ئایا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری بەسەر دێت؟
لە ماوەی بیست ساڵی ڕابووردوو ئەمریکا چۆتە ناو سێ جەنگەوە و بە هۆیانەوە ناچار بووە هێزی سەربازی پەلکێشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و لە هەمان کاتدا گرینگی بە پرۆسەی بەهێزکردنی ئابوری و مرۆیی بدات.
وەکو کاردانەوەیەك سەبارەت بە هێرشەکانی ١١ی ئەیلولی ٢٠٠١ بۆ سەر نیویۆرك و واشنتۆن یەکەم جەنگی دژ بە ئەفغانستان ئەنجام دا.
دووەم جەنگ لە ساڵی ٢٠٠٣ دژ بە عیراق بوو، سێیەم جەنگ، کە تائێستا بەردەوامی هەیە، دژ بە تیرۆرە بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتی دژ بە خیلافەتی دەەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش" بوو.
ئەم سێ جەنگە بوون بە هۆکاری مانەوەی ئەمریکا لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، مانەوەیەك نە تەنها لە ڕووی سەربازی و ئاسایشی، بەڵکو لە ڕووی ئابوری و سیاسی، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرکردە خۆجێیەکان و ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکان و تێوەگلانی لەناو کێشە نەژادی و مەزهەبیەکان.
کۆتایی ئەم ساڵ ئەمریکا مەبەستیە بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە، وەکو چۆن پێشووتر لە ئەفغانستان کشایەوە.
دیارە بۆ کشانەوەی لە عیراق پێش کۆتایی ئەم ساڵ پێشووتر لەگەڵ سەرۆك وەزیران، مستەفا کازمی، ڕێکەوتووە.
لە سوریا هێزەکانی ئەمریکا بە ژمارە ناگاتە زیاتر لە ٩٠٠ سەرباز. لە تائێستادا بڕیار لەسەر کشانەوەیان لە سوریا نەدراوە، بەڵام بڕیار وابووە ئەو ژمارەیە لە ئایندە کەمتر بکرێتەوە.
ئایا کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە کەمکردنەوەی شوێن پەنجەی سەربازی ئەمریکایە لەم ناوچەیە؟
ئایا بەڕاستی ئەمریکا مەبەستیە لە ناوچەکە بكشێتەوە؟ ئایا ئەکتەرە هەرێمیەکان دەتوانن دووبارە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن؟
ڕابوونی ئەژدیهای زەرد (چین) و بوونی ئەو ولاتە بە ڕکابەرێکی ئابوری بەهێز بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوکێشە سیاسیەکانی لە ناوخۆ و لە دەرەوەی ئەمریکا گۆڕیوە.
ئابوریناسەکان پێیان وایە ڕێژەی گەشەکردنی ئابوری چین و ئەو سەرمایەیەی، بەو هۆکارە زیادی کردووە، وا دەکات ئابوری چین تا ساڵی ٢٠٢٨ ئابوری ئەمریکا تێپەڕێنێت و لە لووتکەی ڕیزبەندی یەکەمی جیهان بێت.
ئەم فاکتەرە هۆکاری سەرەکیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ یەکتر. هزرڤان و بڕیاربەدەستەکانی ئەمریکا پێیان وایە دەبێت پێش هەموو شتێ ڕێگری لە چین بکرێت تا لە فراوانکردنی هەژموون و پێشکەوتنی پاشەکشە بکات.
بە واتایەکی تر، ئەمریکا بە شێوەیەکی نوێ هەمان سیاسەتی بیرمەند و داڕێژەری سیاسەتی دەرەوە و ئەندازیاری جەنگی سارد، جۆرج فۆرست کینان، بەکاردەهێنێت، بۆ لەخۆگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی چین.
لە دیدی ئەمریکا گرینگ نیە کێ لەسەر دەسەڵاتە، چونکە چین هەڕەشەیە لەسەر پێگەی ئەمریکا لە جیهان، بۆیە پێویستە بە سێ قۆناغ ڕێگری لێ بکرێت:
بە ڕاگرتنی گەشەکردنی چین، بە لاوازکردنی، لە هەمان کاتدا بە بەهێزکردنی ئەمریکا.
چین پێی وایە ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە زیاتر تەکنیکیە، بەڵام لە دیدی ئەمریکا ڕوبەڕووبوونەوەکە لایەنێکی ستراتیژ لەخۆدەگرێت.
ڕوبەڕووبوونەوەی ستراتیژی ئەمریکا بەرامبەر بە چین لەسەر سێ ئاست بەدی دەکرێت، (نیشتمانی، هەرێمی و نێودەوڵەتی) و لە سێ بواریشدا ئەنجام دەدرێت، (جیۆئابوری، جێۆسیاسی و جوگرافیای کەلتووری).
لە ئێستادا و بەڕەچاوکردنی یەکێك لە بوارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەو دوو ولاتە، ئاسە هەرێمییەکە دەردەکەوێت.
کاریگەری ئەم ڕکابەریە ستراتیژە لە ئۆپەراسیۆنە سیاسی و سەربازییەکانی، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەەدرێن، دەبینرێت. ئەم بابەتە سەرەتا بۆ چین گرینگە و دواتر بۆ ئەمریکا.
