رۆمانی "قیسمەت".. من خودی نیشتمانم..

رۆمانی "قیسمەت".. من خودی نیشتمانم..
2021-09-04T08:43:35+00:00

سەردەمێک لە وەحشیگەری دەرھەق بە کوردە فەیلیەکان لە عێراق

ن: فایز علام

و: عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ

ھەموو ئەوانەی لە قاوەخانەکەی کەنار رووبارەکەوە دانیشتبوون، قیسمەت خانیان بینی منداڵێکی دووساڵەی پەلکێش دەکردو شیرەخۆرەیەکیشی نابووە باوەشی و بەرەو رووبارەکە دەچوو، کە گەیشتە سەر رووبارەکە ھەر دوو منداڵەکەی یەک لەدوای یەک ھەڵدایە ناو رووبارەکەو دواتر ھەر بەو شێوازەش خۆی کوشت و کۆتایی بە ژیانی ھێنا، کەس ھۆکاری ئەم کردەوەیەی نەزانی، بێگومان بە ئێمەشەوە، ئەمەش وامان لێدەکات رۆمانی قیسمەت لە نووسینی "حەوراْ نەداوی" بخوێنینەوە، کە چیرۆکێکە بە درێژایی شەست ساڵ باس لە مێژووی خێزانێکی کوردە فەیلیەکانی بەغدا دەکات، ئەو کوردانەی کە دابەشبوونەتە سەر ھەردوو دیوی سنوورەکانی رۆژھەڵاتی عێراق و رۆژاوای ئێران و سەر بە مەزھەبی شیعەن، خێزانەکە لەژێر رکێفی کارەساتەکان و خەمە دانەبراوەکاندا دەژین.

لەرێگەی گێڕانەوی وردەکارییەکانی رۆژانی پرسەکەو بەسەرھاتەکانی، چیرۆکی تاک بە تاکی ئەو خێزانە لەدایکدەبێت.. تا دەگاتە باپیرە گەورەیان کە سەردەمانی زوو لە دەستی والی ھەڵاتووەو خۆی گەیاندۆتە شاری بەغداو لەوێ بە تەواوی جێگیربووەو دوای ئەوەی بەھۆی لەناودانی حوکمی خودموختاری لەلایەن رەزاشا پەھلەوییەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی ئێران کە لوڕستانیشی خستە پاڵ دەوڵەتەکەیەوەو کۆماری کوردستانی لە مەھاباد رووخاند، مەلا راوەدوونراوەو دواتر ناسنامەی بۆ دەرکراوەو بۆتە کوردێکی عێراقی، بێگومان لەسەردەمێکدا کە فەیلیەکان بوون بە دووبەشەوە نیوەیان کوردی عێراقی و نیوەکەی تریان بوون بە کوردی ئێران، وێرای ئەوەی ئەو گۆڕانکارییە سەختەی نەتەوەکەی کردە دوو بەشەوە، بەڵام مەلا وەک خودی خۆی زۆر بیری لە سیاسەتی دەوڵەت و نەتەوە نەدەکردەوە، ئەو وەک نەوەکانی دوای خۆی خەونی بە دوارۆژی نەتەوەکەیەوە نەدەبینی، بەوەی رۆژێک لە رۆژان جیا ببنەوە یان حوکمێکی خودموختاری دەستەبەر بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە جەورو ستەم و چەوساندنەوە رزگار بکەن و کار بۆ یەکگرتنەوەی نەتەوەکەیان لە سنوورێکدا بکەنەوە، چونکە دابەشکرانە سەر دوو دەوڵەتی جیاجیاو ھەریەکە دەیەوێت لە رووی ئیتنییەوە بیانسرێتەوەو بیانکاتە سەر بەو نەتەوەیەی خۆیان تیایدا قەڵەمڕەوو دەسەڵاتدارن.

