فرمێسكی به‌عسییه‌كان!

فرمێسكی به‌عسییه‌كان!
2009-12-19T19:53:14+00:00

كارانه‌دا راڤه‌كارانی سیاسی و سیاسه‌تمه‌دارانی نوێی عیراق سه‌رجه‌میان په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان ئاڕاسته‌ی رێكخراوی قاعیده‌و ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ر ده‌كرد، تاكوته‌را نه‌بێت كه‌س باسی له‌پاشماوه‌كانی به‌عس نه‌ده‌كرد، ئه‌وان ده‌یانووت (به‌عسییه‌كان له‌خۆمانن، چاكیان ده‌ناسین، ئه‌وان زۆر له‌وه‌ ترسنۆكترن كه‌بتوانن دوای روخانی رێژێمه‌كه‌یان جارێكی دیكه‌ به‌ره‌نگاری بكه‌ن).به‌بۆچوونی ئه‌وان به‌عسییه‌كان هه‌رگیز نه‌ده‌بوونه‌ فشار، بۆیه‌ له‌سه‌رده‌می بریمه‌ره‌وه‌ كه‌وتنه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و پارته‌، دواتر هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بوون كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت حزبی به‌عس له‌ژێر هیچ ناوو ناونیشانێكدا جارێكی دیكه‌ بێته‌وه‌ ناو كایه‌ی سیاسی و به‌شداری كاری سیاسی بكات له‌عیراقدا!به‌عسییه‌كان له‌گه‌ڵ هاتنه‌ سه‌ركاریان ساڵی له‌ 1968 ئه‌وه‌یان نه‌شارده‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز به‌نیازنین ده‌ست به‌رداری ده‌سه‌لات بن، سه‌دام له‌سه‌رتای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا وتبووی(جئنا لنبقى) واته‌ هاتووین بۆئه‌وه‌ی بمێنینه‌وه‌ راستی ئه‌و وته‌یه‌شی ئه‌و كاته‌ سه‌لماند كه‌ له‌ساڵی 1972ده‌ستیان دایه‌ پرۆسه‌ی خۆماڵیكردنی نه‌وت، ئه‌وه‌بوو له‌1/6/1972 به‌شی یه‌كه‌می پشكی نه‌وتی(كۆڵبه‌نیكیاف)یان خۆماڵیكردو له‌20/12/1973دا به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی ئه‌و پشكه‌یان خۆماڵیكرد، كه‌تێكڕا رێژه‌ی(5%) نه‌وتی عیراق بوو، ئه‌وكات سه‌دام بڕیارده‌دا ئه‌م پشكه‌ به‌ناوی سه‌ركردایه‌تی حزبی به‌عسه‌وه‌ له‌یه‌كێك له‌بانكه‌كانی ئه‌وروپا به‌حسابێكی سه‌ربه‌خۆ دابنرێت بۆ رۆژی ره‌ش، چونكه‌ پێی راگه‌یاندبوون كه‌ئێمه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ ده‌بێ(300)ساڵ حوكمڕانی بكه‌ین له‌عیراقدا ئیدی له‌كاتی هه‌ر رووداوێكی كتوپڕی وه‌ك كوده‌تاو راپه‌ڕین، پێویستیان به‌پاره‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌لات! كه‌به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی پسپۆڕان ئه‌م داهاته‌ له‌كۆتایی ساڵی 1990دا گه‌یشتبووه‌(31)ملیار دۆلار! ئیدی چۆن فشار دروست ناكه‌ن؟به‌داخه‌وه‌ كه‌من ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م ولاته‌دا له‌ڕه‌وشتی به‌عس و به‌عسییه‌كان شاره‌زان، ئه‌وان ته‌نها پارتێكی سیاسی نه‌بوون، به‌ڵكو دیارده‌بوون، نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌ن بوون كه‌ چاره‌سه‌ریان هێنده‌ ئاسان نییه‌، ئه‌و كاته‌ی قوربانی و راونراون فرمێسك داده‌بارێنن! ئه‌وكاتانه‌ش كه‌خۆیان جه‌للادن و نه‌یارو ناحه‌زه‌كانیان قوربانین، دووباره‌ خۆیان گریان! ساڵی 1965 له‌كۆنگره‌ی هه‌رێمایه‌تی به‌عسییه‌كان له‌سوریا(مشیل عه‌فله‌ق) ده‌ستی كرده‌ گریان، كه‌خۆی ئه‌و كات برا گه‌وره‌و ده‌سه‌لاتداربوو كاتێكیش له‌مانگی شوباتی 1966دا نه‌یاره‌كانی ده‌ریانكرد له‌ڕیزه‌كانی به‌عس، دیسان ده‌ستی به‌گریان كرده‌وه‌! (سه‌دام)یش له‌22/ته‌مموز/1979دا دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی ئه‌ندامانی به‌رزی حزبی به‌عسی كرد، واته‌ ته‌نها دوای(5) رۆژ له‌ده‌ست به‌كاربوون وه‌ك سه‌رۆك كۆمارو ده‌رپه‌ڕاندنی(به‌كر)، له‌و كۆبوونه‌وه‌دا به‌ناوی بنه‌بڕكردنی پیلانگێڕی ده‌یان هاوڕێی هه‌ره‌ نزیكی خۆی گولله‌ بارانكرد، سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ئه‌و كاته‌ی هۆڵه‌كه‌یان جێده‌هێشت سه‌دام فرمێسك له‌چاوی ده‌هاته‌ خوارێ!

