هۆکارەکانی دووبارە چالاکبوونی داعش و ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی تێرۆر لە عیراق

هۆکارەکانی دووبارە چالاکبوونی داعش و ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی تێرۆر لە عیراق
2021-12-23T18:26:43+00:00

دەسپێك:

لە جیهاندا جاڕدانی خیلافەت لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) لە ڕووی سیاسی و میدیایی و کۆمەڵایەتی مایەی سەرسوڕمان بوو.

ئەم ڕێکخراوە توانی بە نزیکەی ١٠٠٠٠ چەکدار شاری موسڵ و چەندین ناوچەی تری فراوان لە عیراق و سوریا کۆنترۆڵ بکات.

داعش خۆی وەکو میلیشیایەکی تیرۆریستی بێ ویژدان و خاوند ئایدیۆلۆژیا پێشکەش کرد و لە ڕێگەی بەکارهێنانی ستراتیژێکی توندوتیژ ی جیهانی مەبەستی بوو خواستی فراوانخوازی لەسەر ئاستی هەرێمی جێ بەجێ بکات و ببێت بە مایەی هەڕەشە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

گروپ و تاقمە توندڕەوەکانی جیهان زوو پابەندبوونی خۆیان بە خیلافەتی داعش ڕاگەیاند و مەبەستیان بوو بەزووترین کات بەشداری ئەو "نموونە جیهادیە سەرکەوتووە" بکەن و تا پێیان بکرێت پێکەوە توڕێکی بەهێزی ئیسلامی ڕادیکال دابمەزرێنن، مەترسیەکانی بۆ ئایندە لە ڕادەبەدەر بێت.

ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیە توانی دەستەواژەکانی وەکو ئیسلامیزم، سەلەفیزم، وەهابیزم و جیهادیزم لە خۆیدا کۆبکاتەوە و ڕێگربێت لەوەی ئەو دەستەواژانە وەکو هاوواتایەك بۆ کاری ئیسلامی سیاسی بەکاربهێنرێن.

توێژینەوەیەکی پەیمانگەی برۆکینگز هەیە، کە لە نێوان مانگی ئەیلول و تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ ئەنجامدراوە، دئاشکرای دەکات، لایەندارانی داعش نزیکەی ٤٦٠٠٠ کۆنتۆیان لەسەر تویتەر هەبووە و، هەر کۆنتۆیەك کەمتر لە ١٠٠٠ هاوەڵی (فۆلۆوەر) نەبووە.

سەرکەوتنی کەمپەینی ڕێکخراوەی دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەگەڕێنرێتەوە بۆ ژمارەیەكی کەم و بچووك لە بەکاربەران، کە لە ڕادەبەدەر چالاکبوون و هەر یەك لەو بەکاربەرانە بەتەنها ٥٠٠ تا ٢٠٠٠ کۆنتۆیان بەڕێوەبردووە.

ئایا پەیڕەوکردنی سیاسەتی هەڵە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش بوو لە عیراق؟

ئەوەی ئاشکرایە تیرۆر لەگەڵ داگیرکردنی عیراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ دزەی کرد بۆ ناو خاکی عیراق، پاش ئەوەی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتی عیراق و سوپای سەربازی ئەو وڵاتە هەڵوەشێنرایەوەو بۆ دووبارە پێکهێنانی ئەو ولاتە پشت بە سیاسەتی زۆرینەی تایفی بەسترا، لە بری زۆرینەی نیشتمانی، ئەمەش بە شێوەیەك کاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر داڕشتنی شوناسی دەوڵەتێکی نیشتمانی و درووستبوونی پێکهاتەی دامەزراوەیی و پیشەیی.

