ئەجێندای دەوڵەتانی ھەرێم لەعیراقدا

ئەجێندای دەوڵەتانی ھەرێم لەعیراقدا
2010-05-11T13:02:47+00:00

پێگەیەکی زۆر گرنگ و ھەستیاری لەناو جەرگەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست داگیرکردوە. ھەر بۆیەش بەردەوام جێگەی سەرنج و بایەخ و چاوتێبڕینی زلھێزەکانی جیھان و دەوڵەتانی ھەرێم و گۆڕەپانی سەرەکی، ململانێ و کێبڕکێی نێوانیان بووە. وێڕای ئەوەی کەعیراق وڵاتێکی فرە ئیتنی و مەزھەب و نەتەوەییە کەقوڵاییەکی ھەرێمییان ھەیە. بەھەمان  ئاراستەش لەڕووی سەرچاوە سروشتییەکانەوە خاوەن یەدەگێکی ئێگجار زۆری نەوت و غازە. ئەم پێدراوە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییە کاریگەریی گەورەی کردۆتە سەر پێگەی عیراق لەھاوکێشە سیاسییەکانی ھەرێمیدا. تا ئاستێک ھەر جۆرە گۆڕان یاخود ئاڵوگۆڕێ لەھاوکێشە سیاسییەکانی عیراقدا کاریگەریی راستەوخۆی کردۆتە لەسەر سەرجەم پرس و مەسەلەو دۆسێکانی دیکەی گرێدراو پەیوەست بەدەوڵەتانی عەربی و ھەرێمییەوە.

عیراق، شانۆی سیاسەتی ھەرێمی

لەبەرئەمەش دوای داڕمانی رژێمی بەعس لەپێناوی بەھێزکردنی نفوزو دەسەڵاتیان ململانێیەکی زۆر توند لەنێوان ھێزە دەرەکییەکان لەسەر شانۆی سیاسی عیراق دستیپَکردووە. چەقی ئەم ململانێ و کێبڕکێیەش خۆی لەنێوان چەند جەمسەری نەیارو دژبەیەکی ئێران-سعودیەو دەوڵەتانی عەرەبی و ئێران- ئەمریکادا دەبینێتەوە. دیارە جەمسەری سعودیە کە دوڵەتانی عەرەبی لەپشتەوەن لەپێشھات و پەرەسەندنە سیاسییەکانی عیراق نیگەرانن و بەچاوێکی پڕمەترسییەوە دەڕواننە پێشڤەچوونە سیاسییەکانی. ئەمەش لەو روانگەیەوە کە بەلەناوچوونی رژێمی بەعس ھاوکێشەیەکی نوێ سەریھەڵداوە کەخۆی لەباڵادەستی و ھەژموونی عەرەبی شیعەدا دەبینێتەوە. بێگومان ئەم ھەڵکشانەی عەرەبی شیعە بەگەورەترین ھەڕەشەو مەترسی  لەسەر سیستمی سیاسی و بەرژەوەندییە نەتەوەیەکانیان دەبینن و ترسی ئەوەشیان ھەیە ئەو کەوانە شیعییەی کەدەمێکە خۆیان باسی لێوە دەکەن تەشەنە بکاتە ناو وڵاتەکانیان و ببێتە سەرچاوەی تەنگژەو قەیران بۆ دەسەڵاتیان.

عەرەبی سوننە، لەدەوڵەتی شیعەدا

لایەکی دیکەشەوە دەوڵەتانی عەرەبی لەخودی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی عیراق نیگەرانن، چونکە زۆربەی ئەم دەوڵەتانە لەڕێگەی سیستمێکی دیکتاتۆریی تاکڕەو شمولییەوە بەڕێوەدەچن و باوەڕییان بەئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات نییە، بۆیە ترسی سەرکەوتنی پرۆسەی دیموکراسی و پەڕینەوەی ئەم ئەزموونە بۆ ناوچەکەو سەر ئەنجامیش لەدەستچوونی دەسەڵاتیان ھەیە. چونکە زۆربەی ئەم دەوڵەتانە ھەروەک (پیتەر گالبریل) ئاماژی  پێدەکات پیانوایە شیعەکان نەک ھەر عەرەبی سوننەی لەدەسەڵات پەراوێزکردووە، بەڵکو عیراقیشی رادەستی ئێرانی دوژمنی مێژووییان کردووە.

