سه‌یف ئه‌لخه‌یات: خۆزگه‌ كوردێكی فه‌يلی بوايام...

سه‌یف ئه‌لخه‌یات: خۆزگه‌ كوردێكی فه‌يلی بوايام...
2009-12-09T12:17:59+00:00

راگه‌یاندنه‌ عێراقی‌ جیهانیه‌كانی‌ سه‌رقاڵكردوه‌ كه‌ رۆژی‌ 1/12/2009 له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌پاریسی‌ پایته‌ختی‌ فه‌ره‌نسادا رویدا.

پرسیاره‌كانمان له‌وه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ین كه‌ له‌كاتی‌ سه‌ردانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی‌ بۆ فه‌ره‌نسا، به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌مزی‌ له‌باڵه‌خانه‌ی‌ شاره‌وانی‌ پاریس خۆت له‌سێداره‌دا، مه‌به‌ستت له‌مكاره‌ چی‌ بو؟

ئه‌لخه‌یات: رۆژی‌  17/11/2009 له‌كاتی‌ سه‌ردانی‌ تاڵه‌بانی‌ بۆ پاریس‌و كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ره‌وه‌ندی‌ عێراقی‌ له‌فه‌ره‌نسا، وه‌ك ته‌عبیرێكی‌ ره‌مزی‌ په‌تی‌ له‌سێداره‌م له‌ملی‌ خۆم كرد‌و نوسراوێكم به‌ده‌سته‌وه‌ گرت كه‌ تێیدا هاتبو "ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌عێراق"، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ك بو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌عێراقدا له‌سێداره‌دراوه‌. مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كیم له‌مكاره‌ ئه‌وه‌ بو سه‌رۆك كۆمار به‌ئاگابێنمه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌ركی‌ وه‌زیفی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ جێبه‌جێبكات كه‌ بریتیه‌ له‌پاراستنی‌ ده‌ستوری‌ عێراقی‌. له‌ماده‌ی‌ 67ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقدا هاتوه‌ ئه‌ركی‌ سه‌رۆك كۆمار پاراستنی‌ ده‌ستوره‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌رده‌وام به‌نده‌كانی‌ ئه‌و ده‌ستوره‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی‌ بریتیه‌ له‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین، له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ به‌غداوه‌ پێشێلده‌ركرێت.من ئومێدی‌ گه‌وره‌م به‌تاڵه‌بانی‌ هه‌بو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆم ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانمان گوێ‌ له‌نوخبه‌ی‌ رۆژنامه‌نوسان‌و رۆشنبیران ناگرن. نوسه‌ر‌و رۆشنبیری‌ ناسراوی‌ كورد مه‌ریوان وریا قانع ده‌ڵێت جیاوازی‌ له‌نێوان سه‌رده‌می‌ سه‌دام‌و ئێستادا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌كاتی‌ سه‌دامدا گه‌ر قسه‌ت بكردایه‌ ده‌كوژرای‌، ئێستا بۆت هه‌یه‌ قسه‌ بكه‌یت، به‌ڵام كه‌س گوێت لێناگرێت. به‌داخه‌وه‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان له‌عێراق‌ رۆژنامه‌نوسان‌و رۆشنبیران به‌دوژمنی‌ خۆیان ده‌زانن.

بابێینه‌ سه‌ر باسی‌ پێڵاوه‌كه‌، بۆچی‌ ئه‌و پێڵاوه‌ت گرته‌ مونته‌زه‌ر زه‌یدی‌؟

ئه‌لخه‌یات: له‌راستیدا ئه‌و پێلاوه‌ روبه‌روی‌ مونته‌زه‌ر زه‌یدی‌ نه‌بوو هێنده‌ی‌ روبه‌روی‌ لایه‌نگرانی‌ دیكتاتۆریه‌ت بوو، مونته‌زه‌ر ته‌نها ئامرازێكه‌ به‌ده‌ست ئه‌و تاقم‌و گروپانه‌وه‌، له‌سه‌روی‌ هه‌موشیانه‌وه‌ حزبی‌ به‌عس‌و سیسته‌مه‌ زۆرداره‌كانی‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌. من ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ له‌جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌تایبه‌تی‌‌و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی‌ له‌كۆی‌ زیاتر له‌ 20 وڵات، هه‌ڵبژاردنی‌ دیموكراسی‌‌و راسته‌قینه‌ ته‌نها له‌عێراق‌و ئیسرائیلدا هه‌یه‌. پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌‌و دیموكراسی‌ له‌عێراقدا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌ دیكتاتۆریه‌كان كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌باوكه‌وه‌ ده‌گواسترێته‌وه‌ بۆ كوڕ. ئه‌و وڵاتانه‌ باش ده‌زانن كه‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ورده‌ ورده‌ دزه‌ ده‌كاته‌ وڵاته‌كانی‌ ئه‌وانیش، بۆیه‌ مونته‌زه‌ر پێڵاوه‌كه‌یان كرد به‌پاڵه‌وان.

