سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: ئێمه‌ په‌رله‌مانێكی كارامان ده‌وێت

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: ئێمه‌ په‌رله‌مانێكی كارامان ده‌وێت
2009-12-03T20:13:24+00:00

گه‌شتێكی ناوخۆیی بۆ دیدارو كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دانیشتووان و لێپرسراوانی ئیداریی شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان ده‌ستپێكردو ئه‌م گه‌شته‌شی به‌سه‌ردانی ناوچه‌ی سۆران ده‌ستپێكردو وه‌ك خۆی له‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ هاوولاتیانی ناوچه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌ بڕیاره‌ ئه‌و گه‌شته‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ پوخته‌ی وته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌گه‌ڵ دانیشتووانی سۆران و سیده‌كان و رواندزو باڵه‌كایه‌تی و خه‌لیفان:

100 گوند ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه‌، هێشتا 100 وێرانه‌

سه‌ره‌تا به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئاماده‌بووانی كردو جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ی لێكردن و مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ روونكردنه‌وه‌و رایگه‌یاند: سه‌ردانه‌كه‌م بۆ هه‌واڵپرسین به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ئێوه‌و گوێگرتنه‌ له‌بیروبۆچوونه‌كانتان به‌تایبه‌تی بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومی و له‌و رووه‌شه‌وه‌ وتی: له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جه‌نابی پارێزگارو قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌رانی ناحییه‌كاندا هاتووین بۆئه‌وه‌ی بزانین چی بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ كراوه‌و چی دیكه‌ی پێویسته‌ كه‌بۆی بكرێت.

خۆشحاڵیی خۆشی نیشاندا به‌وه‌ی كه‌خزمه‌تگوزارییه‌كی زۆر باش بۆ ناوچه‌كه‌ كراوه‌، به‌لام وتی: هێشتا زۆری ماوه‌، هۆكه‌شی بۆ ئه‌وه‌ گێڕایه‌وه‌  كه‌ولاتی ئێمه‌ به‌درێژایی سالانی رابردوو وێرانكراوه‌و رایگه‌یاند: هه‌رچی ده‌كرێت هێشتا هه‌ر كه‌مه‌، چونكه‌  100 گوندیش ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه‌، هێشتا 100 گوند وێرانه‌و  چه‌ند قوتابخانه‌و شه‌قام دروست بكه‌ین، هێشتا ماوه‌و پێویسته‌، ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌  هه‌رچی بۆ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ بكرێت هه‌ر كه‌مه‌،  وتیشی: ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ سالانی پێشوودا به‌راورد بكرێت، ته‌نانه‌ت له‌دامه‌زراندنی حكومه‌تی عیراقه‌وه‌و تادوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی و تاوه‌كو  راپه‌ڕین و ئه‌مڕۆ به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌گوێم لێیان بووه‌، به‌ڕاستی جێی شانازین بۆ ئێمه‌، به‌وه‌ی ئیداره‌ی ئێمه‌ توانیویه‌تی ئه‌و هه‌موو خزمه‌تگوزارییانه‌ پێشكه‌ش به‌میلله‌ته‌كه‌مان بكات.

