كه‌ی‌ "به‌ندی حه‌وت" له‌ كۆڵ عیراق ده‌بێته‌وه‌؟

كه‌ی‌ "به‌ندی حه‌وت" له‌ كۆڵ عیراق ده‌بێته‌وه‌؟
2009-11-15T17:50:51+00:00

له‌باره‌ی به‌ندی حه‌وته‌م و عیراقه‌وه‌ تائێستا 77 بڕیار له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ ده‌رچوون، به‌ندی حه‌وت په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی كه‌ عیراق مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، له‌هه‌مانكاتدا به‌ندی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م به‌نده‌ هه‌یه‌ كه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ تائێستا عیراق به‌مه‌ترسی بۆ ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ناسێنراوه‌.له‌ 64مین كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژانی 23 تا 28ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا كه‌ نوێنه‌ری 192 وڵات به‌شداریانكرد و چاككردنی سیسته‌می ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیش ئه‌جێندای كۆبوونه‌وه‌كه‌بوو یه‌كێك له‌ خاڵه‌ گرنگه‌كانی عیراق كه‌ ده‌بوایه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت ده‌رهێنانی عیراق بوو له‌ژێر به‌ندی حه‌وتدا پێشتریش سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق نوری مالیكی له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی جه‌ختی‌ له‌و خاڵه‌ ده‌كرده‌وه‌.به‌ندی حه‌وت ته‌نها بڕیارێك نییه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه‌ ده‌رچووبێت، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك بڕیار ده‌رچوون كه‌ جه‌خت ده‌خه‌نه‌ سه‌ر به‌ندی حه‌وته‌م، له‌و كۆمه‌ڵه‌ بڕیاره‌ بڕیارێك تایبه‌ته‌ به‌ هێرشی عیراق بۆ سه‌ر كوێت، مه‌به‌ست له‌ خستنی عیراق بۆ ژێر باری به‌ندی حه‌وت پاش هێرشی عیراق بۆ سه‌ر كوێت له‌ ساڵی 1990دا ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بێزاری نیشاندا و دانی به‌وه‌دانا كه‌ هێرشی عیراق بۆ سه‌ر كوێت پێشێلكردنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیه‌ و به‌ مه‌ترسی زانی، به‌پێی ماده‌كانی 39 و 40ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كه‌ له‌ناو به‌ندی یان به‌شی 7ی میساقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندایه‌.ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی عیراق یان هه‌ر وڵاتێكی تر هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت تا بزانێت ئه‌و كردارانه‌ چین كه‌ وایانكردووه‌ ئه‌و وڵاته‌ ببێته‌ مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و جیهان، بۆیه‌ ده‌ینرخێنن تا ده‌گه‌نه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ عیراق هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی یان نا، ئه‌گه‌ر پێوه‌ره‌كانی به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوو كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ دروست ده‌كات ئه‌و كاته‌ له‌ژێر به‌نده‌كه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌.سیاسه‌تی نه‌رمی نواندن و هه‌وڵدان بۆ هاوكاریكردن و زۆرجار چاوسووركردنه‌وه‌ و هاوكاری پێكردنی عیراق بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندن و ده‌رچوونی عیراق له‌ژێر به‌نده‌كه‌ به‌كارهێنراوه‌ بۆیه‌ گه‌مارۆی ئابووری له‌سه‌ر هه‌ڵگیرا، به‌ڵام عیراق له‌ مانگی ئه‌پرێلی كۆتایی ساڵی 1990دا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئیسرائیل كردبوو و وتبووی ده‌توانم نیوه‌ی ئیسرائیل بسووتێنم، بۆیه‌ ئه‌مه‌ به‌هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی ناسێنرا و كاریگه‌ری له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی له‌ژێر به‌نده‌كه‌دا هه‌بوو.ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی هه‌تا ڕووخاندنی ڕژێمی عیراق بڕیار و كاره‌كانی خۆی به‌ "حاڵه‌تی نێوان عیراق و كوێت" وه‌سف ده‌كرد، به‌ڵام له‌دوای ساڵی 2003 و پڕۆسه‌ی ئازادییه‌وه‌ شێوه‌ی بڕیاره‌كانی گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و كاره‌كانی به‌ "حاڵه‌تی عیراق" به‌ناو كرد، واته‌ قۆناغێكی نوێ ده‌ستیپێكرد كه‌ سزاكانی سه‌ر عیراق به‌ره‌و سوككردن ده‌چوون له‌و كاته‌وه‌ عیراق ئیتر به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی بۆ ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی پێناسه‌كرا و ئیتر له‌و بارودۆخه‌ ده‌رچوو  كه‌ مه‌ترسی بێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵكو ئێستا ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی عیراق به‌ مه‌ترسی بۆ ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی داده‌نێت و عیراقیش كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌مه‌شی له‌سه‌ر نه‌مێنێت.

بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش هه‌تا دوا بڕیاری ساڵی 2007یش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ عیراق هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام به‌پێی بڕیاری 688ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كه‌ پاش جێگیركردنی ناوچه‌ی ئارام بۆ كورد و كۆڕه‌وه‌كه‌ی ساڵی 1992 ده‌رچووه‌، كه‌ به‌ لاوازترین بڕیار له‌ بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ناوده‌برێت، چونكه‌ پشت به‌ به‌نده‌كانی به‌شی حه‌وت یان به‌ندی حه‌وت نابه‌ستێت، به‌ڵكو پشت به‌بڕگه‌ی 7ی ماده‌ی 2ی میساقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌به‌ستێت و به‌پێی ئه‌م بڕگه‌یه‌ی 7ی ماده‌ی 2ی میساقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش نابێت ده‌ستبخرێته‌ كاروباری ناوخۆی وڵاتانه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ ناوخۆییه‌ و نابێت ئه‌و كارانه‌ش بچنه‌ سه‌ر مێزی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی.

به‌پێی بڕیاری 688 تائێستا هیچ بڕیارێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بڵێت عیراق هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوخۆی وڵات، ئه‌م بڕیاره‌ ئه‌گه‌رچی به‌ وته‌ی شاره‌زایان ڕێگر نییه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی به‌ندی حه‌وتدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵیدا ناكۆكه‌ و داڕشتنه‌وه‌ی ماده‌كه‌ له‌ جێگه‌ی خۆیدا و گونجاو نییه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی ناوخۆیی وڵاتێك بووه‌هۆی مه‌ترسی دروستكردن بۆ سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و كاته‌ ده‌بێت به‌ندی حه‌وت جێبه‌جێبكرێت و كاری پێبكرێت.به‌گوێره‌ی بڕیاری 688ی‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌كاتی كۆڕه‌وه‌كه‌ی خه‌ڵكی كوردستاندا له‌ ساڵی 1992دا ئه‌و خه‌ڵكه‌ی به‌ره‌و ئه‌ودیو سنوور ڕۆیشتبوون و ئاواره‌ ببوون، هێرشه‌كانی ڕژێمی سه‌دامیش كه‌ ئه‌ودیو سنووری عیراقی گرتبووه‌وه‌، له‌و كاته‌دا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و جیهانی، واته‌ ئه‌گه‌ر هێرشه‌كانی ڕژێم ئه‌و دیوی سنووره‌كانی نه‌گرتبایه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵكی كورد ئاواره‌ی ئه‌و دیوی سنووره‌كان نه‌بوونایه‌ و هه‌ر له‌ سنووری خۆیاندا بوونایه‌ ئه‌م كاره‌ساته‌ به‌هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ده‌ژمێردرا و كورد ئه‌و مافه‌ی پێنه‌ده‌درا، بۆیه‌ به‌پێی وته‌ی یاساییه‌كان ئه‌مه‌ لاوازترین بڕیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بووه‌ له‌و كاته‌دا كه‌ ده‌ریكردووه‌.سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق نوری مالیكی هه‌وڵی زۆری داوه‌ كه‌ عیراق له‌ژێر به‌ندی حه‌وتدا ده‌ربهێنێت و پێشتریش سه‌ردانی ئه‌مریكای بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كردووه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی 23-28 ئه‌م مانگه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشدا كه‌ سه‌رۆك كۆماری عیراقیش به‌شداربوو تێیدا، یه‌كێك له‌سێ خاڵه‌ گرنگه‌كه‌ی له‌ وتاره‌كه‌ی عیراقدا له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خوێندرایه‌وه‌ ده‌رهێنانی عیراق بوو له‌ژێر به‌ندی حه‌وتدا جگه‌ له‌ پێكهێنانی دادگای نێوده‌وڵه‌تی، شاره‌زایان پێیانوایه‌ مانه‌وه‌ی عیراق له‌ژێر به‌ندی حه‌وتدا و له‌هه‌ركاتێكدا كه‌ تووشی پێشێلكردنی یاسایی و دروستكردنی مه‌ترسی بێت بۆ سه‌ر كورد ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ئه‌و حاڵه‌ته‌ به‌هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی دابنێت و دانی پێدا بنێت، ئه‌و كاته‌ پێویست ناكات ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ڕووی تیۆرییه‌وه‌ بڕیاری تازه‌ ده‌ربكات، به‌ڵكو به‌پێی به‌ندی حه‌وت ده‌توانێت ڕێوشوێنی یاسایی بگرێته‌به‌ر، به‌ڵام ئایا به‌كرده‌یی ئه‌مریكا به‌ندی حه‌وت له‌كاتی هه‌ر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كدا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كات و به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دایه‌ ده‌ست له‌ كاروباری عیراق وه‌ربدات، له‌كاتێكدا ئێستا به‌رژه‌وه‌ندی و سیاسه‌تی له‌گه‌ڵ عیراقدا گۆڕاوه‌.

Shafaq Live
Shafaq Live