په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌كۆشكی سپییه‌وه‌ بۆ داهاتووی عیراق

په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌كۆشكی سپییه‌وه‌ بۆ داهاتووی عیراق
2010-01-30T08:06:51+00:00

به‌رپرسانی ئه‌و ولاته‌ هه‌ر له‌باراك ئۆبامای  سه‌رۆكی ئه‌مریكاو جۆبایدنی جێگریء هیلاری كلینتۆنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بگره‌، هه‌تا گه‌وره‌ كۆنگرێسمانه‌كانی وه‌ك لیبرمه‌ن و جۆن مه‌ككه‌ینی بینی.دوای ئه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق په‌سه‌ند كراو كورد به‌ناوبژیوانی ولاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رۆڵی سه‌ره‌كی له‌تێپه‌راندنی ئه‌و یاسایه‌دا بینی، گۆشه‌نیگای لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌كانء به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی توندره‌وتر بوون له‌وانی دیكه‌ به‌رامبه‌ر به‌كورد و هاوپه‌یمانی كوردستان له‌به‌غدا هه‌تا راده‌یه‌ك گۆردرا، گۆران به‌و مانایه‌ی نه‌كا ئه‌مریكا ژێر به‌ژێر هه‌ندێك به‌لێنی به‌لایه‌نی كوردی دابێت، ئه‌گه‌رچی له‌سیاسه‌تی كلاسیكدا و به‌تایبه‌ت سیاسه‌ت له‌و ولاتانه‌ی له‌گه‌ل دیموكراسی نامۆن هه‌ست به‌مه‌ترسی به‌ره‌وام كردنء دروستكردنی جه‌مسه‌ری خێرو شه‌ر شتێكی نوێ نیه‌، به‌لام ئه‌و ترسه‌ بێ بنه‌مایه‌ی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ل لایه‌نی ئه‌مریكی هه‌یبوو، مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرا كاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆرینی هاوكێشه‌كانء گۆرینی نه‌هج و هاوپه‌یمانییه‌كان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق دابنێتء له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی هه‌ڵه‌ی نزیكی كوردو ئه‌مریكا لایه‌نه‌كان له‌هه‌وڵی گۆرینی هاوكێشه‌كان دابن. ئه‌وه‌ی لایه‌نی كوردییه‌ پێداگره‌ له‌سه‌ر ده‌ستووری بنه‌ره‌تی عیراقێكی فیدراڵ و دیموكراسی و به‌كرده‌وه‌ش كاری بۆ كردووه‌و له‌هه‌موو كۆروكۆبوونه‌وه‌یه‌كیش به‌فه‌رمیء نافه‌رمی باسی لێوه‌ده‌كاتء ئه‌وه‌ش نه‌ك مافی خۆیه‌تی وه‌ك كوردێكی عیراقی، به‌ڵكو مافی هه‌موو ئه‌و كه‌س ء لایه‌نانه‌یه‌ كه‌ ده‌نگیان به‌و ده‌ستووره‌ داوه‌.هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ردانه‌كه‌ی بایدن بۆ عیراق و چوونی وه‌فدێكی كوردی بۆ ئه‌مریكاو هاتنی كریستۆفه‌ر هێڵ بۆ كوردستان و له‌هه‌مووشیان گرنگتر سه‌ردانی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی له‌م رۆژانه‌دا بۆ ئه‌مریكاو بینینی گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئه‌و ولاته‌ ره‌نگه‌ گڵۆپێكی بێ ره‌نگی گومان له‌سه‌ر سه‌ری لایه‌نه‌ ركابه‌ره‌كان و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌نه‌هجی به‌عسی گۆربه‌گۆر نزیكن داگیرسێنێت.به‌لام ئه‌وه‌ی كه‌جێگه‌ی هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ركردنه‌و ده‌كرێت ئێمه‌ وه‌ك كوردو ئه‌وان وه‌ك عه‌ره‌ب وهه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكه‌ ته‌ركیزی تایبه‌تی له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ سیاسییه‌ ئه‌مرۆیی و دیموكراسییه‌ بوو كه‌سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ل ئۆباماو بایدن و كلینتۆن وه‌ك چه‌كێكی به‌هێزو كاریگه‌ر كه‌ڵكی لێوه‌رگرت، ئه‌ویش هێنانه‌وه‌ی  ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق وه‌ك خاڵی