سیاسەتمەدارانی ئەمریکا پێیان وایە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێچووی ئاسایشیی لە ئەستۆ دەگرێت و لە ئەنجامدا سوودە سەرەکیەکانی بۆ چین دەگەڕێتەوە.
ئیدارەی بایدن هاوشێوەی هەنگاوەکانی کشانەوەی ئیدارەی ترامپ لە ئەفغانستان و عیراق نیگەرانی خۆی سەبارەت بە ئەمریکا و پێگەی ئەمریکا لە جیهان ئاشکرا کردووە. بەڵام ئایا ئەمریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێ دەهێڵێت؟
پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بکرێت، کەوا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەندێ گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بەڵام سروشتی ئەو سیاسەتە وەکو خۆی ماوەتەوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نیەتی ڕکابەریی ستراتیژ لەگەڵ چین ڕێگەیەکی گرتۆتەوە بەر بۆ ناچارکردنی چین لەم ناوچەیە، تا تێچووی لە ئەستۆ بگرێت و خەرج بکات، چونکە ئەمریکا پێی وایە تەنها ئەو تێچووەکان لە ئەستۆ دەگرێت و چین کەمتر پارە خەرج دەکات و دواجار زیاتر سوودمەند دەبێت.
بۆیە دەبێت ئەمریکا کارێک بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و ناچارکردنی چین بۆ لە ئەستۆگرتنی تێچووەکان.
بەو پێیە بێت، کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عیراق بە پێی پلان بووەو پێشووتر نەخشەی بۆ داڕێژراوە.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و لە ئوردن بنکەی سەربازی هەیە. ئەمریکا هەوڵ دەدات بنکە سەربازیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگوازێتەوە بۆ شوێنی تر تا بتوانێت فۆکس بکاتە سەر ڕکابەری ستراتیژ، کە چینە، دیارە ئەم کارەش لە ڕێگەی جێك سۆلیڤان، ڕاوێژکاری بایدن بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، دەکرێت، کە دیبلۆماتکارێکی کارا و بەڕێوەبەری نەخشە و تیۆرییەکانی وابەستە بەو بابەتەیە.
ئەمریکا داوا لە حکومەتە عەرەبیەکان دەکات وەبەرهێنان بکەن لە عیراق، بۆ لاوازکردنی هەوڵەکانی ئێران و کاڵکردنی ئەو هێزەی کە پێی دەوترێ "هیلالی شیعە"، تاوەکو عیراق بگەڕێتەوە بۆ ناو باوەش و ژینگەی عەرەبی.
لەهەمان کاتدا ئەمریکا داوا لە دەوڵەتە عەرەبیەکان دەکات، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، لە بەرمابەردا پەیوەندی لەگەڵ سوریا ئاسایی نەکەنەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان ئەمریکا نزیکەی ٤،٢ ترلیۆن دۆلاری لە عیراق و ئەفغانستان خەرج کردووە. سەرەڕای ئەو هەموو تێچووە زۆرە، ئەمریکا ڕێکاری پێویستی نەگرتۆتە بەر بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە.
لە لایەکی ترەوە، پاش دەرکەوتنی تەکنەلۆژیای فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و مانگی دەستکرد، کە تێچوو و زیانیان کەمە، تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی شوێن پێی خۆی لە ناو سیاسەتی سەربازی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەسپاند.
ئەمریکا لە ڕێگەی بنکەکانی لە پاکستان و تاجیکستان و ئۆزبەکستان و کازاخستان و بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم هەژموونی خۆی بەسەر ئاسمانی ئەفغانستان سەپاندووە و لە ڕێگەی بنکەکانی لە ئوردن بە هەمان تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی چاودێری ئاسمانی عیراق دەکات و دەتوانێت لە هەر کاتێ کە مەبەستی بێت بە تێچوو و زیانێکی کەم گورزی کوشندە لە هەر شوێنێك بێت بوەشێنێت و هەر ئامانجێکی مەبەست بێت بپێکێت، بێ ئەوەی لە سەر زەوی دەستێوردان بکات.
لە کۆتاییدا، پێویستە ئاماژە بە سروشتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت، کە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بەڵام بە هۆکاری ڕکابەری ستراتیژی لەگەڵ چین و بەمەبەستی چاکسازی ئابووری لە ناوخۆی وڵاتەکەی، پشتی بە تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی بەستووە، کە تێچووی کەمترە و کەمتر دەکرێتە ئامانج. ئەم هەنگاوە مۆدێرنە لە ئەمریکا و لە ئیسرائیل کۆدەنگی لەسەرە، بۆیە ئەو بۆچوونەی، کە دەڵێت ئەمریکا ناوچەکە بەجێ دەهێڵێت و دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبنە ئەکتەری سەرەکی، بە پێوەری ماوەبەسەرچوو هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.
پێویستە خوێندنەوەی ووردترمان هەبێت لەسەر نهێنی سەرکەوتنی بەرنامەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بزانین چۆن بە بەڕێوەبردنی دیجیتاڵی کار لەسەر هاوکێشەکان و دەستکاری کردنیان دەکات.
دکتۆر سامان سۆرانی
پسپۆڕی زانستە سیاسیەکان و دیبلۆماسیەت و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست