هیچ دەسەڵاتێک رۆڵەی تاقانەی کۆمەڵگە نییە
بەدر ئیسماعیل شێرۆکی/ ژمارەیەکی زۆری دەستەبژێران لە کوردستان، چ سیاسی بێت یان ئاکادیمی، نوسەر بێت یان شرۆڤەکار، بەشێکی زۆر لە دەم و کات و هزر و وزە و لێهاتوویی خۆیان بە لێکدانەوە و شرۆڤەی بابەتەکانی گەرمی رۆژ، کە سەرەکیترینی زانستی سیاسەتە دەبەنە سەر . سیاسەت چ وەکوو زانست، چ وەکوو کەرەستەی حوکمڕانی و چ وەکوو کەرەستەی تێهەڵچوونەوەی دەسەڵات لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتەکانەوە، زانستی سناریۆ سازی و سناریۆ نووسین و ناسک خیاڵیی لە رادەبەدریشە .
نووسین و داڕشتن و بنیاتنانی سناریۆی فرەڕەنگ و جۆراوجۆر و لێکۆڵینەوەی بەردەوامی گۆڕانکاری و بەیەکداهاتنەکان، چاودێریکردن و بەدواداچوون، بۆ هاوکێشە و قەیران و بابەت و رەهەندە فرەچەشنەکان، کە لێکەوتە و پەرەسەندنە ئەرێنی و ریسک ئامێزەکان دەخەنە ژێڕ کۆنترۆلی زانین و هزری خۆیان، لە پێویستیەکانی هەمیشەیی و رۆژانەی زانستی سیاسەت و لێکۆڵینەوەی سیاسین .
بەشێک لە سناریۆنووسەکان هەموو هەڵ و زانینیان دەخەنە گەڕ، کە تاکەکانی ناو کۆمەڵگە بەرەو دوورکەوتنەوە و نەبانبوون لە بڕیار و بابەتە چارەنوسسازەکانی کۆمەڵگە ببەن و زۆرینەی دانیشتوان بگەیێننە ئەنجامێک، کە بۆ هەموو دەستکەوتەکانی وڵات، لە مافی گشتیی مرۆڤەوە بگرە، تا بنەماکانی هاوڵاتی بوون، تادەگاتە بەها فەرهەنگی و مێژووییەکان، سەرهەڵتەکێنن و ناڕەزایی و نەدیتن و (( نە )) یەکی مەزن و تاڵ و رەدکەرەوە دەرببڕن . بێگوومان ئەو بەشە لە شڕۆڤەکاران بەشێکن لە رەوتێک کە ناوی ئۆپۆزسیۆنە. لەلایدیکە و لەوبەرەی هێڵە لەیەکدابڕەکەدا، ئەو بەشەی دیکەی سناریۆنووسەکان، کۆمەڵگە دەکەنە (مەدینە فازلە) ی ئەفلاتۆن و بە بەهەشتێک دەیشوبهێنن، کە روباری شیر و هەنگوێنی پێدا دەڕوا. لەگەڵ ئەوەی کە لە لەوڵاتی ئێمەدا، لە لایەن دەستەبژێرانەوە لەسەر هیچیەک لە چەمک و تەوەر و لایەنەکانی ژیان و سیاسەت هاوڕایی و هاودەنگی و هاوستراتیژییەک لە ئارادا نیە، هەرگیز ناتوانرێ پەیوەندییەکی تەندروست و ئاسایی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەدی بهێنرێ، بەوەش بەتەواوی دەرفەتەکان دەسوتێنرێن و لەکیس دەچن، چونکو هوشیاری سیاسی و پێگەیشتوویی شارستانی و رۆشەنبیری کۆمەڵایەتی لەئەنجامی مڵمڵانە و گەشەسەندنی دیالۆگێکی تەندروست و نەتەوەیی نێوان هەردوو بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دێتە بەرهەم و، دواجار کار لە یەک فامی و یەک پەروەردەیی و ئاراستەی سیاسی تاکەکانی کۆمەڵگە دەکا و رۆڵی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەیەک جیا دەکاتەوە و، هەریەکەیان لە شوێن و قاڵبی خۆیدا دەخاتە ژێرباری بەرپرسیاریەتی تایبەت بە خۆی .
