PKK له‌ قه‌ندیله‌وه‌ ده‌چێته‌وه‌ بۆ شار؟

PKK له‌ قه‌ندیله‌وه‌ ده‌چێته‌وه‌ بۆ شار؟
2009-09-06T07:03:02+00:00

. ته‌نانه‌ت یانزه‌ گه‌ریلا كوژران ‌و چه‌ندانی‌ تریان دیلكران.

پاش شانزه‌ ساڵ‌ ‌و له‌ (15/2/1999) ئیسرائیل وه‌كو كاره‌كته‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ به‌ هاوكاری‌ چه‌ند وڵاتێك و ده‌زگای‌ تری‌ وه‌ك (CIA) ئه‌مه‌ریكی‌، هه‌واڵگری‌ كینیا ‌و یۆنان، ته‌نانه‌ت سوریا‌و روسیایش له‌ نایرۆبی‌ پایته‌ختی‌ كینیا، پاش لێدانی‌ ده‌رزیه‌كی‌ بێهۆشكه‌ر‌و له‌لایه‌ن تیمه‌ ئیسرائیله‌كه‌ی‌ موساده‌وه‌ ئۆجه‌لانیان خسته‌ فڕۆكه‌یه‌كی‌ تایبه‌ته‌وه‌‌و پێشكه‌شی‌ بوڵه‌ند ئه‌جه‌ویدی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ توركیا كرایه‌وه‌.

ئێستا له‌ تازه‌ترین پێشهاتی‌ سیاسییدا، شه‌ش ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ بریتانیا، داوای‌ ئازادكردنی‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌كه‌ن له‌ زیندانی‌ ئمیراڵی‌، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی‌ تازه‌‌و گرنگه‌ له‌پاش (10) ساڵ زیندانیكردنی‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان.

پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان، وه‌كو پارتێكی‌ كوردستانی‌ توركیا له‌ (27/11/1978) وه‌كو پارتێكی‌ چه‌پی‌ ناسیۆنالیزمانه‌ دامه‌زراوه‌ (15)ی‌ ته‌باخی (1984) یه‌كه‌م هێرشی‌ چه‌كداری‌ كرده‌ سه‌ر پاسگه‌كانی‌ توركیا.

ماوه‌ی‌ بیست‌و چوار ساڵه‌، شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان هه‌ردوولا هه‌ڵگیرساوه‌، نزیكه‌ی‌ حه‌فتا هه‌زار كه‌س له‌ هه‌ر دوولا كوژراون‌و برینداربوون، به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌نه‌ هیچ رێككه‌وتنێكی‌ باش.

ئێستا (PKK) خاوه‌نی‌ نزیكه‌ی‌ (7) هه‌زار چه‌كداره‌، باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م رێكخراوه‌، كه‌وتۆته‌ قه‌ندیل له‌ سێ‌ كوچكه‌ی‌ (توركیا-ئێران-عیراق)‌و له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردووشدا به‌تایبه‌تی‌ له‌ دوو ساڵی‌ رابردوودا چه‌ندین هێرشی‌ به‌رفراوانی‌ توركیا بۆسه‌ر قه‌ندیل ئه‌نجامدراوه‌. كه‌ دواترینیان شه‌ڕی‌ زاپه‌، به‌ڵام توركیا به‌م شه‌ڕانه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌دات دوایین قه‌ڵای‌ (PKK) له‌ قه‌ندیل، كه‌ بۆ ئه‌وان دوایین پێگه‌ی‌ سه‌ربازی‌، جوگرافی‌ ‌و ژیانییه‌ كۆنترۆڵ بكات.

 

له‌ناو جێگه‌ش به‌ كوردی‌ قسه‌یان نه‌ده‌كرد

ئێستا (24) ساڵ‌ به‌سه‌ر شه‌ڕی‌ (PKK) ‌و حكومه‌تی‌ توركیادا تێپه‌ڕده‌بێ‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ توركیا بۆ یه‌كجاریش دانوستانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م حزبه‌دا كردبێت، بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ (20) ملیۆن هاووڵاتی‌ كورد، كه‌ تائێستاش له‌ ساده‌ترین مافه‌كانی‌ خۆیان بێ به‌شن.

بۆزان ته‌كین ئه‌ندامی‌ كۆنسه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ (PKK) بۆ "هه‌فتانه‌" ده‌ڵێ‌: "له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ شه‌ڕی‌ رابردوودا، (11000) گه‌ریلای‌ ئێمه‌ شه‌هیدبوون، به‌ڵام ئاماده‌ین ‌و به‌رده‌وامین له‌ خه‌بات تا به‌دیهێنانی‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد."

ئه‌كین ئه‌وه‌شی‌ وت: "ئێمه‌ ناخوازین شه‌ڕ به‌رده‌وام كه‌ین، به‌ڵام توركیا نایه‌وێت كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكات."