ده‌بێت شه‌فاف بین

سه‌رۆكی هه‌رێم له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌و ئاماره‌ دایه‌وه‌ كه‌قایمقامی سۆران پێشكه‌شی كردبوو و وتی: پێشتر ژماره‌ی قوتابخانه‌ له‌هه‌موو ناوچه‌كه‌ 20 - 30 قوتابخانه‌ بووه‌، به‌لام ئێستا له‌200 تێپه‌ڕیووه‌، واتا چه‌ند به‌رامبه‌ربووه‌. ئه‌مه‌شی وه‌كو نموونه‌یه‌ك خسته‌ڕوو.  وتیشی: به‌رنامه‌یه‌كی فراوانم بۆ چاكسازی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك شه‌فاف بێت و به‌دیراسه‌ت بێت، راشیگه‌یاند: له‌مه‌ودوا ئێمه‌ له‌قۆناغ و بارودۆخێكی نوێداین، كوردستان یه‌ك حكومه‌ت و یه‌ك ئیداره‌یه‌و ته‌ئكیدشی كرده‌وه‌ هیچ به‌دووری مه‌بینن سبه‌ی قایمقامی سۆران بگوازرێته‌وه‌ بۆ خانه‌قین و قایمقامی خانه‌قینیش بگوازرێته‌وه‌ بۆ سۆران، ئه‌وه‌ پێویسته‌ به‌شتێكی ئاسایی وه‌ربگیرێت، چونكه‌ ئیتر یاسا سه‌روه‌ره‌و سه‌روه‌ریش ده‌بێت، وتیشی: ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت په‌رله‌مانی ئێمه‌ كارابێت، چاودێریی حكومه‌ت بكات، حكومه‌تیش به‌ڕاستی حكومه‌تی خزمه‌تكردن و خزمه‌تگوزاری بێت. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بۆچوونی جیاوازیشمان هه‌بێت و چه‌ند حزب و لایه‌نیش بین، شتێكی زۆر ئاساییه‌، به‌لام له‌پرسی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌بێ یه‌ك بین، خۆشبه‌ختانه‌ له‌رۆژانی رابردوودا له‌مه‌سه‌ی هه‌ڵبژاردندا ده‌ركه‌وت، ره‌نگه‌ بۆچوونی جیاوازیش هه‌بێت، ئه‌وه‌ شتێكی ئاساییه‌، لێره‌ له‌كوردستان، به‌لام له‌م پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌موو یه‌ك هه‌ڵوێست بوون و له‌راستیدا ئه‌مه‌ پێویسته‌و ویستراوه‌.

پاراستنی یه‌كڕیزی له‌سه‌رووی ئه‌وله‌ویاته‌كانمانه‌

له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم هاته‌ سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی ئه‌وله‌ویاته‌كان و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ وتی:  مه‌سه‌له‌ی دابینكردنی خزمه‌تگوزاری له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، بۆ میلله‌ته‌كه‌مان یه‌كێكه‌ له‌ئه‌وله‌ویاته‌ له‌پێشینه‌كانمان، به‌لام له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ پاراستنی یه‌كڕیزیی میلله‌ته‌كه‌مان گرنگ و پێویسته‌، چونكه‌ به‌وه‌ ده‌توانین ده‌ستكه‌وته‌كانمان بپارێزین و ده‌ستكه‌وتی زیاتریش به‌ده‌ست بهێنین و رایگه‌یاند: پێویسته‌ به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڕه‌شه‌و پرسی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌ یه‌ك بین، له‌نێو په‌رله‌ماندا حزبه‌كان بۆچوونی جیاوازیان هه‌بێت، هه‌رچی بكه‌ن مافی خۆیانه‌،  رای خۆیان ده‌رببڕن و گله‌یی بكه‌ن و  ره‌خنه‌ بگرن، وتیشی: ئێمه‌ به‌رنامه‌یه‌كی فراوانمان له‌به‌رده‌ستدایه‌و په‌نا به‌خوا ئه‌نجامیشی ده‌بینین.

ده‌یانه‌وێت پێشوه‌خت بڵێین كه‌ركوكمان ناوێت

له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ وتی: ئێمه‌ هیچ كاتێك پێمان خۆش نه‌بووه‌ هه‌ڵبژاردنی عیراق دوابكه‌وێت، به‌ڵكو حه‌زده‌كه‌ین له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت، زۆریش هه‌وڵمان بۆ ئه‌وه‌ داوه‌، به‌لام هه‌میشه‌ ده‌بینین كه‌ده‌رفه‌تێك بۆ هه‌ندێك لایه‌نیشۆڤێنیهه‌ڵده‌كه‌وێت، هه‌وڵده‌ده‌ن كۆسپ دروستبكه‌ن و ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد كه‌مبكه‌نه‌وه‌و گرفت بۆ ئێمه‌ دروستبكه‌ن. بۆنموونه‌، به‌ستنه‌وه‌ی كه‌ركوك به‌یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، له‌و رووه‌شه‌وه‌ وتی: كه‌ركوك وه‌كو هه‌ر شارێكی دیكه‌ باهه‌ڵبژاردنی تیادابكرێت و هه‌ركه‌سێك به‌پێی قه‌باره‌ی خۆی ده‌ربكه‌وێت و قه‌باره‌ی هه‌موو لایه‌ك مه‌علوم بێت. ئه‌وان به‌وه‌ش  رازی نه‌بوون و هاتن ئه‌وه‌یان ورووژاند كه‌پێویسته‌ پێشوه‌خت 2كورسی بدرێته‌ عه‌ره‌ب و توركمانی كه‌ركوك، باشه‌ به‌ چ هه‌قێك؟ وه‌كو من بزانم كه‌ركوك 9كورسی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر2 به‌عه‌ره‌ب و توركمان بدرێ 7 ده‌مێنێته‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌و 7 كورسییه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت با كورد 4 كورسی بهێنێت بۆنموونه‌، ئه‌وانی دیكه‌ 3  بهێنن و پێشتریش 2ی دیكه‌یان مسۆگه‌ركردووه‌، واتا ئه‌وان ده‌بنه‌5و كوردیش

