فه‌ككه، هه‌وڵێك بۆ سه‌رقاڵكردنی ئه‌وانیتر
وه‌ك چۆن به‌م گرژییه‌وه كه ئێستا بیره‌نه‌وتی (فه‌ككه) له‌نێوان هه‌ریه‌ك له عیراق و كۆماری ئیسلامی ئێران دا دروستبووه، پێده‌چێت بۆ چه‌ندین ساڵی دیكه و چه‌ند حكومه‌تێكی دیكه‌ش كه له عیراقدا دێنه سه‌ركار، باجی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وت و كرده‌وه و ڕه‌فتارانه بده‌ن كه عه‌قلێیه‌تی شۆڤێنی و دیكتاتۆریانه‌ی ڕژێمه‌كه‌ی (سه‌دام حسێن) له‌ناوخۆی عیراق و ناوچه‌كه و جیهاندا خوڵقاندبوونی، سه‌رباری ئه‌وه‌ی بۆ چه‌ند ساڵێكی تریش ده‌بێت به‌شێك له داهاتی عیراق، ته‌رخانبكرێت، بۆ ئه‌و قه‌رزانه‌ی سه‌دام حسێن له‌سه‌ر عیراقی كه‌ڵه‌كه‌كردووه. كێشه‌ی (فه‌ككه)ش ده‌رئه‌نجامێكی نێگه‌تیڤی تری جه‌نگی خوێناوی و دریّژخایه‌نی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عیراق و ئێرانه.
دروستبوونی ناكۆكی و لێكنه‌گه‌یشتن، له‌نێوان دوو وڵات‌دا، به‌تایبه‌ت گه‌ر هاوسنووربن، كارێكی ئاساییه، به‌وه‌ی سنووری هاوبه‌ش و كلتوری هاوبه‌ش و تێكه‌ڵبوونی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانیان هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌وشوێنانه‌ی سه‌رچاوه‌ی سروشتی و نه‌وت هه‌یه. دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌نێوان به‌غدا و تاران‌دا، ناكرێت وه‌ك سه‌ره‌تای داڕمانی په‌یوه‌ندییه هاوبه‌ش و دوورودرێژه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وته‌ی لێبڕوانرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێكه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان هه‌یه و خاڵی هاوبه‌ش و ئامانجی هاوبه‌شیشیان هه‌یه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی تاران هه‌وڵی به‌رده‌وامی هه‌بووه بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری و هه‌ژمونی خۆی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی عیراق و هێزه سیاسییه‌كان و نه‌خشه‌كێشانی سیاسیانه‌ی عیراق له‌به‌رژوه‌ندی خۆیدا. وه‌ك چۆن عیراقیش به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووریان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری سه‌ركرده و لێپرسراوه، با شیعه مه‌زهه‌به‌كانی نێو حكومه‌ت، مه‌یلیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌تدارانی ئێران‌دا هه‌یه و هه‌ندێكیشیان تائێستا ڕێنمایی له قوم و تارانه‌وه وه‌رده‌گرن.له‌ئێستادا ئێران به بارودۆخێكی پڕله‌ئاڵۆزی و كێشه و نائارامیدا تێده‌په‌ڕێت و سوپای پاسداران باری نائاسایی له چه‌ند شارێكدا ڕاگه‌یاند. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ دابه‌شبوونی ئێران به‌سه‌ر چه‌ند به‌ره‌یه‌كدا و دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێك له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی نه‌ژاد دا، هه‌موو هه‌وڵه‌كان، به‌وانه‌ی ڕابه‌ریشه‌وه نه‌یانتوانی نێوماڵی ئێران یه‌ك بخه‌نه‌وه، هه‌ربۆیه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، به‌دوای هه‌ر هه‌وڵێكدا ده‌گه‌ڕێن بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌و دۆخه، دروستبوون، یان (دروستكردنی) دۆخێكی له‌و شێوه‌یه و ئاراسته‌كردنی چاو و سه‌رنجی هه‌موو ئێرانییه‌ك بۆ نه‌یارێك له ده‌ره‌وه‌ی سنوور و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌شێت هه‌وڵێكی تا ڕاده‌یه‌ك ژیرانه و سه‌ركه‌وتوبێت. به هه‌مانشێوه‌ش شه‌رعیه‌تدانه به‌جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كانی له‌سه‌ر سنووری عیراق، كه به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنی گشتی ده‌چێت و نیشاندانه‌وه‌ی هێز و توانای خۆیه‌تی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و لایه‌نگره‌كانی. به‌تایبه‌تیش ده‌شێت هه‌وڵدانێكی تاران بێت بۆ سه‌رقاڵكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌دۆسیه‌یه‌كی له‌و جۆره و دورخستنه‌وه‌یان له دۆسیه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كه تادێت قورس‌تر و ئاڵۆزترده‌بێت.