2010 و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئۆباما

2010 و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ئۆباما
2010-01-05T17:46:48+00:00

چاودێرانی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی ساڵی 2010 ده‌بێته‌ ساڵی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌كانی ئۆباماو پێشهاته‌كانی به‌رده‌م وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌تایبه‌تیش كه‌ له‌چه‌ند رۆژی كۆتایی ساڵی 2009 ده‌نگۆی سه‌رنه‌گرتنی هه‌وڵێكی تیرۆریستی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌مریكی له‌لایه‌ن گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 23 ساڵی نه‌یجیریی سه‌ر به‌ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیده‌، بووه‌ سه‌ره‌تای توندكردنه‌وه‌ی دژایه‌تیكردنه‌كانی نێوان ئیداره‌كه‌ی ئۆباماو چه‌كدارانی قاعیده‌و تاڵیبان، ئه‌مه‌ش به‌هه‌ستیارترین رووداوی 2010 داده‌نرێت له‌به‌رده‌م خودی ئۆباما، چونكه‌ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی دژه‌ تیرۆر له‌لایه‌ن جۆرج بۆشه‌وه‌ له‌دوای كاره‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ره‌وه‌ بووه‌ هۆی توڕه‌كردنی دیموكراته‌كان و هه‌ر ئه‌م هۆیه‌ش بوو كه‌ئۆبامای ره‌شپێستی به‌ڕه‌گه‌ز كینی هاندا خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا بپاڵێوێت و دواتریش كه‌سه‌ركه‌وت، له‌یه‌كه‌م وته‌یدا ئاشكرایكرد كه‌(ئه‌مریكا نامه‌ی ئاشتی ئاڕاسته‌ی جیهان ده‌كات و هێزی راسته‌قینه‌ش بۆ ئه‌مریكییه‌كان چه‌ك نییه‌، به‌ڵكو دیموكراتییه‌، هه‌روه‌ها ئۆباما له‌دوای ماوه‌یه‌ك له‌دووباره‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌وه‌ی چالاكییه‌ سنورییه‌كانی نێوان ئه‌فغانستان و پاكستان و دروستبوونی باڵێكی تری بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی پاكستان، كه‌وته‌ بیركردنه‌وه‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و كرده‌ه‌ تیرۆریستییانه‌ی كه‌گیانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و ناتۆی تیا ده‌بێته‌ قوربانی، هه‌ربۆیه‌ ئۆباما پلانی زیادكردنی سوپای وڵاته‌كه‌ی له‌ئه‌فغانستان داو بڕیاری ناردنی (30) هه‌زار سه‌ربازی دیكه‌ی بۆ كابوڵ ده‌ركرد، كه‌ئه‌مه‌ش بووه‌ مایه‌ی دابه‌زینی ئاستی جه‌ماوه‌ریی له‌ناوخۆی ئه‌مریكاداو هاوكاتیش ئه‌و به‌ڵێنه‌ی ئۆبامای كاڵكرده‌وه‌ كه‌بۆ پاراستنی گیانی سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان باسی له‌كشانه‌وه‌ی هێزه‌كان كرد كه‌ له‌خاكی ئه‌فغانستاندا، بۆیه‌ ئێستاو له‌سه‌ره‌تای 2010دا ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م سه‌رۆك ئۆباما به‌ئاشكرا خۆی له‌پلانه‌كانی كۆشكی سپی بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ نوێیه‌كانی نێوان سوپای مارێنزو توندڕه‌وه‌ ئوسوڵییه‌كان ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام ئایا ئۆباما چۆن ده‌توانێت رێ له‌قاعیده‌و تاڵیبان بگرێت، تاچه‌ند ده‌توانێت پارێزگاریی له‌ڕاگرتنی باری ئابووری وڵاته‌كه‌ی و ده‌نگده‌ره‌ ئه‌مریكییه‌كان كه‌چاوه‌ڕێی بردنه‌سه‌ری به‌ڵێنه‌كانی سه‌رۆكه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌مه‌ش به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كۆریای باكوورو  ئێران و راگرتنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاو وڵاتانی كۆمۆنیزمی وه‌ك كوباو روسیاو چین، ده‌بنه‌ دووه‌مین ریزبه‌ندی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌ ئۆباما له‌ساڵی 2009 زۆر به‌جددی له‌میانه‌ی كۆمه‌ڵێك لیدوان و سه‌ردانی دیپلۆماسی كاری له‌سه‌ر كرد، به‌ڵام هێشتا به‌هۆی ناڕۆشتنی دیدی نه‌یارانی دوێنێی ئه‌مریكاو دۆسته‌ هێشتا دووره‌په‌رێزه‌كانی كۆشكی سپی چاوه‌ڕوان ناكرێت 2010 خه‌ونی ئۆباماو سه‌ركه‌وتنی دروشمی گۆڕان به‌دی بێنێت، چونكه‌ هێشتا زۆربه‌ی وته‌ی به‌رپرسانی ئیداره‌كه‌ی ئۆباما له‌چوارچێوه‌یه‌كی توندی ده‌ربڕیندایه‌و ئه‌مه‌ش پێویستی به‌جێبه‌جێكردنی پراكتیكی دیپلۆماسی سیاسی هه‌یه‌و ناكرێت بێ ره‌چاوكردنی دۆخی ئێستای جیهان و سه‌رله‌نوێ په‌ره‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی گرووپه‌ فه‌نده‌مێنتالیزمه‌ ئسوڵییه‌كان و كۆمۆنیزمه‌كانی دوای هه‌ره‌سی سۆڤیه‌ت، ئه‌مریكا تاك لایه‌نانه‌ كاریان بۆ بكات، لێره‌شه‌وه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت ساڵی نوێ بۆ ئه‌مریكا پڕبێت له‌نشێوی سیاسی و ئه‌ركی ئۆباماش سه‌ختتر بكات، ده‌نا بڕیاره‌ تیۆرییه‌كانی به‌رپرسانی كۆشكی سپی و به‌تایبه‌تیش ئۆرباما ناتوانێت ئاسته‌نگه‌ هه‌ستیاره‌كانی به‌رده‌م به‌ره‌و پێشچوونی وڵاته‌كه‌ی نه‌هێڵێت و سوود له‌زمانی نه‌رم وه‌ربگیرێت.

Shafaq Live
Shafaq Live