شەڕ لە غەزە و ئەزموون بۆ کوردستان
ئەم چیڕۆکە، پێدەچێت زۆر نزیک و هاومانا بێت لە گەڵ خۆ فڕێدانی حەماس بۆ ناو قوڵایی هەڵدێری وێرانکەر و ئیسکشکێنی شەڕی ئیسرائیل، ئەو خۆ فڕێدانە راستەوخۆیە نەتەنیا بۆ حەماس ، بەڵکوو بۆ هەموو ئەو گەل و نەتەوە بێ دەوڵەت و ژێردەستانەی سەرتاسەری جیهان، بە کوردستانی خۆمانەوەش، زۆر راست و جێگای هەڵوەستەی جدی و تێفکرین و لێفێربوونە. ئەو خۆفڕێدانە، یان ئەو باوەڕکردنە رەهایە، کە بەبێ ڕەچاوکردنی ئازاری قاچ شکانی دوای خۆفڕێدان، لە خەرەندی متمانەکردن بە بەڵێنی لایەن و جەمسەربەندییەک، کە لەباری لۆژیکی هێزدارییەوە، هیچ زەمینە و مسۆگەر و دەرفەتێک بۆ بردنەسەری ئەو بەڵێنانە لەئارادا نەبووە.
زۆر دیارە کە کۆی روداو و پرۆژەی دەرگیربوون، یان بە بارێکی دیکەیەوە، خۆفڕێدانە ناو ئەو دۆزەخە سوتێنەرە، تەنیا بە میتۆدی رقی مێژوویی و متمانەی کوێرکوێرانەی بێ شرۆڤە و بەبێ خوێندنەوەی کۆدەکانی هاوسەنگی و پارێزبەندی هێزی خۆیەتی و بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی و ژیان و مانی گەلی هەژاری فەلەستین ئەنجام دراوە. ئەوەی لە سەر نەخشەی روداوەکانی غهززە و تابلۆی گشتی تەوەرە دژیەکەکان لە دەڤەرەکە دەبینرێ وەها خۆیایە، کە هەموو کردەیەک لەسەر هەژماری ئێسک و پروسکی ئەو خەڵکە بەشمەینەتە بەڕێوە چووە و، گەل بووەتە قوربانی ریکلامێکی درۆیینی ئافەرینێک و شانازیێکی کاتیی گوزەرا، کە پێناچێت هیچ دەستکەوتێکی کرداری درێژماوە بەدیبهێنێت، بەڵکوو ئەوە لایەنێکی چەکداری و بەکگراوەندە سیاسی و ئیدۆلۆژی و مەزەبییەکەیە، دۆزی فەلەستینی هەم لە باری ئەخلاقی، هەمیش لە باری جوگرافی و ئابوری و مرۆڤی، تەنانەت سۆزی جیهانیشی دوچاری خەسارێکی مەزن و جەرگبڕ و قەرەبۆنەکراو کردووەتەوە.
ئێستا کەرتی غەززە وەکوو بەشیک لە کۆی جوگرافیا و دانیشتووانی زیاتر له دووملیۆن کەسیی ئەو ناوچەیەش، مینا بەشێک لە کۆی گەلی گشتیی فەلەستین، رووبەڕووی دوو بژار، دوو مەترسی، دوو چارەنووس و دوو سناریۆی چاوەڕوانکراو بوونەتەوە، کە لەدەرەوەی هێز و ئیرادە و توانای خۆیدان و نووسین و نەخشەڕێژکردن و بەڕێوەبردنی هەموو ئەو دوانە سناریۆئامێزانەش، دەکەونە بەر بەزەیی هێزی پڕچەکی سوپای ئیسرائیل و هاوپەیمانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە هێزدارەکانی.
یەکەم: دەشێ لە یەکەم سناریۆدا چاوەڕوانی چۆڵکردن و بە بیابانکردنی یەکجارەکی غەززە بەگشتی و لە باشترین دۆخ و لەهەموو حاڵەتێکی خۆش شانسیی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەدا، بەڵایکەم تەخت بوونی نیوەی ئەو شارە جێگای چاوەڕوانی دەبێت. چونکە هیچ گومان هەڵناگرێ کەدوای روداوی هێرشی (تۆفانی ئەقسا)، دەوڵەتی ئیسرائیل ئاقار و چۆڵاییێکی زیادتر لە نێوان قەڵەمڕە و سنورەکانی لەگەڵ فەلەستینییەکان دروست دەکا و، ناوچەیەکی زیادتر لە مرۆڤ و دانیشتووانی عەرەب چۆڵ دەکا و پەراوێزێکی زیادتر دەخاتە نێوانیان.
