رۆژیك بۆ دیداری فه‌یلییه‌كان
عه‌لێ حسێن فه‌یلی / له‌م سه‌رده‌مه‌دا، پێشخستن و باڵاده‌ستی ئایدۆلۆژیای حزبی له‌سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان سیمایه‌كی ئاسایی هه‌یه و بۆ كوردیش نموونه‌یه‌كی به‌رچاوو حاشا هه‌ڵنه‌گره. له كه‌ناری ئه‌مه‌شدا بارگاوی بوونی كۆمه‌ڵگه به هه‌ژموونی ئایینزا، هیچ ده‌ورو نه‌خشێكی یه‌كلاكه‌روه‌ی بۆ به‌رنامه‌یه‌كی گونجاو له‌ته‌ك خواسته ره‌واكانی كورد نه‌هێشتووه .
وه‌ك یه‌كه‌م ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتوو بۆ به نه‌ته‌وه‌یی كردنی شۆڕش و به‌رخودانی كورد، له رابردوودا فه‌لسه‌فه‌ی بارزانی نه‌مر بوو كه به كۆكردنه‌وه‌ی توانای گشت پێكهاته‌و ئایین و ئایینزاكانی كورد و كوردستان و تواندنه‌وه‌ی له ناو ده‌رفه‌تێك به ناوی شۆڕشی ئه‌یلوول مێژوویه‌كی شكۆمه‌ندی تۆمار كرد. ئه‌و ئه‌زموونه ئه‌و هه‌له‌شی ره‌خساند كه تاكی كورد و هاووڵاتی كوردستانی سه‌رباری هه‌رجیاوازییه‌ك له زاراوه‌و مه‌زهه‌ب و جوگرافیا، له‌ناو ئه‌و بزاوه هه‌مه‌گیره‌دا ، هه‌ست به بوون و شانازی به پێگه‌ی خۆیان بكه‌ن.
لێ له ئێستادا ، ئه‌ده‌بیاتی حزبه‌كان له‌و روانگه‌وه نه به پراكتیك كراون نه هه‌وڵی به پراكتیككردنیان بۆ ئه‌درێ . پێكهاته‌كانی كوردی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم وێنای ئه‌و راستیه ده‌كه‌ن كه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به پێی ئیلتیزامی حزبی و سیاسی په‌یڕه‌وی هه‌مان رێچكه‌ش بكه‌ن، له‌م رۆژگاره‌دا ئایدیای ئه‌و رێبازه ته‌نیا له هه‌ناویاندا په‌نگ ده‌خوات نه له كار‌و چاڵاكی رۆژانه‌یاندا . وا باوه كه شه‌رمنانه باسی رۆژی قوربانیدان بكرێ لێ لا له خواست و داواكاری رزگاربووه‌كانی كورد قڕان نه‌كرێ. له‌م سۆنگه‌وه ، فه‌یلییه‌كان پاش زیاتر له نیوقه‌ڕن دابڕان له هزری سیاسی نه‌ته‌وه‌یی و په‌رته‌وازه بوون له وڵاتانی دوور له زێد و نیشتمانی خۆیان، له چاو ئاقاره‌كانی دیكه‌دا، ده‌رفه‌تی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی هزری نه‌ته‌وه‌ییان پێ نه‌دراوه له كاتێكدا ، ئه‌وان له قوتابخانه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی غائب نه‌بوون لێ به گشت شێوه‌كان له خوێندن به زمانی كوردی بێبه‌ش كران تا له كارنامه‌ی مامله‌كردنی كورد له‌ته‌ك كورددا بایه‌خیان پێ نه‌درێ.
ئه‌مه حه‌قیقه‌ته كه له دێر زه‌مانه‌وه كورد به گشتی له رێی زمانی عه‌ره‌بی، فارسی و توركی نه‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌دا ئاشنا بووه به‌ڵكو پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له جوگرافیایه‌كی ئه‌و وڵاته‌ی تیایدا ده‌ژی و له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا ناسیوه. ئاساییه به هۆی گه‌لێك هۆكار سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و زمانانه له باره‌ی كورد هه‌میشه راستگۆ و بێلایه‌ن نه‌بوون لێ ئامرازی په‌یوه‌ندی گرتن بوون.
هه‌نووكه فه‌یلییه‌كان په‌یوه‌ست به هۆكاره مێژوویی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ، بۆ لێك گه‌یشتن و نزیك بوونه‌وه له باقی پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ، بۆ گه‌یاندنی په‌یام و خواسته‌كانیان به سه‌ركردایه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان، نازانن كامه شێواز‌ی گفتوگۆ ره‌چاوه بكه‌ن ! رواڵه‌تی زمان و شێوه نواڕین له ژێر كاریگه‌ری هزری بێگانه نه ته‌نیا تاڵه به‌ڵكو ته‌نیا یه‌ك رێگه چاره‌ی بۆ داناون كه ئه‌ویش بریتیه له خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و تیاچوون دوور له خاكی كوردستان و چاوی نه‌ته‌وه‌كه‌یان.
له قۆناغی ئێستادا، نه‌بوونی ئامرازی یارمه‌تیده‌ر بۆ لێك تێگه‌یشتن و ته‌نانه‌ت به یه‌ك گه‌یشتن ته‌نانه‌ت چاره‌سه‌ری كێشه ئاساییه‌كانی ناوخۆیی ئاسته‌م كردووه. له مێژه لایه‌نه به‌رپرس و په‌یوه‌ندیداره‌كان بێ ئاگادار كردنه‌وه‌ی خه‌ڵك شێواز‌ی ئاخافتنیان گۆڕیوه وله ریزبه‌ندی بۆ خاڵه گرنگ و هه‌ستیاره‌كان دابونه‌ریتی ئاخافتن و دیالۆگی راسته‌وخۆی نێوان كورد له ته‌ك كوردیان نه‌هێشتووه. له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی كورد میلله‌تێكی بن ده‌سته ، ئاساییه كه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی فه‌یلییه‌كان له‌وه‌ها دۆخیكدا زیاتر رۆمانسیانه بێ تا واقعی. له نه‌بوونی واتایه‌كی رۆشن و راستگۆیانه سه‌باره‌ت به ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ، دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی پێكهاته‌كان ، به تایبه‌ت فه‌یلییه‌كان تووشی ئازار بووه و ئه‌م دیارده‌یه له مه‌یدانی ژیان و سیاسه‌تدا بوونی هه‌یه و به‌رده‌وام وتوومه كه ده‌بێ پێش هاتنی وه‌رزی مه‌رگێكی دیكه، چاره‌سه‌ر بكرێ .