كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و دوو سیناریۆ

كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و دوو سیناریۆ
2010-08-23T17:50:45+00:00

بیه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی خێرا به‌ڵێن و گفته‌كانی سه‌رده‌می بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی خێرا له‌م ساته‌ وه‌ختانه‌دا جێبه‌جێ بكات، ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی سه‌ره‌نجه‌ ئه‌و خێراییه‌یه‌ كه‌ پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌كه‌ی پێ ئه‌نجام ده‌درێت، چونكه‌ وه‌كو بڕیاردرابوو كه‌ له‌ كۆتایی مانگی ئابدا پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌كه‌ ده‌ست پێبكات، به‌ڵام وه‌كو هه‌موولایه‌ك بینیمان پێش ماوه‌ی ده‌ستنیشانكراو به‌ ده‌ ڕۆژ پرۆسه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد و حكومه‌تی ئه‌مریكا ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی ناونا پرۆسه‌ی (ساته‌ مێژووییه‌كان)، به‌و پێیه‌ی بۆ سوپا و حكومه‌تی ئه‌مریكا ساتێكی مێژووییه‌ كه‌ سوپایه‌ك پێش هه‌شت ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر عیراقی له‌ چنگی ترسناكترین ڕژێمی دیكتاتۆری ڕزگار كرد.

ئێستاش دواهێزی شه‌ڕكه‌ری له‌ عیراق ده‌كشێته‌وه‌، ئه‌مریكا به‌م كاره‌ی ده‌یه‌وێت بڵێت له‌ عیراقدا ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كۆتایی هاتووه‌، بۆیه‌ له‌دوای مانگی ئابی ئه‌مساڵه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ هێزی سه‌ربازی ده‌مێنێته‌وه‌ بریتیی ده‌بێت له‌ هێزێكی تایبه‌ت كه‌ یارمه‌تی سوپای عیراق ده‌دات له‌ بواری مه‌شق و كاری لۆجستیدا.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا چاودێرانی ستراتیژی و سیاسی لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن بریتییه‌ له‌ دوو سیناریۆ كه‌ ده‌كرێت له‌ ئاینده‌دا ده‌ره‌نجامه‌كانی به‌ ده‌ربكه‌ون و ئه‌و دوو سیناریۆیه‌ش ئه‌مانه‌ن: یه‌كه‌م: سیناریۆی ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریكاوه‌ و نه‌مانی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ ڕێكخراوی قاعیده‌ ده‌یخسته‌ سه‌ر عیراق، هه‌روه‌ها له‌ماوه‌ی دواییدا ئه‌مریكا توانی عه‌ره‌بی سوننه‌ی عیراق بهێنێته‌وه‌ نێو گه‌مه‌ی سیاسی و له‌ هه‌مانكاتیشدا وڵاتانی وه‌كو سعودیه‌ و توركیا و ئوردن و وڵاتانی كه‌نداو كه‌ پشتگیری سوننه‌ی عیراق ده‌كه‌ن له‌و ڕاستییه‌ گه‌یشتوون كه‌ ئه‌مریكا مه‌به‌ستیه‌تی سوننه‌ی عیراق به‌ جدی به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی بكات له‌ عیراقدا، هه‌روه‌ها ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت به‌هانه‌یه‌كی ئه‌وتۆ نه‌دات به‌ده‌سته‌وه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له‌ عیراقدا وه‌كو "داگیركه‌ر" ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت هێزی مقاومه‌ی داگیركه‌ر با له‌ عیراقدا شه‌رعیه‌تی نه‌مێنێت، له‌ هه‌مانكاتیشدا سایه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ئێرانیش كه‌مده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و مه‌ترسییه‌ ستراتیژیانه‌ له‌ ئارادا نامێنن به‌وه‌ی كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراقه‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر ئیران و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌، بۆیه‌ ئۆباما و تیمه‌كه‌ی پێیان باشه‌ له‌ یه‌ك كاتدا دووبه‌ره‌ی گه‌رمی جه‌نگ به‌ڕووی ئه‌مریكادا نه‌كرێته‌وه‌ و لانیكه‌م به‌ره‌یه‌كیان هێوربكرێته‌وه‌ و به‌ ته‌نها هه‌وڵه‌ سه‌ربازی و لۆجستییه‌كان له‌ به‌ره‌ی ئه‌فغانستاندا چڕبكرێته‌وه‌، چونكه‌ ڕاپۆرت و زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌زه‌یی ئه‌فغانستان و به‌شێك له‌ پاكستان هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیدارن نه‌وه‌ك عیراق، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی یه‌مه‌نیش خاڵی ترسناكن و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت، كه‌ جارێكی دیكه‌ وڵاتی یه‌مه‌ن دووچاری له‌تبوون و شه‌ڕێكی خوێناوی گه‌وره‌ ببێته‌وه‌ و ناوچه‌ی كه‌نداو و ته‌نگه‌به‌ری بابولمه‌نده‌ب و كه‌نداو عه‌ده‌ن بكه‌ونه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی "حوسییه‌كان و لایه‌نگرانی یه‌مه‌نی باشووری جاران" جگه‌له‌مه‌ش یه‌مه‌ن له‌ ڕووی جوگرافیه‌وه‌ هاوسنووری عه‌ره‌بستانی سعودیه‌یه‌ و چاڵه‌ نه‌وته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ش ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مریكا ئێستا به‌جدی له‌ دۆسیه‌ی یه‌مه‌ن ده‌كۆڵێته‌وه‌ و وا تێده‌گات له‌ دوای كۆتاییهاتنی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ عیراقدا دۆسیه‌یه‌كی نوێی بۆ ده‌كرێته‌وه‌ و ده‌بێت له‌ئێستاوه‌ له‌ ڕه‌هه‌نده‌ جێو ستراتیژییه‌كانی یه‌مه‌ن بكۆڵێته‌وه‌.