4، وتی: چ ره‌وای هه‌قه‌ ئه‌و كه‌ركوكه‌ی بارزانی خۆی و شۆڕشی ئه‌یلولی له‌سه‌ر دانا، ئاوا به‌ئاسانیی ئێمه‌ خواحافیزیی لێبكه‌ین؟ ئه‌وه‌ چۆن ده‌بێت؟ ئینجا بێیت به‌ده‌ستی خۆت بڵێیت ئه‌وه‌تا من كه‌ركوكم به‌تۆداو موڵكی من نییه‌، ئه‌وه‌ خواردنی مافی میلله‌تێكه‌، پاشان كه‌ركوك وه‌كو هه‌ولێر وه‌كو سلێمانی وه‌كو هه‌ر شارێكی دیكه‌یه‌و له‌عیراق جیانابێته‌وه‌.

ئێمه‌ ده‌ڵێین هه‌ق چۆنه‌ باوابێت، با هه‌ڵبژاردن بكرێت و  رای خه‌ڵكی كه‌ركوك وه‌ربگیرێت، بابزانین زۆرینه‌ چ بڕیارێك ده‌دات؟ ئێمه‌ ملكه‌چی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌بین.  ئه‌گه‌ر ویستیان بێنه‌ سه‌ر هه‌رێم به‌خێربێن، نه‌یانویست پێویسته‌ رێز له‌بڕیاری ئه‌و خه‌ڵكه‌ بگیرێت، به‌لام پێشوه‌خت چ فه‌رزبكرێت ئێمه‌ قبوڵی ناكه‌ین، ئێمه‌ خۆمان نه‌سه‌پاندووه‌، به‌ڵكو وتوومانه‌ با بارودۆخی شاره‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌مادده‌ی 140دا هاتووه‌، پاشان سه‌رژمێریی گشتی بكرێت، پاشان  راپرسی بكرێت و له‌خه‌ڵكه‌كه‌ بپرسن، جا ئه‌گه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌یویست ئه‌وكاته‌ به‌رپرسیارێتی مێژوویی و ئه‌خلاقی و نیشتمانی له‌سه‌ر ئێمه‌ش لاده‌چێت، به‌لام خه‌ڵكه‌كه‌ بیه‌وێت بۆ رێگه‌ی لێ بگیرێت؟ ئه‌وان پێشوه‌خت ده‌یانه‌وێت گفت له‌ئێمه‌ وه‌ربگرن كه‌گوایه‌ ئێمه‌ كه‌ركوكمان ناوێت.

كورسیی كه‌سمان ناوێت و هی كوردیش ناده‌ین به‌كه‌س

وتیشی: كه‌ ئه‌و پیلانه‌ سه‌ری نه‌گرت، ئێستاش مه‌سه‌له‌ی دابه‌شكردنی كورسییه‌و ئه‌ویشیان كرده‌ گرفتێكی گه‌وره‌. بۆ نموونه‌: بۆ شاری موسڵ 12 كورسییان زیادكردووه‌ بۆ په‌رله‌مان، بۆ هه‌ر3 پارێزگای ئێستای هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا 3كورسییان زیادكردووه‌ كه‌سلێمانی هیچ و هه‌ولێر 1 و دهۆك 2 كورسی.

