مالاپۆرشنمێنت له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراقدا
ده‌نگده‌رانی بازنه‌كان، گرنگترین ئه‌و مه‌سه‌له و گرفتانه‌ن كه دێنه ڕێی یاسا و سیسته‌مه‌كانی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردن، یاسادانه‌ران و سیاسه‌تمه‌دارانی وڵات به‌گرنگترین لایه‌نی تایبه‌ت به‌یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌هێزترین فاكته‌ری كاریگه‌ر له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی ده‌زانن، چونكه ڕاسته‌وخۆ كار ده‌كاته سه‌ر قه‌باره و ڕێژه‌ی ده‌نگی لایه‌نه ڕكابه‌ره‌كان، له‌ویشه‌وه بۆ سه‌ر ژماره‌ی كورسیه‌كان و سه‌نگ و قورسایی سیاسی هێزه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی.
له یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقدا، سنووری بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی كارگێڕی ده‌ستنیشانكراوه، هه‌ر پارێزگایه‌ك به سنووره كارگێڕییهكهیهوه بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنه، ده‌ستكاریكردنی سنووری بازنه‌كان ده‌ستكاریكردنی سنووری كارگێڕی پارێزگاكانه، ئه‌م كاره‌ش له پاش ڕووخانی ڕژێمی پێشووه‌وه نه‌كراوه.
مالاپۆرشنمێنت چییه؟دیارده‌ی مالاپۆرشنمێنت (Malapportionment) واته (نادادپه‌روه‌ری له‌ده‌ستنیشانكردنی ژماره‌ی كورسییه‌كانی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن، له ڕێگه‌ی یاریكردن به‌ژماره‌ی ده‌نگده‌ران، یان دانیشتوانی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن، به‌مه‌به‌ستی لایه‌نگیری بۆ پارتێك یان لایه‌نێكی ده‌سه‌ڵاتدار) له‌و وڵاتانه‌ی كه حكومه‌ت سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردن ده‌كات، یان پارتی زۆرینه، ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستنیشانكردنی ژماره‌ی كورسییه‌كانی هه‌یه، دادپه‌روه‌رییه‌كی ته‌واو په‌یڕه‌و ناكه‌ن له دابه‌شكردنی كورسییه‌كاندا، بۆ نموونه له چه‌ندین خولی هه‌ڵبژاردنی وڵاتانی كوه‌یت، میسر و ئه‌رده‌ن، ئه‌م حاڵه‌ته ڕوویداوه. له هه‌ڵبژاردنی پێشووی په‌رله‌مان، له 15/12/2005 و له‌م هه‌ڵبژاردنه چاوه‌ڕوانكراوه‌ی حه‌وتی ئازاریشدا، ئه‌م دیارده‌یه به‌زه‌قی و به‌ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌ت له‌به‌رئه‌وه‌ی عیراق ئه‌زموون و پێشینه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له بواری هه‌ڵبژاردندا نه‌بووه، داتاكانی تایبه‌ت به ژماره‌ی دانیشتوان و تۆماری ده‌نگده‌رانیش زۆرترین هه‌ڵه و كه‌موكوڕی تێدایه و ڕێگه‌خۆشده‌كات بۆ ئه‌و ده‌ستكاریكردنه ناڕه‌وایانه. هه‌ر بۆ نموونه له هه‌ڵبژاردنی پێشوودا (15/12/2005) ژماره‌ی ده‌نگده‌ران له پارێزگای دهۆك 94,6%ی كۆی دانیشتوانی پارێزگاكه بوو، واته ته‌نها ڕێژه‌ی 5,4%ی دانیشتوان له خوار ته‌مه‌نی ده‌نگدانه‌وه بوون، له‌كاتێكدا له‌كۆی دانیشتوانی عیراق ته‌نها ڕێژه‌ی (55,4%)ی دانیشتوان له ته‌مه‌نی ده‌نگداندا بوون. به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌وشی دیمۆگرافی و پێكهاته‌ی ته‌مه‌نی دانیشتوان و بنه‌ما زانستییه‌كانی ئه‌م بواره، هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی زانستی بۆ ئه‌م دیارده‌یه نادۆزرێته‌وه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه ده‌ستكاریكردن و یاریكردنێك هه‌بووه به‌ژماره‌ی دانیشتوان و ده‌نگده‌ران، به‌مه‌ش ژماره‌ی كورسییه‌كانی دهۆك له پێنج كورسییه‌وه زیادكراوه بۆ حه‌وت كورسی.