بابەتی بونیادنانی دەوڵەت زۆر لەسەرخۆ بەڕێوەدەچوو. بەمەبەستی جێ بەجێکردنی یاسای بنەبڕکردنی بەعس، چینی مامناوەند، کە ئەزموونداربوو لە کاری ئیدارە و حکومەت، پەراوێزخرا. دوورخستنەوەی ئەو سەرکردە سەربازی و ئەمنییانەی، کە لە بواری خۆیاندا خاوەند ئەزموون بوون و پیشەییانە کاریان دەکرد، دەرفەتی بۆ کروپ و تاقمی میلیشیای چەکدار ڕەخساند، بڵاوببنەوە و توندوتیژیەکی بێ وێنە بەرامبەر بە ژێرخانی کۆمەڵگەیی بنوێنن و سەرجەم ئەو دیاردە نیشتمانیانەی، کە دەوڵەتی مەدەنی لە ساڵی ١٩٢١وە لە عیراق لەسەری بنەماکرابوو، پێشێل بکەن.

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنی سیستەمی نوێی سیاسی لە عیراق، کە لە لایەن زۆرینەی ئیسلامی شیعە بەڕێوەی دەچێت، دامەزراوە ئەمنیە جیاجیاکان نەیانتوانی دۆسیەی تیرۆر یەکلابکەنەوە.

چونکە حکومەتە یەك لە دوای یەکەکان سیستەمی تایفەگەرییان کردبوو بە ڕێبازێك بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات، شێوازی حوکمڕانیان کاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر یەكڕیزی لە عیراق و دواجار بوو بە مایەی درووستبوونی جەنگی تایفەگەری، کە لە ساڵی ٢٠٠٦ گەیشتبووە لووتکە.

ئینجا لە ساڵی ٢٠٠٤ ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان دەستیان بە چالاکی کرد، هاوکات میلیشیای شیعەی هاوردە و خۆجێی سەریان هەڵدا، بۆ نموونە میلیشیای "بدر" و "سوپای مەهدی" و باڵی تری سەربازی سەر بە حزبە شیعەکان.

عیراق لەناو ئەو پەرەسەندنانە نەیتوانی سیستەمێکی ئاسایشی نەتەوەیی نیشتمانی و بەهێز دابمەزرێنێ، تا لە ڕێگەیەوە هەڕەشە ستراتیژەکان بۆ سەر ژینگەی ستراتیژ لە عیراق دەستنیشان بکات و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.

سەرەڕای ئەوەش هیچ ئامانجێکی سیاسی، یان دیدێکی ئاسایشی یەکگرتوو بوونی نەبوو، ئەمەش دەرفەتی بۆ سەرهەڵدانی "ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە عیراق" ڕەخساند ، کە لەلایەن ئەبو موسعب زەرقاوی سەرکردایەتی دەکرا، زەرقاوی لە ساڵی ٢٠٠٦ بە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا لە نزیك شاری بەعقوبە، لە باکوری پارێزگای دیالە، کوژرا.

ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیە لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی تەژی توندوتیژی دژ بەو کەسانەی، کە قبوڵیان نەبوو و ڕەتیان دەکردەوە، توانی لە ناوچەی سوننەکان بوونی خۆی بسەپێنێت و بە کوشتن و تۆقاندنی دانیشتوان و نوخبەی مەدەنی و سەربازی لەو ناوچانە زیاتر دەسەڵاتی فراوان بکات و ئەستەم بوو بۆ هێزە ئەمریکی و عیراقیەکان ڕایانگرن و لەناویان ببەن.

دیارە ئەو گروپە تیرۆریستیانە بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی پاشاگەردانی و پشێوی لە سەرجەم عیراق لە سەر ئاستی هەرێمی هاوکاری دەکران.

خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە لایەن حکومەتکەکانی پێشوو و پەیڕەوکردنی سیاسەتی تایفەگەری هۆکاری سەرەکی بوو بۆ بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و درووستبوونی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان. فەزای شەڕی تایفەگەری گەرم بوو و تەقینەوەکان زیادیان کرد و ئازادییەکان پێشێل کران و گەندەڵی بڵاوبۆوە و دواجار بە فێڕودانی بودجەی ئەو وڵاتە سیستەمێکی دارایی و کارگێڕی گەندەڵی لەگەڵ خۆی هێنا.