به‌رپرسێكی‌ سه‌ربازی‌ (PKK) ده‌ڵێ‌: "توركیا زۆرجار درۆی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ ئێمه‌ به‌ یه‌كجاری‌ له‌ناوده‌بات، به‌ڵام ئێمه‌ بۆ وه‌ڵامی‌ ئه‌و درۆیانه‌، به‌ گورزی‌ به‌هێز وه‌ڵاممانداوه‌ته‌وه‌، كه‌ دواترینیان شه‌ڕی‌ زاپ ‌و هێرشكردنه‌ سه‌ر قه‌ره‌قوله‌كانی‌ توركیا بو كه‌ (62) جه‌ندرمه‌ كوژران."

دكتۆرێكی‌ كوردی‌ دیاربه‌كر له‌ باره‌ی‌ رۆڵی‌ (PKK) له‌ به‌دیهێنانی‌ مافه‌كانی‌ كوردستانی‌ توركیا پێوتم: "پێش ئه‌و شۆڕشه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ كه‌ ئاپۆ هه‌ڵیگیرساند، من ‌و خێزانه‌كه‌م نه‌مان ده‌توانێ‌ له‌ناو جێگاشدا به‌ كوردی‌ قسه‌ بكه‌ین، نه‌مان ده‌توانی‌ متمانه‌ به‌ كه‌س بكه‌ین، باسی‌ بچوكترین شت بكه‌ین، به‌ڵام (PKK) بیست ملیۆن كوردی‌ له‌ فه‌وتان رزگاركرد ‌و سه‌رله‌نوێ‌، ئێمه‌ی‌ له‌ ده‌ستی‌ تورك رزگاركرد."

شۆفێرێكی‌ تاكسی‌ له‌ناو ئه‌ستبه‌مبوڵ‌ پێی‌ وتم: "ئێستاش مه‌به‌ست ساڵی‌ (2008)ه‌ ناوێرن به‌ كوردی‌ قسه‌ بكه‌ین، ئێستاش من له‌م شاره‌ كاری‌ تاكسی‌ ده‌كه‌م، هه‌ر توركێك بزانێ‌ كوردم ‌و به‌ كوردی‌ قسه‌ ده‌كه‌م، ئاماده‌نین له‌گه‌ڵمدا سوار بن."

ئه‌و شۆفێری‌ تاكسییه‌ وتی‌: "ئه‌و هه‌موو جه‌ندرمه‌ ‌و میته‌ی‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌بینی‌، هه‌مووی‌ له‌ ترسی‌ (PKK)یه‌، دڵنیام گه‌ر (PKK) نه‌بێت، توركیا به‌ رۆژی‌ نیوه‌ڕۆ قه‌تڵ‌‌و عاممان ده‌كات."

د.محه‌مه‌د نوره‌دین كه‌ پرۆفیسۆرێكی‌ كاروباری‌ توركیایه‌ و له‌ یه‌كێك له‌ زانكۆكانی‌ لوبنان وانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌، ده‌ڵێ‌: "(PKK) تاكه‌ رێكخراوه‌، له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا كه‌ بتوانێ‌ ساڵانه‌ (200) ملیۆن دۆلار داهات، له‌ كادره‌كانی‌ خۆی‌ كۆبكاته‌وه‌، متمانه‌ی‌ له‌سه‌ر داهاتی‌ ده‌ره‌كی‌ نه‌بێت.

ئه‌و ده‌ڵێ‌: "ساڵانه‌ شه‌ڕی‌ (PKK) له‌سه‌ر توركیا لانی‌ كه‌م (8) ملیار دۆلار ده‌كه‌وێ‌. ئه‌مه‌ش بوودجه‌یه‌كی‌ خه‌یاڵییه‌."

لوبنانییه‌ك چه‌كیان بۆ ده‌كڕێت

به‌م دواییانه‌ موخابه‌راتی‌ ئه‌ڵمانیا له‌ راپۆرتێكی‌ نهێنیدا، باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ شانه‌ خه‌وتووه‌كانی‌ رێكخستنی‌ (PKK) له‌ ئه‌ڵمانیا جارێكی‌ تر ده‌ستیان كردۆته‌وه‌ به‌ جموجوڵ ‌و سه‌رگه‌رمی‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ خۆیانن، كه‌ پاش گرتنی‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سست بوو بوون."

