ئه‌فریقیا..ماندێلا‌و جامی جیهانی
فاكته‌ری ستراتیژی هاوشانی ئاسیا‌و ئه‌مریكای لاتین، مایه‌ی پشتگوێخستن‌و ئاوڕ لێنه‌دانه‌وه‌بوو، دوای ڕزگاربوونی كیشوه‌ره‌كه‌ش له‌ده‌ستی كۆلۆنیالیزمی جیهانی‌و سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرتنی وڵاته‌كانی، ئه‌فریقیا بوو به‌گۆڕه‌پانی گه‌نده‌ڵی ئیداری‌و بیرۆكراسی‌و شه‌ڕی ناوخۆیی‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا كوشنده‌كانی وه‌ك كۆلێراو مه‌لاریاو ئایدز، به‌مجۆره كیشوه‌ری ڕه‌ش بایه‌خی ستراتیژی خۆی له‌ده‌ستدا.
كۆماری ئه‌فریقیای باشوور هه‌رچه‌نده نوقمی چه‌ند كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی بوو، به‌ڵام به‌هۆی بوونی سامانی سروشتی زۆر‌و ئاڵتون‌و ئه‌ڵماس به‌تایبه‌ت بوو به‌ته‌نها تروسكه‌ی ئومێدێك له‌و كیشوه‌ره‌دا، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژیش خۆری هیوای له‌هه‌ڵكشاندابوو، له‌ئه‌فریقیای باشووردا كه‌مینه‌ی سپی پێست خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات‌و هه‌ژمون بوون‌و ژێرخانێكی ئابووری پته‌ویان بۆ وڵاته‌كه‌یان بیناكرد، كه شانبه‌شانی ئابووری وڵاتانی خۆرئاوابێت، له‌هێڵی ئاسنینی شه‌مه‌نه‌فه‌رو كارگه‌و كارخانه‌و بنیاتنانی شار‌و لادێی هاوچه‌رخه‌وه تا ده‌گاته دامه‌زراندنی سیستمێكی حوكمڕانی مۆدێرن، ته‌نها گرفت‌و قه‌یرانی ئه‌و وڵاته سیاسه‌تی نامرۆڤانه‌یی ئاپارتاید (جیاوازی ڕه‌گه‌زی نێوان ڕه‌ش‌و سپی) بوو.
له‌نێوه‌ندی چینی ڕه‌ش پێستی سته‌مدیده‌ی ئه‌و وڵاته‌دا تێكۆشه‌رێكی ناودارو له‌خۆبردوو خۆنه‌ویست سه‌ركردایه‌تی پارتی كۆنگره‌ی نیشتمانی ئه‌فریقیای گرته‌ده‌ست‌و به‌یداخی خه‌باتكردن دژی سیستمی ئاپارتایدی به‌رزكرده‌وه، ماندێلای شۆڕه‌سواری دیموكراتی‌و ئازادی‌و سومبولی ئاشتی، به‌هۆی سیاسه‌تی ئاشتیخوازانه‌یه‌وه دووچاری گرتن‌و به‌ندیخانه بووه‌وه، دادگای ئه‌و وڵاته به‌تۆمه‌تی كاری تێكده‌ری‌و نواندنی چالاكی دژی سیستمی حوكمڕانی به (27) ساڵ زیندانی حوكمدرا، به‌مجۆره نێڵسن ماندێلا به‌شێكی زۆر له‌ته‌مه‌نی جوانی خۆی به‌خشی به‌ئازادی وڵات، تا دواجار حكومه‌ت بێ ئومێدبوو له‌وه‌ی سیاسه‌تی ئاپارتاید تاسه‌ر دادیان بدات‌و بێته‌مایه‌ی خۆشگوزه‌رانی، بۆیه به‌بڕیارێكی سه‌رۆك وه‌زیری سپی پێستی ئه‌وكات (دی كلێرك) ماندێلای شۆڕشگێر ئازادكرا.
دوای به‌سه‌ربردنی زیاتر له‌چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك له‌زینداندا، ماندێلا به‌په‌یامێكی فریشته‌ئاساوه هاته‌ده‌ره‌وه‌و هه‌ڵگری درووشمی لێبورده‌یی‌و یه‌كسانی نێوان ڕه‌ش‌و سپی‌و نێر‌و مێی ئه‌و وڵاته‌بوو، ته‌نانه‌ت ڕق‌و كینه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ش نه‌بوو كه ته‌مه‌نی جوانیان له‌نێوان چواردیواری به‌ندیخانه‌دا به‌هه‌ده‌ردا، دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد‌و بێخه‌وش‌و مێژوویی، ماندێلا وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رۆكی ڕه‌ش پێست مژده‌ی نوێگه‌رایی‌و به‌مه‌ده‌نیكردنی وڵاتی پێ‌بوو، داواشیكرد ڕه‌ش پێسته‌كان ئاوڕ بۆ ڕابردوو نه‌ده‌نه‌وه‌و ڕق‌و كینه‌و تۆڵه بگۆڕن بۆ خۆشه‌ویستی‌و پێكه‌وژیانی ئاشتیانه، هه‌روه‌ك بوونی سپی پێسته‌كانیشی به‌پێویست دایه‌قه‌ڵه‌م بۆ دروستكردنی وڵاتێكی فره‌ڕه‌گه‌زی نمونه‌یی.