باشه‌ ئه‌وه‌ له‌هه‌ر كه‌سێك بپرسن له‌دونیادا نازانێ، ئه‌مه‌ ساخته‌كارییه‌ كه‌له‌ئاماره‌كاندا كراوه‌؟ كه‌ئه‌وه‌ش قبوڵ نه‌كراو كه‌وته‌وه‌ ده‌نگدان، له‌ده‌نگداندا شۆڤێنییه‌كان دۆڕاندیان، واتا ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردو عه‌ره‌بی باش چ به‌سوننه‌و چ به‌شیعه‌ سه‌ركه‌وت. ئێستاش پرسه‌كه‌ یه‌كلایی نه‌كراوه‌، به‌لام ئێمه‌ كۆمیته‌یه‌كمان بۆ دیراسه‌كردنی مه‌سه‌له‌ی ئه‌و كورسیانه‌ داناوه‌،  ئه‌گه‌ر عه‌داله‌تی تیادا هه‌بێت و هه‌مووی وه‌ك یه‌ك بێت هیچ گرفتێكی نییه‌، ئه‌گه‌ر ناعه‌داله‌تیش له‌مه‌سه‌له‌كه‌دا هه‌بێت، بێگومان  رێگه‌ناده‌ین ناعه‌داله‌تی له‌دژی نه‌كوردو نه‌عه‌ره‌ب بكرێت، ئێمه‌ یه‌ك كورسی خه‌ڵكی دیكه‌مان ناوێت، به‌لام كورسی كوردیش نادرێته‌ خه‌ڵكی دیكه‌، هه‌ركه‌سێك مافی خۆی وه‌رده‌گرێت به‌مشێوه‌یه‌ رازیین ئه‌گه‌رنا پاشان ئێمه‌ ناعه‌داله‌تی قبووڵناكه‌ین و ناتوانین قبووڵی بكه‌ین .

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییش له‌گه‌ڵ دراوسێكاندا سه‌رۆكی هه‌رێمی به‌زۆرباش وه‌سفیكردو وتی: رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات و رایگه‌یاند: ئێستا ده‌روازه‌ی سنووریی حاجی ئۆمه‌ران به‌ ره‌سمی كراوه‌یه‌و بوو به‌خاڵێكی سنووریی نێوده‌وڵه‌تی و پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ له‌ئارادایه‌ كه‌ له‌و رێگه‌یه‌دا ئه‌نجامبدرێت. وتیشی: له‌گه‌ڵ توركیا په‌یوه‌ندیمان زۆر به‌ره‌وپێش چووه‌و ئێمه‌ زۆر به‌هێزه‌وه‌ پشتگیریی سیاسه‌تی ئێستای توركیا ده‌كه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له‌ناوخۆی توركیادا ئه‌مه‌ جگه‌ له‌په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان،  بڕوای خۆیشی نیشاندا كه‌ به‌لێكتێگه‌یشتن و  رێز له‌یه‌كگرتن و هیچ گرفتێك نییه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ، چونكه‌  ئێستا هه‌موولایه‌نه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ به‌ڵێ هه‌رچی  به‌لێكتێگه‌یشتن و هاوكاری بكرێت، سه‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات باری ئابووری و باری ژیان باشتربێت و وامان لێده‌كات بیر له‌پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ترو ستراتیژی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ ئه‌و میلله‌ته‌ دابین بكات.

سه‌نگی كورد زۆر قورسه‌

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمیشه‌وه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا زۆر باشه‌و وتی: به‌ر له‌چه‌ند  رۆژێك له‌ئه‌وروپا گه‌ڕامه‌وه‌،  ئه‌وان زۆر گرنگی به‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن و سه‌نگی كورد زۆر قورسه‌و من داواشم لێیان كرد بێن یارمه‌تیمان بده‌ن تا ولاتی خۆمان دروست بكه‌ینه‌وه‌و ئاوه‌دانی بكه‌ینه‌وه‌، وتیشی: ئێمه‌ داوای پاره‌ له‌كه‌س ناكه‌ین و سوپاس بۆ خوا، خوای گه‌وره‌ نیعمه‌تێكی زۆری پێداوین و ولاته‌كه‌مان   زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌و ته‌نیا پێویستیمان به‌شاره‌زایی و ته‌كنۆلۆژیای ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌، وه‌رن یارمه‌تیمان بده‌ن و سوود له‌و نه‌وت و غازه‌ وه‌ربگرن بۆ به‌خته‌وه‌ریی میلله‌تیه‌كه‌مان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ولاته‌كه‌مان و وتی: له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ڵێنیان داوه‌ یارمه‌تیمان بده‌ن .