پێشوه‌خت خۆت بۆ ئه‌و كاره‌ ئاماده‌كردبو؟

ئه‌لخه‌یات: نه‌خێر.. من له‌سه‌ره‌تادا هه‌وڵی‌ قسه‌كردنمدا، به‌ڵام رێكخه‌رانی‌ كۆنگره‌كه‌ رێگه‌ی‌ قسه‌كردنیان پێنه‌دام، چونكه‌ قسه‌كانم به‌دڵی‌ ئه‌وان نه‌بوو، بۆیه‌ زانیم كه‌ ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌زمانی‌ پێلاو، زمانی‌ تر نازانن. ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كردم ته‌نها دێڕێك بو به‌زمانی‌ ئه‌وان، دێڕێك بو كه‌ ئه‌وان لێی‌ تێده‌گه‌ن. له‌هه‌مان كاتیشدا ویستم به‌مونته‌زه‌ر‌و كۆی‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌ بڵێم پێڵاو پاڵه‌وان دروست ناكات، ئه‌وه‌ی‌ به‌پێڵاو بوه‌ پاڵه‌وان هه‌ر به‌پێڵاو روخا.

په‌شیمانیت له‌و كاره‌؟

ئه‌لخه‌یات: ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ رونبكه‌مه‌وه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دڵخۆش نیم به‌و كاره‌‌و خۆم به‌پاڵه‌وان نازانم وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكانێكی‌ زۆر له‌نوسینه‌كانیاندا ئاماژه‌یان پێداوه‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كردم ته‌نها نامه‌یه‌ك بو بۆ ئه‌وانه‌ی‌ به‌ڕوی‌ پڕۆسه‌ی‌ دیموكراتی‌ عێراق ده‌وستنه‌وه‌‌و ده‌یانه‌وێت ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ بشێوێنن.

به‌ر له‌گرتنی‌ پێڵاوه‌كه‌ت، وتت چۆن رۆژی‌ روخانی‌ سه‌دام رۆژی‌ داگیركردنه‌، مه‌به‌ستت چی‌ بو؟

ئه‌لخه‌یات: رۆژی‌ رۆخانی‌ سه‌دام، هێنده‌ی‌ رۆژی‌ ئازادكردنی‌ عێراقیه‌كانه‌، هێنده‌ داگیركردن نییه‌، دواتر قسه‌كردن له‌سه‌ر داگیركردن به‌میزاجی‌ شه‌خسی‌ نییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ مونته‌زه‌ر زه‌یدی‌ ده‌یكات، به‌ڵكو به‌پێێ‌ یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و بڕیاره‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشه‌. ئه‌نجومه‌نی‌ ناوبراو له‌ساڵی‌ 2005دا وتی‌ عێراق وڵاتێكی‌ داگیركراو نییه‌‌و خاوه‌نی‌ سه‌روه‌ری‌ خۆیه‌تی‌‌و هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و فره‌نه‌ته‌وه‌ به‌ویستی‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌ له‌و وڵاته‌دا ماونه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ی‌ مونته‌زه‌ر‌و هاوشێوه‌كانی‌ ده‌یكه‌ن، جگه‌ له‌قه‌وانه‌ سواوه‌كه‌ی‌ به‌عس، هیچی‌ تر نیه‌.