ھەموو کاراکتەرەکانی ناو رۆمانەکە لانی کەم لە چرکەساتێکی ژیانیان شەبەنگی قیسمەتیان بینیوە، چ بە جلوبەرگی بریقەداری چیاییەوە، یان بە پۆشاکی سووری ناو خۆپیشاندەرانی ئێرانەوە، یان بە جلێکی تەنکی تەڕەوە بە بزەخەنەیەکەوە لە ئاوی دیجلەوە سەر دەردەکات و دیسانەوە نقووم دەبێتەوەو وەک بڵقی سەر ئاو دەترووکێت و وندەبێت.

ئەم رۆمانە باس لە مێژووی کوردە فەیلیەکانی شاری بەغدا دەکات، کە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان و پێدەشتەکانی نێوان عێراق و ئێرانن و بە ئایین موسڵمان و سەر بە مەزھەبی شیعەن.

رۆمانی قیسمەت چەندین کاراکتەری سەیرو سەمەرە بە خوێنەر دەناسێنێت، یەک لەو کەسێتیانە "پەری"ـیە کە خوویەکی خراپی بەپاکوتەمیزیەوە گرتووە(وەسوەسەی ششتنی ھەبووە ھەر لە خۆشتنەوە تا دەگاتە دواین کەرەستەی ناوماڵە)، مام رەزا کەسێکی تری ناو رۆمانەکەیەو ھاوسەرگیری لەگەڵ شازەخان دەکات، ئەو ژنەی بەدرەوت و ھەڵەشەو شەڕانی بووە، کە دواجار مام رەزا لە داخی ئەو ژنە قیسمەت ئاسا خۆی ھەڵدەداتە ھەمان رووبارو خۆی دەکوژێت. لەوان سەیرتر کاراکتەری مام بەرەکەت بوو کە بەر لە ناشتنی لە مردن گەڕایەوەو بوو بەکەسێکی بەش پێدراوی خاوەن بەرەکات و پێشبینی رووداوەکانی دەکردو غەیبی دەخوێندەوە، بەو ھۆیەوە ھەرکەسێک بەھۆی ناخۆشییەکانەوە لەدوارۆژی خۆی بەدگومان بوایە پەنای دەبردە بەر ئەو پیاوە.

مامە بەرەکەت کۆمەڵە نھێنییەکی ھەیە لەگەڵ گێڕانەوەی ناو رۆمانەکە وردە وردە ئاشکرادەکرێن، بەڵام گەورەترینی پێشبینیەکانی دەیوت: ئەم وڵاتە بە ئاشتی ژیان ناباتە سەر، تەنانەت غوباری وێرانکارییەکانی دەگاتە ئاسمانی حەوتەم"، بەھۆی ئەو وتانەوە خانەوادە یان نەوەکانی مەلا ژیانیان پڕدەبێت لە نیگەرانی و خۆشی ژیانیان دەدرێتە دەم با.. تا ئەو رۆژەی ھەموو رووداوەکان بە راستی بە پێچەوانەی خواستی ئەوان سەرھەڵدەدەن.

رۆماننووسەکە گێڕانەوەی ناو رۆمانەکەی کردۆتە سێ بەشی لێکدانەبڕاو.. لە بەشی یەکەمدا باسی ژیانی ئەو خێزانەی ناو شاری بەغدا دەکات بەر لەوەی کۆچی بەزۆرەملێیان پێ بکەن لە لایەن بەعسیەکانەوە بە تایبەت لە سەرەتای دەسەڵاتدارێتی سەدام حوسێن بەوەی سەر بە مەزھەبی شیعەن و پشتگیری لە ئێران دەکەن.

