عیراق و دوالیزمی‌ ده‌سه‌ڵاتخوازی‌

عیراق و دوالیزمی‌ ده‌سه‌ڵاتخوازی‌
2010-09-13T12:50:02+00:00

زۆرێك هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ ناهاوسه‌نگیشی‌ هێنایه‌ ئاراوه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان دوو باكگراوندی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌ڕێوه‌یان ده‌بات. یه‌كه‌م: ململانێی‌ نێوان هێزه‌ سیاسی و میلیشیا سه‌ربازییه‌كان كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌جێندا ئیتنی‌ و تائیفییه‌كان دروستبوون له‌پێناو كاریگه‌ریی‌ نواندن له‌سه‌ر داڕشتنی‌ سیمای‌ نوێی‌ عیراق، به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئامڕازێك بێت تاكو له‌ ده‌ستكه‌وت و ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازه‌كانی‌ عیراقی‌ نوێ‌ بێبه‌ش نه‌بن، چونكه‌ ئه‌وان خۆیان به‌ به‌شێك له‌ دواڕۆژی‌ عیراق ناوزه‌ند ده‌كه‌ن. باكگراوندی‌ دووه‌میش بریتییه‌ له‌ ململانێی‌ نێوان هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان كه‌ كێبڕكێیانه‌ له‌سه‌ر به‌رجه‌سته‌كردنی‌ زۆرترین ڕۆڵ و كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عیراق ئه‌وه‌ش بێگومان له‌پێناوی‌ دابینكردنی‌ و پچڕینی‌ زۆرترین به‌رژه‌وه‌ندی‌ باڵا، بێگومان ئه‌م ململانێیه‌ پاساوی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ زۆری‌ بۆ ده‌هێنرێته‌وه‌ له‌پێناو به‌رده‌وامبوونی‌.

له‌ سه‌رده‌می‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بوشدا بوونی‌ پێگه‌ی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ و ته‌نانه‌ت ئابووری‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق به‌ندبوو به‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌ڵام ئه‌و ئیداره‌یه‌ شكستی‌ هێنا له‌ جڵه‌وگیركردنی‌ ئه‌و ململانێیانه‌ و نه‌شیتوانی‌ هاوكێشه‌یه‌كی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ بدۆزێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی‌ كه‌م توانی‌ سنوورێك بۆ چاوتێبڕینی‌ ڕۆڵبینه‌ نێوخۆیی‌ و ده‌ره‌كییه‌كان پێكه‌وه‌ دابنێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ردا سه‌پاندبوون كه‌ به‌ بنه‌ماكانی‌ گه‌مه‌ سیاسییه‌كه‌وه‌ پابه‌ندبن ئه‌گینا ناتوانن خاوه‌ن ڕۆڵ و كاریگه‌ریی‌ بن، بێگومان ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ سه‌قامگیری‌ ناجێگیری‌ خوڵقاند كه‌ نه‌ده‌كرا له‌ سایه‌ی‌ مانه‌وه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وامی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكادا ببێته‌ سه‌قامگیریه‌كی‌ ته‌واو.

ئه‌مریكا سه‌رباری‌ ڕزگاركردنی‌ عیراقییه‌كان له‌ ڕژێمی‌ سه‌دام حسین دیموكراسی‌ وه‌كو چاكترین دیاری‌ له‌جێی‌ دیكتاتۆری‌ به‌ عیراقییه‌كان به‌خشی‌، به‌ڵام عیراقییه‌كان به‌هۆی‌ زۆری‌ و زه‌وه‌نده‌یی‌ ناكۆكی‌ و فره‌كوێخایی‌ و ناڕێكیانه‌وه‌ له‌ ئاست هه‌ڵگرتنی‌ ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌دا نه‌بوون و نین، چونكه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ بنه‌ڕه‌تدا هیچیان قه‌واره‌ی‌ دیموكراتی‌ نین، به‌ڵكو له‌پای‌ ناڕێكی‌ و ناته‌بایی به‌رده‌وامیاندا به‌ سه‌دان هه‌زار عیراقی‌ بێتاوان بوونه‌ قوربانی‌ كه‌ تائه‌مڕۆش فاكته‌رێكه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ مه‌رگ له‌ ده‌رگای‌ هه‌موو عیراقیه‌ك بدات، چونكه‌ زۆرێك له‌م قه‌واره‌ و هێزه‌ سیاسیانه‌ خاوه‌نی‌ میلیشیای‌ سه‌ربازین و ده‌توانن توندوتیژی‌ به‌رپا بكه‌ن و له‌پاڵ كاری‌ سیاسیاندا ئاژاوه‌ش بنێنه‌وه‌، بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كی‌ بێئه‌ندازه‌ش له‌ناو داموده‌زگا هه‌ستیاره‌كانی‌ ده‌وڵه‌تدا له‌ولاوه‌ بووه‌ستێت. یه‌كێك له‌ گرنگترین هۆكاره‌كانی‌ پشت پێكنه‌هاتن و ساردی‌ نواندن له‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عیراق له‌دوای‌ تێپه‌ڕبوونی‌ زیاتر له‌ (5) مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان و پاڵپشته‌ ئیقلیمییه‌كانیان باش درك به‌و ڕاستییه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ پابه‌ندبوونی‌ ئه‌مریكا به‌ كێشه‌كانی‌ عیراق و كۆتاییهێنان به‌ سه‌رجه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا له‌ 31ی‌ ئاب به‌دواوه‌ بۆخۆی‌ ئاماژه‌یه‌كی‌ زۆر مه‌ترسیداره‌، واتا ئه‌گه‌ر عیراقییه‌كان له‌سه‌ر حانه‌حه‌په‌شێ‌ و ناكۆكییه‌كانیان له‌باره‌ی‌ دیاریكردنی‌ پۆست و پله‌وپایه‌ باڵاكانی‌ حكومه‌ت به‌رده‌وام بن، ئه‌وا ئاینده‌یه‌كی‌ ناڕوون و شووم چاوه‌ڕوانی‌ عیراق ده‌كات، پاشان شه‌ڕی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ و خۆقایمكردن و كۆنترۆڵكردن ده‌گاته‌ لوتكه‌، به‌ڵكو یاساكانی‌ ئه‌و گه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌ باڵاده‌ست ده‌بن كه‌ هه‌رگیز له‌ په‌یڕه‌وكردنی‌ سیستمی‌ دیموكراسی‌ و ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات و حوكمی‌ دامه‌زراوه‌ییدا جێگه‌یان نابێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌های‌ دانپێدانراوی‌ هه‌ره‌ كاریگه‌ر له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه‌ ته‌نها و ته‌نها هێزه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌ی‌ عیراقییه‌كان ئه‌و مه‌نتیقه‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ ده‌رچه‌یه‌كی‌ به‌په‌له‌ ده‌گه‌ڕێن تاكو قه‌یرانه‌كه‌ نه‌بووه‌ته‌ ڕاسته‌قینه‌.

Shafaq Live
Shafaq Live