یه‌ك عیراق، دوو ڤیتۆ، سێ هێزی سه‌ره‌كی

یه‌ك عیراق، دوو ڤیتۆ، سێ هێزی سه‌ره‌كی
2009-12-03T19:50:41+00:00

تارق هاشمی ڤیتۆی یاسای هه‌مواركراوی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات ئه‌وا كۆی سیستمی سیاسیی و بارودۆخی سیاسیی ولات به‌ ئاقارێكی ترسناكدا ده‌ڕوات كه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ مایه‌ی په‌كخستنی پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ر سێ ده‌سه‌لاته‌كه‌.

فیتنه‌و ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی دیكتاتۆریی

زۆربه‌ی زۆری شیكه‌ره‌وه‌ ده‌ستووری و كه‌سایه‌تییه‌ شاره‌زاكانی بواری ده‌قه‌ یاساییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هاوڕان كه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان رێكنه‌كه‌ون له‌سه‌ر رێسایه‌كی هاوبه‌ش ئه‌وا نه‌ك ئیفلیجبوونی ده‌سه‌لاتی یاسادانانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌رگا ده‌خاته‌ سه‌رپشتیش بۆ دروستبوونی ئاژاوه‌و هه‌لایسانی فیتنه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌كانداو ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی دیكتاتۆریشی لێده‌كرێت، به‌و مانایه‌ی هه‌ر كه‌سێك یان حزبێك یاسایه‌كی به‌دڵ نه‌بێت و له‌ملاولاوه‌ فشاری بخرێته‌ سه‌ر، ڤیتۆی  ئه‌و یاسایانه‌ ده‌كات كه‌ به‌دڵی نییه‌، به‌مه‌ش رۆڵی دیكتاتۆر به‌رجه‌سته‌ ده‌كات به‌لام به‌شێوازێكی فێڵزانانه‌ له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی ده‌قه‌ ده‌ستوورییه‌كانه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو رێكنه‌كه‌وتنه‌كه‌، له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و هه‌رێمی ده‌بێته‌ فاكته‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌ ئیقلیمییه‌كان زیاتر ده‌ست بخه‌نه‌ كاروباری ناوخۆی عیراقه‌وه‌، دواجار ئه‌و لایه‌نه‌ لێی به‌رپرسیاره‌ كه‌ ده‌بێته‌ به‌ربه‌ستی رایكردنی یاسا ده‌ستوورییه‌كان.

ئه‌گه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌كی وردو شیكاری بكرێت بۆ دۆخی ئێستا كه‌ هه‌مووی به‌ئاراسته‌ی ئه‌وه‌دایه‌ ئایا جارێكی تر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان ڤیتۆ ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌توانرێت چه‌ند گریمانه‌یه‌كی لێ هه‌ڵبهێنجرێت ئه‌ویش له‌دیدی لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق كه‌ شیعه‌، سوننه‌و كوردن:

وه‌ته‌نی سعودی-یش كه‌وته‌ هه‌ڵه‌وه‌

*به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌روتاری رۆژنامه‌ی وه‌ته‌نی سعودی كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات (زیادكردنی كورسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسی  پارێزگا سوننه‌ نشینه‌كان ده‌سكه‌وته‌ بۆ كورد له‌سه‌ر حسابی سوننه‌)، هیچ كاتێك كورد نه‌ك له‌سه‌ر حسابی سوننه‌ به‌ڵكو هیچ لایه‌نێكی تر نه‌یویستووه‌ ده‌سكه‌وت به‌ده‌ست بهێنێت، رۆژنامه‌ سعودییه‌كه‌ كه‌ مه‌یلی پشتیوانی سوننه‌كانی عیراقی پێوه‌ دیاره‌ باسی ئه‌وه‌ ناكات ئایا ده‌كرێت و كارێكی لۆژیكییه‌ له‌ماوه‌ی چوار ساڵدا پارێزگایه‌كی وه‌ك سلێمانی رێژه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی زیادی نه‌كردبێت تا ئه‌وه‌ی هیچ كورسییه‌كی زیاده‌ دانه‌نرێت بۆ ئه‌م پارێزگایه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێم.

