كشت وكاڵ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ژیانی باشووری کوردستان لە سەدەی بیستەمدا

كشت وكاڵ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ژیانی باشووری کوردستان لە سەدەی بیستەمدا
2024-06-22T19:15:04+00:00
دلژین قهرەمان کۆدۆ/ قوتابی ماستەر لە زانکۆی سۆران بەشی مێژوو

ئه‌گه‌رچی ئابووری باشووری کوردستان لە سەدەی بیستەمدا ئابووریەك بووە لەسەر لایەنی کشتوکاڵ و بازرگانی و نەوت بەند بووە، به‌ڵام له‌ رووی کشتوکاڵیەوە خاکی کوردستان خاكێكی زۆر بە پیت بووە و دەشتایی زۆر فراوانی هه‌بووە کە بە کەڵکی کشتوکاڵکردن بێت، نموونەی ئەم جۆرە دەشتانەش دەشتی ڕانیە کە رووباری سیروان بەناویدا تێدەپەرێت  و دەشتی سندی لە زاخو رووبەرەکەی ٦ کم کە رووباری خابور بەناودا تێدەپەرێت و دەشتی سلێمانی کە رووبەرەکەی ٦٥کم دەبێت و رووباری تانجەروی پێدا تێدەپەرێت.

ئەگەر سەرنجی ئەم دەشتانە بدەین دەبینین کە ئەم دەشتانە هەم خاکەکەیان بە کەڵکی کشتوکاڵ دێت و لێژایی نیە هەم لەرووی ئاوه‌دانیشەوە هەریەکێکیان رووبارێکی پێدا دەروات ئەم رووبارانەش خۆی له‌خۆیدا دەبن بە سەرچاوەی ئاودانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکە، جگە لەمانە دەشتی دێمیش لە باشوور کوردستان هەنە، بۆ نموونە دەشتی هەولێر پشت بە ئاوی باران دەبەستێت، لە رووی ئاو و هەواشەوە باشووری کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی کە هەر چوار وەرزی ساڵی تێدایە بێگومان ئەمەش لەرووی کشتوکاڵی و داچاندنەوە کاریگەری خۆی هەیە، هەرچەندە کوردستان لە سەرچاوە ئاوییەکانەوە دوورە، بەڵام لە ناوخۆدا کوردستان بە ئاوی ژێر زەوی دەوڵەمەندە کە تارادەیەکی باش جوتیار دەتوانێت سودی لێ وەربگرێت بۆ ئاودانی بەروبوومەکەی، بێگومان زۆری ئاوی ژێر زەویش دەگەرێتەوە بۆ زۆری رێژەی باران بارین، هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا بوونی رووباری دیجلە و فوارت كە بە خاکی کوردستاندا تێدەپەرن و چەندین لق و پۆپیان لێ دەبێتەوە، گرنگترینیان زێی گەورەیە، رووباری رووچوك لە نزیك گوندی ڕێزان و رووباری تر کە لە دوو رێگاوە ئاوی بو دێت لە شیوە رەش و کوێستانەکان لە باکووری حاجی ئومەران تێکەڵ دەبن، جیاواز لەم رووبارانەی کە لە ناوخۆوە هەڵقوڵاون چەند رووبارێکیش هەنە کە لە دەرەوەی سنووری باشووری کوردستانن بۆ نموونە: رووباری شین کە لە چیای هەکاری باکووری کوردستانەوە هەڵقوڵاوە لە باشووری گوندی ستوونی دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، بوونی هەموو ئەم رووبارانە وای کردووە کە کرداری کشتوکاڵکردن پێشبکەوێت لە ناوچە کوردییەکاندا و ببنە سەرچاوەیەکیش بۆ ئاودانی بەروبوم.

 لە ساڵی ١٩٥٤ کومپانیایەکی بەریتانی بە ناوی کومپانیای (سایت ئینڤێستگەیشن) لێکوڵینەوەی لەسەر جیوپولیتیکی باشووری کوردستان کرد تیایدا جه‌ختیان لەوە کردەوە کە کوردستان خاوەن سامانی سروشییە کە بەهێڵێك درێژ دەبێتەوە لە دهوك و ئاکرێ و کۆیە و سلێمانی و هەڵەبجە رووبەرەکەی ٢٠٠٠٠کم کە دەکاتە ٥٪ی خاکی عێراق گرینگترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی سلێمانی لەم سەردەمەدا بریتی بوون لە (توتن و ترێ و پەمو مازو گوێزومێوژ و کاڵەك و شوتی هەنجیر، بەرهەمی دانەوێڵە لە ناوچە ئازاد کراوەکان تەنها بەشی ناوەخوی دەکرد چونکە بەهوی بوردومانی فروکەکان بەشێکی زۆری دانەوێڵە سوتێنرا لەگەڵ ئەمەشدا لە ساڵی ١٩٦١ بەرهەمی دانەوێڵە لە کوردستاندا ٦١٪ ی گەنم و ٦٥،٥٪ی جۆ بوو جگە لە دانەوێڵە چەن بەرەوبومێکی تر تەنها بەشی ناوخوی دەکرد لەوانە وەك: نۆك و نیسك و پیاز و فاسولیای سەوز و گێزەر و پاقلە و قەرنابیت و سلق.