سەرەڕای دامەزراندنی ئەنجومەنی سەحوەی هۆزە سوننیەکان لە ساڵی ٢٠٠٦، کە ژمارەی چەکدارەکانی گەیشتە نزیکەی ٨٠ هەزار، و هاوکاربوو لە دەرکردنی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە ناوجەکانی ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە و موسڵ و تا ڕادەیەك لە ڕووی ئاسایشی توانی سەقامگیری دەستەبەر بکات، بەڵام سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتەکانی پاش ٢٠٠٣ لە عیراق ڕۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی بوونی سەحوەکان و هاوکار بووە لە دووبارە گەڕانەوەی تیرۆر بۆ ئەو ناوچانە.

حکومەتی عیراق پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق لە ساڵی ٢٠١١ بێ هۆکار دەستی کرد بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی سەحوەکان، ئەمەش بووە مایەی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عیراق و داگیرکردنی ناوچەیەکی فراوان لەو چوار پارێزگایەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێ دا.

گەڕانەوەی داعش و ستراتیژی عیراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی:

لەگەڵ ئەوەی حکومەتی عیراق ساڵی ٢٠١٧ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە داعش داگیرکربوو جاڕدا، ئەم ڕێکخراوەیە خێرا گەڕایەوە سەر گۆڕەپان، بەڵام ئەم جارە بە ستراتیژێکی جیاواز.

لە ئێستادا داعش بۆ جێ بەجێکردنی کردەوە تیرۆریستیەکانی جارێکی تر شانە نووستوو و سڕبکراوەکانی و کروپەکانی، کە لە سنووری سوریاوە دزەدەکەنە ناوەوەی عیراق، بەکاردەهێنێت.

داعش بۆ ئەم قۆناغەی شەڕی گریللایی ئەنجام دەدات، وەکوو چۆن پێشووتر ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە عیراق ئەو جۆرە تەکتیکەی بەکاردەهێنا.

داعش لە سنووری خاڵە سەربازیەکانی نێوان هێزەکانی عیراق و هێزی پێشمەرگە، کە لە ئێستادا بە هۆی کشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پاش ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆشایی ئەمنیان هەیە، دزە دەکات، هەرەوەها لەو ناوچانەوە کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، کە لە ژێر بەرپرسیارێتی هاوبەشی حەشدی شەعبی و هێزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدڕالن.

دیارە داعش توانیوە پاش شکستهێنانی لە ساڵی ٢٠١٧ سەرچاوەی مرۆیی و دارایی خۆی بپارێزێت و بە شاراوەیی بیانهێڵێتەوە، تاوەکو سەر لە نوێ بەو شێوەیەی ئێستا بەکاریان بهێنێتەوە.

دەزگای دژە تیرۆری عیراق لە ٣١ی تەمووزی ٢٠٢١ کوشتنی "أبو سعد السمين"، سەرکردەیەکی ڕێکخراوی داعشی لە ئۆپەراسیۆنێ لە ڕۆژهەڵاتی عیراق ڕاگەیاند، پێشووتر زیاتر لە ٢٠ کەسانی سەر بە داعشیان لە بەغدا و ئەنبار و دیالە و سەڵاحەدین تا دەگاتە سلێمانی دەستگیرکردبوو، تیایدا کەسانی سەرکردە هەبووە.

بە پێی شانەی میدیایی ئاسایشیی لە عیراق لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢١ ئاژانسی هەواڵگریی عیراق دوو سەرکردەی داعشی کوشت و کەسێکی تری لە باکوری ڕۆژهەڵاتی دیالە دەستگیر کرد.

لەم ساڵدا هێرشەکانی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای کەركوك و ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زیادیان کرد.

ئەگەر لە هۆکارەکانی پەیوەست بە دووبارە زیادکردنی چالاکیەکانی داعش بکۆڵینەوە، بە تایبەتی لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە و لە ڕووی ستراتیژ گرینگن، دەبینین چالاکیەکانیان لە ناوچەیەکی جوگرافی چڕپۆتەوە، کە بە دەماری گواستنەوەی ستراتیژی گرێدانی ڕۆژهەڵاتی عیراقبە ڕۆژئاوای عیراق هەژمار دەکرێت.