هێزه‌ سوننیه‌كانی ناو عیراقیش دیدو بۆچوون و لێكدانه‌وه‌یان بۆ یاساكه‌ هه‌ڵگری چه‌ندین مه‌رامی جیاوازه‌ كه‌ له‌كۆتاییدا هه‌موویان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌هێڵدرێت یاساكه‌ تێپه‌ڕبكرێت، هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی نوسینگه‌ی تارق هاشمی جێگری سه‌رۆك كۆمار ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو كه‌ هاشمی به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یاسا نوێیه‌كه‌ هه‌ڵسوكه‌وتده‌كات و رێز له‌دیموكراسی ده‌گرێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بالاكانی ولات ره‌چاو ده‌كات، به‌لام ئه‌م گوتاره‌ میدیاییه‌ ناكرێت پاساو بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هاشمی به‌ڵێنی داوه‌ بۆ جارێكی تریش ڤیتۆ به‌كار بهێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش دوای قسه‌كردنی له‌گه‌ڵ جۆزێف بایدن-ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ی دركاندووه‌ كه‌ هێشتا ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی ئه‌م ره‌خنه‌ی له‌سه‌ریان هه‌یه‌- كه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌زیادكردنی  رێژه‌ی كورسیی عیراقییه‌كانی ده‌ره‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی كورسی پارێزگا سوننیه‌كان- هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراون و وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌.

هه‌رچه‌ند به‌پێی هه‌مواری یاساكه‌ سه‌د هه‌زار ده‌نگ به‌رامبه‌ری یه‌ك كورسیی په‌رله‌مانه‌، بۆ رێژه‌ی زیادبوونی دانیشتوانی پارێزگاكان ستانداردی جیهانی په‌یڕه‌وكراوه‌ كه‌ رێژه‌ی(2.8)ه‌، كورسییه‌كانی په‌رله‌مان ره‌نگه‌ له‌ (323) كورسییه‌وه‌ ببێته‌ (315)كورسیی كه‌ تێیدا نه‌ینه‌وا سێ كورسی و كه‌ركوكیش دوو كورسی كه‌مده‌كات، به‌لام دواجار كۆی ئه‌م هه‌مواركردنانه‌ ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌موو لایه‌نه‌ عیراقییه‌كانه‌ به‌بێ جیاوازی.

هاشمی له‌مه‌سه‌له‌ی عیراقییه‌كانی ده‌ره‌وه‌شدا ده‌بوایه‌ ئه‌و خاڵه‌ی له‌به‌رچاو بگرتایه‌ كه‌ ته‌نیا عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ نین، به‌ڵكو شیعه‌یه‌كی زۆر له‌ ئێران، ژماره‌یه‌كی زۆری كورد له‌ئه‌وروپا هه‌ن، بۆیه‌ بینینی ئه‌وه‌ی كه‌ عیراقییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ زوڵمیان لێكراوه‌-كه‌ زیاتر مه‌به‌ست سوننه‌كانه‌- پاساوێكی لاوازه‌ بۆ به‌كارهێنانه‌وه‌ی ڤیتۆ له‌ دژی یاساكه‌، له‌مه‌دا ره‌چاوی هه‌موو لایه‌نه‌كان كراوه‌ وه‌ك یه‌ك نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی هاشمی باسی ده‌كات، كه‌ شیعه‌كان ته‌فسیرێكی تریان بۆ قسه‌كانی هه‌یه‌.

هاشمی و دوو ئامانج

*لایه‌نه‌ شیعییه‌كان به‌ڵكو لایه‌نه‌كانی تریش –جگه‌ سوننه‌- هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ڤیتۆی دووه‌م  مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌عیراق به‌ره‌و دواوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كۆسپێكی زۆر بۆ كۆمسیۆنی بالای هه‌ڵبژاردنه‌كان دروستده‌بێت له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، ده‌سه‌لاتی ته‌شریعی (یاسادانان) كه‌ په‌رله‌مانه‌ تا رۆژی 15-3-2010 شه‌رعیه‌تی هه‌یه‌و له‌دوا ئه‌و كات و رۆژه‌وه‌ ئیدی ده‌سه‌لات و شه‌رعییه‌تی نامێنێت، واته‌ كۆی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ده‌ربازبوون لێی كارێكی ئه‌سته‌م بێت.

خوێندنه‌وه‌ی هێزه‌ شیعییه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی نزیكی نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانن، كۆكن له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ هاشمی به‌و ڤیتۆكردنه‌ی یه‌كه‌مجار ویستویه‌تی دوو ئامانج بپێكێت،  له‌لایه‌ك ده‌یه‌وێت ده‌سكه‌وتی سیاسیی به‌ده‌ستبهێنێت له‌سه‌ر حسابی عیراقییه‌كانی ده‌ره‌وه‌و كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی تر، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌یه‌وێت كه‌ هه‌لێك بره‌خسێنێت بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین پاشماوه‌ی به‌عسییه‌كان به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بكه‌ن به‌و پێیه‌ی كه‌ سوننه‌ن و ده‌نگ به‌ لیسته‌كه‌ی هاشمی ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌م لێكدانه‌وه‌ی كه‌سه‌ نزیكه‌كانی مالكی راست بێت كه‌واته‌ ئه‌و نه‌خشه‌و هێزه‌ ئه‌فسوناوییه‌ی له‌پشت سیاسه‌ته‌كانی هاشمییه‌وه‌یه‌ ده‌بێت كێ بێت؟