ئه‌ڵمانیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ زۆرترین كوردی‌ لێده‌ژی‌، زۆرینه‌یان كوردی‌ باكوورن ‌و لایه‌نگری‌ (PKK)ن، جیاله‌وه‌ ئه‌م حزبه‌، كاری‌ سیاسیی‌‌و رێكخراوه‌یی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر چوار لایه‌نی‌ سه‌ره‌كیدا دابه‌شكردووه‌، له‌ خه‌باتی‌ سیاسیی‌، چه‌كداری‌، مه‌ده‌نیانه‌ی‌ ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ خۆیدا به‌مشێوه‌یه‌:

یه‌كه‌م: قه‌ندیل (پێگه‌ی‌ سه‌ربازی‌)، قه‌ندیل سه‌ره‌كیترین پێگه‌ی‌ (PKK)یه‌ كه‌ زۆرترین كادره‌ به‌رچاو‌و فه‌رمانده‌كانی‌ له‌م چیایانه‌دان ‌و نزیكه‌ی‌ (7000) گه‌ریلا له‌و ناوچانه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ سنووری‌ هه‌ر سێ‌ وڵاتی‌ (توركیا، عیراق، ئێران)وه‌یه‌.

ئه‌م شوێنه‌ ستراتیژییه‌ بۆ (PKK) زۆر گرنگی‌ هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ هه‌م چیاكانی‌ زۆر سه‌خت‌و عاسین، هه‌م سنووری‌ به‌ سێ‌ وڵاته‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ (PKK) كارئاسانی‌ باش ده‌كات.

بۆیه‌ له‌پاش ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ‌و فشارانه‌ی‌ توركیا به‌رپرسه‌ پله‌یه‌كه‌كانی‌ ئه‌م حزبه‌، وه‌ك موراد قه‌ره‌یلان، جه‌میل بایك، دۆران كالكان، باهۆز ئه‌رداڵ‌، موراد قه‌ره‌سو، ئاماده‌نه‌بوون قه‌ندیل جێبهێڵن.

سه‌ره‌ڕای‌ هاوكاریكردنی‌ ئیسرائیل‌و ئه‌مه‌ریكا، تازه‌ترین ته‌كنۆلۆژیای‌ توركیا نه‌یتوانی‌ (10) رۆژ له‌و ناوچانه‌ بمێنێته‌وه‌، وه‌كو (نارین)، یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌كانی‌ (PKK) بۆ "هه‌فتانه‌" وتی‌: "سێ‌ شه‌‌و له‌ناو به‌فردا نه‌خه‌وتووم، به‌ڵام توركیا نه‌یتوانی‌ 10 رۆژ خۆی‌ راگرێت."

هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆی‌ گوشاره‌وه‌، جارجار ده‌ست گه‌یشتنی‌ (PKK) به‌ خواردن، سووته‌مه‌نی‌، چه‌ك‌و پێداویستی‌ سه‌ربازی‌ قورس ‌و گران ده‌بێ‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ كڕینی‌ پێداویستی‌ ‌و خواردن له‌ ئێران ‌و ناوچه‌كانی‌ رانیه‌ ‌و قه‌ڵادزێ‌ به‌ قاچاغ، ئه‌م گرفته‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

هه‌رچی‌ سه‌باره‌ت چه‌ك ‌و كه‌لوپه‌لی‌ سه‌ربازییه‌، یه‌كێك له‌ بازرگانه‌كانی‌ چه‌ك، كه‌ خه‌ڵكی‌ لوبنانه‌‌و له‌ سوریادا داده‌نیشێ‌ پێوتم: "(PKK) هه‌رچی‌ چه‌كێكی‌ بوێت، بۆی‌ ده‌كڕم‌و له‌ قه‌ندیل ته‌سلیمی‌ ده‌كه‌م."

ئه‌و بازرگانه‌ وتی‌: "من پار ساڵ‌ تازه‌ترین جۆری‌ (BKC)‌و قه‌ناسم پێفرۆشتوون، باشترین جۆری‌ درعه‌ی‌ شه‌خیسم بۆ په‌یداكردوون."

ئه‌و وتی‌: " (PKK) خاوه‌نی‌ باشترین جۆری‌ چه‌ك ‌و كه‌لوپه‌لی‌ سه‌ربازین، كادره‌كانیشان زۆر شاره‌زان له‌ كاروباری‌ مین دانان ‌و به‌كارهێنانی‌ ئه‌و چه‌كانه‌دا."

ئه‌وه‌شی‌ شاراوه‌ نییه‌ وڵاتی‌ ئه‌رمینیا، پار ساڵ له‌ شه‌ڕه‌كاندا یارمه‌تیه‌كی‌ زۆری‌ (PKK)یدا له‌ رێگای‌ ئێرانه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ناردنی‌ خوارده‌مه‌نه‌یه‌كی‌ زۆر، بۆیه‌ پاش ئه‌وه‌ عه‌بدوڵڵا گوڵ سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا چووه‌ ئه‌رمینیا‌و ئه‌و گله‌ییانه‌شی‌ پێگه‌یاندن.

