دوو ڕیانه‌كانی به‌رده‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه‌ به‌سه‌رچوو

دوو ڕیانه‌كانی به‌رده‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه‌ به‌سه‌رچوو
2010-03-31T13:22:18+00:00

گه‌وره‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێ ببرێته‌وه‌، یان هه‌موو ڕیسه‌كه‌ی لێ بكاته‌وه‌ به‌ خوری، له‌وه‌ختێكدا ئاكامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌و جۆره‌ نه‌كه‌وته‌وه‌ كه‌ خۆی ده‌یخوازێ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شمان له‌یاد بێت دوای ده‌ركه‌وتنی ئاكامه‌كانی هه‌ڵبژاردن فاكته‌ری كاتیش ڕۆڵێكی گه‌وره‌ له‌ ته‌گبیری پێكهاتنی حكومه‌تدا ده‌گێڕێت، ئینجا ده‌زانین ئه‌م دۆخه‌ شڵه‌ژاوه‌ ناولێنانێكی په‌ڕگیر نییه‌. بۆ ئه‌وه‌ی بایه‌خی (كات) له‌م دۆخه‌ی مالیكی تێبگه‌ین با بۆ یه‌ك ساته‌وه‌خت گریمانه‌ی ئه‌وه‌ دابنێین مالیكی و هاڤبه‌ندییه‌كه‌ی، ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا، (91) كورسیان هێناوه‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ د.عه‌لاوی و لیسته‌كه‌ی، ئه‌لعیراقیه‌، 89 كورسیان به‌ نسیب بووه‌. له‌حاڵێكی وادا ئاسان بوو سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا هه‌ر له‌مڕۆوه‌ مرخی له‌ نوێكردنه‌وه‌ی ویلایه‌ته‌كه‌ی خۆی، بۆ چوار ساڵی تر، خۆش بكردبایه‌. (91) كورسی بۆ ئه‌و به‌نرختر ده‌بوو له‌هه‌مان ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی كه‌ عه‌لاوی به‌ده‌ستی هێناوه‌، چۆن؟

لیستی یه‌كه‌م، فراكسیۆنی گه‌وره‌

راسته‌وخۆ له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌ماندا ده‌بووه‌ گه‌وره‌ترین فراكسیۆن(1) بێ ئه‌وه‌ی په‌له‌ی بێت له‌ دروستكردنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لیستی سوننه‌تی شیعه‌كان، واتا ئیئتیلافی  نیشتمانی عیراقی به‌ سه‌رۆكایه‌تی د.ئیبراهیم جه‌عفه‌ری.

ده‌یتوانی به‌و پێسپاردنه‌ی سه‌رۆك كۆماری داهاتوو ڕاسته‌وخۆ ده‌ست به‌ پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی بكات و بژاره‌یه‌كی زیاتری له‌ به‌رده‌مدا ده‌بوو.

به‌ڵام ئێستا كه‌ د.عه‌لاوی 91 كورسی هه‌یه‌ و ده‌وڵه‌تی یاسا ته‌نها 89ی مسۆگه‌ر كردووه‌، كه‌ وابێ مالیكی به‌په‌له‌ و به‌ بژاره‌یه‌كی كه‌مه‌وه‌ ناچاره‌ له‌گه‌ڵ هاڤپه‌ندی سوننه‌تی شیعه‌ پێكبێت و به‌ كۆمه‌ڵێك دانه‌واندنه‌وه‌ داوای پێكهاتنیان لێ بكات تاكو له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌ماندا فراكسیۆنێكی گه‌وره‌تری هه‌بێت(89 كورسی خۆی+71كورسی لیسته‌كه‌ی دیكه‌ی شیعه‌) كه‌ ئه‌ركی حكومه‌ت پێكهێنانی پێ بسپێردرێت.(2)

جا ئه‌و دۆخه‌ له‌ كوێ كه‌ خۆی (91)ی هه‌بێ و به‌شێنه‌یی له‌گه‌ڵ هاڤپه‌ندی شیعه‌ و هاوپه‌یمانیی كوردستان ڕێك بكه‌وێت و ئه‌م دۆخه‌ شڵه‌ژاوه‌ی ئێستا له‌كوێ كه‌ كه‌شتییه‌كه‌ی عه‌لاوی له‌ دواوه‌ ڕاوی ده‌نێت و له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌ریای هاڤپه‌ندی سوننه‌تی شیعه‌كان پڕه‌ له‌ تیمساحی ئاماده‌بوو بۆ قوتدان و تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌و مالیكییه‌ی به‌ شێوازی هه‌مه‌جۆر داخی خسته‌ دڵی  سه‌ركرده‌كانی هاڤپه‌ندی شیعه‌وه‌. ئه‌م هاڤپه‌ندییه‌:

