بلێر و جه‌نگی‌ عیراق

بلێر و جه‌نگی‌ عیراق
2009-12-14T18:25:55+00:00

له‌ عیراق، ئاماده‌ی‌ به‌رپاكردنی‌ ئه‌و جه‌نگه‌ بوو كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیسانی‌ 2003 له‌دژی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن ئه‌نجامیاندا و بووه‌ مایه‌ی‌ ڕووخاندنی‌.

ڕخنه‌گران له‌ بلێر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ریتانیای‌ چه‌واشه‌ كردووه‌ و به‌ڵگه‌كانی‌ بۆ ئه‌و جه‌نگه‌ به‌شێوه‌یه‌ك داڕشتووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ بارودۆخه‌كه‌دا یه‌كانگیر بێت.

به‌رپرسانی‌ به‌ریتانیا له‌پێش هه‌مووانه‌وه‌ ئاگاداری‌ ئه‌وه‌ن كه‌ بوونی‌ ڕژێمێكی‌ وه‌ك حزبی‌ به‌عس له‌ عیراق و به‌تایبه‌تیش كه‌سایه‌تییه‌كی‌ شه‌ڕه‌نگێزی‌ وه‌ك سه‌دام حسێن چ مه‌ترسییه‌كی‌ له‌سه‌ر گه‌لی‌ عیراق و گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ هه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ باشی‌ ده‌زانن كه‌ ئه‌و ڕژێمه‌ له‌ دواساتی‌ مانه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا سه‌رقاڵی‌ چ یارییه‌كی‌ مه‌ترسیدار بووه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ و به‌ستنی‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ ڕێكخراوی‌ قاعیده‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ به‌ریتانیا به‌شێوه‌یه‌كی‌ لۆژیكانه‌ بیری‌ له‌و مه‌ترسییانه‌ كردبۆوه‌ كه‌ شه‌خسی‌ سه‌دام حسێن له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و جیهان دروستی‌ كردبوو، هه‌ربۆیه‌ ڕاشكاوانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ جگه‌ له‌ چه‌كی‌ كۆمه‌ڵكوژ ده‌كرا چه‌ندین بیانوو هه‌بێت بۆ له‌ناوبردنی‌ ڕژێمی‌ سه‌دام و ڕه‌واندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی‌ كه‌ دروستی‌ كردبوون.

بلێر واقیعی‌ ئێستای‌ عیراق به‌باشتر ده‌زانێت و پێی‌ وانییه‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان به‌ له‌ناوبردنی‌ سه‌دام و كوڕه‌كانی‌ زیانیان وێ‌ كه‌وتبێت، بۆیه‌ بێباك ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ جه‌نگی‌ 2003.

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشوو له‌ به‌رنامه‌ی‌ ( Fern Britton Meets )ی‌ كه‌ناڵی‌ یه‌كی‌ (بی‌ بی‌ سی‌) ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ هاوسۆزه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ دژ به‌و جه‌نگه‌ بوون و ئێستاش له‌دژی‌ ده‌وه‌ستن، "به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ من، ده‌بوو له‌كۆتاییدا بڕیاری‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و جه‌نگه‌ بده‌م".

بلێر، به‌كارهێنانی‌ چه‌كی‌ كۆكوژ له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه‌ دژ به‌ گه‌لی‌ عیراق به‌ هه‌مان بیرۆكه‌ی‌ دروستكردنی‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ داده‌نێت كه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ هه‌یبوو.

ڕوخاندنی‌ ڕژێمی‌ سه‌دام له‌ عیراق، ڕووبه‌ری‌ ئه‌و جه‌نگه‌ی‌ به‌رفراوانتر كرد كه‌ به‌ جه‌نگی‌ دژ به‌ تیرۆریزم ده‌ناسرێت و توانی‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و ئامانجانه‌ بپێكێت كه‌ هه‌وڵ‌ بۆ به‌دیهێنانی‌ ده‌درا.

جه‌نگی‌ عیراق و له‌ناوبردنی‌ سه‌دام، وه‌ك نینۆككردنی‌ چنگ و  ده‌رهێنانی‌ ئه‌و كه‌ڵبه‌ تیژانه‌ بوو كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا تیرۆریزمیان به‌خێو ده‌كرد و وه‌ك مۆته‌یه‌كی‌ نه‌گریسیش بینه‌قاقای‌ گه‌لێكی‌ به‌سته‌زمانیان گرتبوو.

ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشووی‌ به‌ریتانیا ده‌كه‌ن، وه‌ك بلێر دركیان به‌و نه‌هامه‌تی‌ و كاولكاریانه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ ڕژێمی‌ سه‌دام حسێن به‌سه‌ر گه‌لی‌ عیراق و ناوچه‌كه‌دا هێنای‌ و به‌ هاوتای‌ ئه‌ویش له‌و مه‌ترسیانه‌ نه‌گه‌یشتوون كه‌ ئه‌نجامنه‌دانی‌ جه‌نگی‌ عیراق ده‌یهێنایه‌ ئارا.

 

Shafaq Live
Shafaq Live