ساڵح موتڵه‌گ و په‌تاته‌

ساڵح موتڵه‌گ و په‌تاته‌
2010-02-03T14:03:19+00:00

ساڵی‌ 2003 هاته‌ سه‌ر شانۆی‌ سیاسه‌ت له‌ عیراق. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌توندی‌ كه‌وته‌ دژایه‌تیكردنی‌ هه‌موو ئه‌و ئاراسته‌ و هێز و به‌رنامانه‌ی‌ كه‌وا له‌ چوارچێوه‌ی‌ ڕه‌سمیاتی‌ عیراقی‌ تازه‌ داده‌تراشان و به‌رژه‌وه‌ندی‌ یان جۆرێك له‌ سه‌لماندنی‌ مافی‌ كوردیان تێدا بوو یان لایه‌نگریان بۆ ئه‌و مافانه‌ هه‌بوو. له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ڕابردوو دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ فشاری‌ ئه‌مریكیه‌كان و چه‌ند وڵاتێكی‌ ناوچه‌كه‌ توانرا عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ش هه‌ندێكیان قه‌ناعه‌ت پێبكرێن و بێنه‌ ناو پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ تازه‌ی‌ عیراق ساڵح موتڵه‌گ هه‌ر زوو خۆی و گروپه‌كه‌ی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ڕێكخراوێكی‌ سیاسی‌ ڕێكخستبوو به‌ناوی‌ "دیالۆگی‌ نیشتمانی‌" توانی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانی‌ عیراق له‌ ساڵی‌ 2005 یازده‌ كورسی‌ بهێنێ‌ له‌ كۆی‌ 275 كورسی‌ په‌رله‌مان. ساڵح موتڵه‌گ له‌و ماوه‌یه‌دا وه‌ك ئۆپۆزسیۆنێكی‌ سه‌رسه‌ختی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ و هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ كه‌وا له‌نێوان پێكهاته‌ سیاسییه‌كانی‌ وڵات ده‌كرا بۆ به‌ره‌و پێشبردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ عیراقدا. بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌م جاره‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ داهاتوو موتڵه‌گ چووه‌ ناو هاوپه‌یمانیه‌كی‌ به‌هێز كه‌وا له‌ سیما و خه‌سڵه‌تدا لیست و هاوپه‌یمانی‌ حزبی‌ به‌عس و هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌وا به‌ ئایدیا و بیری‌ ئه‌وان بیرده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ عیراق و داهاتووی‌ عیراق، به‌ڵام خه‌ریكه‌ ڕیسه‌كه‌ له‌ ساڵح موتڵه‌گ و زۆر له‌ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ ده‌بێته‌وه‌ خوری‌، ئه‌ویش به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ پازده‌ قه‌واره‌ و چوارسه‌د پاڵێوراو بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتمانی‌ به‌ تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ حزبی‌ به‌عس له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یانگرێته‌وه‌. ساڵح موتڵه‌گیش یه‌كێك بووه‌ له‌ به‌عسیه‌ چالاك و پله‌داره‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ ڕژێمی‌ به‌عس. ئه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ بێت له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه‌ له‌سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌دام حسێن یه‌كێك بووه‌ له‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كانی‌ ساجیده‌ی‌ ژنی‌ سه‌دام حسێن و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پڕۆژه‌ و كاره‌ بازرگانیه‌كانی‌ بووه‌. هه‌روه‌ها ساڵح موتڵه‌گ زه‌ویوزارێكی‌ زۆری‌ ناوچه‌ی‌ كه‌ندێناوه‌ی‌ سه‌ر به‌ قه‌زای‌ مه‌خموری‌ خرابووه‌ ژێر ده‌ست تاكو بیكاته‌ كشتوكاڵ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ یارمه‌تی‌ زۆری‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پێدرابوو، ئه‌ویش زۆربه‌ی‌ ئه‌و زه‌ویانه‌ی‌ كردبوو به‌ په‌تاته‌. واته‌ ساڵح موتڵه‌گ له‌ به‌عسیاتی‌ و په‌تاته‌ چاندنه‌وه‌ بۆ سه‌ر شانۆی‌ سیاسه‌ت و ئۆپۆزیسۆن له‌ عیراق، به‌ڵام لێره‌دا ده‌بێ‌ ڕاستیه‌ك بڵێین حزبی‌ به‌عسی‌ ڕووخاو به‌چه‌ندین شێوه‌ له‌ عیراقدا خۆی‌ ڕێكخستۆته‌وه‌. به‌م كاره‌ی‌ حكومه‌تی‌ عیراق هه‌نگاوێكی‌ نیشتمانی‌ و ڕاستی‌ هاویشتووه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی‌ به‌عسیه‌كان. بۆیه‌ له‌داهاتوویه‌كی‌ نزیكدا ده‌بێ‌ حكومه‌تی‌ عیراق هه‌موو ئه‌گه‌رێك له‌به‌رچاو بگرێ‌. ئه‌ویش دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ توندوتیژییه‌كانه‌. به‌هۆی‌ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی‌ به‌عسیه‌كان دراوه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێستا و داهاتووی‌ عیراق، عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ له‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ وه‌ك ساڵح موتڵه‌گ سیاسی‌ ئه‌وتۆیان نییه‌ كه‌وا دیاربێت له‌سه‌ر شانۆی‌ سیاسه‌تی‌ عیراقی‌، چونكه‌ زۆربه‌یان له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ندین ده‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ عیراق بوونه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ڕێكخستنی‌ حزبی‌ به‌عسی‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌. بۆیه‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ ئه‌مانه‌ له‌ ساته‌وه‌ختی‌ ئێستا واته‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ هه‌ڵسوڕاو سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ سوننه‌. ئه‌وانه‌ی‌ له‌دوای‌ پڕۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عیراق ڕابه‌رایه‌تی‌ گه‌وره‌ترین توندوتیژیان كرد له‌ وڵاتدا و بوونه‌هۆی‌ له‌ناوچوونی‌ سه‌دان هه‌زار عیراق و هه‌زاران سه‌ربازی‌ ئه‌مریكی‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی‌. بۆیه‌ له‌سه‌روبه‌ندی‌ دووباره‌ هه‌ڵبژاردن و پاشه‌كشه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق و كامل نه‌بوونی‌ هێزی‌ سوپا و پۆلیس و ئاسایشی‌ عیراق به‌شێوه‌یه‌ك بتوانێ‌ ئاسایش سه‌قامگیربكات. ئاساییه‌ جارێكی‌ تر شه‌پۆلی‌ توندوتیژی‌ سه‌راپای‌ عیراق بگرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ به‌عسیه‌كان جارێ‌ تادوا هه‌نگاو دێن تاكو بێنه‌ ناو پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ عیراق. وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان به‌ده‌ستیان هێنا، ئه‌گه‌ر بێ‌ هیوابوون ئه‌وه‌ به‌دڵنیایه‌وه‌ شه‌پۆلێكی‌ تری‌ توندوتیژی‌ به‌ده‌نی‌ عیراق جارێكی‌ تر خه‌ڵتانی‌ خوێن ده‌كاته‌وه‌. كه‌واته‌ ساڵح موتڵه‌گ په‌تاته‌ چاندنه‌كه‌ی‌ له‌ده‌ستچووه‌، چونكه‌ ئه‌و زه‌ویانه‌ی‌ ده‌یكرد به‌ په‌تاته‌ ئێستا كه‌وتۆته‌وه‌ ده‌ست خاوه‌نه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی‌ خۆیان كه‌ كورده‌. له‌ سیاسه‌تیش وه‌لای‌ بنێن چی‌ بۆ ده‌مێنێته‌وه‌. ته‌نها شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و توندوتیژی‌.

Shafaq Live
Shafaq Live