چاوه‌نواڕی بڕیاری خودی فه‌یلییه‌كانن
عه‌لی حسێن فه‌یلی/ به روونی نازانرێ ژماره‌ی دۆسیه‌ی كوردانی فه‌یلی له ده‌زگاكانی میری وه‌ك كێشه‌ی موڵكداری، ره‌گه‌زنامه، ده‌زگای شه‌هید، رێكخراوی زیندانیانی سیاسی چه‌ندن؟ چه‌ندیان رایی كراوه و چه‌ندیان چاوه‌نواڕی رایی كردنن؟ چه‌ندان كێشه هه‌یه ته‌نانه‌ت پێشكه‌ش به لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار نه‌كراوه له كاتێكدا بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌یان چه‌ند مانگ و چه‌ند ساڵ ده‌خوازێ!
به تێبینی رابردووی ده‌ركردنی فه‌یلییه‌كان و ئێستای گه‌ڕانه‌وه‌یان ، ئاسته‌مه وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران ئامارێكی دروستی له‌به‌رده‌ستدابێ! ره‌نگه هه‌موو بزانن تاوانه‌كان به ئاشكرا كران به‌ڵام كه‌من ئه‌وانه‌ی كه بزانن میكانیزمی گه‌ڕانه‌وه‌ی مافه‌كان ته‌نانه‌ت به یاسا‌و بڕیاریش ، بێ به‌دواداچوونی به‌رده‌وام مسۆگه‌ر ناكرێ .
له روانگه‌ی گشتییه‌وه كاتێك پرۆژه‌ی تاوانكاری دژبه فه‌یلییه‌كان به به‌عسی كرا ، سته‌می ئه‌و قۆناغه ، به‌ڵگه نه‌ویسته، لێ هیچ دادگایه‌ك له قۆناغی سه‌رده‌مدا بڕیاری بێ به‌ڵگه نادات . هیچ حكومه‌تێكیش بێ به‌ڵگه زیانبژێری بۆ كه‌س ناكات.
یاسا‌و بڕیاره‌كان بۆ ئه‌وه‌یه كه مافه‌كان پارێزراوبن و مافی به‌رگریمان هه‌بێ . دواجار له پۆلین كردنی تاوانه‌كان و زیانه مرۆیی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌م كه‌یسه ، له هه‌رباس و توێژینه‌وه‌ێكدا، له سكاڵا‌و پێشكه‌ش كردنی هه‌ر راو پێشنیار‌و داخوازییه‌ك بۆ ئێستا‌و ئاینده ، بۆ به‌دواداچوون و وه‌رگرتنی هه‌رمافێك ده‌بێ پشت به به‌ڵگه و زانیاری تۆكمه ببه‌سترێ.
پێناسه‌یه‌كی ساده‌ی شه‌قامی عیراقی بۆ كه‌یسی فه‌یلییه‌كان ئه‌وه‌یه: تا خودی ئێمه هه‌نگاو نه‌نێین ئه‌وانیش هانامان ناده‌ن. با خیانه‌ت له خۆمان و ئه‌وانه‌ش نه‌كه‌ین كه پشتیوانمانن ! له روانگه‌یه‌كی دیكه‌وه، راسته كه‌س ناخوازێ سته‌می لێ بكرێ به‌ڵام تا هۆكاره‌كانی سته‌م بمێنن زوڵم به‌رده‌وام ده‌بێ .
له ئێستا‌و داهاتووشدا، یه‌كه‌م كه‌س كه ده‌بێ یارمه‌تی و هانای بده‌ین هه‌میشه خۆمانین و رێگه‌ی دروست ئه‌وه‌یه له بازنه‌ی بێتوانایدا نه‌مێنین چونكو دادگه‌ریه‌كه‌ی ئه‌م دنیایه‌یه به‌و شێوه‌یه ؛ دژی سته‌مكار یان ته‌نانه‌ت سته‌ملێكراوی بێ ئیراده ده‌وه‌ستێ!
زۆر له مێژه، كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی چاوه‌نواڕی بڕیاری خودی فه‌یلییه‌كانه كه وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ی توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه له ده‌روونیاندایه رێگه‌ی به‌هێزتربوون و وشیارتربوون هه‌ڵده‌بژێرن یان به‌و دۆخه رازی ده‌بن كه دووره له متمانه و هه‌وڵو چالاكی بوێرانه و ژیانی ئێستایان تیایدا چه‌قیوه