له‌بواری كۆمه‌ڵایه‌تیشدا دوای ده‌رچوونی له‌زیندان به‌ماوه‌یه‌كی كورت، ماندێلا له‌ژنی یه‌كه‌می خۆی (وینی) جیابووه‌وه‌و ژنی دووه‌می ماره‌بڕی، دوای كۆتاییهاتنی خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تیشی، به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌ركرده‌كانی جیهان، خۆی بۆخولی دووه‌م كاندیدنه‌كرده‌وه‌و داوای خانه‌نشینبوونی كرد، به‌مجۆره نیڵسۆن ماندێلا‌و (دی كلێرك) بوون به‌دوو ڕه‌مزی مێژوویی ئه‌و وڵاته‌و كۆتاییان هێنا به‌ئه‌ندێشه‌و ئازاری هاوڵاتییانی ئه‌فریقیای باشوور.
له‌دوای ماندێلا یه‌كێك له‌یاریده‌ده‌ره‌كانی خۆی به‌ناوی (سابۆ مبیكی) له‌هه‌ڵبژارنه‌كاندا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناو جێگه‌ی ماندێلای گرته‌وه، به‌ڵام (مبیكی) نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتووبێت له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئایدزو كۆتاییهێنان به‌قه‌یرانی زیمبابۆی دراوسێی وڵاته‌كه‌یان، بۆیه له‌خولی دووه‌مدا نه‌یتوانی پارێزگاری له‌پۆسته‌كه‌ی بكات، پاڵێوراوێكی تر به‌ناوی (جاكوب زوما) سه‌رۆكایه‌تی وڵاتی گرته‌ده‌ست كه تا ئێستاش له‌و پۆسته‌دایه‌و هه‌وڵده‌دات بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پۆسته‌كه، بۆخولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری‌و ده‌نگده‌ری ئه‌و وڵاته ڕازیبكات ده‌نگی پێبده‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ی زوما نیگه‌ران ده‌كات‌و ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ی لاوازده‌كات، باری ئابووری وڵاته‌كه‌یه كه به‌هۆی قه‌یرانی دارایی جیهانیه‌وه ڕوو له‌پووكانه‌وه‌یه، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌پێی وته‌ی (برینستن لایمان) ی باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌و وڵاته، كه‌مته‌رخه‌می زوما له‌بواری تێكه‌ڵاوبوونی ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێبه‌جێكردن‌و یاسادانان‌و دادوه‌ری ده‌نگده‌ری ئه‌و وڵاته‌ی نیگه‌رانكردووه‌و ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌كه‌وتنه‌وه‌ی زۆرتره، به‌وهۆیه‌شه‌وه پارله‌مان له‌ئێستا وه‌ك پێویست ناتوانێت چاودێی كاره‌كانی حكومه‌ت بكات، خاڵێكی دیكه‌ی نیگه‌رانی هاوڵاتییان له‌حكومه‌ت ته‌رخانكردنی بڕی (6) ملیار دۆلاره بۆ دروستكردنی چه‌ند یاریگاییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی له‌و وڵاته‌دا بۆ میوانداری جامی جیهانی (2010) كه وابڕیاره له‌حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌بچێت، له‌كاتێكدا چه‌ند گه‌ڕه‌كێك له‌و شارانه‌دا وه‌ك پێویست خزمه‌تگوزاری ئاو‌و كاره‌بایان بۆدابین نه‌كراوه.
له‌ناوجه‌رگه‌ی شاری كیپ تاوندا یاریگایه‌كی جوان له‌سه‌ر ڕووبه‌رێكی فراوان دروستكراوه‌و ده‌ڕوانێته‌سه‌ر زه‌ریاو پاڵیشی داوه‌ته چیای سه‌ركه‌شی (تایبۆل)، كیپ تاون باره‌گای پارله‌مانی ئه‌و وڵاته‌شی تێدایه، بێگومان ماندێلا له‌ڕۆژی كردنه‌وه‌ی ستادیۆمه‌كه‌دا به‌شدارده‌بێت، له‌وێشدا چاوی ده‌كه‌وێته‌سه‌ر دوورگه‌ی (ڕۆبن) كه زیاتر له (25) ساڵی ته‌مه‌نی خۆی له‌زیندانه‌كانی ئه‌و دوورگه‌یه‌دا به‌سه‌ر بردووه
نوسینی: (جۆن هیوجز) یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ئیداره‌ی ڕێگان
سه‌رچاوه: كریستیان ساینس مۆنیته‌ر