ئاماژه‌كانی پشت پرۆژه‌ی هه‌رێمی به‌سره‌

ئاماژه‌كانی پشت پرۆژه‌ی هه‌رێمی به‌سره‌
2010-09-20T17:43:38+00:00

به‌شێوه‌یه‌كی گه‌رم و گوڕتر بانگه‌شه‌ی بۆ كراو ده‌م و ده‌ست هه‌نگاوی كارای بۆ نرا.

له‌م هه‌وڵه‌ی ئێستادا لانی كه‌م سێیه‌كی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ داوایه‌كی فه‌رمیدا كه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رز كراوه‌ته‌وه‌، پشتگیریی سازكردنی ریفراندۆم بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر به‌هه‌رێم كردنی پارێزگاكه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی ساڵی 2008 ه‌وه‌یه‌، كاتێك په‌رله‌مانتار وائل عه‌بدولله‌تیف هه‌نگاوی پێویستی بۆ كردنی پارێزگاكه‌ به‌هه‌رێم هه‌ڵهێناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پشتگیریی هه‌وڵه‌كه‌ی نه‌كرد.

ساڵی 2008 ته‌نها 2%ی دانیشتوانی به‌سره‌ پشتگیریی پرۆژه‌كه‌یان كردو ده‌ڵڵاڵی پرۆژه‌كه‌ نه‌یتوانی 150 هه‌زار ده‌نگ بۆ پرۆژه‌كه‌ كۆبكاته‌وه‌.

له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا چی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ی هانداوه‌ بانگه‌شه‌ بۆ پرۆژه‌یه‌ك بكا كه‌ دوو ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر دژی وه‌ستاوه‌ته‌وه‌؟

زۆرتر بیر بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێ كه‌ زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ قه‌یرانی پێك نه‌هاتنی حكومه‌تی نوێوه‌ هه‌یه‌و وردتر په‌یوه‌ندیی به‌ سیاسه‌تی تازه‌ی نوری مالكی و پارتی ده‌عوه‌وه‌ هه‌یه‌.

ساڵی 2008 مالكی پشتگیریی له‌ پرۆژه‌كه‌ نه‌كرد چونكه‌ له‌و كاته‌دا بانگه‌شه‌ی بۆ پێویستیی بونی حكومه‌تێكی به‌هێز له‌ناوه‌نددا ده‌كردو په‌یدابونی ده‌سه‌ڵاتی تری به‌پێویست نه‌ده‌زانی. به‌ڵام دوا به‌دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌گه‌ری هاتنه‌ سه‌ر كاری عه‌للاوی كه‌ لیسته‌كه‌ی زۆرترین كورسی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا به‌ده‌ست هێناوه‌، پارتی ده‌عوه‌ كه‌وته‌ بانگه‌شه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی بۆ ئه‌گه‌ری زیندووكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی هه‌رێمی به‌سره‌. به‌ڵام پاش زیادبوونی شانسی هاتنه‌وه‌ سه‌ر كاری مالكی، پرۆژه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی وه‌لاوه‌ نرا. له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا له‌گه‌ڵ‌ په‌یدابوونی گرفت له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی مالكی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ، پرۆژه‌كه‌ له‌ جاران گه‌رم و گوڕتر كاری بۆ ده‌كرێ. به‌م پێیه‌، تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وانه‌ له‌ نێوان سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی پرۆژه‌ی هه‌رێمی به‌سره‌و زیادبوونی ئه‌گه‌ری دوورخستنه‌وه‌ی مالكی له‌پێكهێنانی حكومه‌ت هه‌یه‌.

به‌ڵام ده‌شێ ئه‌مجاره‌ پارتی ده‌عوه‌ ستراتیجی سیاسی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ هه‌رێم كردنی چه‌ند پارێزگایه‌كی باشور دابمه‌زرێنێ و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ هاتنه‌ سه‌ر كارو نه‌هاتنه‌ سه‌ر كاری مالكی جیا بكاته‌وه‌. به‌ كرده‌وه‌، پارتی ده‌عوه‌ به‌وه‌ی كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر زۆربه‌ی پارێزگا شیعه‌نشینه‌كاندا گرتووه‌، ده‌رفه‌تێكی مێژوویی له‌به‌رده‌م دایه‌ بۆ سه‌قامگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی، به‌تایبه‌تی كه‌ قه‌یرانی پاش هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نیشانی داوه‌ كه‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی عیراق پشتی پێ نابه‌سترێ و هیچ شتێك گه‌ره‌نتی له‌ ده‌ستدانی ده‌ستكه‌وته‌كان ناكات.

له‌ زۆربه‌ی ئه‌و پارێزگایانه‌دا كه‌ لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا سه‌ركه‌وتنی تێدا به‌ده‌ست هێناوه‌، شانسی به‌ده‌ست هێنانی ده‌نگی پێویست بۆ كردنی پارێزگاكان به‌هه‌رێم زۆره‌و پارتی ده‌عوه‌و لایه‌نگره‌كانی له‌ناو لیستی یاسادا ده‌توانن تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر بكه‌ن.

ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه‌ له‌ به‌سره‌، وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرێ، سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێ، ده‌شێ شه‌مه‌نده‌فه‌ری به‌هه‌رێم كردنی پارێزگاكانی تر دوا به‌دوای ئه‌و خێراتر بكه‌وێته‌ گه‌ڕ. ئاشكرایه‌ قه‌یرانی پاش هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نیشانی داوه‌ كه‌ هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمه‌كاندا له‌ هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ناوه‌ند مسۆگه‌رتره‌. ئه‌مه‌ ده‌شێ هانده‌ری سه‌ره‌كیی وه‌رچه‌رخان بێ به‌لای ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌وه‌ی كه‌ مسۆگه‌ره‌و درێژه‌دان به‌ هه‌وڵدان بۆ مسۆگه‌ركردنی ئه‌وه‌ی كه‌ مسۆگه‌ر نییه‌.

 

Shafaq Live
Shafaq Live