توركیای ئیسلامی- عه‌لمانی-قه‌ومی

توركیای ئیسلامی- عه‌لمانی-قه‌ومی
2009-12-06T15:15:06+00:00

هه‌ردووكیان ئه‌وی دیكه‌یانی نه‌سڕیوه‌ته‌وه‌، له‌سه‌رووی عه‌لمانی و ئیسلامییه‌كه‌شدا مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی زاڵه‌ و چه‌تری كۆكه‌ره‌وه‌یانه‌ و كایه‌ و گۆره‌پانی سیاسی ولاته‌كه‌ش له‌و نێوانه‌دایه‌.

مه‌سه‌له‌كه‌ی كه‌ به‌پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ی پێ بده‌م كاریگه‌ریی سێ كوچكه‌ی عه‌لمانی-ئیسلامی- نه‌ته‌وه‌ییه‌ بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا و په‌یوه‌ست بوون و كێشكردنی تاكه‌ بۆسه‌ر هێله‌كانی ئه‌و ئه‌یدیایانه‌، له‌ڕێی پارت و لایه‌نه‌كانه‌وه‌ و قوستنه‌وه‌ و به‌كارهێنانیانه‌ هه‌م بۆ ساته‌وه‌خته‌كانی هه‌ڵبژاردن، هه‌میش مۆڵكردن و راِهێنانی كۆمه‌ڵگه‌ و ڕه‌نگڕێژكردنیه‌تی بۆ بنیاتنانی چێوه‌یه‌ك بۆ كاركردنی یه‌كێك له‌و هێلانه‌، به‌لام هێڵی سه‌ره‌كی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌ كه‌ له‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كانی توركیا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌..

ئالا به‌نموونه‌، له‌ناو ته‌واوی توركیادا و هه‌ڵگرانی زۆربه‌ی ئایدیاكان مه‌سه‌له‌ی خۆشویستنی ولات و خاك و ئالایان به‌لاوه‌ گرنگه‌، له‌ناو تاكدا كار له‌سه‌ر جێگیركردنی ئه‌و هه‌سته‌كراوه‌ تا گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی جێگه‌ی كراوه‌ته‌وه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هه‌ر تاكێكی تورك ده‌گریت خۆی به‌قه‌رزداری كه‌مال ئه‌تاتورك ده‌زانێت و به‌جۆرێك كار بۆ ئه‌وه‌كراوه‌ كه‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ی ئه‌و بۆ ولاته‌كه‌ی داناوه‌ پاریًزراو بێت، هه‌میش به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان كار بۆ ئه‌وه‌كراوه‌ ئه‌تاتورك و كار و سیاسه‌ت و مێژووه‌كه‌ به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ته‌سلیم به‌نه‌وه‌كان ده‌كرێت و ناهێڵدرێت له‌زهنی تاكدا كاڵ ببێته‌وه‌ و له‌هه‌موو كونج و قوژبنێكی ئه‌و ولاته‌دا و له‌سه‌نته‌ر و شوێنه‌گشتییه‌كاندا به‌وێنه‌ و تابلۆ ئه‌تاتورك حزووری هه‌یه‌، به‌گشتی خاڵی مه‌به‌ست به‌هه‌ندوه‌رگرتن و خوشویستنی سه‌ركرده‌ و ئالایه‌ له‌و ولاته‌دا.بۆیه‌ ئالا هێنده‌ پیرۆزه‌ به‌لایانه‌وه‌ كه‌ له‌ته‌نیشت لۆگۆی هه‌ر رۆژنامه‌و گۆڤارێكیانه‌وه‌ به‌حكومی  و ئازاد و سه‌ربه‌خۆیانه‌وه‌ كه‌ له‌لای خۆمان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ئه‌هلی ناوده‌برێن، ئالایه‌كی توركیا هه‌یه‌... تائێستاش هیچكام له‌و رۆژنامانه‌ نكوڵییان نه‌بووه‌ و ئه‌وه‌یان ره‌تنه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان داوا بكه‌ن كه‌ ئه‌و ئالایه‌ دانانێن، هیچ رۆژنامه‌یه‌كیش ئه‌وی دیكه‌ی تۆمه‌تبار نه‌كردووه‌ به‌وه‌ی مادام ئالای توركیا به‌ته‌نیشت لۆگۆكه‌یه‌وه‌یه‌ ئه‌وا ده‌سته‌مۆی حكومه‌ته‌، هی حزبه‌، هی فلانه‌، یان فیساره‌و هتد. باشه‌ گه‌ر ئه‌م نموونه‌یه‌ بۆ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی كوردستان ته‌رح بكرێت ده‌بێت چ مشتومڕێك بنێته‌وه‌ و چه‌ندیان ئه‌وانی تر تۆمه‌تبار بكه‌ین..

مه‌سه‌له‌ی ئیسلام له‌ده‌وڵه‌تی عه‌لمانیشدا جێگه‌ی خۆی كردووه‌ته‌وه‌ و نه‌یتوانیوه‌ جێگه‌ به‌ توركیای عه‌لمانی لێژ بكات هه‌رچه‌نده‌ كێرڤه‌كه‌ له‌نێوانیاندا له‌كایه‌ سیاسی و حوكمڕانییه‌كانیادا له‌به‌رزی و نزمیدایه‌، به‌لام كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ نه‌كراوه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ جێگه‌ی ئایدیاكانی تێدابووه‌ته‌وه‌ به‌و مه‌رجه‌ی له‌خزمه‌تی گشتیدا بێت، گه‌ر له‌نموونه‌ی ئه‌ستانبوڵه‌وه‌ سه‌یری توركیا بكرێت، ئه‌وا له‌ڕوانگه‌ی عه‌لمانی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی و ئازادی تاك و كاردا ئه‌وا وێنه‌یه‌ك پیشان ده‌دات كه‌ هه‌رگیز سیمای ئیسلامی پێوه‌نه‌بوه‌...ئه‌گه‌ریش له‌ڕوانگه‌ی ئیسلامییه‌وه‌ سه‌یری هه‌مان شار بكه‌یت ئه‌وا باوه‌ڕناكه‌یت عه‌لمانی جێگه‌ی ببێته‌وه‌، له‌شارێكی 15 ملیۆنی گه‌شتیاری و كراوه‌دا نزیكه‌ی 500 مزگه‌وت هه‌ن كه‌ هه‌ندێكیان زۆر كۆنن و مێژوویه‌ك ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ سیمای ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامی بووه‌ له‌وانه‌ مزگه‌وتی سوڵتان ئه‌حمه‌د كه‌سه‌رنجی شوێنه‌وار ناسانی جیهان و ناوخۆی كێشكردووه‌.بۆیه‌ یه‌كترقبوڵكردن و خزمه‌تی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ له‌هه‌وراز هه‌موو ئایدیا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌وه‌یه‌ و ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش زۆرترین پانتایی له‌كۆمه‌ڵگه‌ی توركیادا داگیر كردووه‌و توركیای ئه‌مڕۆی له‌سه‌ر ڕاگیراوه‌.

Shafaq Live
Shafaq Live