ده‌نگه‌ نوێیه‌كان لەم هەڵبژاردنە چی دەخوازن ؟

ده‌نگه‌ نوێیه‌كان  لەم هەڵبژاردنە چی دەخوازن ؟
2024-09-28T10:13:40+00:00

به‌در سمایل شیرۆكی/ دەڵێن لە پیاوێکی دنیادیدەی بەتەمەنیان پرسی، ئەگەر راوێژێکمان بکەی چیمان پێدەڵێی؟

پیاوە پیرەکە دوای دەمێک رامان و تێفکرین گووتی: کەسێک کە هەموو خەڵک بە هەڵە و تاوانبار بزانێ، بۆ گەیشتن بە ئامانج، هێشتا رێگایەکی درێژ و دژوار و پڕ لەمپەڕی لەبەردم ماوەتەوە. لێ ئەگەر کەسێک ددان بە هەڵەکانی خۆیدا بنێ و لەبەرابەر کێشە و تەنگ و چەڵەمە و ئاریشەکاندا خۆی بە کەمتەرخەم بزانێ، ئەوە نیوەی رێگای گەیشتن بەئامانجی بڕیووە. بەڵام ئەگەر هەر ئەو کەسە، هیچ کەسێک بە تاوانبار نەزانێ و تەواوی بەرپرسیارییەکان بگرێتە ئەستۆ، ئەوە هەموو رێگای سەرکەوتنی بڕیووە و گەیشتۆتە ئامانج.

من پێم وایە ئەوە حال و دۆخی ئەو هێزە کوردستانیانە بێت، کە زیادتر لە سێ دەیەیە کاروباری حکومڕانی ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن، کە ئەو ئەرک و بەرپرسیارییە ئەوڕۆیی و حەتمییەیان لەبەردمدا قوت بووەتەوە و بە دەنگێکی بڵند لێیان دەخوازرێ، کە دەبێ لەم هەرێمە لە بنەڕەتەوە  زۆر کەرەستە و ئامراز و نەریت و، هەروەها رێکار و سیاسەتی کارپێکراوی رابردووش، لە هەیکەڵی ئەو دامەزراوە سێ دەیەییە بگۆڕدرێن تا رادەیەک، کە رەنگە  چاکسازییەکی ریشەیی  لە رادەبەدەر پێویست بێت، تاکوو هەموو رێگەکەی بڕیببێ و تەقەی لەدەرگای ئامانجی حوکمڕانی کوردی هەساتاندبێ، بەبێ ئەوەی نەکەس نەلایەن، گەرچی لایەن و هێزی دەرەکی و نەیاریش بن، بە پاساو و رێگر لە بەرابەر گەیشتن، یان نەگەیشتن، بە ئامانجەکانی گەل بزانرێ و نابێ لەو قۆناغەدا، کەم و کورتیەکان بخرێتە ئەستۆی پیلانگێڕی و رێگرییە دەرەکی ناوخۆییەکان.

لە سەرەوەختی هەڵبژاردنی خوڵی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، رێژه‌یه‌كی زۆر  دەنگدەری کوردستان لە وەچەی نوێن کە مافی دەنگدانیان دەبێ، ئەو نەوەیەی کە بە گۆڕانێکی مەزن لە روانگەی سیاسی و فەرهەنگی و تێفکرین لە فەلسەفەی ژیان و وڵات و ئازادی، لە نەوەکانی دەنگدەر لە خولەکانی رابردووی پەرلەمانی کوردستان جیا دەکرێنەوە، بۆیە لە باری کۆمەڵناسی سیاسیدا، لۆژیک ئەوە دەخوازێ کە کۆی دروشمەکان، تەنانەت لە باری جیهانبینی، ستراتیژ و   سیاسەتی ئیدارەدان  و رێکارە فەرهەنگی و ئابوری و، تا دەگاتە شێوازی سەرەدەریکردن لەگەڵ چین و توێژەکان، لەگۆڕ گۆڕانکاریە مرۆڤی  و بەها کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕانکاری و چاکسازییان تێدا ئەنجام بدرێ.

بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا پارتە پێشەنگەکانی ناسیونالیزمی کوردی، بەپێی ئەم لۆژیکە مرۆڤییە نێودەوڵەتییە و لە ئاست بارودۆخی گۆڕاوی ئەم هەرێمە، گۆڕانکارییان لە جیهانبینی سیاسی خۆیان و پۆلاریزەکردنی زیادتری ئەندامەکانیان لە رێی پەروەردەیەکی نیشتیمانی بێ زۆن و بەیەکەوەژیانی سیاسی و یەکتر قەبوڵکردن و تۆلێرانسی نەتەوەیی ئەنجام داوە، کە زەمینەیەکی گرەنتیکراو و  بێ کێشە، بۆ جێگیربوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و  فەراهەمکردنی بەستێنێکی پڕ لەهاوکاری  و دڵنیایی گشتگیر، بۆ بەڕێوەبەری و حوکمڕانیی ئیدارەی داهاتوو بڕەخسێنێ ؟