په‌رله‌مان 325 كورسی نییه!دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی په‌رله‌مان، كێشه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌ی لێكهوتهوه، هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی عیراق ده‌یویست زۆرترین كورسی بۆ ناوچه‌كه‌ی خۆی، یان ڕاستتر بڵێین بۆ پێكهاته‌كه‌ی خۆی مسۆگه‌ر بكات. هه‌موو پێشبینییه دیمۆگرافیه زانستییه‌كان و خوێندنه‌وه واقیعییهكانی زۆربوونی دانیشتوانی عیراق ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه له باشترین حاڵه‌تدا ژماره‌ی دانیشتوانی عیراق له 30 ملیۆن كه‌س زیاتر نییه، نووسینگه‌ی دانیشتوانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و سایتی سی ئای ئه‌ی ئه‌مریكی ئه‌م ڕاستییه‌یان سه‌لماندووه، كه دوو ناوه‌ندی گرنگن و ژماره‌كانیان جێی متمانه‌یه. ئه‌گه‌ر عیراق 32,5 ملیۆن كه‌س بێت، كه‌واته ڕێژه‌ی زیادبوونی ساڵانه‌ی دانیشتوان 4,1% بووه، له‌نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2010، به‌ڵام نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌م ڕێژه‌یه‌ی به (2,3%) خه‌مڵاندووه. پاشان ڕێژه‌ی زیادبوونی 4,1% له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا له هیچ وڵاتێكدا ڕووی نه‌داوه، وه‌ك چۆن (1+1=2) نابێت ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی دانیشتوانیش له 3,3% زیاتر بێت، كه‌چی له عیراقدا ئه‌و (1+1) یه‌كسانه به (3).وه‌زاره‌تی بازرگانی ژماره‌كه‌ی به‌رزكردووه‌ته‌وه بۆ 32,5 ملیۆن كه‌س، واته به زیادكردنی 2,5 ملیۆن كه‌س، كه ده‌كاته 25 كورسی په‌رله‌مان. كه‌واته ئه‌و ژماره‌یه‌ی ئێستای ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له ڕووی ده‌ستووری واقیعیه‌وه هه‌ڵه و ساخته‌ی تێدایه. سه‌یر له‌وه‌دایه تا دواساته‌كانی ئیقراركردنی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن له په‌رله‌ماندا ژماره‌كه 323 كورسی بوو، به‌ڵام له‌ماوه‌ی شه‌و و ڕۆژێكدا دوو كورسی بۆ زیادكرا.له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان ناڕێكیه‌كی ئاشكرا هه‌یه له دابه‌شكردنه‌كه‌دا، له‌كاتێكدا له هه‌ڵبژاردنی پێشوودا ڕێژه‌ی 15%ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان (100%) مسۆگه‌ر بوو بۆ كورد له‌هه‌ر سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێم، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ته‌نها 12% كورسییه‌كان مسۆگه‌ره بۆ كورد، ئه‌مه بۆخۆی پێش ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه ئه‌نجامبدرێت، فێڵ و ساخته‌یه‌كی گه‌وره‌یه به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕیوه و ڕێژه‌ی كورسییه‌كانی كوردی كه‌مكردووه‌ته‌وه.