پێویستە زیاتر کاربکرێت بۆ نەهێشتنی ئایدیۆلۆژیای داعش، چونکە ناکرێت لە داڕشتنی ستراتیژی لەناوبردنی داعش و سەندنەوەی شەرعیەتی ئایدۆلۆژیای جیهادی لەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە تەنها فۆکۆس بکرێتە سەر ناوچەیەکی دیاریکراو.

پێویستە ئەوەش بزانرێت، سەرهەڵدانی گروپی ئیسلامی ڕادیکاڵ دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی ئابوری و جیاوازی کۆمەڵایەتی و کەندەڵی نوخبەی دەسەڵاتدار.

ئیدارەی بایدن، ئەگەر چی بە نیازە لە کۆتایی ئەم ساڵدا هێزە شەڕکەرەکانی لە عیراق بکشێنێتەوە ، بەڵام ئەو وەکو سەرکردەیەکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پابەندبوونی وڵاتەکەی بەرامبەر بە عیراق دەربڕیوە، کە بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و نەهێشتنی گروپی تیرۆریستی داعش. هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش کردۆتەوە، کەوا هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پێدانی ڕاوێژی پێویست و مەشق و ڕاهێنان پێشکەش بە سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە دەکات.

ئەمە قۆناغێکی نوێیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. ئەم قۆناغە پێویستی بە پەرەپێدانی کارەکان و تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عیراق و هێزی پێشمەرگە هەیە، ئەو کارە لە ڕێگەی پێدانی مەشق و ئامادەکردنیان دەکرێت بۆ کارکردن لەژێر هەر بارودۆخێکی سەخت، تا بتوانرێت خێرا وەڵامی کردەوەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بدرێتەوە، هەروەها پێویستە تواناکانی هێزی سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە لە ڕووی لە رووی لۆجستی و زانیاری هەواڵگری و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی پاڵپشتی ئاسمانی پشتیوانی بکرێت، بەو شێوەیە ڕێگری دەکرێت لەوەی داعش بتوانێت مۆڵگەیەکی ئارام دەستەبەر بکات و ناوچە و شارۆچکەکان لە عیراق داگیر بکات.

لە کۆتاییدا:

ئەگەر چی داعش لە ڕابووردوو لە ڕووی هێز و دەسەڵات پاشەکشەی کردووە، بەڵام هێرشەکانی هەر بەردەوام دەبێت، چوڵەکانی داعش، کە بە تەکتیكێکی نوێ مەبەستیە کارتەکان تێکەڵ بکات و سوودی لەو قەیرانە سیاسیەی ئێستای پاش هەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ و دەرئەنجامەکانی وەرگرتووە، زیانی گیانی گەیاندووە بە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق.

هەرێمی كوردستان بە پاڵبشتی کردنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەو هێز و گروپانە دەبێتەوە، کە بە ئاشکرا لایەنداری هێزێکی هەرێمی دەکەن، کە هەژموونی هەیە بەسەر عیراق، بۆیە پێویستە لەسەر هەرێم هێزی پێشمەرگە زیاتر ئامادە بکات لە ڕووی مەشق و ڕاهێنان و دابینکردنی کەرەستەی بەرگریکردن، چونکە کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆکاری زیادکردنی هێرشەکانی داعش، لە لایەکی ترەوە ئەگەری ئەوەش هەیە میلیشیا چەکدارەکان کشانەوەی هێزی ئەمریکا بە دەرفەت بقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر فرۆکرخانەی هەولێر و بنکەی سەربازی حەریر.

ئێمە پێمان وایە پێویستە دۆسیەی مانەوەی ئەمریکا لە عیراق بە ڕێکەوتنی سیاسی چارەسەر بکرێت، تاوەکو لێکەوتەی نەرێنی زیاتر لەگەڵ خۆی نەهێنێت.

دکتۆر سامان سۆرانی

پسپۆڕی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و دیبلۆماسیەت
Shafaq Live
Shafaq Live