ئەو دوو پارتەی کە زیادتر لە سێ دەیەیە کاروباری حوکمڕانی هەرێمی فدرالی کوردستان بەڕێوە دەبەن، میراتداری مێژوویەکی دوورو درێژی خەباتی  نەتەوایەتی خوێناوین. هەریەک لەو پارتانە بەهەزاران رۆڵەی ئەم وڵاتە لە ریزەکانیاندان و بۆ سەرخستنی پارتەکەیان  شێلگێڕانە چاڵاکی دەنوێنن و بە گیانێکی شۆڕشگێڕانە تێدەکۆشن، ئەو نەوەیەی (وارسی)خەبات و خوینی باوک و باپیرانیانن، لەسەر بنەڕەت زەمینەیەکی پتەوەی مێژوو و بەهاو سەنگی شۆڕشێکی درێژخایەن هەنگاو دەنێن و لە هەموو بارێکەوە خۆیان بە مافدار دەزانن. لەو سۆنگەوە دەستکاریکردنی ئەو رێڕەوە ویژدانی و مرۆڤییە،  گەرچی دەستکارییەكە یاسایی و لەڕێی پرۆسەیەکی دیموکراسیش بێ، لای ئەوان بە دەستبرن بۆ بەهاو پیرۆزییەکی رەهای راستەقینە  لێک دەدرێتەوە و هەرسکردنی کارێکی ئاسان نیە. لە لای خۆیەوە ئەم پرسە بۆ سەرکردایەتی کوردیش ئالنگارییەکی ویژدانییە و دەچێتە خانەی وەفادارمانەوە بەسۆز و بەڵێنی نێوان جەنگاوەرانی رێگای ئازادی و شۆڕش، ئەوەش لەزۆر قۆناغدا سەرکردایەتی کوردی کە بۆ حوکمڕانی حکومەتی کوردستان هەڵدەبژێردرێن دووچاری پارادۆکس و دەستبەستن کردووە.

سەرباری هەموو راستییە مێژووییەکان، دەبێ دان بەوە دابنێیین کە ئێستا سەردەمێکی نوێیە و لەو سەردەمە نوێیەدا دۆخێکی کۆمەڵایەتی و کەشێکی هزری ، سیاسی، فەرهەنگی نوێ، کە موتربەکراوە بە دەرهاوێشتە نەرێنییەکانی قەیرانی ئابوری، رەشماڵی بەسەر کۆی تەوەرەکانی ژیان لە کوردستان هەڵداوە، بە شێوەیەک کە لەژێر هەژەموونی ئەو دۆخەدا بەڕێوەبەران لەهەر بەرەیەک و لەهەر پێگە و پاشخان و هێزێک بن، دەبێ  بەرنامەی کاریان لەسەر ئەو تێگەیشتن و رێگایە رەنگ ڕێژ بکەن، کە سەردەمی تیۆری  کاتی بەسەر چووە و بەداکۆکی پێدگرییەوە لێیان دەخوازرێ، هەموو ئامانجەکانی شۆڕش و بەڵێنەکانی رابردوو، بکرێنە کار و پێویستە ئەوان رۆڵی باشترین دیلمانج بۆ وەڕگێڕانی زمانی دروشم و بەڵێن، بۆ سەر زمانی شیرینی کردار و ئاسایش و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی ببینن.

گومان هەڵناگرێ لە هەموو کون و کەلەبەرێکی ئەم جیهانەش هەروا بووە، کە گۆڕانکاری لە بنیاتی دەسەڵاتداریدا، بە تایبەت لەو کۆمەڵگە نەریتیانەی کە پاشخانێکی شۆڕشگێڕیشیان هەیە، فرە سەخت و دژوار بووە، لێ ئەگەر ئەم گۆڕاندنە بەمانای نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوە لێکبدرێتەوە و جڤاک رازی و دڵنیا بکرێت لەوەی، کە ئەوەی ئەنجام دەدرێ بنیاتنانەوەی فۆرمەکانی ژیانە و لەبەرژەوەندی گشتی تەواو دەبێت، ئەودەم هاوکاری و هاوڕایی خەڵک بەر دەگرن و باغی بەرنامەکان چرۆ دەکەن و دەگەشێنەوە، چونکە گۆڕانکاری لەبەرژەوەندی گشتی بۆ گەل ئامانجە و بۆ دەسەڵاتیش دەرفەتێکی زێڕینی زیادتر و شانسێکی باشتر بۆ بەردەوامبوون لە حکومەتداری دەستەبەر دەکات.

Shafaq Live
Shafaq Live