بۆ سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەرکەوتووە؟

بۆ سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەرکەوتووە؟
2021-04-08T08:33:44+00:00

هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ وە، واتە پاش دوورخستنەوەی ڕژێمی پێشوو لە هەندێ ناوچەی كوردستانی پەرەسەندنێکی هەنگاو بە هەنگاوی بەخۆیەوە بینیوە و توانیویە تۆڕێکی پەرژەوەندی ئابووری درووست بکات، کە هەرێمی بە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان گرێداوە، ڕابووردووی جێهێشت و تەکەزی پێویستیە سەردەمیەکان کرد.

ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بووە بە شوێنێ، کە گەشتیار لە عیراق و ناوچەکە بە شێوەیەکی ئازاد ڕووی تێ دەکات و لێێ دەمێننەوە، دیارە ئەمەش پاش تێپەڕاندنی سی ساڵ لە ئەزموون و سەرکەوتن و بە هەبوونی سەقامگیری لە ڕووی ئاسایش و گەشەسەندنی ئابوری بووە.

هەوڵی بێ ووچانی حکومەتی هەڵبژێردراو بە شێوەیەکی یاسایی بۆ پێدانی دەرفەت بە ڕکابەری سیاسی ئازاد و ڕێگەنەدان بەوەی ئایین وەکو ئامرازێکی سیاسی بەکاربهێنرێ، فاکتەری سەرەکین بۆ ئەم سەرکەوتنە.

بەو شێوەیە شوناسێکی كوردستانی گەڵاڵە بووە و زمان و فەرهەنگی كوردستان بووە بە زمان و فەرهەنگێکی زیندوو لە جیهان.

دیارە بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنانە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردایەتی سیاسی كوردستان، کە گرینگی بە بەها دیموکراسیەکان دا و باوەڕی تەواوی بە دیبلۆماسیەتی ئارام هەیە تا کولتووری ئاشتی گەشە بکات.

کۆمەڵگەی كوردستان ئێمە بێ گومان دەرئەنجامی مێژوویەکەیەتی. مێژووی مرۆڤایەتیش بریتیە لە گرفت و کێشەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان.

پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین، کەوا هەرێمی كوردستان لە ماوەی سی ساڵی ڕابووردوو لە ڕووی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە، چونکە هەنگاوە دیارەکانی لە ڕووی شارستانیەت و خۆگونجاندنی لەگەڵ هاوكێشە سیاسی و ئابوریەکانی ناوچەکە بێ گومان دەبێتە مایەی توڕەیی نەیارەکانی و هۆکاری دڵخۆشی دۆستانی.

لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێ نکۆڵی لە پرسی کوردستانی بوونی هەرێم بکرێت، کە لەگەڵ وەرچەرخان و گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریەکان خۆی بەسەر دیمەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەپاندووە، نەتەنها لە ناوچەکە، بەڵکو لە سەر ئاستی جوگرافیایەکی فراوانتر.

ئامانجی سەرەکی لە بەکارهێنانی دیبلۆماسیەتی ئارام، کە بووە بە مۆركیكی تایبەتی هەرێمی كوردستان، بریتیە لە بەدەستهێنانی تەبایی لە نێوان بەرژەوەندیە دژبەرەکان و خزمەتکردنی بەرژەوەندی مرۆڤایەتی بە بەکارهێنانی میکانیزم و ئامرازی ئاشتیانە و هەوڵدان بۆ خۆدوورخستن لە گرژی و هێورکردنەوەی گرژییەکان.

ئێمە پێمان وایە ئەندازیاریکردنی ئاسایشی ناوخۆ و هەرێمی پێویستە تەنها و تەنها هەڵقوڵاوی دیالۆگ بێت، بە هەمان شێوە پێویستە دەنگی میانڕەوی پەیڕەو بکرێت، کە لەسەر بنەمای لێکنزیکردنەوەی بە پەلە دامەزرێنرابێت، بۆ گەیشتن بە کۆدەنگی لایەنە ناکۆکەکان. بەو شێوەیە هەرێم توانیویە ڕێز و پێزانینی هاوبەشەکان و جیهانی دەوروبەر بەدەستبهێنێت.

لە کاتی هەبوونی کێشە لەسەر ئاستی ناوخۆ و لە پەیوەندیە دوولایەنەکان پێویستە لەسەر سیاسەت ڕۆڵێکی نموونەیی بگێڕێت بۆ نزیکكردنەوەی ڕوانگە و دیدە جیاوازەکان و خۆی بە دووربگرێت لە بەکارهێانی زمانی توندوتیژی و چەك.