لە نێوان گەلانی جیهان و لەجیهانی سیاسەتدا، سناریۆ و بڕیارە سیاسییەکان بەشێوەیەکی یەکلاکەرەو رەها، لە لایەن دەزگاو ئیدارە و پیاوانی دەسەڵات نانووسرێن و داناڕێژرێن و راناگەیێنرێن، بەڵکوو لە پرۆسەی بنیاتنانی کەیس و بەرنامە و رەوتە سیاسیەکاندا پرۆسەیەک حوکم دەکات، کە کۆمەڵێکی زۆر لە لە دەزگا و کەسایەتی رۆشەنبیر و ئاکادیمی و چاودێری سیاسی و بازرگان و نووسەر و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ... تێیدا هاوبەش و دەستبەکارن . ئەوەی جیهان دەستەواژەی رای گشتی و شەقامی بۆ بەکار دەهێنێ، کۆی هێز و هزر و سەرمایە و چینەکانی مرۆڤیی کۆمەڵگەیەک لەخۆ دەگرێت، کە دەشێ هەم رێگا بۆ دەسەڵات و بڕیارە سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی و پەروەردەییەکانی روناک بکاتەوە و رێ نیشاندەری بێت، هەمیش رێگا لە گشت بڕیارەکانی ئاستەنگ و بەرزەفت بکات. ئەوەیان لەسەر تیژبینی و هزرمەندی و شارەزایی پسپۆر و راوێژکارانی نزیک لە هەرەمی دەسەڵات دەمێنێتەوە، کە تاچەند دەتوانن دەرفەتەکان لە نێوان جۆراوجۆریی بۆچوون و خواست و رێکارە رەخساو، یان ریسک ئامێزەکانی بیروڕای گشتیی جڤاک بدۆزنەوە و بیانکەنە پرۆژە و بەرهەم و بەرنامەی سیاسەتێک، کە یەکەم بەقازانجی دەسەڵات خۆی و دواجاریش بە قازانجی گشتیی کۆمەڵگە بشکێتەوە.
لە نێوان ئەو ژمارە زۆرە بیروڕا و روانگە و داواکاریە بەربڵاو و هەندێکجاریش دژیەکەکاندا، دەیان چاوەڕوانی چینەکان هەیە، کە لەیەک کاتدا دەشێ پێیەکیان لە پشت هێڵی لایەنگیریی دەسەڵات و پێی دیکەیان لەیەک ساتدا بخزێتە پاش هێڵی لایەنگیریی ئۆپۆزسیۆن، بۆیەشە زۆر پێویستە دەسەڵات لە هەموو حاڵەتێکدا وەکوو لایەنگر و هاوپەیمانی هەمیشەیی و ئەبەدیی کۆمەڵگە مرۆڤیەکە بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو کۆمەڵگەیە لە هەناوی خۆیدا ئۆپۆزسیۆنێکی دەمارگیری دەسەڵاتیش پەروەردە و گەورە بکات. چونکە پەیوەندی و وابەستەیی دەسەڵات و کۆمەڵگە، وەکوو پەیوەندی و وابەستەیی دایک و رۆڵەکانی وایە، دەبێ دەسەڵات هەمیشە ئەوەی لەیاد بێت، کە یەکێک لە رۆڵەکانی دیکەی دایکە کۆمەڵگە، ناوی ئۆپۆزسیۆنە و دەسەڵات رۆڵەی تاقانە نیە. بۆیە لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا دەبێ ماراتۆنێکی هەمیشەیی و بەردەوامی خۆشیرینکردن لە ئارادا بێت. ئەوە جێی بایەخە کە ئێمە لەسەدەی بیست و یەک دا دەژین و یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەو سەدەیە ئەوەیە، کە دایکە کۆمەڵگەکان بۆ هیچیەکێک لە رۆڵەکانی وەفای رەهایان نیە. دایکە کۆمەڵگەکانی سەدەی بیست و یەک چاویان لەوەیە، کێ لە رۆڵەکانی بەرژەوەندی ئەو باشتر دەپارێزێ و قازانجی زیادتری پێدەگەیێنێ. چونکو لە سەردەمی جیهانگیریدا دایکە کۆمەڵگەکان، پێچەوانەی دایکە مرۆڤەکان، هیچ هەست و سۆزێک سروشتی و خوایی و هەمیشەییان بۆ رۆڵەکانیان نیە .