هه‌ر له‌میانه‌ی ئه‌و گه‌شته‌یدا بۆ ده‌ڤه‌ری سۆران، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ دانیشتووانی  رواندزو باڵه‌كایه‌تی و خه‌لیفانیشدا كۆبووه‌وه‌و سوپاس و جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ی لێكردن و پێی راگه‌یاندن كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ناوچه‌كه‌ له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی فراواندایه‌و وتی:  ینشاڵلا سه‌ردانی هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م، له‌زاخۆوه‌ تا خانه‌قین، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵقه‌یه‌، یه‌كه‌م ده‌ڤه‌ره‌ كه‌ من سه‌ردانی ده‌كه‌م، بۆئه‌وه‌ی سوپاستان بكه‌م بۆ هه‌ڵوێستتان و وتی: هاتووین بۆ گوێگرتن له‌پێشنیازه‌كانتان، راشیگه‌یاند: كه‌ له‌گه‌ڵ قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كان به‌ئاماده‌بوونی پارێزگار كۆبۆته‌وه‌و  گوێی لێگرتوون له‌باره‌ی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ له‌رووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌و ئه‌وه‌شی به‌جێگای شانازیی داناو وتی: ده‌توانم بڵێم خزمه‌تگوزارییه‌كی زۆرباش پێشكه‌شكراوه‌، به‌لام زۆریشی ماوه‌ كه‌ده‌بێت پێشكه‌ش بكرێت .

ناعه‌داله‌تی قبووڵناكه‌ین و پێشمان قبووڵ ناكرێت

هه‌روه‌ها وتی: ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت په‌رله‌مانی ئێمه‌ زۆر كاراتربێت و چاودێریی حكومه‌ت بكات، به‌رنامه‌ی لیستی كوردستانی و به‌رنامه‌ی لیسته‌كانی تریش به‌گرنگ وه‌رده‌گرین و وتیشی ئه‌وه‌ به‌رنامه‌ی كارمان ده‌بێت له‌ئاینده‌داو دوپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ئه‌وله‌ویاته‌كان زۆرن،  به‌لام له‌هه‌موو ئه‌وله‌ویاتێك سه‌رووتر پاراستنی یه‌كڕیزیی میلله‌تی كورده‌، كه‌ده‌ڵێم پاراستنی یه‌كڕیزیی كورد، یه‌كهه‌ڵوێستیی میلله‌تی كورده‌، خۆشبه‌ختانه‌ ده‌توانم بڵێم له‌م چه‌ند رۆژه‌ی  رابردوودا ده‌ركه‌وت كه‌میلله‌تی كورد له‌چ ئاستێكی به‌رزدایه‌ له‌تێگه‌یشتن و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی،  چونكه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی عیراق هاته‌پێشه‌وه‌، ئێوه‌ش به‌ته‌ئكید ئاگادارن كه‌به‌ته‌مابوون چه‌ند گرفتێك بۆ كورد دروست بكه‌ن و غه‌درێكی گه‌وره‌ی لێبكه‌ن، هه‌موو حزبه‌كان، هه‌موو میلله‌تی كورد یه‌كهه‌ڵوێست وه‌ستانه‌وه‌، به‌راستی ئه‌مه‌ داواكارییه‌، ده‌توانن له‌ناو په‌رله‌مانی خۆمان گله‌یی له‌یه‌كتری بكه‌ین و ره‌خنه‌ بگرین و هه‌رچی حه‌زبكه‌ین بیڵێین و بیكه‌ین، به‌لام كه‌گه‌یشته‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندیی ستراتیژیی میلله‌ته‌كه‌مان، ده‌بێت یه‌كهه‌ڵوێست بین، له‌وه‌شه‌دا سه‌لماندمان كه‌ یه‌كهه‌ڵوێست بووین، ئه‌مه‌ مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌یه‌، مه‌رجی پاراستنی ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌یه‌و مه‌رجی به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی تریشه‌، بۆیه‌ كاری سه‌ره‌كیی ئێمه‌ مانان ئه‌وه‌ده‌بێت كه‌ من ئه‌م یه‌كێتییه‌ بپارێزم، وتیشی: ئێمه‌ هه‌موو ئه‌و پێشنیازانه‌مان وه‌رگرتووه‌ كه‌چۆن و چی پێویسته‌ بكرێت و گوێشمان له‌و راپۆرته‌ گرت له‌باره‌ی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌ كراون،  سه‌رۆكی هه‌رێم دڵنیاشی كردن له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ی مومكین بێت درێغی ناكرێت و وتی: به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری.