لە بەشی دووەمدا.. بە تەنھا باسی سێ کەسێتی سەرەکی دەکات کە نەوەی دووەمی ئەو پێکھاتەیەن و بەسەر زەویدا بە ئاوارەیی و بێدەرەتانی پەرشوبڵاودەبنەوە، رەنگە بیرەوەرییەکانی لوئەی تەواوی گوزارشتکردن بێت لەو کارەساتانەی کە بەسەر خێڵەکەیدا ھاتوون، بە تایبەت دوای ئەوەی لە وڵاتەوە وەدەرنران و ھەست و سۆزیان وەک ھاوڵاتییەک بۆی دەجوڵا، بەڵام بەپێی یاساکانی دەسەڵات ئەوان سەر بە وڵاتێکی تر بوون. بۆیە لوئەی لە بیرەوەریەکانیدا دەنووسێت:" بۆچی کەسانێک ھەبن شێوەو فۆرم و رۆحی نیشتمانم دیاریبکەن؟، دەسەڵات بە چ مافێک نیشتمانم لێ دەسێنێتەوە چونکە باپیرم ئێرانی بووەو من نایناسم و نەشمدیوە، رەنگە ئەویش بەھەڵە کەوتبێتە ئەم بەشە دوورەی جوگرافیای جیھانەوە!! کاتێک ھەستی زۆرو تەواویان بەشانازییەوە دەربڕی و جۆرەکانی ھاوریزییان لە قاڵبدا.. کەس پرسیاری لێ نەکردم!! ئەگەری رای منیان وەربگرتایە ئەوسا خۆمم لە ریشەوە ھەڵدەتەکاندو خۆم ھەڵدەدایە سەر رێگەی غەریبیەکی گەورەی دابراو لە ھەموو ناسنامەو تەمەنێک، خۆم لەو ھەموو مێژووە.. سنوورە.. شانازیەکانیان و ھاوریزی لێھەڵوەشاوەیان لادەدا، ئەم کاھینانە بەراستی ئەوەیان پشتگوێخستووە کەمن بە خودی خۆم نیشتمانم و بەسەر دووپێیان دەڕۆم کە دەگەڕێنەوە بۆ پەلکی دارخورمایەکی مێرمنداڵ لە زێدەکەم".

نووسەر لەم دوو بەشەدا باس لە زیاتر لە نیو سەدەی ژیانی خێزانێک دەکات کە بە سێ پشت چەندین نەوەیان لێکەوتۆتەوە، دواتر لیکدابڕاون و ئاوارەکراون.

لە بەشی سێیەم و دوامین بەشدا باس لە گۆڕینی حوکمڕانی دەکات لە عێراق کە بەھۆیەوە ھەندێک لە خێزانەکە دیسانەوە بە نیشتمان و خەڵکەکەی شادبوونەوە، بەڵام بەھۆی ململانێی نەتەوەیی و حیزبی و مەزھەبیەوە ھەموو خەونەکانیان لەباربران و کەوتنەوە ناو دۆڵێکی قووڵتری نائومێدی.

ھەر لەو بەشەدا ھونەری فیدباکی بەکارھێناوەو تیایدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵی ١٩٥٠ کە رۆمانەکە لەو سەردەمەوە دەست پێدەکات، رێک بە چەند رۆژێک بەر لەوەی قیسمەت خۆی بکوژێت و وێرای ئەوەی قیسمەت وەک کاراکتەرێک ھەر لە سەرەتاوە رۆڵی خۆی تەواو دەکات، بەڵام وەک شەبەنگێک بەدرێژایی رۆمانەکە بوونی ھەیە، وەک ئەوەی چاودێری خێزانەکە بکات و چارەنووسیان دیاریبکات، ھەر کەسێکی ناو رۆمانەکە لە ساتەوەختێکی ھەستیاری ژیانیدا شەبەنگی قیسمەتی بینیوە، ناسیویەتی..دیمەنی ئەو ژنەی خۆی کوشتووە لە بیرەوەری ھەموویاندا جێی خۆی کردۆتەوە.

 

* حەورا نەداوی لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٤ ژنە نووسەرێکی عێراقییەو لە دانیمارک گەورەبووەو دواتر لە لەندەن نیشتەجێبووە. خاوەنی دوو رۆمانە یەکەمیان (تحت سماء کوبنھاگن ٢٠١٢) زۆرترین خەڵاتی ئەدەبی پێبەخشراوە یەکەمیان پۆکەری رۆمان بووە، قیسمەت دووەمین رۆمانی ئەم خانمەیە کە ساڵی ٢٠١٨ لە بەیرووت لە چاپدراوە.

 

 

Shafaq Live
Shafaq Live