خانه‌قين به‌هۆی كوردبوونيه‌وه‌ په‌راوێز ده‌خرێت

خانه‌قين به‌هۆی كوردبوونيه‌وه‌ په‌راوێز ده‌خرێت
2010-10-08T11:24:02+00:00

پرۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ شاری خانه‌قین ناكرێت و ئه‌و پڕۆژانه‌ش ئه‌نجامدراون له‌%95له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌ڕێمه‌وه‌ جێبه‌جێكراون.

ئه‌و پرۆژانه‌ش كه‌ له‌ دوای رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه‌ له‌ شاره‌كه‌دا ئه‌نجامدراون زۆربه‌ی زۆریان له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ هاولاَتیانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ كراوه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی خانه‌قین (سه‌میر محه‌مه‌د نور) رايگه‌یاند؛ هه‌رچه‌نده‌ ناوچه‌كه‌ پێشتر له‌ لایه‌ن رژێمی روخاوه‌وه‌ له‌ به‌ر كوردبوونی دانیشتوانه‌كه‌ی هیچ خزمه‌تێكی پێشكه‌ش نه‌كراوه‌، له‌ ئێستاشدا دیسانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی پارێزگای دیاله‌وه‌ له‌و برِه‌ بودجه‌یه‌ی كه‌ سالاَنه‌ داده‌نرێت به‌ بیانووی نه‌بوونی ئارامی و هه‌روه‌ها نه‌هاتنی كۆمپانیا ناخۆیی و بیانییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌، هیچ یارمه‌تی و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ك به‌ خانه‌قین ناكرێت ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا شاری خانه‌قین جیاواز له‌ ناوچه‌كانی تری دیاله‌ لایه‌نی ئه‌منی سه‌قامگیر ه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌واو له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ كۆنترۆلكراوه‌ و هه‌روه‌ها هیچ رێكخراو گروپێكی تیرۆریستیش له‌ ناوچه‌كه‌دا بوونی نییه‌.

وتیشی ئه‌و پرۆژانه‌ش كه‌ تا ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌دا جێبه‌جی كراوه‌ و دیاره‌ زۆربه‌ی زۆریان له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كورستانه‌وه‌ بووه‌.

جگه‌ له‌ قیرتاوكردنی چه‌د شه‌قامێك و چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی كه‌م هیچ پرۆژه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له‌لایه‌ دیاله‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ خانه‌قین نه‌كراوه‌ له‌ كاتێكدا خانه‌قین له‌ سالاَنی حه‌فتاكانه‌وه‌ وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خانه‌قینی بینیبێت له‌ گه‌ڵ ئێستادا هیچ گۆرانكارییه‌ك به‌دی ناكات، ئه‌مه‌ قسه‌ی هاولاَتییه‌كی له‌ مێژه‌ دانیشتووی شاری خانه‌قین بوو به‌ ناوی (فازل عه‌باس)، ئه‌و هاولاَتییه‌ له‌ درێژه‌دا زیاتر خه‌می خۆی ده‌ربری و گوتی؛ له‌ پێش له‌ سالاَنی حه‌فتاكان و پێشتر خانه‌قین یه‌كێك بوو له‌ ناوچه‌ زۆر جوان و خۆشه‌كان و ئه‌وه‌ی یه‌كجار سه‌ردانی ئه‌م شاره‌ی كردبێت دركی به‌ خۆشی پێشكه‌وتنی ناوچه‌كه‌ی كردووه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ وتیشی دوای هاتنه‌ سه‌رته‌ختی سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا ئه‌م شاره‌ هیچ گۆرانكارییه‌كی تێیدا نه‌كراوه‌ و له‌ دوای سه‌دامیش دیسانه‌وه‌ هه‌ر وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ به‌ر نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری به‌ ته‌واوی بێزاربوون.

فازل وتیشی وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن دیاله‌ و حكوومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ پشتگوی خراوین داواكارین له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ جدی ئاور له‌م خه‌ڵكه‌ سته‌مدیده‌ی ناوچه‌كه‌ بداته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی خانه‌قین له‌ سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (ئه‌ندازیار سۆران) رايگه‌یاند؛ ئه‌م شاره‌ به‌ ته‌واوی له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌روه‌ها پارێزگای دیاله‌وه‌ پشتگوی خراوه‌ و هیچ پرۆژه‌یه‌ك له‌ به‌ر بودجه‌ی پارێزگای دیاله‌ ناگاته‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ هه‌ر جاره‌ و له‌ به‌ر بیانوویه‌ك، سۆران وتی ئه‌و پرۆژانه‌ش كه‌ له‌ دوای رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كراوه‌ 95% له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بووه‌.له‌ كاتێكدا پێویسته‌ ئه‌م پرۆژانه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ بێت چونكه‌ له‌ رووی یاساییه‌وه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ بودجه‌كه‌ی له‌ سه‌ر پارێزگاری دیاله‌یه‌، سه‌رۆكی شاره‌وانی وتیشی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ زۆربه‌ی زۆری كوردن ئه‌م پرۆژانه‌ وه‌ك هاوكارییه‌ك له‌ سه‌ر بودجه‌ی هه‌رێم پێشكه‌ش به‌م ناوچه‌یه‌ ده‌كات, شایه‌نی باسه‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ دابراوه‌كان كوردنشینه‌كانی سنووری ماده‌ی 140 له‌ پارێزگای دیاله‌، له‌ رووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ به‌ ته‌واوی پشتگوێ خراوه‌ به‌ راده‌یه‌ك به‌ پێی زانیارییه‌كان هه‌ندێك ناوچه‌ جاری وا هه‌بووه‌ به‌ درێژایی یه‌ك ساڵ هیچ پرۆژه‌یه‌كی تێدا ئه‌نجامنه‌دراوه‌

PNA

Shafaq Live
Shafaq Live