لە عێراق نەکەس دەمێنێ نەکەس دەڕوا
بهدر ئسماعیل شیرۆكی/ هەندێک لە چاودێران و لێکۆلەرانی بواری سیاسەت وای بۆ دەچن، کە حکومەتی بایدن لە هەوڵی گۆڕانکاری زۆر چڕ و خێرای پلان و سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی ناڤینی رابردووی دایە . ئەوان کشاندنەوەی دڕاماتیکیی تەواوی هێزەکانی سوپایی ئەمریکا لە ئەفغانستان، بە ئەنجامێکی حەتمی و گۆڕینی ناو و رۆڵی هێزەکانی لە عێراق، لە سەربازی شەڕکەرەوە بۆ راوێژکاری سەربازی، لە نیشانەکانی دیاری ئەو گۆڕانکاریە دەستووبردانە دادەنێن، کە کۆشکی سپی لە چوارچێوەی دایەڵۆگی ستراتیژی عێراق – ئەمریکا، لەگەڵ سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی لەسەری رێککەوتووەو بڕیاری لێداوە .
بەڵام لە دیمەنە گشتیەکەدا پێناچیت کۆی سیاسەت و ستراتیژیی ئەمریکا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێی ئەو وتەیەی سەرۆک جۆبایدن، بەڕەهایی سەرلەنوێ لێکدانەوە و داڕشتنی بۆ بکرێتەوە، کە ناوی شەڕە بێکۆتاییەکانی لێناوە. ئەوەش ناشی بەو مانایە بێت، کە ئەمریکا دەیەوێ لە ناوچەی شەڕە بێکۆتاییەکان بەیەکجاری دووربکەوێتەوە، یان مەودایەکی زۆر لە نێوان خۆ و ئەو ناوچەیە دروست بکات . شەڕە بێکۆتاییەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین بەبێهۆ و لەسەر هیچ نەهاتوونەتە ئاراوە، تاکوو لەسەر هیچ بەجێ بهێلرێ. بەڵکوو هەموو ئەو جەنگانە لە پێناوی مسۆگەرکردنی گەنجێکی مەزن بەڕێوە بردراون. جیۆپۆلەتیک، ئاو، نەوت، رێڕەو، بازاڕ. هەژمونی و.... زۆر لایەنی دیکەی پەیوەست بەبەرژەوەندی و هاوسەنگی هێز، کە دوارۆژی مڵمڵانەی نێوان هێزە جیهانیەکان، بە بردنەوە و دۆڕان لێرە دیاری دەکرێن .
وەک لە بەپراکتیک کردنی ئەو رێکار، یان شرۆڤەی ئەو پلانە سیاسیە نوێیە دەردەکەوێ، لە یەکەمین هەنگاو و لە نمونەی ئەفغانستاندا، سەرکەوتنێکی ئەرێنی وەهای وەدەست نەهێناوە، کە وەکوو مۆدیلێک بۆ وڵاتانی دیکە شایانی گواستنەوەو بەکارهێنان بێت، چونکە ئەو وڵاتەی بەشێوەیەک رووبەڕووی بۆشایی و قەیرانی ئاسایشی و لاوازی حکومەت و دەسەڵاتە شەرعیی و مەدەنیەکەی کردووەتەوە، کە زیادتر لە پرۆژەیەک دەچێ، کە بە قازانجی سەرهەڵدانەوە و بەهێزکردنەوەی تالیبان بۆ وەرگرتنی لەدەسەڵاتداری ئەو وڵاتە دارێژرابێ . وەک دیاریشە کاریگەریی ئەو پەرەسەندنە مەترسیدارانەی لە ئەفغانستان لە روودانی کوت وپڕ و خێرا دان، سنورەکان دەبەزێنن و هەرەسێکی سایکۆڵۆژی مەزنیش دەبن، بۆ هەموو ئەو حکومەت و دەزگا سەربازی و ئاسایشیانەی کە بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی لە ساڵانی رابردوو لە ناوچەکە، بە تایبەتی لە عێراق و سوریا مەشق و راهێنانیان پێکراوە و پشتگیری دەکرێن. رەنگدانەوەی هەموو ئەم هەواڵ و روداوانەش، زەمینە خۆش دەکەن بۆ نیگەرانی و دوودڵی و ترسێکی رەوا و پێشینەدار، لە نێوان دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کە لە رۆژانی رابردوودا، زۆر بە هەستیاریەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵ و گۆتەگۆتی مانەوە، یان نەمانەوەی ئەمریکیەکان لە عێراق دەکەن. چونکە لە بیرگەی گەلی کوردستانەوە عێراقی نوێش دوای هەژدەساڵ لە نەمانی دیکتاتۆری بەعس، هێشتا بۆنی کیمیای لێدێ، دەردی مەرگەساتی ئەنفال دەیلەرزێنێ و دەنگی ناپاڵم کاسی دەکا و رەنجی ستەمی دەرکردن و بەعەرەبکردن و داگیرکرانەوە، برینێکی پڕ ژان دەخاتە جەرگیەوە.
لە عێراق کێ دەڕوا و کێ دەمێنێتەوە .
بەپێی تێگەیشتن لە ناوەرۆک و مانای ناو بەندەکانی رێکەوتننامەی نێوان عێراق و ئەمریکا، لەمەڕ پاشەکشە پێکردن و چوونەدەرەوەی هێزە بیانیەکان لە عێراق، ئەمریکیەکان نەهەر لە عێراق دەمێننەوە، بەڵکوو مانەوەشیان لە کوردستان، بۆ ماوەیەکی نادیار بە ئاماژەدانێکی راشکاو، بە دەستەواژەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە گرەنتی کراوە، بەڵام ئەوەی روودەدا و نامێنێ سیمای سەربازی و جەنگی هێزەکانە. جڵوبەرگ دەگۆڕدرێ و چەکەکان بەبەردەوامی لەسەر شان نامێنن و دەخرێنە ژێر پاڵتۆکان، رەنگە لەوەبەدوا پێنوسەکان زیادتر بخرێنە بەرچاوانەوە. وەک تێبینی دەکرێ و ئەوەی لە دوابڕیاری ئەنجامی گفتوگۆکان هاتوەتە بەرهەم ئەوەیە کە:
یەکەم: هاوپەیمانی دژی داعش لەشوێنی خۆی و بە هێز و کەرەستە و چەکی جەنگیی خۆی لە عێراق دەمێنێتەوە .
دووەم: راوێژکارە سەربازیەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق دەمێننەوە .
سێیەم: لەسەر داوای هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو راهێنەرانە لە کوردستان دەمێننەوە، کە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکەن .
بە بارێکی دیکەداو بەپێی ئەزمونی ئەفغانستان، هیچ ئاماژەیەک لەئارادە نەیە، کە ئەمریکیەکان بڕیاری کشانەوەیان لە عێراق دابێت، چونکە هەر لەیەکەمین چرکەساتی درکاندنی بڕیاری کشانەوە لە ئەفغانستان کێبرکێی خێرایی لە نێوان هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەستی پێکرد و لە ماوەی تەنیا یەک حەفتەدا، هەموو ئەو وڵاتاتە رۆژئاواییانەی لە ئەفغانستان بوونیان هەبوو، سەربازەکانی خۆیان بەپەڵە بۆ وڵاتەکانیان گواستەوە، بەڵام لە عێراق راوێژکارێک، یان سەربازێکی هاوپەیمانی دژی داعش لە شوێنی خۆی نەجوڵاوەتەوە . دیارە لەوەشدا دڵنیاییەکی تەواو لەئارادایە .
رر