بۆچی ئازادی راده‌ربڕین گرنگه‌؟

بۆچی ئازادی راده‌ربڕین گرنگه‌؟
2009-12-09T19:17:11+00:00

ئازادی به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان سنوردارکراوه‌، بووه‌ به‌ یه‌کێک له‌ خه‌باته‌ گرنگه‌کان له‌ پێناوی چه‌سپاندنیدا به‌مه‌به‌ستی باشترکردنی کۆمه‌ڵگه‌.زۆرێک فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ند و زۆر قوتابخانه‌ی فیکری قسه‌یان له‌سه‌ر ئازادی راده‌بڕێن کردوه‌ و له‌ مه‌غزا و ده‌رکه‌وته‌کانی تێڕاماون. به‌بڕوای من یه‌کێک له‌ گرنگترین ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی که‌ له‌ دیدگایه‌کی زۆر گرنگه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ئازادی راده‌بڕێن کردوه‌ بریتیه‌ له‌ 'جۆن ستیوارت میڵ'ی فه‌یله‌سوفی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌می به‌ریتانیا.میڵ له‌ به‌شی دووه‌می په‌رتوکه‌ زێده‌گرنگه‌که‌یدا "له‌باره‌ی ئازادیه‌وه‌"* به‌ درێژی له‌سه‌ر گرنگیه‌کان و به‌های ئازادی راده‌بڕین و ئازادی تاکه‌که‌سی قسه‌ده‌کات. له‌لای میڵ ئازادی راده‌بڕێن یه‌کێکه‌ له‌و مافانه‌ی مرۆڤ که‌ ناکرێت ده‌ستیان لێهه‌ڵبگیرێت.میڵ له‌ سه‌ره‌تای به‌شی دووه‌مدا ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی بێجگه‌ له‌ یه‌ک که‌س، خاوه‌نی رایه‌ک بوون، و ته‌نها یه‌ک که‌سیش خاوه‌نی رایه‌کی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رایه‌بوو، ئه‌وا مافی ره‌وای سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی بۆ بێده‌نگکردنی ئه‌و که‌سه‌ هیچی زیاتر نیه‌ له‌مافی ئه‌و که‌سه‌، که‌ ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵاتی هه‌بێت، بۆ بێده‌نگکردنی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی."واته‌ ئه‌گه‌ر ره‌وا بێت بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی که‌ رای جیاوازی تاقه‌ که‌سه‌ێک بێده‌نگبکه‌ن، ئه‌وا ره‌واشه‌ بۆ ئه‌و تاقه‌که‌سه‌ که‌ رای سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی سه‌رکوتبکات که‌ جیاوازه‌ له‌ رایه‌که‌ی خۆی.ئه‌م رسته‌یه‌ هێنده‌ به‌هێز و کاریگه‌ره‌ که‌ پێویستی به‌ تێڕامانی قوڵ و له‌سه‌ر وه‌ستانی درێژخایه‌ن هه‌یه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ مه‌غزاکه‌ی و پاشان په‌سه‌ندکردنی. بێگومان ئه‌م رسته‌یه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌میدا (و ره‌نگه‌ هه‌زاره‌میشیدا به‌لای زۆر که‌سه‌وه‌) رسته‌یه‌کی توندڕه‌وبێت و دوربێت له‌وه‌ی که‌ پاساوی بدرێته‌وه‌. بێگومان دوژمنانی ئازادی هه‌میشه‌ له‌ توانایاندا هه‌یه‌ پاساوی جۆراوجۆر بهێننه‌وه‌ بۆ سه‌رکوتکردنی ئازادی له‌ ژێڕ چه‌ندین ناو و به‌ڵگه‌دا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ گرنگه‌ بریتیه‌ له‌ تێگه‌یشتنێکی راسته‌قینه‌ و درککردن به‌ به‌های ئه‌م رسته‌یه‌.