 سەرەرای ئەمانەش توتن بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ناوچە کوردییەکان دە چێنرا تەنانەت رەوانەی دەرەوەش دەکرا کە لە باشووری کوردستان ٨٠٪ توتنی عێراقی بەرهەم دەهێنا، گرینگی باشی توتنی کوردستان دەگەرێتەوە بۆ سازگاری ئاوەکەی، بە گوێرەی یاسای (انحصار) ژمارە (٥٤) لە ساڵی ١٩٥٢ بەرێوبەرایەتی انحصار لە سلێمانی و هەولێر کەربەلا دامەزرا، بەڵام انحصاری سلێمانی لە هەموویان گەورەتر بوو کە ڕێگریان پێ دابوو توتن بچێنن و جگەرە دروست بکەن و بفروشن و توتنی باش و خراپ لە یەکتر جیا بکەنەوە لەو کاتەدا توتن لە دامێنی چیای قەندیل دەچێندرا بەو پێیەی کەش و هەواکەی ساردە و بە کەڵکی چاندنی توتن دێت، لە پاڵ ئەمانەش برنج بە ڕێژەیەکی کەم چێندراوە ئەمەش بەهۆ ئەوەی کە پێویستی بە ئاو دەستی کاری زۆر هەبوو، لە پاڵ ئه‌مانەش له‌ كوردستاندا گرنگیەکی زۆر بە چاندنی ترێ دراوە، به‌تایبه‌تی لە ناوچە شاخاوییەکاند،ا لەهەمان کاتدا هەنار و هەنجیر و هەرمێ و سێو و قەیسی فستق و زەیتون چێنراون، هه‌روه‌ها لە ناوچە مەیدان محمود قەجەر باغی لیمو و پرتەقاڵ چێنراون، هاوکات لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین بەرهەمی تری خورسك لە ناوچەکانی باشووری کوردستان هەبوونە لەوانە: کەنگر و کاردی و دومەڵان و رێواس و قارچك، ئەمانە لە ڤەهاردا دەروان زۆر جار وشك دەکران و لە زستاندا بەکاردەهێنران لەبواری چێشت دروستکردندا، مازو لە ناوچەکانی بارزان هەبوون، هه‌ربۆیه‌ ده‌بینین ڕوژێکیان دیاری دەکرد بو چنینی تا ئەو ڕۆژە کەس بوی نەبوو بیچنێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکە بە یەکسانی بەسەر هەموواندا دابەش ببێت، هاوکات دارستانیش لە کوردستاندا هەبووە کە لەزاخۆوە دەستی پێ دەکات تا دهوک و ئاکرێ و هەولێر و کویە و کفری تێدەپەرێت و داری سپیندار هەبوونە لە ناوچە کوردیەکاندا کە بو دروستکردنی خانوو بەکاردەهات لە گوندەکاندا. هه‌روه‌كو ده‌بینین لە ساڵنامەی ساڵی ١٩١٨ی دەوڵەتی عوسمانی ئاماژە بەوە دەکات کە بەرێوبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی لە ساڵی ١٩٣٩ دامەزراوە کە پێشتر فه‌رمانبه‌ری كشتوكاڵی لیوای سلێمانی بووە بارودۆخی جوتیارەکان لەم سەردەمەدا بارودۆخێکی باش نەبووە تا شورشی ١٩٥٨ جوتیار خاوەن زەوی نەبوون بە کرێ لەسەر زەوی کاریان دەکرد بەرامبەر بەمەش ٥٠٪ داهاتی خۆی دەدا بە خاوەن زەوییەکە جگە لەوەی جوتیار دەبوایە دەغل و دانی ئاغاکان بگوازێتەوە ئیشکردن لە ماڵی ئاغا و قوڕکاری خانوی ماڵی ئاغاکان...هتد.

 لەگەڵ ئەمەشدا کاتێك کە برسیەتی باڵی بەسەر ناوچەیەکدا دەکێشا جوتیاران نەیاندەتوانی بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانیشدا بارودۆخی ناوچە کوردییەکان لە ڕووی ئابووریەوە بەرەو خراپ بوون چوو، زەرەرمەندی یەکەمیش چینی جوتیار بوون، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کشتوکاڵکردن بێ بەربەست نەبووە حکومەتە یەك لە دوای یەکەکانی عێراق چەند بەربەستێکیان دروستدەکرد بەمەبەستی لاوازبوونی ناوچە کوردییەکان لە رووی ئابووریەوە یەك لەو سیاسەتانە بریتی بوو لە راگواستنی کوردەکان لە گوندەکان بۆ کومەڵگا زۆرە ملێکاندا ئەمە و دورکەوتنەوەی جوتیاران لە زەوییە کشتوکاڵییەکان کاریگەری هەبوو لەسەر داتەپینی ژێرخانی ئابووری له ڕێگەی وێران کردنی گوندەکان و کێڵگه کشتوکالییه‌کان و بە تالان بردنی سهه‌وەت و سامانه‌ ئاژەڵییەکانی ناوچه گوندنشینەکانی کوردستان. 