هه‌ر ئه‌و هێزه‌ شیعییانه‌ وه‌لامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ هاشمی به‌ته‌واوی كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ریی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌ی و ئه‌و هێزه‌ سوننیانه‌ی تره‌وه‌ كه‌ له‌گۆڕه‌پانی سیاسیی عیراقدا به‌ به‌رده‌وامی كۆسپ بوون بۆ زۆربه‌ی مه‌سه‌له‌ هه‌ستیاره‌كان، هه‌روه‌ك ده‌وترێت هاشمی ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حزبه‌كه‌ی و هێزه‌ سوننیه‌كانی تر كه‌ له‌چه‌ندین فۆرمی جیاوازدان و به‌عسیشیان تێدایه‌، مسۆگه‌ر نه‌كات ئه‌وا پێده‌چێت  پۆسته‌كه‌ی له‌ده‌ستبدات وه‌ك سه‌رۆكی پێشووی حزبی ئیسلامی عیراق كه‌ وه‌لانرا، به‌م پێودانگه‌ هاشمی به‌ته‌واوی له‌ژێر فشاردایه‌.

نیه‌تی په‌راوێزخستن

*له‌م نێوه‌نده‌دا كورد وه‌ك هێزێكی سه‌ره‌كی عیراق دوای زیادكردنی چه‌ند كورسییه‌ك بۆی، مانای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ئیدی مه‌ترسی له‌سه‌ر نه‌ماوه‌و مافه‌كانی به‌ته‌واوی دابینكراوه‌، جه‌وهه‌ریترین خاڵێك كه‌ ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی كورد ده‌كه‌ن له‌به‌غداو هه‌م چاودێره‌ نزیكه‌كانی بارودۆخه‌كه‌ش ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا نییه‌تی په‌راوێزخستنی كورد هه‌ستی پێده‌كرێت، به‌شداریپێكردنی كورد مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ سه‌نگ و قورسایی كورد له‌به‌رچاو گیراوه‌، له‌گه‌ڵ به‌شدارپێكردنه‌كه‌شدا ئه‌و نیه‌ته‌ به‌رده‌وام وه‌ك تارماییه‌ك ماوه‌و به‌دوای هه‌لدا ده‌گه‌ڕێت.

ئه‌م رۆحی په‌راوێزخستنه‌ی به‌رده‌وام هه‌ستی پێده‌كرێت ده‌مانبه‌ستێته‌وه‌ به‌و پرسیاره‌وه‌ی ئایا تاچه‌ند ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا یه‌كده‌گرێته‌وه‌و به‌قازانجی كێ ده‌بێت؟ باسكردنی به‌رده‌وامی چه‌ند لایه‌نێك كه‌ عیراق ولاتێكی فیدراڵییه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بڕوایان به‌ فیدراڵیزم هه‌یه‌، بێبه‌شكردنی كوردیش له‌دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌ماندا به‌ڵگه‌یه‌كی ئاشكرابوو بۆ ئه‌وه‌ی په‌راوێزخستن بووه‌ته‌ كه‌لتووری هه‌ندێك هێز.

ئه‌و پرسیارانه‌ی له‌م سه‌روبه‌نده‌دا ده‌كرێن كه‌ ره‌نگه‌ به‌رازیبوون له‌سه‌ر یاساكه‌ كۆی لێكدانه‌وه‌كان پێچه‌وانه‌ ببنه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا ڤیتۆكردنی یاساكه‌ بۆ جارێكی تر سیستمی سیاسیی عیراق چی لێدێت به‌تایبه‌ت ده‌سه‌لاتی یاسادانان، ئه‌گه‌ر تا (15-3-2010) هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت شه‌رعییه‌تی داموده‌زگاكان ده‌مێنێت یان نا؟ ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌مجاره‌یان چی ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر یاساكه‌ ڤیتۆ كرایه‌وه‌ كورسییه‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر چییان لێدێت؟ ره‌نگه‌ به‌په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌و ڤیتۆ نه‌كردنی یاساكه‌ ئه‌م لێكدانه‌وانه‌و زۆر له‌مه‌سه‌له‌كان ئاوه‌ژوو ببنه‌وه‌ و وا ده‌رنه‌چن.

Shafaq Live
Shafaq Live