به‌پێی لێكدانه‌وه و بنه‌ما زانستییه‌كان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕاست و زانستی نییه ڕێژه‌ی دانیشتوانی ئه‌م سێ پارێزگایه، به‌راورد به‌پارێزگاكانی دیكه، به‌م شێوه سه‌رنجڕاكێشه كه‌مببێته‌وه، چونكه هه‌موو فاكته‌ره‌كانی گه‌شه‌كردن و زیادبوونی دانیشتوان له‌م سێ پارێزگایه‌دا باشتره وه‌ك له پارێزگاكانی دیكه، هه‌ر له باشیی بارودۆخی ئه‌منی و كه‌میی ته‌قینه‌وه‌كان تاده‌گاته باشی ئاستی بژێوی و زۆری ڕێژه‌ی هاوسه‌رگیری و زۆری منداڵبوون و پێشكه‌وتنی بارودۆخی ته‌ندروستی و..تاد.واته ئێستا كه كورسی پارێزگاگاكان 80 كورسی زیادیكردووه، ته‌نها 6 كورسی بۆ پارێزگاكانی هه‌رێمه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ی زیادبوونه‌كه به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شبكرایه، ئه‌وا 12 كورسی به‌رده‌كه‌وت له‌و 80 كورسییه. كه‌واته پێش ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت، كورد شه‌ش كورسی په‌رله‌مانی له‌ده‌ستداوه.ئه‌وه‌ی كه له زیادكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی داهاتووه‌وه ده‌خوێنرێته‌وه زیادكردنی سه‌رنجڕاكێشی ناوچه عه‌ره‌بیه‌كان به‌گشتی و عه‌ره‌بی سوننه به‌تایبه‌تی، كه له‌و زیادكردنه لانیكه‌م 24 كورسیان به‌رده‌كه‌وێت له پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، ئه‌نبار، سه‌لاحه‌دین و دیاله، كه ده‌كاته 30%ی كورسییه زیادكراوه‌كان، هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی 60% كورسیه زیادكراوه‌كان بۆ ناوچه‌كانی عه‌ره‌بی شیعه‌یه و ته‌نها 10%ی كورسییه‌كان بۆ كورد زیادكراوه، به‌و كورسیانهشهوه كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ناوچه‌كانی جێناكۆكی بیباته‌وه.به‌كوردیه‌كه‌ی له‌كاتێكدا له‌كۆی 275 كورسی لیستی هاوپه‌یمانی و یه‌كگرتوو 58 كورسیان هه‌بوو، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پاش زیادكردنی 50 كورسی، لیسته كوردییه‌كان له باشترین حاڵه‌تدا هه‌ر 58 كورسییه‌كه‌ی ساڵی 2005 ده‌به‌نه‌وه!ئه‌م كاره پیلانێكی ئاشكرایه بۆ سه‌رله‌نوێ هاتنه پێشه‌وه‌ی عه‌ره‌بی سوننه، بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی كورد بگرێته‌وه وه‌كو دووه‌م هێز له هاوكێشه سیاسییه‌كه‌ی عیراقدا.ئایه سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد له پاش هه‌ڵبژاردن چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پیلانه‌دا ده‌كات؟ له‌به‌كارهێنانی كه‌ناڵه دیپلۆماسییهكانیدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی له ده‌ستدانی كورسییه‌كانی؟ڕاسته زۆر ئه‌سته‌مه عیراق به‌زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی به‌ڕێوه‌ببرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانیی كورد چواره‌م هێز بێت، ده‌توانێت چۆن ڕێگه له مه‌رامه شۆڤێنیه‌كانی عه‌ره‌ب بگرێت؟ له‌كاتێكدا چه‌ندین كه‌یس به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا ماوه‌ته‌وه.پێش هه‌موو شتێك ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی ناوخۆیی و نیشتیمانیی كوردیمان پێویسته، له‌نێوان سێ هێزه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی كوردستاندا (كوردستانی، گۆڕان و یه‌كگرتوو) كه ده‌بێت هه‌ردوو سه‌رۆك (تاڵه‌بانی و بارزانی) دهسپێشخهربن تێیدا.
*خوێندكاری دكتۆرا له‌جوگرافیای هه‌ڵبژاردن