یه‌كه‌م- به‌ سه‌رۆكایه‌تی د.ئیبراهیم جه‌عفه‌رییه‌ كه‌ دوو تۆڵه‌ی حكومه‌تیی و حزبی لای مالیكی هه‌یه‌. چوون مالیكی به‌هاوكاری كورده‌كان سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی له‌ یه‌كه‌م حكومه‌تی جێگیردا لێ وه‌رگرته‌وه‌ و دوای ماوه‌یه‌كیش له‌ كۆنگره‌ی گشتی حزبی ده‌عوه‌شدا به‌ڕه‌ی سه‌رۆكایه‌تی و وته‌بێژی حزبی ده‌عوه‌شی له‌بن پێ ده‌رهێنا. جه‌عفه‌ری كه‌ له‌گه‌ڵ كورده‌كانیشدا گیروگازی زۆر بوو، به‌تایبه‌تی له‌ پرسی كه‌ركوكدا، سه‌ره‌نجام ناچاربوو ڕه‌وتی چاكسازی دروست بكا و له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا به‌ لیستێكی جیا به‌شداری بكات.

دووه‌م- له‌ناو هاڤبه‌ندی سوننه‌تی شیعه‌دا ڕه‌وتی سه‌در به‌ (40) كورسییه‌وه‌ ئاماده‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ مالیكی كه‌ لووتی سه‌درییه‌كانی شكاند له‌ به‌سراوه‌ تا مه‌دینه‌ی سه‌در له‌ بناگوێی به‌غدادا، ئه‌م ڕه‌وته‌ تۆڵه‌ی خوێنی لای مالیكییه‌، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو، د.ئه‌یاد عه‌لاویش له‌ساڵی 2004دا گێمێكی دیكه‌ی شه‌ڕی له‌گه‌ڵ سه‌درییه‌كان كرد، به‌ڵام ڕه‌وتی سه‌در زیاتر له‌گه‌ڵ مالیكی به‌ده‌عوایه‌، چونكه‌ لێدانی عه‌لاوی بووه‌ مایه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری ناوبانگی سه‌در له‌ناو شه‌یعه‌دا به‌و پێیه‌ی عه‌لاوی له‌ به‌ره‌ی نه‌یارانی ئیسلامیی شیعییه‌، به‌ڵام لێدانی مالیكی له‌ به‌سره‌ و له‌ مه‌دینه‌ی سه‌در و له‌ته‌واوی باشووری عیراق، ڕه‌وتی سه‌دری وه‌ك له‌ یاسا ده‌رچوو ده‌رخست كه‌ مالیكی له‌ هه‌مان ماڵی شیعه‌كانه‌وه‌ ته‌مبێیانی كردووه‌.

سێیه‌م- ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامیی له‌ عیراق به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رمونیانتر بیر له‌ دۆخی مالیكی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی ئه‌م گردبوونه‌وه‌ سیاسییه‌ دێرینه‌ گه‌لێك له‌ مالیكی و حزبه‌كه‌ی به‌داخه‌. داخی به‌زاندنی ڕه‌وتی سوننه‌تی شیعه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌جیا دابه‌زی. زه‌فه‌ر بردنی حزبی ده‌عوه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت له‌ ده‌ورانی مالیكیدا كه‌ بووه‌ مایه‌ی بووژاندنه‌وه‌ی ده‌عوه‌ و كه‌ڵه‌گه‌تبوونی مالیكی. ئه‌نجومه‌نی باڵا  ئه‌م كه‌ڵه‌گه‌تبوونه‌ له‌سه‌ر حیسابی خۆیان لێكده‌ده‌نه‌وه‌ و پێیانوایه‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ئه‌سڵدا  هی ئه‌وان بوو، به‌تایبه‌تی هی د.عادل عه‌بدولمه‌هدی، كه‌ ده‌عوه‌ له‌دوو خولدا بۆ خۆیان بردیان "خولی كورت ته‌مه‌نی حكومه‌تی ئینتیقالی به‌ سه‌رۆكایه‌تی جه‌عفه‌ری و خولی ماوه‌ درێژی حكومه‌تی وه‌حده‌ی وه‌ته‌نی  به‌ سه‌رۆكایه‌تی مالیكی". بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ته‌كه‌ به‌ سازان  له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی باڵا و ڕه‌چاوكردنی سه‌نگ و به‌شدارییپێكردنێكی كارایان، له‌ بڕیارداندا، بپارێزن.

نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش، به‌ڵكو ئه‌نجومه‌نی باڵا پێیوایه‌ مالیكی ڕیزه‌كانی شیعه‌ی په‌رت و كه‌رتكرد و به‌ناوی تێپه‌ڕاندنی سێبه‌ری تایفه‌گه‌رییه‌وه‌ لیستێكی جیای دروستكرد و ئێستاش كه‌ لێی قه‌وماوه‌، ده‌یه‌وێت هانا بۆ سێبه‌ری تایفه‌گه‌ری و ماڵه‌باوانی شیعه‌ بباته‌وه‌.

چاڵی گه‌وره‌

جا به‌م خاڵی (یه‌كه‌م)و (دووه‌م)و (سێیه‌م)ه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه‌ به‌سه‌رچوو خاڵی له‌به‌رده‌مدا نییه‌، به‌ڵكو قۆرتی گه‌وره‌ گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌ كه‌ زه‌حمه‌ته‌ به‌و ماوه‌ كه‌مه‌وه‌ بتوانێت ته‌داروكیان بكات.

له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مالیكی تا واده‌ی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ فراكسیۆنێكی گه‌وره‌ پێك نه‌هێنێت، زه‌حمه‌ته‌ هیوا به‌وه‌ بخوازێت له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی په‌رله‌مانی نوێدا سه‌رۆك كۆماری تازه‌ هه‌ڵبژێردراو ته‌كلیفی پێكهێنانی كابینه‌ی لێبكاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی پێ نه‌كرا (91) كورسییه‌كه‌ی د.عه‌لاوی ده‌بێته‌وه‌ فراكسیۆنی یه‌كه‌م و فراكسیۆنی گه‌وره‌ش (واتا هه‌م یه‌كه‌م لیستی براوه‌یه‌ و هه‌میش ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین فراكسیۆن له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌ماندا). به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی لیستی عیراقیه‌ كلیلی پێكهاتنی كابینه‌ی تازه‌ی ده‌درێته‌ ده‌ست و ئیتر  كابووسه‌كه‌ی مالیكی ده‌بێته‌ واقیعێكی تاڵ.

بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی لێ نه‌قه‌ومێ مالیكی ده‌یه‌وێت دۆخی شڵه‌ژاوی خۆی ئیداره‌ بدات. لێره‌وه‌ بۆ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌بێت له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی تردا بكه‌وێته‌ ڕاوێژ و دانوستاندن. سه‌یره‌ ته‌نها به‌ جیاوازیی یه‌ك كورسیش له‌گه‌ڵ د.عه‌لاوی ده‌توانێت بۆ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان خۆی بكاته‌ فراكسیۆنی گه‌وره‌(89 + 3 كورسی تر په‌یدابكات ده‌بێته‌ 92 كه‌ كورسییه‌كی له‌لیستی-فراكسیۆنی عیراقییه‌ زیاتره‌).

به‌ڵام ئه‌مه‌ یارییه‌كی خه‌ته‌رناكه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بكات، مالیكی ده‌توانێ ته‌كلیفی پێكهێنانی حكومه‌ت وه‌چنگ بێنێ، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ نه‌ كه‌س له‌گه‌ڵی ده‌كه‌ونه‌ دانوستاندنی جددییه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی و نه‌ئه‌گه‌ر پێكیشی هێنا ده‌توانێت (نیوه‌+1) ده‌نگی بۆ مسۆگه‌ر بكات كه‌ ده‌نگی پێویسته‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت. بۆیه‌ مه‌سه‌له‌كه‌  گه‌وره‌تره‌ له‌ سێ كورسی پێویست بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر فراكسیۆنی عه‌للاوی له‌ یه‌كه‌م دانیشتندا. مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن بتوانێت له‌ دوو نۆره‌ی گفتوگۆدا سه‌ركه‌وتووبێت.

نۆره‌ی یه‌كه‌م: گفتوگۆ بۆ دروستكردنی فراكسیۆنی گه‌وره‌ی یه‌كه‌م دانیشتن.

