بزووتنه‌وه‌ی نوێی ئیران و كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كان

بزووتنه‌وه‌ی نوێی ئیران و كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌كان
2010-08-18T18:21:11+00:00

درێژایی- لانیكه‌م مێژووی هاوچه‌رخی "ئێران" له‌ خانه‌ی شێوه‌ی ئیداره‌ی سیاسیی وڵات و ڕوانینی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌م یه‌كه‌ سیاسییه‌ ڕه‌سمییه‌ و له‌ هه‌مووی گرنگتر له‌ خانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی گه‌لانی چه‌وساوه‌ی ئه‌م یه‌كه‌ جوگرافیایه‌ی (ئێران)دا، تا ڕاده‌یه‌ك ئاڕاسته‌یه‌كی تایبه‌تی به‌ گوتاری سیاسیی له‌ ئێران به‌خشیووه‌.

شێوه‌ی ئیداره‌ و به‌ڕێوه‌به‌ریی وڵات له‌ ئێران نه‌ له‌ ڕووی پێكهاته‌ی دانیشتوانی (هاوڵاتی)یه‌وه‌ و نه‌ له‌ ڕووی پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ تائێستا نه‌یتوانییوه‌ ته‌عبیرێكی ڕاسته‌قینه‌ له‌ پێكهاته‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م وڵاته‌ بدات به‌ ده‌سته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ به‌ درێژایی مێژوو - لانیكه‌م چه‌رخی سه‌رهه‌ڵدانی ناسیونالیزم و خۆ پێناسه‌كردنی گرووپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێو ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ - ئێران نه‌یتوانیوه‌ هی هه‌موو دانیشتوانی بێت.

سه‌رهه‌ڵدانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانی سه‌ر به‌ به‌شێك له‌ پێكهاته‌كانی ئێران له‌ دژكرده‌وه‌ به‌ نه‌خوێندنه‌وه‌یان و به‌شداریینه‌كردنیان له‌ خاوه‌نداریی ئه‌م خاك و سه‌رزه‌مینه‌دا، به‌ ته‌واوه‌تی ده‌ریخست كه‌ نه‌هێشتراوه‌ كه‌ ئه‌م وڵاته‌ هی هه‌موو دانیشتوانی بێت.

هه‌وڵدان و موبارزه‌ بۆ وه‌ك یه‌ك به‌شداریكردن له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌ و خاوه‌نداریه‌تی گشت پێكهاته‌كانی وه‌ك یه‌ك له‌لایه‌ك، حاشاكردن له‌ جۆراوجۆریی پێكهاته‌ی سیاسیی - كۆمه‌ڵایه‌تی وڵات و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی سیستماتیكی به‌شیكی به‌رچاو له‌ خاوه‌نانی ئه‌م‌ سه‌رزه‌مینه‌ له‌لایه‌ن به‌شێكی دیكه‌ له‌ پێكهاته‌ی باڵاده‌ست له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، به‌ كرده‌وه‌ مۆری له‌ بوونی جیاوازیی پێكهاته‌كانی ئێراندا و دوو چه‌مكی باڵاده‌ست و ژێرده‌ست خۆی خزانده‌ نێو ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی گه‌لانی ئێرانه‌وه‌.

ئه‌م چیرۆكه‌ تائێستاش هه‌روا به‌رده‌وامه‌. تائێستاش ئێران نه‌یتوانیووه‌ هی گشت دانیشتوانی بێت. هه‌وڵدان بۆ سڕێنه‌وه‌ی به‌شێكی به‌رچاو له‌ خاوه‌ندارانی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ هه‌روا به‌شێوه‌ی سیستماتیك به‌رده‌وامه‌، له‌ولاشه‌وه‌‌ خه‌بات بۆ خۆسه‌لماندن و به‌شداریكردن له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری وڵات هه‌روا چالاكه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه‌ فه‌زای سیاسی ئه‌مڕۆی ئه‌م وڵاته‌ پڕ له‌ جیاوازییه‌ و به‌رنامه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌ جیاوازه‌یه‌ كه‌ پێیوایه‌ - تائێستا به‌قسه‌ - كه‌ پێویسته‌ جیاوازییه‌كان وه‌ك خۆیان ببیندرێن و گوێیان بدرێتێ‌.

دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماریی و له‌دایكبوونی فه‌زایه‌كی نوێی سیاسیی جیاواز له‌ ئێران، باسی جیاوازییه‌كانی پێكهاته‌ی سیاسی-نه‌ته‌وه‌یی ئێران له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی به‌شێك له‌م پێكهاتانه‌ و یه‌ك له‌وانه‌ كورده‌وه‌ هاته‌وه‌ گۆڕێ.

ئێستا كه‌ پێمانوایه‌ ده‌ورانێكی نوێ به‌سه‌ر فه‌زای سیاسی ئێراندا هاتووه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی دیاری نێو گۆڕه‌پانی سیاسیی ئێران و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ چ خوێندنه‌وه‌یه‌كیان بۆ ده‌كرێ و بزووتنه‌وه‌ی نوێی ئێران به‌ چ ڕوانینێك قه‌زییه‌ی ئه‌م جۆراوجۆریانه‌ ده‌كاته‌وه‌؟

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ چه‌ند مه‌جالێكدا ڕووخساره‌ دیاره‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ نوێیه‌ ڕاشكاوانه‌ باسیان له‌ بوونی‌ پێكهاته‌ی جۆراوجۆری سیاسی - نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئێراندا كردووه‌ و ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌م پێكهاتانه‌ قسه‌یان كردووه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ جۆرێك هه‌ر له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌ پێكهاته‌ی سیاسی- نه‌ته‌وه‌ی گه‌لانی ئێراندا قامكی تاوانیان به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات ڕاكێشاوه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ نه‌بۆته‌ پرۆتۆكۆڵێكی ڕه‌سمی كه‌ كورد و پێكهاته‌ ژێر ده‌سته‌كانی دیكه‌ی حیسابی له‌ سه‌ر بكه‌نه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی نویی ئێران، به‌ پێی ئیدیعای كه‌سایه‌تییه‌كانی ده‌یه‌وێ به‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێوه‌ و له‌ فازێكی دیكه‌دا دژ به‌ سه‌ره‌رۆیی به‌سه‌ر وڵاتدا موبارزه‌ بكات و هه‌ر به‌ پێی ئیدیعای خۆیان گوێ بۆ داوای نه‌ته‌وه‌كان ڕابگرن، پێش هه‌موو هه‌نگاوێك پێویسته‌:

1- به‌شێوه‌ی ڕه‌سمی و به‌نووسراودان به‌ فره‌جۆریی پێكهاته‌ی سیاسی- نه‌ته‌وه‌یی ئێراندا بنێن.

2- دان به‌وه‌دابنێن كه‌ جیاوازی و هه‌ڵاواردن به‌ نسبه‌ت ئه‌م پێكهاتانه‌وه‌ ڕه‌چاوكراوه‌ و هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ده‌ن.

3- بۆ چاره‌سه‌ریی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هێندێك جار باسیان لێوه‌ كردوه‌و پێوه‌ندییان به‌ پێكهاته‌ی سیاسی_ نه‌ته‌وه‌یی ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئیده‌و به‌رنامه‌كانی خۆیان بخه‌نه‌ ڕوو.

4- بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێچاره‌كانی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ڕاسه‌قینه‌ی ئه‌م پێكهاتانه‌ بكه‌ونه‌ دانووستانه‌وه‌.

 

 

Shafaq Live
Shafaq Live