بۆ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك تێكه‌ڵ كرا؟

سه‌رۆك بارزانی پێشی راگه‌یاندن كه‌ ده‌یه‌وێت سوود له‌م ده‌رفه‌ته‌ وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك بابه‌تی گرنگی  رۆژیان بۆ روون بكاته‌وه‌، كه‌ یه‌كه‌میان مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رتاسه‌ریی عیراق و په‌یوه‌ندیی هه‌رێم و به‌غداو ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌هه‌بوون و وتی: بڕواناكه‌م تا هه‌ڵبژاردن هیچیان چاره‌سه‌ربكرێن، یان به‌لادا بخرێن، چونكه‌ هه‌موولا سه‌رقاڵی هه‌ڵبژاردنن،  وتیشی:  خه‌ڵكانێك ره‌نگه‌ نه‌یانویستبـێت ئه‌سڵه‌ن هه‌ڵبژاردن ببـێت، بۆیه‌ چوون مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكیان تێكه‌ڵ كردو وتی: راسته‌ هه‌ندێك ئاڵوگۆڕی تێدابوو، هه‌ندێك موعاره‌زه‌ی تازه‌ دروست بووه‌، ئه‌مه‌ هه‌مووی سروشتییه‌، به‌لام مه‌رج ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ یه‌كهه‌ڵوێست بین، له‌ناوخۆماندا. با گله‌یی له‌یه‌كتر بكه‌ین، هه‌ریه‌كێك بۆچوونی خۆی هه‌یه‌ جیاوازه‌، كێشه‌ نییه‌، به‌لام كه‌ گه‌یشته‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌بێ ئێمه‌ یه‌كبین، ئه‌مه‌ مه‌رجی سه‌ره‌كییه‌، به‌مه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتووانه‌بوو، پاك بوو، چونكه‌ چاودێری بیانی له‌هه‌موو ولاتانی دنیا هاتبوون و زۆر به‌دیقه‌تیش چاودێریی هه‌موو شتێكیان ده‌كرد، زۆر ئیحتیرامی كوردی زیادكردووه‌، له‌زۆر ولاتانی تر كه‌ ساڵه‌های ساڵه‌ ولاتن و ده‌وڵه‌تن و ده‌وڵه‌تیان هه‌بووه‌، هه‌ڵبژاردنیان ئه‌نجامداوه‌ بووه‌ به‌به‌لا به‌سه‌ریانه‌وه‌، هه‌زارو یه‌ك كێشه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، له‌كوردستان وانه‌بوو، ئه‌مه‌ پێگه‌یشتنی میلله‌تی ئێمه‌ پیشان ده‌دات، ئه‌مه‌ هه‌ستكردنی میلله‌تی ئێمه‌ به‌ به‌رپرسیارێتی پیشانده‌دات و وتی: به‌راستی ئه‌مه‌ جێی شانازییه‌.

له‌كۆتاییشدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌ده‌بێت ده‌ست به‌به‌رنامه‌یه‌كی تازه‌ بكه‌ین و  چاكسازییه‌كی ته‌واو له‌هه‌موو بواره‌كاندا بكه‌ین و وتی: بۆئه‌وه‌ش  پشتگیریی و پشتیوانی ئێوه‌مان پێویسته‌.

خوای گه‌وره‌ش پشت و په‌نای هه‌موولایه‌ك بێت و زۆر سوپاستان ده‌كه‌م .

سه‌رچاوه‌: سایتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان

Shafaq Live
Shafaq Live