نۆره‌ی دووه‌م: گفتوگۆ بۆ دروستكردنی حكومه‌تی تازه‌.

بۆ ئه‌مه‌ش، به‌ڕای به‌نده‌، مالیكی چه‌ند مۆدێلێكی جیاجیای له‌به‌رده‌مدایه‌ و ده‌شێ ڕووبه‌ڕووی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ چه‌ند سیناریۆیه‌ك ببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش چه‌ند مۆدێلێكه‌:

مۆدێله‌كانی به‌رده‌م سه‌رۆك وه‌زیران

-مۆدێلی پۆتینی. (واتا مۆدێلی فلادیمێر پۆتینی سه‌رۆكی پێشووی ڕوسیا كه‌ له‌ حه‌وتی ئایاری ساڵی 2008دا به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسه‌كه‌ی خۆی، دمیتری میدڤیدیڤی له‌ كۆشكی كرملین دانا و پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی لای خۆی گلدایه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خولی داهاتووی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیدا بێته‌وه‌ جێگاكه‌ی خۆی.

-مۆدێلی ئۆردوگانی: واتا مۆدێلی ره‌جه‌ب ته‌یب ئۆردوگان سه‌رۆكی پارتی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان كه‌ دادگا و یاساكانی توركیا نه‌یانهێشت له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2002دا خۆی هه‌ڵبژێرێ و ئه‌ویش بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی عه‌بدوڵڵا گویلی جێگری سه‌رۆكی حزبی له‌جێی خۆی دانا. تا له‌ خولی ته‌واوكاری هه‌ڵبژاردندا ئۆردوگان خۆی پاڵاوت و ده‌ریشچوو. سه‌ره‌نجام گویل كورسییه‌كه‌ی بۆ چۆڵكرد و له‌ هه‌لومه‌رجێكی باشتردا كه‌ تێیدا كه‌فوكوڵی عه‌لمانییه‌كان نیشتبۆوه‌، ئۆردوگان خۆی كرده‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران و گویلی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ هێشته‌وه‌. تا سه‌ره‌نجام گویل دواتر بووه‌ سه‌رۆك كۆمار.

-مۆدێلی جه‌عفه‌ری: واتا مۆدێلی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ (ساڵی 2005) كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ده‌ست حزبی ده‌عوه‌ ده‌رنه‌چێت، به‌ نابه‌دڵییه‌وه‌ به‌وه‌ رازی بوو خۆی لابچێ و یه‌كێكی تر له‌ حزبی ده‌عوه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی بكات. ئه‌وه‌بوو مالیكی بووه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ماوه‌ی (2006-2010).

له‌ ڕاستیدا مۆدێلی جه‌عفه‌ری هه‌ر خۆشی سیناریۆیه‌كی به‌مه‌حكه‌می داڕێژراوبوو بۆ دوورخستنه‌وه‌ی له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت. بۆیه‌ له‌وه‌ ناچێت مالیكی به‌م تێزه‌ ڕازی ببێت، مه‌گه‌ر به‌سه‌ریدا بسه‌پێنرێت و ئه‌مه‌ش له‌وه‌ ده‌رده‌چێت مۆدێلێكی خوازراوی ویستی مالیكی خۆی بێت، به‌ڵكو ده‌بێته‌ سیناریۆییه‌كی دژه‌ مالیكی كه‌ له‌م قۆناغه‌دا ئاماده‌نییه‌ قبوڵی بكات و به‌و ئاسانییه‌ گۆڕه‌پانی زۆرانبازییه‌كه‌ به‌جێبهێڵێ، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ دوا وێستگه‌ بێت له‌ خه‌یاڵی ئه‌ودا.

مۆدێلی پۆتینی

ئه‌م مۆدێله‌ ڕێك ئه‌و چاره‌سه‌ره‌یه‌ كه‌ له‌م دوو ڕۆژه‌دا مالیكی خۆشی خستییه‌ڕوو به‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسه‌كه‌ی (تارق نه‌جم ئه‌لعه‌بدوڵڵا- حاجی تاریق) بكرێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران و خۆشی  پۆسته‌كه‌ چۆڵ بكات. به‌ڵام ئه‌م مۆدێله‌ له‌ چه‌ند لاوه‌ گرفتداره‌:

-مۆدێلی پۆتینی له‌كانگاكه‌ی خۆی، ڕوسیا، تووشی گرفت هاتووه‌، هه‌ندێجار میدڤیدێڤ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌ویش سه‌رۆكه‌ و حه‌یسیات و ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌، تووشی به‌ریه‌ككه‌وتن ده‌بێت له‌گه‌ڵ پۆتین. شتێك كه‌ نوری مالكی حه‌زی پێناكات. پێی خۆش نییه‌ حاجی تاریق وا به‌هێزبێت كه‌ له‌ ئاینده‌دا سایه‌ی به‌ سه‌ریدا نه‌شكێت.

