ئاگرکەوتنەوە لە بازارەکانی هەرێم ئاگری شەڕی مەعریفییە

ئاگرکەوتنەوە لە بازارەکانی هەرێم ئاگری شەڕی مەعریفییە
2024-04-08T15:15:27+00:00

دکتۆر کامەران حەسەن

کەمتر لە دوو مانگ لەمەوبەر بازاری لەنگەی هەولێر سووتا و زیانێکی زۆری گەیاندە خاوەن دوکانەکان، لە دوای ئەم ڕووداوە لە ١/٤/٢٠٢٤ لە بازاری چەلێی دهۆک ئاگرکەوتەوە و دوێنێش دیسان بازاری لەنگەی هەولێر سووتا و زیان گەیشتە ٢٠٠ دوکانی ئەم بازارە کە خەڵکانێکی زۆر پێداویستییەکانیان لەم بازارانە دەکڕن.

شەڕی مەعریفی کە یەکێکە لە شەڕە کاریگەرەکان و نوێەکانی ئەم سەردەمە کە لە لایەن دوژمنانێک ڕیکدەخرێت کە مەرج نییە لەگەڵیان لە شەڕدابین و بگرە ئاستی پەیوەندییەکانیش ئاساییە. ئامانجی شەڕی مەعریفی ئامانجکردنی زەین و تێڕوانینی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەکانە بە مەبەستی کاریگەری دروستکردن و بیرکردنەوە بەو شێوازەی کە دوژمن مەبەستیەتی. تاکەکان دەکرێت سیاسییەکانی وڵاتێک بن یان خەڵکانی ئاسایی.

لە هەر جار سوتانی بازاری لەنگە ئەم بیرۆکەیە دێتە خەیاڵی خەڵک کە بەرپرسانێک بە نیازن ئەم بازار بە خاوەن دوکانەکان چۆڵ بکەنەوە. ئەمە هۆکارێکی کە دەکرێت مەودای نێوان خەڵک و دەسەڵات زیاد بکات و متمانەکان کەم بکاتەوە. 

لە شەری مەعریفی چەند هەنگاوێک یەک لە دوای یەک دەبینین وەک: کاریگەری دروستکردن لە سەر بیرکردنەوەی خەڵک، تێکچوونی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ناتەبایی، پەکخستنی ئابووری، تێکدانی ژێرخانی ئابووری، کاریگەری دروستکردنی لە سەر سیاسەتی حکومەتەکان و لە کۆتایی دا ڕوخانی حکومەتەکانە. لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان کە لە شەڕێکی مە‌عریفیدایە کۆمەڵەی کوردستان دابەش بووەتەوە، سیاسەتەکانی حکومەت یەکدەست نییە و بە هۆی هاوپەیمانی و کێشەکان ناتەباییەکی سیاسی دەبینین، ئابووری هەرێم لە ئاستێکی مەترسیدارێکە و چەندین هۆکاری هەیە یەکەم نەبوونی بودجە لە ١٠ ساڵی ڕابردوو و کێشەی مووچە و بڕیارەکانی حکومەت کە بارگرانییەکی زۆری لە سەر خاوەن کارەکان دروستکردووە و هۆکارێکە بۆ دەرچوونی سەرمایەکان بۆ دەرەوەی هەرێم، تێکدانی ژێرخانی ئابووری هەرێم کە لە مووشەکبارانەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەبینین سەرمایەدارە گەورەکانی کردووەتە ئامانج (خاوەن سەرمایەکان لە کەشێکی ناسەقامگیر هەوڵ بۆ دەرکردنی سەرمایەکانیان دەدەن)، سووتاندنی بازارەکانی هەولێر و دهۆک (بۆ هەولێر و دهۆک) دەکرێت لە چوارچێوەی تێکدانی ئابووری بێت، مەترسی ئەوە هەیە کە باسیشکراوە سەرجەم ئەم هەوڵانە بۆ لە ناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت. بە پێی بنەماکانی شەڕی مەعریفی و واقعی ئێستای هەرێم دەبینین کە شەڕەکە زۆر گەورە بووە، شایانی ئاماژەیە کە لە شەڕی مەعریفی کاتێک بە ئاگا دێین کە کار لە کار ترازاوە. زۆر پێویستە هەرێمی کوردسان بە شێوەیەی ژیرانە مامەلە لەگەڵ ئەم شەڕە کوشەندەیە بکات. 

یەکێک لەو وڵاتانەی کە لە شەڕی مەعریفی بەناوبانگە ئێرانە (ئەمریکا، ڕوسیا، چین، ئیسرائیل لە گەڵ ئێران لە شەڕی مەعریفی بەتوانان)، بۆ هیچ کەسێک شاراوە نییە کە ئێران چەنێک دەستێوەردان لە کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات. 

لە دوای ڕاگەیاندنی هەوڵی دڵخۆشکەر لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ هاوڵاتیان لە پێدانی زەویی و دابەشکردنی دوو مووچە لە مانگێک یەکسەر سووتاندنی بازاری لەنگە ڕوودەدات. ئەمەش دیارە لە درێژەی شەڕێکی مەعریفی و تێکدانی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە. هەرێمی کوردستان دەبێت بە وریاییەوە بروانێتە ئەم بابەتە و و بەهەندی وەربگرێت چونکە ئاستی ئەم شەڕە لە ئاستێکی بەرزدایە و مەترسییەکان جیدین. بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم شەڕە پێویستە ژوورێکی عەمەلیات پێکبێت بۆ خوێندەوەی ئەم شەڕە و کاریگەرییەکانی  و هەوڵ بۆ پوچەڵکردنەوەی هێڕشەکان بدرێت و بگرە هێڕشی بە پێچەوانە بکرێت.

Shafaq Live
Shafaq Live