کورد لە پێشینەی سیاسەتی کورد نییە
کێشە و گێژوای سەرەکی و قوڵ ئەوەیە، کە پرسی کورد بۆ کورد خۆی لە رۆژەڤی خەم و بڕیارە سەرەکیەکان چووەتەدەرێ و ناکۆکیییە سیاسییە ناوخۆییەکان و خۆخەریککردن لە پێناو پەراوێزخستن و لاوازکردن و شکاندنی یەکتر، لە پێشینەی ستراتیژ و ئامانجە هەرەگرنگەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانە. ئەوەش لە بارودۆخێکدایە کە بە پێچەوانەوە هێزە عێراقییەکان، بەهەموو لایەنە سیاسی و ئایینی و پەڕگیرە ناوەندگەراکانیانەوە، لەقاودانی کورد و هەرێمەکەی و بەرتەسککردنەوە و لێستاندنەوەی دەستکەوتە یاسایی و شانازییە مێژووییەکانی، بووەتە یەکێک لە ئامانجە هەرەگرینگ و ئەرکە هەرە لە پێشینەکانیان، کە تەواوی کات و وزە و پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکیی و کارتە گوشارە ستراتیژییەکانیان لە پێناودا تەرخان کردووە.
وەک دیارە ئێستا هەرێم وەکوو کیان و قەوارە و تەواویەتی جوگرافی و مرۆڤی، لە پێشینەی ئامانجە بنچینەییەکانی هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد نییە، لەبەرابەر ئەوەی، کە لێدان و لاوازکردن و سنوردارکردنی دەسەڵات و مافەکانی، ئەگەر لەشیانیاندابێت، تا ڕادەی لەناوبردنیشی، لە رۆژەڤی گرنگایەتی و لە پێشینەی ئامانجی هێزە سیاسییەکانی عەرەبی عێراقییە.
لە حالی حازر تێکڕای شەقام و ڕای گشتی عەرەبی عێراق دژی کورد خستراوەتە حاڵەتی ئامامادەباشی و لە هەستیاری و هەڵچونێکی لە رادەبەدەردا راگیراوە. گەلی عەرەبی عێراق هەم وەکوو دەوڵەت، هەم وەکوو رەگەز و نەتەوە، بەتەواوی بەرەنگاری ئەزموونی کورد لە باشوری کوردستان بووەتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە هەموو توانا و ئێمکاناتی دەوڵەتبوونی خۆی، مینا هێزی ئابوری و سەروەری نێودەوڵەتی و رێزبەندییە ئایینی و سیاسی و جوگرافییە هەڕێمییەکان و تەنانەت دیپلۆماسی نێودەوڵەتیش کەڵکی وەرگرتووە. لێ لەو بەرەیەدا کورد زۆر کەمتەرخەمە لەوەی کە دەبوو وەکوو پێویست لەسەر هەمان شێواز و فۆڕم و تاکتیک، وەکوو گەل و نەتەوە بە تێکڕایی، لە چوارچێوەی حکومەت، یان بەلایکەم هێزێکی یەکگرتوو و (( هیچ نەبێ بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغ و سەردەمە تەبا)) رووبەڕووی ئەو مەترسییە مەزن و روخێنەرە گشتییە ببانەوە، نە وەکوو بال و حزب و لایەن و هێزی پەرش و بڵاو و دژیەک.
هیچ هیز و لایەنێکی کوردی نە لەبواری دارایی نەسیاسی و نەجەماوەری، توانای ئەوەی نییە وەکوو لایەنێک بەتەنیا و بەبێ گەل و یەکگرتنێکی بناغەیی هەموو لایەنە کوردستنانییەکان، ئەم پەلاماردان و هێرشە ناڕەوا و زەبەلاحەی دەوڵەتی عێراق، کە لەدەرەوەی سنورەکانیش بەشێوەی گەردەلولێک وزەی پێدەبەخشرێ و پشتیوانی دەکرێ بەربەستبکات. سەرباری ئەوەی کە لەبەرەی ناوخۆیدا، ئەوەندەی گشت لایەنەکان، چاوی گومانیان بە بەردەوامی لەسەر دەستی نەیاری نێوماڵی خۆی کورد هەیە و ئەوەندەی کێشمەکێشە ناوخۆییەکان کاتبەر و جێی مشورخواردن و خەمی گەوەرەی هێزەسیاسییەکانی کوردستانن و پشکی شێر لە هێز و پتانسێلیان لێ بە فیڕۆ دەدات، نیو ئەوەندە هێز و کاتی پالانداڕێژیان بۆ هەمبەرڕاوەستانی دەوڵەتی ناوەندی عێراق بۆ نامێنێتەوە و هیچ یەک لە هێزە کوردییەکان لە پشتەوەی مەتەرێز و ناوماڵی خۆی دڵنیا نییە و دۆست و دوژمن لەیەک ناناسێتەوە.