بێگومان میڵ ته‌نها له‌م رسته‌یدا رانه‌وه‌ستێت، به‌ڵكو هه‌وڵ ده‌دات پاساوی فه‌لسه‌فی بهێنێته‌وه‌ که‌ بۆچی ئه‌م گوزاره‌یه‌‌ گرنگه‌. میڵ له‌ درێژه‌ی نوسینه‌که‌یدا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌سه‌ڵات (هه‌رجۆرێک له‌ ده‌سه‌ڵات) بڕیاریدا رای که‌سێک سه‌رکوتبکات به‌بێ ئه‌وه‌ی بواری گوێلێگرتنی پێبدات، ئه‌وا پێشێڵکاری ده‌کات. میڵ له‌ دوو ڕوانگه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ناڕه‌وایه‌تی ئه‌م پێشێلکاریه‌.یه‌که‌م، مێل وای ده‌بینێت که‌ ده‌سه‌ڵات مافی ئه‌وه‌ی نیه‌ له‌بری هه‌مووان (گروپ، کۆمه‌ڵگه‌، سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی) بڕیاربدات له‌سه‌ر بێده‌نگکردنی رایه‌ک و هه‌مووان بێبه‌ری بکات له‌ بیستینی ئه‌و رایه‌. ئه‌مه‌ش ده‌یباته‌ سه‌ر پاساو و ئارگیومێنتی دووه‌می که‌ زۆر گرنگه‌.دووه‌م، میڵ ده‌ڵێت وای دانێ ئه‌و رایه‌ی ئه‌و که‌سه‌ هه‌یه‌تی هه‌ڵه‌یه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ بێت، ئه‌وا ئێمه‌ بێبه‌ش ده‌بین له‌وه‌ی که‌ ئاگامان له‌ رایه‌کی هه‌ڵه‌بێت. ئه‌گه‌ر راستیش بێت ئه‌وا به‌هه‌مان شێوه‌ بێبه‌ش ده‌بین له‌ ئاگاداربوونی له‌ چاکه‌ی ئه‌و رایه‌ راسته‌.میڵ وای ده‌بینێت که‌ هه‌موو رایه‌ک پێویسته‌ گوێیلێبگیرێت و له‌به‌ر رۆشنایی فیکر و ئه‌زموندا هه‌ڵبسه‌نگێندرێت بۆ زانینی راستی و چه‌وتی ئه‌و رایه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێتو ئێمه‌ بێبه‌شبکرێین له‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان ئێمه‌ خۆمان له‌ حه‌قیقه‌ت ده‌دزینه‌وه‌ و له‌و باره‌شدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ حه‌قیقه‌ت پێشێلبکه‌ین یاخود سه‌رکوتبکه‌ین.ئارگیومێنته‌که‌ی میڵ ده‌مانباته‌وه‌ لای بیرمه‌ند و ئابوریناسی نه‌مساوی سه‌ده‌ی بیسته‌م و خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبێل له‌ ئابوریدا، فردریک هایاک. هایاک له‌ وتاری 'به‌کارهێنانی زانین له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا' و له‌ درێژه‌ی ره‌خنه‌یدا له‌ سیسته‌می پلانڕێژی ناوه‌ندیدا باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ هیچ ده‌سته‌ و گروپێک ناتوانێت سه‌رجه‌م زانیاریه‌کانی له‌باره‌ی بابه‌تێكی دیاریکراوه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستدا بێت و به‌و پێیه‌ش بڕیاره‌کانی له‌سه‌دا سه‌د دروست ده‌رناچن.

ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌رنجه‌ی هایاک له‌به‌ر رۆشنایی ئارگیومێنته‌که‌ی میڵ دا به‌سه‌ر ره‌وشی ئازادی راده‌بڕێن له‌ هه‌رێمی کوردستان و سه‌رجه‌م ناوچه‌که‌دا پیاده‌بکه‌یه‌ن، ده‌بینین که‌ ده‌سه‌ڵاتێکی دیاریکراو (حکومه‌ت، ئاسایش، ئاین، خوێندگا...هتد) هه‌ڵده‌ستێک به‌ سه‌رکوتکردن و بیده‌نگکردنی رایه‌کی دیاریکراو به‌پاسای ئه‌وه‌ی که‌ دژی تێگه‌یشتینی ئه‌وه‌ (واته‌ خودی ده‌سته‌ڵات). به‌م پێیه‌ش ئێمه‌ بێبه‌ش ده‌کات له‌ بیستنی ئه‌و ڕایه‌ و رێگریش ده‌کات له‌به‌رده‌م گه‌یشتندا به‌ حه‌قیقه‌ت (یاخود شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کانی حه‌قیقه‌ت).بێگومان ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ بخرێته‌ به‌رده‌می ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ی که‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ سه‌رکوتکردن و بێده‌نگکردن، ئه‌وا بێ یه‌ک و دوو ره‌تیده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌م دژی حه‌قیقه‌ته‌ و هه‌وڵیشده‌دات قه‌ناعه‌تمان به‌وه‌ پیبکات که‌ له‌ پێناوی 'به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا' ئه‌م کاره‌ی کردوه‌ و ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه‌ ئێمه‌ ده‌بوینه‌ قوربانی.پاساوه‌کانی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌رکوتکردن و بێده‌نگکردن به‌قه‌ده‌ر دێرینی کرداره‌کانی دێرینن‌. ده‌سه‌ڵات هه‌ر له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ توانیویه‌تی میکانیزمی بڕواهێنان به‌ عه‌شامات گه‌ڵاڵه‌بکات تاوه‌کو بتوانێت (و تاوه‌کو ئێستا سه‌رکوتوش بووه‌) له‌وه‌ی که‌ وا له‌ خه‌ڵک بکات بڕوا به‌وه‌ بهێنن که‌ ئه‌م (واته‌ ده‌سته‌ڵات) له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی باڵای خه‌ڵک و له‌ پێناوی خه‌ڵکدا ئه‌م کاره‌ی کردوه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ خه‌ڵک سوپاسگوزاری ده‌سته‌ڵات بن.هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ که‌ ئازادی راده‌ربڕێن یه‌کێکه‌ له‌ پێگه‌ گرنگ و سه‌ره‌کیه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئازاد و کراوه‌. چونکه‌ ئازادی راده‌بڕێن زامنی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ هه‌موو رایه‌کان بخرێنه‌ به‌ر‌ سه‌نگی مه‌حه‌ک و له‌ گۆڕه‌پانی هه‌ڵسه‌نگاندا له‌به‌رده‌م سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگه‌دا بڕیار له‌سه‌ر راستی و چه‌وتیان بدرێت، به‌و پێیه‌ش شوێن راستیه‌کان بکه‌وین و خۆمان له‌ چه‌وتیه‌کان به‌دوربگرین.گۆمه‌ڵگه‌ ئازاده‌کان به‌ گرتنه‌به‌ری ئه‌م پره‌نیسپه‌ گه‌یشتون به‌وه‌ی که‌ پێشبکه‌ون و کۆمه‌ڵگه‌کانیان کراوه‌بێت و له‌به‌رده‌م هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌کدا خۆی رابگرێت چونکه‌ توانیویانه‌ لێبورده‌ییان هه‌بێت بۆ سه‌رجه‌م رایه‌کان. له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌کرێت له‌ ڕێگه‌ی زانینی لایه‌نه‌ چه‌وته‌کانی رایه‌که‌وه‌ له‌ لایه‌نه‌ راسته‌کانی رایه‌کی دیکه‌ دڵنیابین. هه‌موو ڕایه‌ک پێویسته‌ له‌ دادگای هه‌ڵسه‌نگاندنی کراوه‌دا و له‌به‌رده‌م هه‌موواندا هه‌ڵبسه‌نگێنردرێت. ئه‌مه‌ش ده‌مانباته‌وه‌ لای ئه‌رستۆ که‌ ده‌ڵێت "ژیانێکی تاقینه‌کراوه‌ شایه‌نی زینده‌کردن نیه‌."ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بیسه‌لمێنین که‌ ئێمه‌ راستین، پێویسته‌ رێگه‌ به‌وانه‌ش بده‌ین که‌ پێیانوایه‌ ئێمه‌ هه‌ڵه‌ین رای خۆیان ده‌رببڕن تاوه‌کو له‌ ململانێی نێوان گریمانه‌کردنی راستبوونی خۆمان و هه‌ڵه‌بوونی ئه‌وانیترد بگه‌یه‌ن به‌ راستی مه‌سه‌له‌کان.

 

Shafaq Live
Shafaq Live