عیراق به‌بێ‌ ئه‌وان

عیراق به‌بێ‌ ئه‌وان
2010-01-18T16:47:39+00:00

نوێ‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. دوێنێ‌ نه‌هرۆ عه‌بدولكه‌ریم و ساڵح موتڵه‌گ و ئه‌مڕۆش زافر ئه‌لعانی‌ و رافع ئه‌لعیساوی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ عیراق دوورده‌خرێنه‌وه‌.

ده‌زگای‌ "لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری‌"، به‌ پشتیوانی‌ گه‌لی‌ عیراق و سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسیی‌ وڵات، لێناگه‌ڕێ‌ به‌عسییه‌كانی‌ دوێنێ‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ جاران سه‌ردار بن و هه‌وڵ‌ بۆ له‌بیركردنی‌ سه‌رده‌می‌ تاریك و خوێناویی‌ به‌عسی‌ عه‌ره‌بی‌ بده‌ن. عیراق بێ‌ ئه‌وان هه‌نگاوه‌كانی‌ خێراتر ده‌كات و گورجوگۆڵتر ڕووه‌و ئه‌و ئاسۆیه‌ خۆی‌ تاو ده‌دات كه‌ ڕۆژێكی‌ ڕووناكتری‌ لێوه‌ هه‌ڵدێت.

به‌عسییه‌كانی‌ دوێنێ‌ و ڕموزه‌ سیاسییه‌كانی‌ ئه‌مڕۆ كه‌ به‌ دوورخستنه‌وه‌یان له‌ هه‌ڵبژاردن خۆیان به‌ مه‌غدوور ده‌زانن، ده‌یانه‌وێت هه‌روا به‌ئاسانی‌ ڕابردوو له‌بیربچێته‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌یان بۆ ئاوه‌ڵا بكرێت تا وه‌ك جاران ئه‌سپی‌ خۆیان تاوبده‌ن و ڕمبازێی‌ خۆیان بكه‌ن.

عیراق، تاوان و سه‌ركوتكاری‌ و خوێنڕشتن و بێسه‌روشوێنكردنی‌ ڕۆڵه‌كانی‌ له‌یاد ناكات و به‌ پشتیوانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ بوێرانه‌ ده‌ست به‌چاوی‌ ئه‌وانه‌دا ده‌كات كه‌ تا دوێنێ‌ عیراقییه‌كانیان چه‌واشه‌ ده‌كرد و له‌گه‌ڵ‌ (قائد الامه‌ و بانی‌ مجد العراق) بره‌ویان به‌ سیاسه‌تی‌ به‌عسیزم ده‌دا له‌ وڵاتدا.

كارامه‌یی‌ و لێوه‌شاوه‌یی‌ و دڵسۆزی‌ ئه‌وانمان گه‌ره‌ك نییه‌ و پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ نوێی‌ عیراق به‌بێ‌ ئه‌وان ته‌ندروست ده‌بێت و به‌بێ‌ ئه‌وان قۆناغه‌كانی‌ گه‌شه‌كردن و په‌ره‌سه‌ندن و بنیاتنانه‌وه‌ زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌ڕوات.

ئه‌وان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ڕابردوودا ده‌ستیان له‌گه‌ڵ‌ ده‌زگا ئه‌منی‌ و موخابه‌راتییه‌كانی‌ به‌عس تێكه‌ڵ‌ بووه‌، له‌مڕۆشدا سه‌رقاڵی‌ یارییه‌كی‌ مه‌ترسیدارن و به‌ ریمۆنت كۆنترۆڵی‌ ده‌ستی‌ ئه‌و ناحه‌زانه‌ ده‌جوڵێنه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراقن و چاویان به‌ بزه‌و خه‌نده‌ی‌ منداڵانی‌ عیراق و نه‌وه‌ی‌ نوێی‌ وڵات هه‌ڵنایه‌ت.

به‌عسییه‌كانی‌ دوێنێ‌ نابنه‌ فریادڕه‌س بۆ عیراق و ناشتوانن له‌دوای‌ ئه‌و مێژووه‌ ڕه‌شه‌ی‌ كه‌ تۆماریان كرد، مێژوویه‌كی‌ نوێ‌ بۆخۆیان دروست بكه‌ن.

عیراقییه‌كان به‌ بوونی‌ ئه‌وان له‌ ڕیزی‌ پێشه‌وه‌، هه‌ست به‌ دوو دڵی‌ ده‌كه‌ن و  هه‌ست و مه‌ترسیی‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و سته‌مكاری‌ له‌ ناخیاندا چه‌كه‌ره‌ ده‌كاته‌وه‌.

عیراق له‌ڕێی‌ "لێپرسینه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ری" و به‌ پشتیوانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌، چاو به‌ مێژوودا ده‌خشێنێته‌وه‌ و وڵات له‌ چقڵ‌ و چێو و كۆزه‌ره‌كان پاكده‌كاته‌وه‌ و ڕێگه‌نادات سه‌رده‌می‌ كۆن له‌ژێر ناوه‌ جیاوازه‌كاندا خۆی‌ قوتبكاته‌وه‌ و هه‌وڵ‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ عه‌فله‌قی‌ بدات.

 

Shafaq Live
Shafaq Live