لێرەدا ئەوەی بۆ سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە ئەرێنی تۆمار دەکرێت، بە شایەتی وڵاتان و لایەنە جیهانیەکان، بریتیە لە بە یەكسانی و بەیەك مەودا ڕاوەستانی بەرامبەر بە دۆسیەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان. هەرێم توانیویە بێ لایەنی خۆی بپارێزێ، ئەمەش لە سەردەمێکدا، کە زۆرێ لە دەوڵەتەکان لە پێناو بەرژەوەندی هەنووکەیی خۆیان دیبلۆماسیەت بە نۆشینی ئەجیندە زانراوەکان تێردەکەن، ئەگەر لەسەر حیسابی ئاسایشی ناوچەکەش بێت.

بە خۆشحاڵیەوە ئەمرۆ جوگرافیای سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانە، لەبەر ئەوەی هەرێم لە ڕووی ئاسایشەوە بێ گومان جەمسەرێکی ئارامی ناوچەکەیە.

ئیـمە پێمان وایە سیاسەتی دەرەوەی هەرێم، کە لە لایەن سەرکردایەتی كوردستان بە شێوەیەکی سەردەمیانە داڕێژراوە، پشت بەست بە تیۆریەکانی لیبرالیزم و پەیڕەوکردنی (Open Door Policy) باوەڕی تەواوی بە دیبلۆماسیەتی ئارام و ئاشتی هەیە، ئەمەش وەکو دەرکەوتووە لەم سەردەمەدا باشترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

بەو شێوەیە دەتوانرێ بە نەوەکانی داهاتوو مافی خەونبینین بە جیهانێك بدرێ، کە پڕبێت لە ئاشتی و لە شکۆمەندی.

زمانی توندوتیژی سیاسی لە کوردستان گۆڕدراوە بۆ زمانی دیالۆگ و ئەم بەردەوامبوونە بۆتە هۆکاری بەرزبوونەوەی هەرێم و بەرزڕاگرتنی بەهاکانی ئینتما و نیشتمانپەروەری و هەڵکردنی ئاڵای كوردستان لە بۆنە و ڕێوڕەسمەکان وەکو هێمایەك بۆ حیکمەت و ئاشتی و تەبایی و تێکۆشان.

داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا توانیویانە فەزایەکی مەعریفی دابمەزرێنن بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگی ئاشتی، بە هۆیەوە قەیران و تەنگژەکان دەکرێن بە بابەتی لێکۆڵینەوە و شرۆڤەگردن و ڕاڤەکردن بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی فەلسەفەی ئاشتی و ڕێبازی ناتوندوتیژی. لەم بوارەدا لە ڕێگەی فاکتەر و ڕەهەندی مۆدێرن کار لەسەر پێکوتەکردنی ناونیشان و چەمک و بەها کۆن و باوەکان کراوە، لە پێناو پەرەپێدان و نوێکاری و دەوڵەمەندکردن و فراوانکردنیان، جا ئایا ئەو بابەتانە پەیوەست بن بە بەڕێوەبردن یان بە دیموکراسی و ئازادی و دادپەروەری و پەرەپێدان و پرسی ژینگە و گلۆبالیزەیشن. بەو شێوەیە دەتوانرێ دیواری کینە بڕوخێنرێ و پردی ئاشتی و خۆشەویستی درێژ بکرێت.

ئێمە پێمان وایە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەرەوە بەرژەوەندیە هاوبەشەکان و بەرژەوەندیە بازرگانیەکان دەولەتەکان کۆ دەکاتەوە، نەوەك ورووژاندنی هەستی سیاسی و بەکارهێنانی دیبلۆماسیەتی هەرزەکارانە.

دواجار دەتوانین بە ڕاشەکاوی بڵێین هەرێمی كوردستان لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو قەیرانانەی بەرۆکیان گرتبووە نەچۆتە ناو ئەژدیهاڕێی سیاسیەتی کاردانەوە و پێی نەخزاندە ناو سیاسەتی جەمسەرگیری.

دیبلۆماسیەتی ئارام ڕەهەندێکی تایبەتی بە هەرێمی كوردستان بەخشیوە، کە وتارەکانی ورگێڕاوە بۆ کردار و سەرنجی وڵاتانی دراوسێێ بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، دوور لە گرژی و ناکۆکی سیاسی، بۆ گەیشتن بە چارەسەکردنی کێشەکان، کە گرینگن بۆ ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و ناوچەکە.

دکتۆر سامان سۆرانی

پسپۆڕی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان

Shafaq Live
Shafaq Live