دووه‌م: سیناریۆی دووه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌كی ناوخۆیی بۆ عیراق ده‌كات و پێیوایه‌ كه‌ پاشه‌كشه‌ی خێرای سوپای ئه‌مریكا وه‌كو سه‌ركه‌وتنێكوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت (مقاومه‌) و به‌مه‌ش جارێكی دیكه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ زیاتر له‌ ئارادا ده‌بێت كه‌ كاری تیرۆر و نائارامی زیاتر باڵبكێشێت به‌سه‌ر عیراقدا، به‌و پێیه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا عیراقی ڕاگرتووه‌ بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكایه‌ و به‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌م هێزانه‌ جارێكی دیكه‌ عیراق دووچاری نائارامی زیاتر ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی سه‌رنجه‌ پارت و گروپی عه‌ره‌بی سوننه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نن كه‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراقدا، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ ڕه‌وشی سیاسی و ئه‌منی عیراق ده‌شێوێنێت، كه‌چی هه‌ر عه‌ره‌بی سوننه‌ش بوون له‌ماوه‌ی حه‌وت هه‌شت ساڵی ڕابردوودا باسیان له‌ داگیركه‌ری ئه‌مریكا و ده‌ستبه‌جێ كشانه‌وه‌یان ده‌كرد!؟

له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ بۆچوونێك هاتۆته‌ ئاراوه‌ به‌وه‌ی كه‌ فشار و سایه‌ی ئه‌مریكا به‌سه‌ر لایه‌نه‌ عیراقییه‌كاندا زۆر لاوازبووه‌ به‌ به‌ڵگه‌ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدراوه‌ و تائێستا به‌ فشاری ئه‌مریكیشه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ حكومه‌تی عیراقی نوێ پێكبهێنرێت بۆیه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت كاروباری نێوخۆی عیراق بۆ عیراقییه‌كان جێبهێڵێت، به‌مه‌ش جۆرێك له‌ مه‌ترسی دێته‌ ئاراوه‌ به‌وه‌ی كه‌ پاشه‌كشه‌ی خێرای ئه‌مریكا له‌م كاته‌دا جۆرێك له‌ ساردبوونه‌وه‌ له‌ نێوخۆی عیراقدا له‌ باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ته‌وه‌ دێنێته‌ ئاراوه‌ و گه‌لێك دۆسیه‌ی گرنگیش به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوی ده‌هێڵێته‌وه‌.