دووەم: لە سناریۆ و لە حاڵەتێکی وەهادا، گەرچی نەشتەرگەریێکی زۆر قورسیش بێت، لێ رەنگە گەلی فەلەستین ناچار بەوە بکرێ، کە ( حەماس) وەکوو ئەم بەشە ناسازگارە، کە لەگەڵ دۆخی ئاسایشی ئەم قەوارەیە هەڵناکات، لە جەستەی خۆ جیا بکاتەوە و فڕێی بداتە دەرەوە و بەڕێوەبەریی ئەو بەشە لە غەززە، کە لەوانەیە شانسی مانەوەی بۆ بمێنێتەوە، بگەڕێنرێتەوە ژێر دەسەڵاتی فەتح و بەڕێوەبەریی حکومەتی فەلەستین. لە دۆخ و گریمانەیەکی وەهادا، کە لەژێر حوکمی لۆژیکی ژیانپارێزی و زندوو مانەوەی گەلێک ئەنجام دەگرێ، رێیتێدەچێت ئیسرائیل بە مانەوە و ئاوەدان کردنەوەی بەشێک لە شاری غەززە و بنیاتنانەوەی سەرلەنوێی کۆمەڵگەی فەلەستینی لەو شارە ڕازی بێت.
ریزکردن و ناوبردنی هەموو ئەو بژار و ئەگەرانە، لەدۆخێکدا ئەنجامی ئەرێنیان لێ دەستدەکەوێ، کە پشتیوانیکەرانی حەماس، ئەو ئەندازەیە لە تراژیدی و مەرگەساتی گەلی فەلەستین رازیان بکا و خاک و ژیان و مانەوەی دانیشتوانی غەززەیان بۆ لە دەستپێوەگرتن و هێشتنەوەی هێزەچەکدارەکەی حەماس گرنگتر بێت. ئەوەش بە گوێرەی پێناسەی شەڕخوازی و مەیدانداریی هاندەرە ئیدۆلۆژیەکان و ئەو هێز و کاراکتەرە مەزەبییانەی لەسەر شانۆی سیاسەتسازی و روداوە گەرمەکانی ناوچەکە رۆڵ دەگێڕن، گریمانەیەکی زۆر بەهێز ناهێتە بەرچاو، بەڵام ئەوە رونە ئەگەر بڕیار بێت، نەخشەدانەر و بەدیهێنەرانی فیلمی خوێناوی وەکوو تۆفانی ئەقسا، هێشتا سناریۆی نوسراوی ئامادەیان بۆ بەرهەم هێنان لەبەردەست مابێت، بێگومان پاراستنی کاراکتەری ئیدۆلۆژیی وەکوو حەماس لە پێشینەی ئامانجەکانیان دەبێ و ئەوەش هەموو دەرگاکان بەسەر فراوانبوون و هاتنە ناوەوەی هێزگەلی مەزن، بۆناو یارییەکە و بەرینتر بوونی بازنە و ئاقاری شەڕەکە و پەلهاوێشتنی بۆ دەرەوەی سنورەکانی غەززە و فەلەستین دەکاتەوە. لە روداوێکی لەو چەشنەشدا کە لە جیهانی نوێی بارگاوی بە هەڵچوونی تای بلوکبەندی و ریزبەندیی جیهانی بەڕێوە دەچێت، بەپێچەوانەی چاخە کۆنەکان، شەڕی مەزنی هەرێمایەتی، نەتەنێ بۆ گەلانی ژێردەستەی بێ دەوڵەت شانسی ئازادی و مافی سەرخۆبوونی زیادتر بەرهەم ناهێنێ، بەڵکوو بەخۆیان و جوگرافیا و دۆزە نەخەمڵیوەکەیان ، لەژێر پێی کاروانی فیلی گەورەهێز داگیرکەرەکان دەشێلرێن و رۆدەچنە ناو قەیرانی فەرامۆشکران و ژێردەستی درێژماوەتردا. ئێمەی کوردیش وەکوو گەلێکی ژێردەست و خاوەنی دۆزێکی رەوای مێژوویی، نابێت هەرگیز ئاواتەخوازی فراوانبوون و بەردەوامی ئەو شەڕە وێرانکەر و ویژدانهەژێنە بین. هەروەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەنجەرەی مافە یاسایی و مرۆڤایەتییەکانی گەلی کوردستانەوە، خاڵی لەسەر راستترین روانگەی مرۆڤانەی گەلەکەمان دانا و گووتی، گەلی فەلەستین خاوەنی مافێکی رەوایە و دەبێ کێشەکە لە رێگای دانووستادنی ئاشتیانە چارەسەر بکرێ .