دوای‌ سه‌ركه‌وتن: كۆبوونه‌وه‌ی‌ لوتكه‌

دوای‌ سه‌ركه‌وتن: كۆبوونه‌وه‌ی‌ لوتكه‌
2010-09-19T17:44:51+00:00

42%ی‌ نه‌خێر و 23%ی‌ بایكۆت تاڕاده‌یه‌ك شتێكی‌ چاوه‌ڕوانكراوبوو دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ BDP و AKP نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێك له‌باره‌ی‌ ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆزی‌ كورد.

به‌وردبوونه‌وه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی‌ AKP له‌ هه‌مواركردنی‌ ده‌ستوور و سه‌ركه‌وتنی‌ BDP له‌ بایكۆتكردنی‌، ده‌توانرێت دۆخێكی‌ ته‌ندروست بخوڵقێندرێت به‌وه‌ی‌ هه‌ردوولا ئاستی‌ جه‌ماوه‌رێتی‌ و پێگه‌ی‌ یه‌كتریان دووباره‌ لا رونبوویه‌وه‌.

ئێستا BDP موخاته‌بی‌ راسته‌قینه‌ی لایه‌نی‌ كوردییه‌، نكۆڵیكردنی‌ ده‌وڵه‌ت له‌مه‌ و به‌شداری پێنه‌كردنی‌ له‌ ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆزی‌ كورد قه‌یرانی‌ تازه‌تر ده‌خوڵقێنێت و ناتوانێت ئامانجه‌كانی‌ توركیا له‌ئاستی‌ ده‌وڵه‌تیدا به‌ده‌ستبێنێت.

خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌نی‌ كوردی‌ به‌جددی‌ پشتگیری‌ AKP له‌هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆزه‌كه‌ و به‌ره‌وپێشبردنی‌ زیاتری‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ و گۆشه‌گیرتركردنی‌ عه‌سكه‌ر نه‌كات، ئه‌وا به‌هه‌مان شێوه‌ ناتوانێت رۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌ و دروستی‌ خۆی‌ ببینێت.

ئه‌حمه‌د تورك، سه‌رۆكی‌ كۆنگره‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ دیموكراتی‌ دوای‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ده‌ره‌نجامه‌كان داوای له‌ ئه‌ردۆگان و گویل كرد به‌مه‌به‌ستی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌رێك بۆ دۆزی‌ كورد كۆببنه‌وه‌.

له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌دا گویل داواكه‌ی‌ ئه‌حمه‌د توركی‌ قبوڵ كرد و رایگه‌یاند پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ له‌ ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن بیرورای‌ خۆیان له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ بكه‌ن.

قۆناغی‌ دوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ "به‌ڵێ‌" بۆ هه‌ردوولا قۆناغێكی‌ گرنگه‌، ئه‌وه‌ی‌ AKP هه‌وڵی‌ جددی‌ بدات له‌و ماوه‌یه‌ی‌ كه‌ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ 2011 سۆزی‌ كوردان بۆ لای‌ خۆی‌ رابكێشێت یان هه‌رنا رێگری‌ بكات له‌وه‌ی‌ نفوزی‌ CHP و MHP فراوانتر نه‌بێت. بۆ BDPش قۆناغێكی‌ سه‌خت ده‌بێت له‌ دوو رووه‌وه‌:

یه‌كه‌م: پارێزگاری‌ له‌ ئاستی‌ جه‌ماوه‌رێتی‌ خۆی‌ بكات و هه‌وڵبدات به‌رده‌وام بێت له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌.

دووه‌م: په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ AKP ساردنه‌كاته‌وه‌، به‌ڵكو مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ واقیعیانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكات و هاوكاری‌ بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆزی‌ كورد.

قۆناغ و ده‌رفه‌تی‌ له‌مجۆره‌ نه‌یاری‌ له‌ دۆست زیاتره‌، به‌وپێیه‌ی‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ AKP و BDP كێرڤی‌ عه‌لمانی‌ و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان ده‌هێنێته‌ خوراه‌وه‌ و هه‌یمه‌نه‌ی‌ عه‌سكه‌ریش له‌سه‌ر پرسه‌ سیاسییه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌ی‌ گویل و تورك ده‌بێته‌ سه‌ره‌تا بۆ ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ تری‌ چاره‌سه‌ر، ره‌نگه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش به‌ته‌واوی‌ به‌دڵی‌ كورد و له‌ئاستی‌ دۆزه‌ ره‌واكه‌یدا نه‌بێت، به‌ڵام وێستگه‌یه‌كی‌ تره‌ و ناكرێت حزوری‌ كورد لاواز بێت تێیدا، چونكه‌ غیابی‌ كوردی‌ له‌ به‌ها و نرخی‌ دۆزه‌كه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و بیانووش ده‌داته‌ لایه‌نی‌ دووه‌م ئه‌فكاری‌ خۆی‌ بكاته‌ چوارچێوه‌ی‌ چاره‌سه‌ر.

Shafaq Live
Shafaq Live