كه‌ناڵی‌ (سه‌دام) یان لوتكه‌ی‌ شۆڤێنیه‌ت

كه‌ناڵی‌ (سه‌دام) یان لوتكه‌ی‌ شۆڤێنیه‌ت
2009-12-03T11:45:22+00:00

(عه‌ره‌بی‌) له‌شوێنێكی‌ نادیار‌و خاوه‌ن‌و پشتیوانی‌ دارایی‌ نه‌چه‌سپاوه‌وه‌، ده‌ستی‌ به‌په‌خشی‌ ئه‌زموونی‌ كرد.

ئه‌گه‌رچی‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر كه‌ناڵێك كه‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ بێت، قورسه‌، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێك ڕوو هه‌یه‌ ده‌توانین سوودی‌ لێوه‌بگرین بۆ ئه‌وه‌ی‌ تاڕاده‌یه‌ك شیبكه‌ینه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی‌ هاوكاریمان ده‌كات خوێندنه‌وه‌ بۆ كه‌ناڵێكی‌ وه‌كو كه‌ناڵی‌ (سه‌دام) یان (عه‌ره‌بی‌) بكه‌ین، بوونی‌ مه‌یلێكی‌ به‌عسییانه‌یه‌ كه‌ ده‌توانین به‌ئاشكرا هه‌ستی‌ پێبكه‌ین.

ئه‌گه‌ر بوونی‌ هه‌ستێكی‌ به‌عسییانه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ئاشكرا خۆی‌ له‌سه‌ر شاشه‌ی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ پیشانده‌دات، ئه‌وا قورسه‌ بتوانین باس له‌و كه‌ناڵه‌ بكه‌ین، چونكه‌ وه‌كو ئاماژه‌ی‌ پێكرا، هێشتا كه‌ناڵه‌ وه‌كو پێویست نه‌ناسراوه‌، تا بتوانین ده‌ستی‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر.

بوونی‌ وێنه‌یه‌كی‌ سه‌دام‌و عومه‌ر موختار له‌سه‌ر شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ یه‌كه‌م ساتی‌ په‌خشكردنیه‌وه‌، مانای‌ ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ كه‌ناڵه‌ له‌پشتییه‌وه‌ ده‌ستێكی‌ به‌عسی‌ شۆڤێنی‌ توندڕه‌و بوونی‌ هه‌یه‌، كه‌ هه‌میشه‌ داوای‌ ( ئومه‌ عه‌ره‌بییه‌ واحیده‌- زاته‌ ریساله‌ خالیده‌) ده‌كات.

كردنه‌وه‌ی‌ كه‌ناڵێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌، هه‌ر مه‌به‌ستێكی‌ له‌پشته‌وه‌ بێت، ئه‌وا ئاماژه‌كانی‌ به‌عس‌و خه‌ونه‌ ناواقیعییه‌كانیان له‌هه‌ر شتێك زیاتر پێوه‌ی‌ دیاره‌.

به‌عس له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌وه‌ ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ هێشتا خاوه‌نی‌ هه‌مان بیرۆكه‌ی‌ (پان عه‌ره‌بیزم) ه‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ی‌ نه‌كه‌وێته‌ چێوه‌ی‌ بۆچوونه‌كانی‌ ئه‌وه‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت له‌ناو بچێت، چونكه‌ وه‌كو ئه‌و بیر ناكاته‌وه‌‌و هه‌مان خه‌ونی‌ نییه‌.

ئه‌و پارته‌ واته‌ پارتی‌ به‌عس، هێشتا خاوه‌نی‌ ئه‌و بیره‌ نه‌خۆشه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت به‌عس بوونی‌ هه‌بێت، به‌عس نایه‌وێت بمرێت، ئه‌گه‌رچی‌ مردووه‌ له‌ڕاستیدا، به‌ڵام ئه‌و نایه‌وێت بمرێت، ئه‌وه‌ش له‌مه‌یلێكی‌ ناڕاسته‌وه‌ هاته‌وه‌، به‌و مانایه‌ی‌ كه‌ ئه‌و وا خۆی‌ ده‌ناسێنێت كه‌ نابێت بمرێت یان مردن بۆ ئه‌و نییه‌‌و ده‌بێت به‌رنامه‌‌و درووشمه‌كانی‌ جێبه‌جێبكات.

به‌عس ده‌یه‌وێت وا پیشان بدات به‌كردنه‌وه‌ی‌ كه‌ناڵێك، به‌عیراق‌و عه‌ره‌ب‌و جیهان ده‌ڵێت، ئه‌و هێشتا ماوه‌‌و بۆ جێبه‌جێكردنی‌ خه‌ونه‌كانی‌ دێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌لوتبه‌رزی‌‌و ناواقیعی‌ پارتێكه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌وه‌نده‌ له‌واقیعێكی‌ راسته‌وه‌ نه‌هاتووه‌.

كه‌واته‌ به‌عس ناتوانێت به‌كردنه‌وه‌ی‌ كه‌ناڵێك هیچ بكات، ئه‌وپه‌ڕی‌ ده‌توانێت ئاژاوه‌‌و ئاڵۆزییه‌كانی‌ ناو عیراق فراوانتر بكات، به‌ڵام ناتوانێت له‌سه‌ر ئاستی‌ عه‌ره‌بی‌‌و جیهان هیچ بكات، چونكه‌ خه‌ونی‌ به‌عس وه‌كو واقیع كۆتایی‌ پێهاتووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ ڕێگره‌ له‌وه‌ی‌ خه‌ونه‌كانیان به‌دیبێت، ئه‌و خاڵه‌ی‌ كه‌ هێشتا به‌عسییه‌كان هه‌ستی‌ پێناكه‌ن یان نایانه‌وێت هه‌ستی‌ پێبكه‌ن.

ناونانی‌ كه‌ناڵێك به‌ (سه‌دام) ئاماژه‌یه‌كی‌ ڕوونه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌عسییه‌كان به‌واقیعێكی‌ نوێوه‌ به‌نیازی‌ به‌دیهێنانی‌ خه‌ونێكی‌ كۆنن، چونكه‌ سه‌دام وه‌كو لوتكه‌ی‌ به‌عسییه‌ت‌و شۆڤێنیه‌ت ده‌كرێت هێمایه‌كی‌ باش بێت بۆ ده‌ركه‌وتن له‌سه‌ر شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنیدا ده‌توانێت وێنایه‌كی‌ توند بدات، كه‌ ته‌واو له‌گه‌ڵ به‌عس‌و خه‌ونه‌كانیاندا دێته‌وه‌.

ئێمه‌ نازانین ئه‌و كه‌ناڵه‌ له‌و هه‌موو كردنه‌وه‌‌و داخستنه‌دا ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت، چی‌ ده‌كات، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بزانین كه‌ خه‌ونێكی‌ كۆنی‌ به‌عسیه‌كانه‌ به‌پشتگوێخستنی‌ واقیعێك كه‌ پێناچێت بتوانێت باوه‌ش بۆ به‌عس بكاته‌وه‌.

Shafaq Live
Shafaq Live