زۆرێك به‌وه‌ تۆمه‌تبارتده‌كه‌ن كه‌ تۆ ئه‌م كاره‌ت ته‌نها بۆ نابانگده‌ركردن كردوه‌؟

ئه‌لخه‌یات: من پێویستیم به‌ناوبانگ نیه‌، من به‌شی‌ خۆم له‌ناوه‌ندی‌ رۆژنامه‌وانی‌‌و سیاسی‌ عێراق ناسراوم‌و خاوه‌نی‌ مێژویه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ گه‌وره‌م، ئه‌مه‌ جگه‌ی‌ له‌وه‌ی‌ دوو كتێبم هه‌یه‌‌و ئێستا سه‌رقاڵی‌ نوسینی‌ كتێبی‌ سێهه‌مم. ئه‌وه‌ی‌ من كردم بۆ ناوبانگ نه‌بو، به‌ڵكو كه‌رامه‌تی‌ رۆژنامه‌نوسی‌ عێراقیم گه‌ڕانده‌وه‌ هه‌ر له‌زاخۆوه‌ تاكو به‌سره‌ كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن مونته‌زه‌ره‌وه‌ له‌كه‌داركرا، من كۆتاییم به‌سیاسه‌تی‌ شكاندنی‌ قه‌ڵه‌م‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ پێڵا هێنا.

زۆرێك له‌و نوسینانه‌ی‌ له‌دژی‌ تۆ‌و روداوی‌ پێڵاوگرتنه‌كه‌ت نوسراون ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ تۆ كوردی‌ فه‌یلیت؟

ئه‌لخه‌یات: من عه‌ره‌بم‌و خه‌ڵكی‌ باشوری‌ عێراقم‌و به‌تایبه‌تیتر خه‌ڵكی‌ شاری‌ ناسریه‌م‌و سه‌ر به‌عه‌شره‌تی‌ موسه‌ویم كه‌ نه‌وه‌ی‌ پێغه‌مبه‌رین، به‌ڵام گه‌ر به‌عسیه‌كان‌و عه‌ره‌به‌ نه‌ته‌وه‌چی‌‌و شۆڤینیه‌كان كورد بون به‌تۆمه‌ت بزانن، من به‌شه‌ره‌فی‌ ده‌زانم‌و شانازی‌ ده‌كه‌م كورد بم، گه‌ر مرۆڤ خاوه‌نی‌ توانای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ هه‌بوایه‌، شانازیم ده‌كرد خۆم به‌كوردی‌ فه‌یلی‌ بزانم كه‌ خه‌ڵكی‌ ره‌سه‌نی‌ ئه‌م وڵاته‌ن. من پێم وایه‌ عێراق به‌بێ‌ كورد وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ بێ‌ دیجله‌‌و فورات بێت.

من له‌ساڵی‌ 1997 تاكو 2003 وه‌ئۆپۆزیسیۆن له‌چیاكانی‌ كوردستاندا له‌گه‌ڵ حزبی‌ شیوعی‌ پێشمه‌رگایه‌تیم كردوه‌ وه‌ك شه‌قڵاوه‌‌و سۆران‌و گه‌رمیان‌و سڵێمانی‌‌و هه‌ورامان.

سه‌یف ئه‌لخه‌یات

رۆژنامه‌نوسێكی‌ عێراقی‌ عه‌ره‌بی‌ شیعه‌ی‌ له‌دایك بوی‌ 1976ـه‌. له‌ناوه‌ندی‌ رۆژنامه‌وانی‌ عێراقدا به‌كه‌سێكی‌ عه‌جول‌و فه‌وزه‌وی‌ ناسراوه‌. ده‌رچوی‌ په‌یمانگای‌ هونه‌ره‌جوانه‌كانی‌ به‌غدا به‌شی‌ شانۆیه‌. ساڵی‌ 1997 ده‌ستی‌ به‌كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ كردوه‌. خاوه‌نی‌ دوو كتێبه‌، یه‌كه‌میان ساڵی‌ 2005 به‌ناوی‌ "كیف حكموا العراق"‌و دوه‌میان له‌ساڵی‌ 2006 به‌ناوی‌ "العقده‌ والعقیده‌".

له‌ساڵی‌ 2008دا له‌ناوه‌ڕاستی‌ به‌غدا روبه‌روی‌ هه‌وڵی‌ تیرۆركردن بووه‌وه‌، پاشان روی‌ كرده‌ وڵاتی‌ فه‌ره‌نسا‌و ئێستا وه‌ك په‌نابه‌ری‌ سیاسی‌ له‌پاریس نیشته‌جێیه‌.

 

 

 

ئا: دانا ئه‌سعه‌، پاریس

 

ئاوێنه‌

 

Shafaq Live
Shafaq Live