لەدوای ھەڵبژاردنەکانی٧ ئاداری ٢٠١٠  دەوڵەتانی عەرەبی بەسەنگ و قورساییەکی گەورەوە ھاتوونەتە ناو پرۆسەکە بەشێوەیەکی زۆر فراوان دەستیان خستووەتە ناو ھاوکێشە سیاسییەکانی عیراق و ھەوڵدەدەن بەھەرشێوەیەک بێت ئەمجارە باری خواری عەرەبی سوننە راست بکەنەوە پێگەیان لەناو حکومەت و ناوەندە گرنگەکانی دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا بەھێز بکەن، لەوێشەوە کار بۆ پراکتیزەکردنی ئەجێندەکەیان کەبریتییە لەبەھێزکردنی حکومەتی ناوەندی و زاڵکردنی گوتاری عروبایەتی و گەڕانەوەی ناسنامەی عەرەبی بۆ عیراق و ھەڵوەشاندنی سیستمی فیدرالی و کەمکردنەوەی نفوزو پێگەی ئێران بکەن.

تەنانەت ئەمریکاش لەھەندێک خاڵدا لەگەڵ ئەم ھەوڵانەی دەوڵەتانی عەرەبی ھاوھەڵویستە. لەبەرامبەر ئەمەدا، جەمسەرێکی دیکەی بەھێز کەخۆی لەتەوەری ئێراندا دەبینێتەوە لەدوای ٢٠٠٣ بەشێوەیەکی ئاشکرا دەستی لەھاوکێشە سیاسییەکانی عیراق و چۆنێتی ئاراستەکردنیاندا ھەیەو لەھەوڵدایە لەڕێگەی ئەو ھێزو لایەنانەی کە لەگەڵیدان کار بۆ لاوازکردنی پێگەی جەمسەرە نەیارەکانی، دروستبوونی حکومەتێکی دۆست و گرنتیکردنی بەرژەوەندییەکانی بکات. ئەم جەمسەرە، عیراقی کردۆتە ناوەندێَکی گرنگی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکاو دەوڵەتانی عەرەبی. بێگومان توندبوون و چڕبوونەوەی ئەم ململانێیانەش ھاوکاتە لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکاو بەگوێرەی تێڕوانین و بۆچوونی زۆربەی چاودێرانی سیاسی ھەر لەئێستاوە دەوڵەتانی ھەرێم ھەوڵی جێگرتنەوەی رۆڵی ئەمریکا لەدوای کشانەوەی لەعیراق دەدەن. لەم چوارچێوەیدا (پیتەر ھارلنک) ئەندامی گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و پسپۆڕ لەکاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەکات کەھەردوو جەمسەری سعودیە-ئێران ھاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، ململانێکانیان لەسەر گۆڕەپان و شانۆی سیاسی عیراق چڕکردۆتەوەو لەدوای پاشەکشێکردنی ئەم ھێزەکانەش، ئەم وڵاتە دەبێتە سەنتەرو ناوەندی سەرەکی ململانێی نێوانیان. کەبێگومان ھەموو ئەمانەش کاریگەریی نێگەتیڤی کردوەو دەبێت لەسەر بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لەعیراقدا.

مەترسییەک

لەسەر کورد

تەنانەت کاریگەرییەکانی ئەم ململانێیە لەدوای ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠ لەسەر ھاوکێشە سیاسییەکان و شێوازی ھاوپەیمانییەکان و مەسەلەی پێکھێنان حکومەتی ئایندە زۆر بەزەقی دەرکەوتوەو بەتەواوەتی پرۆسەکە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەجندای دەوڵەتانی ھەرێمەوە.

خاڵی مەترسیداری ئەم ململانێیەش سەبارەت ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کەئەگەر دروستبوونی حکومەتی داھاتوی عیراق دەرئەنجامی تەوافوقێکی سیاسی دەوڵەتانی بێت. بێگومان ئەمە لەسەر حسابی کوردو مافە نەتەوەییەکانی دەبێت، چونکە بەدرێژایی مێژووی سەدەی بیستەم، مەسەلە کوردو دژایەتیکردنی مافە نەتەوەییەکانی تاکە خاڵی ھاوبەش و بەیەک گەیاندنی دەوڵەتانی ھەرێم بووە.

Shafaq Live
Shafaq Live