به‌ستنه‌وه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئایینه‌كانی دیكه‌ی عیراق به‌ولاته‌كه‌یان بوو، كه‌ ئه‌و ده‌ستووره‌ كرۆكی عیراقێكی دیموكراتء فیدراڵ ده‌كێشیته‌وه‌. كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ده‌سته‌واژه‌یه‌كی یاساییء دیموكراسی له‌سیاسه‌تكردندا پێكانی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌یه‌ كه‌له‌كاتێكی تایبه‌تدا خه‌ڵك بریاری هه‌میشه‌یی له‌سه‌ر داون و لێده‌رچوونی خۆی له‌خۆیدا ده‌رچوونه‌ له‌بریارو ده‌نگی خه‌ڵك.له‌كاتێكدا زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی عیراق له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا تووشی ته‌شه‌نوجێكی سیاسیء ته‌نانه‌ت ئه‌خلاقیش به‌وێنه‌ی زافر عانی هاتوونه‌و به‌په‌راوێزگرتنی ده‌ستووری عیراق له‌لایه‌ك له‌هه‌وڵی دوژمن دروستكردندانه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م بنیاتنانه‌وه‌و سه‌قامگیركردنی عیراق دروستده‌كه‌ن، لایه‌نی كوردی له‌سه‌ر مێژوویه‌كی تراژیكدا ته‌ئكید له‌سه‌ر ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق ده‌كاته‌وه‌و ده‌یكات به‌كارتێكی نه‌گۆری سیاسی و ئه‌خلاقی و شه‌ڕی وه‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌له‌كه‌ی. ئه‌و هه‌موو ته‌شه‌نوجه‌ سیاسییه‌ی ئێستا له‌پێناو هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌غدا ده‌بینرێت، ئه‌گه‌ر جێگه‌ی خۆی بدایه‌ به‌دۆزینه‌وه‌ی میكانیزم بۆ جێبه‌جێكردنء رێزلێنان له‌و ده‌ستووره‌ی هه‌ر خۆیان ده‌نگیان پێداوه‌، ئاوا له‌عیراق له‌جێگه‌ی له‌ناوبردنی دوژمن، هه‌وڵی نه‌هێشتنی دوژمنایه‌تی ده‌دراو، توندوتیژییه‌كان دووپاتی پێش خۆیان نه‌ده‌كرده‌وه‌. سه‌رۆك بارزانی به‌ته‌ئكید كردنه‌وه‌ له‌پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوورو عیراقێكی دیموكرات و فیدرال ئه‌ویش له‌كۆشكی سپی ولاتێك كه‌به‌هێزترین ولاتی دیموكرات و فیدراڵی سه‌ر  گۆی زه‌وییه‌، له‌لایه‌ك هه‌ڵوێستی راشكاوانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردی به‌ گوێی جیهان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عیراق داداو له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌نوخبه‌ی سیاسییء هه‌موو خه‌ڵكی عیراقی وت: ده‌كرێت به‌كاركردن بۆ دیموكراسیء فیدراڵییه‌ت كۆشكێكی به‌وێنه‌ی ئه‌و كۆشكه‌ سپیه‌مان هه‌بێت.به‌گشتی جیاوازی خۆئاماده‌كردنی لایه‌نی كوردی له‌گه‌ل زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی تر ئه‌وه‌یه‌، كورد ده‌یه‌وێت ده‌ستووری ولات رێزی لێبگیرێتء دیموكراسی حوكم بكات، زۆربه‌ی ئه‌وانی تریش به‌پێچه‌وانه‌ به‌لێنی گۆرینی ده‌ستوور له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ده‌نگده‌رانیان به‌خه‌ڵك ده‌ده‌ن!! جیاوازی ئه‌و دوو فكره‌یه‌ش له‌وه‌دایه‌ لایه‌نی یه‌كه‌م هه‌ر مافێك كه‌بۆ خۆی ده‌بینێت بۆ ئه‌وانی دیكه‌ش به‌ره‌وای ده‌زانێتء لایه‌نی دووهه‌میش هه‌ر چی بۆ خۆی به‌ڕه‌وای ده‌بینێت بۆ به‌رامبه‌ری بۆ زۆر ده‌زانێت! لایه‌نی كوردی له‌هه‌ڵوێسته‌كانی له‌دیموكراتترین ولاتی جیهانء له‌گه‌ڵ چه‌قبه‌ستووترین فكره‌كانیشدا پێداگره‌ له‌سه‌ر دیموكراسیء گه‌رانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور، به‌لام لایه‌نی دووهه‌م له‌هه‌موو ده‌رفه‌تێك بۆ سه‌پاندنی ناوه‌ندێتیء گه‌راندنه‌وه‌ی به‌عسیه‌تیء دووره‌په‌رێزگرتنی ئه‌وانیتر كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت.

Shafaq Live
Shafaq Live