ته‌ها جه‌زراوی و تاریق عه‌زیزیش به‌هه‌مان شێوه‌ هۆن هۆن فرمێسكیان ده‌ڕشت بۆ ئه‌و هه‌ڤالانه‌یان كه‌ پاش كه‌مێكی دیكه‌ به‌بڕیاری خۆیان گولله‌ باران ده‌كران!ئیدی نه‌ریتی فرمێسك رشتن به‌هه‌ردوو باردا (قوربانی و جه‌للاد) لای به‌عسییه‌كان بوو به‌نه‌ریت، ئه‌و فرمێسكانه‌ی كه‌ كاریكردۆته‌ سه‌ر سوننه‌كانی عیراق به‌قه‌ومی و ئیسلامیه‌كانیانه‌وه‌، كاریكردۆته‌ سه‌ر ئه‌مریكاو داوا ده‌كات به‌شدار بكرێنه‌وه‌ له‌پرۆسه‌ی سیاسیداو هێنده‌ به‌په‌رته‌وازه‌یی لێره‌و له‌وێ له‌ڕیزی ئه‌م پارت و ئه‌و پارتدا ئاژاوه‌ نه‌نێنه‌وه‌! به‌لام به‌داخه‌وه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ نابێت به‌عسییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌، له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا ورته‌یان لێوه‌ نایه‌ت، هه‌ندێكیان مه‌سه‌له‌كه‌یان به‌دڵه‌و خۆیان كاری بۆده‌كه‌ن، بڕێكیشیان ئوممه‌ی عه‌ره‌بیان دێشێ و خۆیان خراپ ناكه‌ن! بێئاگا له‌وه‌ی كه‌ئه‌مان هه‌مان ده‌سته‌و دایه‌ره‌ی(سه‌دام)ن، ئه‌و سه‌دامه‌ی كه‌ كۆنگره‌ی نۆیه‌می حزبی به‌عسدا له‌ساڵی 1982، به‌وه‌ وه‌سف كرا كه‌(خانه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كان له‌ڕه‌گه‌وه‌ ده‌رده‌هێنێت، به‌لام جه‌سته‌كه‌ به‌زیندوویی ده‌هێڵێته‌وه‌) ئه‌مڕۆ خۆیان بوون به‌شێرپه‌نجه‌و له‌كۆڵ ئه‌قڵی عه‌ره‌بی عیراق نابنه‌وه‌! ئێ له‌كوێ(سه‌دام) زیندوو بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌م شێرپه‌نجه‌یه‌ له‌ئه‌قڵیان بكاته‌وه‌و به‌زیندوویش بمێنێته‌وه‌!یان ده‌بێت بپرسین ئه‌و(31)ملیار دۆلاره‌ چی لێهات كه‌ له‌بانكه‌كانی ئه‌وروپادا حه‌شاریانداوه‌؟ تۆ بڵێی به‌و پارانه‌ ئه‌و هه‌موو ئاژاوه‌یه‌ نه‌نێنه‌وه‌؟ تۆ بڵێی هه‌ر به‌و پاره‌یه‌ ده‌می سیاسه‌تمه‌دارانی نه‌یاریان چه‌ور نه‌كردبێت! كه‌ ئه‌مڕۆ كوردیان به‌ته‌نها له‌سه‌نگه‌ری دژایه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عسدا جێهێشتووه‌؟

Shafaq Live
Shafaq Live