-دۆخی ڕوسیا جیاوازه‌ له‌هی عیراق. له‌ عیراق ململانێیه‌كی سیاسی و ركابه‌رییه‌كی دیموكراتی خوێن گه‌رم هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و هه‌موو دنیاوه‌ چاودێریی ده‌كرێت. له‌ ڕوسیا ئه‌گه‌رچی هه‌ڵبژاردن و ململانێی سیاسی هه‌یه‌، به‌ڵام مۆسكۆ له‌چنگی پۆتیندایه‌ و ئه‌م سه‌رۆكه‌ وه‌كو قه‌یسه‌رێكی دێرین مامه‌ڵه‌ ده‌كات. شتێك كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی مالیكیدا نییه‌، چونكه‌  كوچه‌ و ڕێگاكانی به‌غدا پڕ له‌ لوغم و كۆسپن.

-له‌ عیراق ژماره‌یه‌ك كه‌سانی شایانی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ن كه‌ زه‌حمه‌ته‌ قبوڵ بكه‌ن كه‌سێكی وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسه‌كه‌ی مالیكی بێته‌ پێشه‌وه‌ و نێوه‌ندی سه‌ركردایه‌تی عیراق له‌وه‌ی ئێستا قه‌ره‌باڵه‌غتر بكات، بۆیه‌ ئه‌م مۆدێله‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ مه‌حكومه‌ به‌ شكست. هه‌رچه‌نده‌ مالیكی له‌مێژه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌ش له‌ حوكم بوو، باسی ئه‌م تێزه‌ی كردووه‌، به‌ڵام گه‌لێك دژواره‌ (حاجی تاریق) به‌م ده‌ستوبرده‌ شانوشه‌وكه‌تی سه‌رۆكایه‌تی له‌خۆی نیشان بدا و نه‌یاره‌ سه‌رسه‌خته‌كانی مالیكی پێ قایل بكات.

 

دوو سیناریۆی دیكه‌ی لاوازیش هه‌یه‌، لاواز له‌و ڕووه‌وه‌ی كه‌ زه‌حمه‌ته‌ مالیكی په‌نای بۆ ببات:

-سیناریۆی حكومه‌ته‌كه‌ی (نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان-تانسۆ چیله‌ر).

-سیناریۆی حكومه‌ته‌كه‌ی (ئه‌نجێلا مێركل-گیرهارد شرۆیده‌ر):

واتا حكومه‌تێكی شه‌راكه‌ت له‌دابه‌شكردنی ساڵه‌كان و له‌پابه‌ندێتی به‌ به‌رنامه‌ و سیاسه‌تی حوكمڕانییدا:

ساڵی 1995- هیچ كام له‌ تانسو چیله‌ر ، سه‌رۆكی ئه‌و ده‌می حزبی ڕێگای ڕاستی توركیا و نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان سه‌رۆكی حزبی ره‌فاهی ئیسلامیی نه‌یانتوانی به‌ته‌نیا حكومه‌ت پێكبێنن، بۆیه‌ كێكی ده‌وره‌ی حوكمڕانییان دابه‌شكرد. هه‌تا سوپا له‌ پرۆسه‌ی 28ی شوباتی 1997-ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ربه‌كانی ڕاماڵی به‌ هه‌نجه‌تی په‌ره‌سه‌ندنی چالاكی ئیسلامییه‌كانه‌وه‌.

له‌ ئه‌ڵمانیای فیدراڵیش: ئه‌نجێلا مێركل-گێرهارد شرۆیده‌ر كه‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانیان برا به‌شكرد و له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌مه‌ مێركل بووه‌ (ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا) كه‌ ناونیشانی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ له‌و وڵاته‌ و شرۆیده‌ر له‌ پۆسته‌كه‌ی نه‌ما كه‌ پێشتر خۆی سه‌رۆك وه‌زیران بوو.

له‌نێوان ئه‌م چه‌ند مۆدێله‌دا مالیكی چی ده‌كات؟

-مالیكی خۆی حه‌زی له‌ مۆدێلی پۆتینییه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئه‌و ئاسانتره‌ و باشتر ڕام ده‌بێت.

-ڕقی له‌ مۆدێلی جه‌عفه‌رییه‌ و بۆ ئه‌و ڕه‌شترین سیناریۆیه‌.

-نه‌یاره‌كانی له‌ناو شیعه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن مۆدێلی شرۆیده‌ر-مێركلی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت-واتا سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی لێ وه‌ربگرن و وه‌زاره‌ته‌كانی له‌گه‌ڵ به‌ش بكه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی مێركل له‌گه‌ڵ شرۆیده‌ری كرد.

-نه‌یاره‌كانی له‌ لیستی عه‌لاوی ده‌خوازن پۆسته‌كه‌ی لێ وه‌ربگرن و بینێرنه‌ ئۆپۆزسیۆن. خۆی ئه‌گه‌ر بیه‌وێ بمێنێته‌وه‌ مۆدێلی ئۆردوگان به‌رزترین بنمێچی گه‌شبینییه‌ كه‌ ده‌شێ بیگاتێ. واتا كه‌سێتییه‌كی شیعیی به‌هێز قبوڵ بكات  تا له‌ هه‌لومه‌رجێكی باشتردا خۆی بێته‌وه‌ گۆڕه‌پان، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێ مۆدێلی (چیله‌ر-ئه‌ربه‌كان) ئیمكانی واقیع بێت به‌وه‌ی یان:

-له‌گه‌ڵ عه‌لاوی ڕێككه‌وێت: دوو ساڵی بۆ عیراقیه‌ (عه‌لاوی) و دووساڵی تر بۆ ده‌وڵه‌تی یاسا.

-له‌گه‌ڵ هاڤبه‌ندی شیعه‌ ڕێكبكه‌وێت دووساڵی بۆ مالكی و دوو بۆ یه‌كێكی تر له‌ شیعه‌ بۆ نموونه‌ (د.عادل عه‌بدولمه‌هدی).

له‌م دوو سیناریۆ (دابه‌شكردنه‌) مالیكی هه‌ر كامیانی په‌سندكرد (له‌گه‌ڵ عه‌لاوی یان له‌گه‌ڵ عه‌بدولمه‌هدی) باشتر وایه‌ دووساڵی یه‌كه‌م خۆی له‌ پۆسته‌كه‌دا نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بلاجگتۆره‌ پڕ له‌ ڕق و قینه‌ی ئاراسته‌ی كراوه‌ كه‌مێك بنێشێته‌وه‌ و بتوانێت له‌ ده‌ورانێكی تردا بێته‌وه‌ مایه‌ و چاپێكی بژاركراوی (مالیكی) بخاته‌ نێوه‌نده‌كه‌وه‌.

ئه‌م مۆدێله‌ له‌مۆدێلی پۆتینی كه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ بێته‌دی، هه‌روه‌ها له‌ مۆدێلی ئۆردوگانیش باشتره‌، چونكه‌ پێچه‌وانه‌ی گه‌شانه‌وه‌ی بێ پسانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، ئه‌مڕۆ حزبی ده‌عوه‌ خۆری له‌ئاوابوونه‌.

ئه‌گه‌ر مالیكی وا نه‌كات، چاره‌نووسێكی جه‌عفه‌ریانه‌ چاوه‌ڕێی ده‌كات، كه‌سیش وه‌ك ئه‌و له‌و نموونه‌یه‌ تێناگات، چونكه‌ خۆی له‌پاڵنانی جه‌عفه‌ریدا بێ ڕۆڵ نه‌بوو.

1-دادگای باڵای فیدراڵی له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی مادده‌ی (73) له‌ ده‌ستووری عیراق، مه‌رج نییه‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ لیستی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن بێت، به‌ڵكو له‌ گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ یان فراكسیۆن كه‌ له‌ په‌رله‌ماندا پێكده‌هێندرێت.

2-به‌گوێره‌ی هه‌مان مادده‌ی ده‌ستووری، واتا مادده‌ی 73، ده‌بێ زۆرینه‌ی ڕه‌های په‌رله‌مان ده‌نگ له‌سه‌ر كابینه‌ی نوێ بده‌ن به‌ شه‌خسی سه‌رۆك وه‌زیران و یه‌كه‌ یه‌كه‌ی وه‌زیره‌كان و به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌تیش.

Shafaq Live
Shafaq Live