به‌ كورتی‌ قه‌ندیل هه‌رچه‌نده‌ له‌ رووی‌ سه‌ربازییه‌وه‌ زۆر گرنگه‌‌و سه‌نتراڵی‌ گشت خه‌بات‌و جوڵه‌ی‌ سیاسی‌، سه‌ربازی‌‌و مه‌ده‌نیانه‌ی‌ (PKK) ده‌كات، به‌ڵام دوایین پێگه‌ی‌ قه‌ڵای‌ (PKK)یه‌‌و له‌ده‌ستدانیشی‌ بۆ (PKK) واتای‌ كۆتاییهاتنی‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ ئه‌م حزبه‌یه‌.

دووه‌م: ئه‌وروپا (ئه‌ڵمانیا)، ئه‌وروپا ‌و ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تی‌ پێگه‌یه‌كی‌ گرنگن بۆ (PKK) چ وه‌كو كۆبوونه‌وه‌ی‌ لایه‌نگران، كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئابوونه‌، هاوكاری‌ ‌و ناردنی‌ بۆ گه‌ریلا له‌ شاخ. چ وه‌كو سه‌نته‌ری‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ ئه‌وروپا، كه‌ (PKK) توانیویه‌تی‌ خۆ بخزێنێته‌ ناو سه‌دان ده‌زگا‌و دامه‌زراوه‌ی‌ ئه‌و وڵاتانه‌‌و دۆستی‌ باش دروست بكات، كه‌ كاریگه‌ری‌ باشی‌ له‌سه‌ر ره‌وشی‌ كوردستانی‌ توركیا هه‌یه‌.

كۆكردنه‌وه‌ی‌ (200) ملیۆن دۆلاری‌ ساڵانه‌ی‌ (PKK) به‌شێكی‌ زۆری‌ له‌ ئه‌وروپا ‌و ئه‌ڵمانیا كۆده‌كرێته‌وه‌ ‌و ده‌ینێرێته‌ قه‌ندیل.

به‌رپرسێكی‌ (PKK) ده‌ڵێ‌: "ئه‌و پارانه‌ زۆر به‌ وردی‌ ‌و به‌ شه‌فافانه‌ سه‌رف ده‌كرێت، ده‌چێته‌ حساباتی‌ (PKK)ه‌وه‌، قابیلی‌ دزی‌، گه‌نده‌ڵی‌ ‌و شاردنه‌وه‌ نییه‌."

جیا له‌وه‌ رێكخستنه‌كانی‌ (PKK) له‌ ئه‌وروپا دوو كاری‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م به‌سه‌رمایه‌گوزاری‌، واتا به‌ پاره‌ی‌ (PKK) چه‌ندین پرۆژه‌ی‌ بازرگانی‌ ‌و ئابووری‌ گه‌وره‌یان دروستكردووه‌، داهاته‌كه‌ی‌ بۆ (PKK)یه‌.

 

گه‌س فرۆشه‌كانی‌ فه‌ره‌نسا (PKK)ـه‌ن

به‌رپرسێكی‌ حزبێكی‌ كوردستانی‌ ئێران وتی‌: "له‌ فه‌ره‌نسا (80%) سه‌ندویچ فرۆشه‌كان ‌و گه‌س به‌ده‌ستی‌ (PKK)وه‌یه‌‌و كۆنترۆڵی‌ ئه‌و كارایانكردووه‌."

له‌ روسیاش هه‌ڤاڵ‌ فه‌رهاد به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ (PKK) پێیوتم: "ئێمه‌ لێره‌ هه‌موو ئه‌و خانوانه‌ی‌ كاری‌ تێدا ده‌كه‌ین، به‌موڵكی‌ هی‌ خۆمانه‌. ریستۆرانت، كافتریا ‌و ئوتێلی‌ تایبه‌ت به‌خۆمان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ مۆسكۆ، كه‌ ئه‌و شتانه‌ زۆر گرانه‌‌و داهاته‌كه‌شی‌ بۆ گه‌ریلا ده‌نێرین."

كاوه‌ پارێزه‌رێكی‌ تری‌ (PKK) له‌ روسیا پێیوتم: "هه‌ر كارێكی‌ (PKK) له‌ روسیا من ده‌یكه‌م، باقی‌ كاره‌كانی‌ تریشم، داهاته‌كه‌ی‌ بۆ (PKK)یه‌ له‌ شاخ."

بۆیه‌ كاتێك پرسیار ده‌كه‌ی‌ له‌ روسیا ‌و ئاسیای‌ ناوه‌ڕاست چ حزبێكی‌ كوردی‌ هه‌یه‌، پێتده‌ڵێن (PKK) ‌و كه‌سی‌ تر نییه‌، هیچ چالاكیه‌كی‌ هه‌بێت."
Shafaq Live
Shafaq Live