هه‌ڵوێستی‌ نوێی‌ ڕوسیا

هه‌ڵوێستی‌ نوێی‌ ڕوسیا
2009-12-03T15:49:15+00:00

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باڵای‌ دیپلۆماسیه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ده‌سته‌وه‌ستان نابێت گه‌ر هێزه‌ جیهانییه‌كان گه‌یشتنه‌ كۆده‌نگییه‌ك سه‌باره‌ت به‌ سه‌پاندنی‌ سزا به‌سه‌ر ئێراندا.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ ڕوسیا به‌ توندترین هه‌ڵوێستی‌ ئه‌و وڵاته‌ داده‌نرێت به‌رامبه‌ر به‌ ئێران كه‌ پێشتر تا ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ زۆر میانڕه‌ویی‌ ده‌نواند سه‌باره‌ت خواسته‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ تاران.

ئێران وه‌ك تێكڕای‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كانی‌ پێشووی‌ و له‌زاری‌ مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژادی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ دیسانه‌وه‌ ڕخنه‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌ دژه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ و گاڵته‌ به‌و سزایانه‌ش ده‌كات كه‌ وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به‌رامبه‌ری‌ به‌كارده‌هێنرێت و به‌ ناكاریگه‌ر وه‌سفیان ده‌كات.

مۆسكۆ ده‌چێته‌ ڕیزی‌ وڵاتانی‌ خۆرئاوا یان ناچێت، ئه‌وه‌ به‌ بۆچونی‌ به‌رپرسانی‌ ئێران نابێته‌ مایه‌ی‌ سڵه‌مینه‌وه‌ و خاوبونه‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ڕووی‌ په‌ره‌پێدانی‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كانی‌.

ئێران نیازی‌ خۆی‌ بۆ بنیاتنانی‌ ده‌ دامه‌زراوه‌ی‌ دیكه‌ بۆ پیتاندنی‌ یۆرانیۆم ده‌رده‌بڕێت، پێشتریش ئه‌وه‌ی‌ ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ یۆرانیۆمی‌ پیتێنراوی‌ ئاست نزمی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بنێرێته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌.

تاران هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سه‌پاندنی‌ سزاكان به‌ قسه‌ی‌ پوچ و به‌سه‌رچوو ده‌زانێت و پێی‌ وانییه‌ ئه‌و سزایانه‌ هیچ كاریگه‌ریه‌كیان له‌سه‌ری‌ ده‌بێت.

ئێران باكی‌ به‌ كه‌س نییه‌ و وێڕای‌ ئه‌وه‌ش هۆشداری‌ ده‌داته‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ نیازیان خراپه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هه‌موو دوژمنكاره‌كان له‌گه‌ڵ‌ په‌نجه‌دانانیان له‌سه‌ر په‌له‌پیتكه‌كان، په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌.

به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ وای‌ ده‌بینێت مۆسكۆ له‌ سروشتی‌ ئاشتیخوازانه‌ی‌ چالاكییه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی‌ ئێران ئاگاداره‌، كۆماری‌ ئیسلامی‌ هه‌ڵوێستی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ ڕوسیای‌ به‌لاوه‌ سه‌یره‌ و له‌ڕێی‌ وه‌زاره‌تی‌ دره‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ داوا له‌ مۆسكۆ ده‌كات هۆكاری‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ ڕون بكاته‌وه‌.

هه‌موو ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی‌ كه‌ دژ به‌ خواسته‌ ئه‌تۆمیه‌كانی‌ ئه‌وانن، هه‌ڵه‌یه‌ و نه‌ژادیش بڕیاری‌ پشتیوانی‌ ڕوسیا بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگارانی‌ ئاژانسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆم به‌ ناڕاست وه‌سف ده‌كات.

مۆسكۆ، تاران به‌ هۆكاری‌ ڕه‌شبینی‌ ده‌بینێت له‌ئاست دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ره‌ دیپلۆماسیه‌كان بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌و پێی‌ وایه‌ گه‌ر كۆده‌نگی‌ له‌سه‌ر سزادانی‌ ئێران دروست بێت، ئه‌وا ئه‌ویش بێده‌نگ نابێت و هه‌مان هه‌ڵوێستی‌ ده‌بێت.

ڕوسیا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ ئێستای‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێران به‌ كۆتایی‌ نازانێت و پێی‌ وایه‌ سزاكان پێویستیان به‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ زیاتره‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ نایه‌وێت هه‌ڵوێسته‌كه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ئێران، ئاڵۆزتر بكات.

ڕوسیا ده‌یه‌وێت ئێران به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌فاف و ئاشكراتر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئاژانسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆم بكات و خواستی‌ وایه‌ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی‌ ئێران ببێته‌ مایه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگیه‌كی‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ‌ ئاژانسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌.

هه‌ڵوێستی‌ نوێی‌ ڕوسیا تائێستاش یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نییه‌ و ڕه‌خنه‌كانی‌ تارانیش به‌رامبه‌ر به‌ هاوپه‌یمانی‌ دوێنێی‌ گومانی‌ لێده‌كرێت، بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین هه‌ڵوێستی‌ نوێی‌ ڕوسیا پێناچێت هه‌ڵوێستی‌ كۆتایی‌ بێت و ڕه‌نگه‌ پێشهاتی‌ دیكه‌ی‌ به‌دوادابێت.

Shafaq Live
Shafaq Live