زمانی دایک وەکوو مانیفستۆی مانەوە

زمانی دایک وەکوو مانیفستۆی مانەوە
2025-02-22 13:57

به‌در سمایل شیرۆكی/ لەهەموو سەردەمێکدا، بەپێی گۆڕانی میتۆدی ژیان، لە نێو گەلانی بێ دەوڵەت، زمانی دایک پارچەیەکی بنیاتی و گرنگی ناسنامەی فەرهەنگی و مێژوویی هەر گەل و نەتەوەیەکە، بەتایبەتتریش بۆ ئەو گەلە زیندووانەی، کە سەودای نەچوونە ژێر نیری دیلی و ژیردەستی  و شکۆی خۆ پاراستنیان لە هزر و ستراتیژیدا هەبێت.

لە دیدێکی دیکەوە پرسی زمان بۆ گەلانی بێ دەوڵەت، بە یەکێک لە گرنگترین کەرەستەی خۆ پارێزی و مانەوە و گواستنەوەی فەرهەنگ و نەریت و مێژوو و ئوستورەکانی، بۆ نەوەکانی دوارۆژ  دادەنرێ و بە مەرجێکی ژیانەکی دەزانرێ، چونکە زمانی دایک بەڵگەیەکی خۆناسینەوەیە، کە هاوکاریی ئەندامانی کۆمەڵگە دەدات، کە خۆیان بە پارچەیەک لە کۆمەڵگەیەکی دیارکراوی مرۆڤی بناسن.

زمانی دایک زۆر فراوانتر لە رۆلی لۆکالی گەلسازیی خۆی، بەشێکی بنەڕتی پێکهێنەری کوڵتووری هاوبەشی مرۆڤایەتییە، بەتایبەتی گرنگی ئەم هاوبەشییە بۆ گەڵانی بێ دەڵەت، لەوێڕا زیادتر خۆی پێشان دەدات، کە ئەو هاوبەشییەت پێدەبەخشێ، بۆ ئەوەی لە هەر گۆشەیەکی جیهان و لەهەر رەگەز و فەرهەنگ و زمان و نەتەوەک بن، رەنگێک بن لە نێو رەنگەکانی رەنگاڵەی کۆمەڵگە و کووڵتوری جیهانی مرۆڤایەتی بەگشتی.

لە حالێکدا، کە هێشتا زۆر لەگەلانی بێ دەوڵەت  لە گۆشەو کەناری جیهان، لە ژێر هەڕەشەی یەکسانکردنی کۆمەڵایەتی و تواندنەوەی زمانی و فەرهەنگیدان، مانەوەیان وەکوو نەتەوە و زمان و فەرهەنگ لەژێر مەترسی لەناوچون و فەوتاندایە، زمانی دایک ئەگەر بە ئیرادە و بوێری و هەندێک دەمارگرژیی ناسنامەییەوە داکۆکی لێ بکرێ، دەکرێ تەنانەت لەو سەردەمەی خیرایی و تکنۆلۆژی گەیاندن و جیهانگیریشدا، چەکێکی هەرەکاریگەری بەرگری لە مانەوەی ئەو گەلانە بکات، تا خۆیان لە توانەوە لە بۆتەی زمان و فەرهەنگی سەردەست و هێرشهێن و داگیرکەر بپارێزن، هەروەک بەدرێژایی مێژوو، زمان ئەگەر تاکە هۆکار نەبێ، لێ کاریگەرترین هۆکاری خۆڕاگری و مانەوە و خۆناسینەوەی گەلی کورد بووە.

ناکرێ تەنانەت بەشێوەیەکی زۆر سادە و روکەشیش گومان لەسەر ئەوە دروست بکەین، کە زمانی دایک رۆلی هەرەکاریگەر و یەکلاکەرەوەی لە پێکەوە گرێدانی هەلقەکانی یەکێتی نەتەوەیی و هاوجارەنووسی لە پرسی خۆ بە یەک گەل و یەک رەگەز زانین هەیە، سەرباری ئەوەی کە ئەوە بۆ گەلانی بێ دەوڵەت، دەشی  تەنیا رێگای بەردەستبیت، بۆ ئەوەی بەشێوەی سروشتی لەگەڵ کۆمەڵگە و خیزانی زمانەوانیی خۆ لە پەیوەندی و یەکگریدا بمێننەوە، بۆیە زمان وەکوو ئاستەنگێکی سەرەکی هەمیشە لەسەروی خواستی گەلان، بۆ مافداری لە پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایک بووە. 

ئەو پرسە نەتەنیا بۆ پرۆسەی خوێندن و فێربوون، بەلکوو هۆکاریکی بنچینەییە لە دەستنیشانکردنی ئەو هەلومەرجەی کە تێیدا رۆڵەکانی نەتەوەیەک بە هۆیەوە لە رەسەن و ناسنامەی خۆیان ئاگادار ببنەوە. 

بەشێوەیەکی گشتی زمانی دایک بۆ گەلانی بێ دەوڵەت، نەبەتەنێ کەرەستەیەکە بۆ پەیوەندی و لێک گەیشتن، بەڵکوو وێنای ناسنامەی فەرهەنگی و سیاسی و نەتەوەیییە، کە هاوکار و پشتیوان دەبێ لە بەرابەر ئالەنگاری و ئاستەنگە هەمەچەشنەکان، گەلانی بێ دەوڵەت دەپارێزێ و مانیان گرەنتی دەکات.

00:00
00:00
Shafaq Live