ڕاسته‌ ئه‌مریكا پابه‌نده‌ به‌و واده‌یه‌یی كه‌ پێشتر ده‌ستنیشانی كردبوو له‌مه‌ڕ كشانه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی له‌ مانگی ئابی 2010دا و كشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی دیكه‌شی له‌كۆتایی ساڵی 2011دا و ئه‌م بڕیاره‌ش له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ زاده‌ی چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌ له‌ ئه‌مریكادا، به‌وه‌ی كه‌ له‌نێوخۆدا وه‌كو كارتێكی هه‌ڵبژاردن به‌كارده‌هێنرێت و په‌یوه‌ستی بارودۆخی ئابووری نێو خۆی ئه‌مریكاشه‌، له‌ بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌كیشدا سه‌رۆك ئۆباما و پارته‌كه‌ی ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ بسه‌لمێنن كه‌ ڕێبازی سیاسه‌تی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕانی جدی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و ده‌یانه‌وێت لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهاتی ئیسلامیدا بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ستراتیژ و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ عیراق و ناوچه‌كه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ‌ ستراتیژ و بۆچوونی عیراقدا، چونكه‌ به‌ حوكمی جیاوازی له‌ ئاست و پێكهاته‌ی سیاسی هه‌ردوو وڵاتدا كاریگه‌ریی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراقدا له‌سه‌ر (ئه‌مریكا و عیراق) به‌شێوازی جودا ده‌شكێته‌وه‌ و له‌نێو عیراقدا پێده‌چێت كاریگه‌ریی سیاسی و ده‌روونی گه‌وره‌ به‌جێبهێڵێت به‌و پێیه‌ی پێكهاته‌ی گه‌لانی عیراق له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بیه‌وه‌ ئاڵۆزه‌ و ئه‌و ئاڵۆزییه‌ش هێشتا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، باشترین نموونه‌ش پێكنه‌هێنانی حكومه‌تی نوێی عیراقه‌، ڕاسته‌ ده‌ستووری عیراق له‌ ڕێگه‌ی راپرسیه‌كی گشتییه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ چاره‌سه‌ری ئاڵۆزییه‌ مه‌زهه‌بیه‌كه‌ بكات و چاره‌سه‌رێكی ڕیشه‌یی بۆ ئه‌م ڕه‌وشه‌ی ئێستا بدۆزێته‌وه‌، چونكه‌ پاش چوار ساڵی دیكه‌ جارێكی دیكه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێته‌وه‌ و هه‌مان كێشه‌كانی ئێستا دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ و به‌مه‌ش عیراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌ ئاڵۆزی و گێژاودا ده‌بێت، چونكه‌ به‌ حوكمی پێكهاته‌ی گه‌لانی عیراق هه‌ر لیست و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌ ده‌ستبهێنێت به‌ "قایفی" ناو ده‌برێت، چونكه‌ ئه‌و لیسته‌ سوننه‌ ده‌بێت یان شیعه‌، به‌مه‌ش جارێكی دیكه‌ ده‌چینه‌وه‌ چوار گۆشه‌ی سفر، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا هه‌ردوو لیستی "ده‌وڵه‌تی یاسا" و "هاو په‌یمانی نیشتمانی"ش ڕێبكه‌ون و یه‌كبگرن ئه‌وا گه‌وره‌ترین كوتله‌ی نێو په‌رله‌مان پێكده‌هێنن كه‌ ده‌بنه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ و (شیعه‌شن) به‌مه‌ش جارێكی دیكه‌ سوننه‌ی عیراق كه‌ زۆربه‌یان له‌نێو لیستی (ئه‌لعراقیه‌دا) خۆیان ڕێكخستووه‌ ده‌هۆڵی تایفه‌گه‌ری ده‌كوتنه‌وه‌ و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ عیراق به‌ره‌و تایفه‌گه‌ری ده‌ڕوات و پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ په‌راوێز ده‌خرێت، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر (ئه‌لعێراقییه‌) بتوانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت ئه‌وا شیعه‌ی عیراق ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌نیشت جارێكی دیكه‌ شۆڤێنیستانی عه‌ره‌ب و پاشماوه‌كانی به‌عس به‌شێوازی دیكه‌ جڵه‌وی حوكم بگرنه‌وه‌ ده‌ست.

Shafaq Live
Shafaq Live