له‌م سه‌روبه‌ندانه‌دا دانیشتوانی ئوردوگاکان دووچاری خراپترین ره‌وشی ئابووری هاتن چونکه لادێنشینەكان زیاتر پشتیان بە زەوی و زارەکانیان دەبەست لەو کاتەشدا ئەم کومەڵگایانە خاکەکانیان وشك بوون کە بە کەڵکی کشتوکاڵکردن نەدەهاتن، ئەمە جگە لە کیمیابارانکردنی ناوچەکوردیەکان، بۆ نموونە هەڵەبجە کە ئەم کیمیابارانە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمی ئابووری هەبوو، وای لێهات تەواوی بەرهەمی خۆڕسك ژەهراوی بوو، جگە لەوەی خاکەکەی بۆ ماوەی چەند ساڵێك داچاندنی تیا نەدەکرا، لەپاڵ ئەمەشدا چاندنی مین لەزۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان کاریگەریەکی نەرێنی کردبووه‌ سەر لایەنی کشتوکاڵی و چالاکی کشتوکاڵی، چونکە بەهۆی زۆری مین و لەپێناو پاراستنی ژیانی خۆیان خەڵکی باشوور نەیان دەوێرا کشتوکاڵی بکەن لەزۆربەی ناوچەکان.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆمان ڕوون ده‌رده‌كه‌وێت‌، به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بژێوی ژیانی خه‌ڵكی باشووری كوردستان بوون، جگه‌ له‌ میوه‌ و سه‌وزه‌ و به‌ربوومه‌كان بۆ خواردنی رۆژانه‌ به‌كارهێنراون، ئه‌وا ده‌بینین به‌رهه‌مه‌كان به‌شێكیان بۆمه‌به‌ستی بارزگانیش به‌كارهێنراون، به‌تایبه‌تی بۆ بازرگانی توتن. 

لیستی سەرچاوەکان:

١. . ا.م.مینتشاشڤیلی(١٩٩٩) کورد کورتەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری و روشنبیری و گۆزەران، و:پ.د.عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ، وەزارەت روشنبیری، سلێمانی.

٢.غەفور، عەبدوڵا(٢٠٠٥)، جوگرافیای کوردستان، چاپی چوارەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

٣.بابان، جەمال(٢٠١٢) سلێمانی شارەگەشاوەکەم، بەرگی(چوارەم)، چاپی دووەم، چاپخانەی ئاراس_هەولێر.

٤.شوانی، ئاکو عبدلوکەریم(٢٠٠٢)، شاری سلێمانی(١٩١٨_ ١٩٣٢).

٥.علی، عادل صدیق(٢٠١٠)، هەڵەبجە شارێکی بچووك و مێژوویەکی دەوڵەمەند، سلێمانی.

٦.ئەحمەد، فازڵ کەریم(٢٠٠٦)، شاری سلێمانی ململانێی گروپە کومەڵایەتییەکان١٨٢٠_١٩٢٠، بنکەی ژین_سلێمانی.

٧.قادر، عەباس نادر(٢٠١٩)، راپەرینی جوتیارانی دەشتی هەولێر ساڵی ١٩٥٣، چاپخانەی زانکوی سەڵاحەدین_هەولێر.

٨.کومەڵێك نووسەر(٢٠٢١)، ئەنفال و جینوسایدی کورد.

٩.ئاغا، موراد حەکیم(٢٠٠٤)، ئاکامە کومەڵایەتی و سیاسەتی راگواستنیکورد لە عێراق لەسەردەمی بەعسدا، بڵاوکراوەی سەنتەری لێکوڵینەوەی ستراتیژی کوردستان_سلێمانی 

٩.عومەر، عەلی رەسول(٢٠٢٤)، ناوچە ئازادکراوەکانی باشووری کوردستان(١٩٦١_١٩٧٠)، چاپخانەی 

ڕوکسانا_هەولێر.

ماستەرنامە:

اسماعیل، دحام لقمان (٢٠١٥)، رەشی ئابووری و کومەڵایەتی باشووری کوردستان لە روانگەی رۆژنامەوانی کوردی ئاشکرا لە عێراقدا ١٩٨٠_١٩٩١، زانکوی سەلاحەدین.

تێزی دکتۆرا:

اسماعيل، نجم الدين عبدالله(۲۰۲۳)، بارودوخی ئابووریی پاریزگای هه ولیر له سالانی ۱۹۷٥-۱۹۹۱، زانکوی سەلاحەدین.

Shafaq Live
Shafaq Live