ سارده‌كان و سه‌رما و به‌فر و باران ڕێگربووبن له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی تاك و خێزانه‌كان، به‌ مانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌كان به‌ڕێكراوه‌. ئه‌و شێوازه‌ش ناخۆشترین جۆری پشوو خراپترینیان بووه‌، لای تاكی كورد. ته‌نیا لای ئه‌وانه‌ نه‌بێت، كه‌ به‌هۆی له‌ ده‌ستچوونی كه‌سێك یان خۆشه‌ویستێكیانه‌وه‌، بۆیان نه‌بووه‌ له‌ ماڵ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌به‌ر نه‌ریتێك، كه‌ هه‌زاران ساڵه‌ ناوی (نه‌ریت عه‌یبه‌)ی لێنراوه‌.

لێره‌شه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ی، كه‌ به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وه‌ نه‌ریتی پشوو لای كورد بۆته‌ یه‌كێك له‌ دیارترین نه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵی كورده‌واری. نه‌ریتێك جگه‌ له‌ به‌ڕێكردنی ڕۆژێك یان چه‌ند ڕۆژێك به‌ خۆشی و به‌زم و شادی شتێكی له‌ ڕه‌وتی ژیانی نه‌گۆڕیووه‌. ئه‌وه‌ش دیارده‌یه‌كی زۆر ئاسایی بووه‌، چونكه‌ ژیانیش بێ پشوو نه‌ مانایه‌كی بووه‌ و نه‌ ده‌بێت.

 

Shafaq Live
Shafaq Live