دادخوازی هه‌وڵێكه‌ بۆ ئه‌مرۆ

دادخوازی هه‌وڵێكه‌ بۆ ئه‌مرۆ
2023-04-28T12:47:44+00:00
عه‌لی حسین فه‌یلی/ پاش بیست ساڵ له‌ ‌ رووخانی  به‌عس هێشتا زامی  سارێژ نه‌بوو له‌ ته‌ك  كێشه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌كراو زۆرن له‌ كاتێكدا  عیراق ده‌یتوانی به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌كان و په‌شت به‌ستوو به‌  سامانێكی گه‌وره‌ی مرۆیی و  سروشتی  دۆخێكی باشتر ساز بكات لێ ئه‌و هه‌موو سامان و ده‌رفه‌ته‌  به‌ فیرۆدراو تا  چه‌ند ملیۆن كه‌س  له‌ ژێر هێڵی نه‌داریدا  زیاتربن و چه‌ند ملیۆنی  دیكه‌  ئاواره‌ی تاراوگه‌ بن.  ‌ بێ به‌زه‌ییتر  له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی رابردوو كه‌مایه‌تییه‌ ئایینی و ئتنییه‌كان هه‌راسان و بێ هیواو بێ نیشتمان كران .

حكومه‌تێك باوه‌ڕی به‌ جینوساید نه‌بێ له‌ توانایدا نییه‌  قه‌ره‌بووی قوربانییه‌كان بكات!  جینوساید ‌ لایه‌نی یاسایی و مه‌عنه‌وه‌یی و مرۆفانه‌ ی هه‌یه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت و  خاوه‌نی كه‌یسه‌كه‌ بگه‌نه‌ خاڵ و به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش و له‌ یه‌ك كات و شوێندا كۆ ببنه‌وه‌ ، بۆ وێنه‌ به‌  جێبه‌جێكردنی راسپارده‌و بڕیاره‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كان  حكومه‌ت ده‌توانێ  ببێته‌   هۆكاری هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنی ئاسه‌واره‌كانی ئه‌و چه‌شنه‌ تاوانانه . 

بڕیاری  یه‌ك ده‌یه‌ پێش ئێستای  دادگا به‌ واتای سه‌لماندنی روودانی كاره‌ساتی كۆمه‌ڵكوژی كوردانی فه‌یلی بوو كه‌ تا ئه‌و كاته‌ له‌ مێژووی ره‌سمی عیراق  ئینكار ‌كرابوو. پاش  ده‌یان  ساڵ‌  چاوه‌نواڕی و  جێگیرنه‌بوونی دادگه‌ریی‌ له‌ شوێنی خۆی ئه‌و بڕیاره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه بوو بۆ نوسینی مێژووی  دروستی   كاره‌ساته‌كه‌‌.

دبلوماسیه‌ت له‌ بواری ئه‌قلانیه‌تدا پێمان ده‌ڵێ ناكرێ بڵێین ئه‌وه‌ی پێویست بوو‌ وتراوه‌ و ئه‌نجام دراوه‌، ئاساییه‌  له‌م وڵاته‌دا كه‌  نیشتمانی چه‌ندان  نه‌ته‌وه‌و  جیل و فه‌رهه‌نگ و بیروباوه‌ڕو به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازه‌  ، ‌ لێك حاڵی نه‌بوون و    دڵنیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی دیار و نادیار بوونی هه‌یه‌‌ . پێداگری له‌سه‌ر ئینكاری ئه‌و‌ كه‌مته‌رخه‌میانه‌ی كراون به‌ پاساوی    ئه‌وه‌ی هه‌موو سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كان بۆ زیندوو  راگرتنی  یاده‌كه‌  دروست و به‌جێ و رێ بوونه‌ هه‌ڵه‌كارییه‌. 

پاش 43 ساڵ ئه‌م یاده‌  پێویستی به‌ هاوخه‌م و هاوبیری زیاتره‌. ‌ هونه‌ر‌ له‌وه‌دایه‌ خاوه‌نی قوربانی بتوانێ له‌پای ئه‌و تاوانه‌ی حكومه‌تی رابردوو ئه‌نجامی داوه‌ حكومه‌تی ئێستا ناچار بكات  یادی بكاته‌وه‌و یاساو بڕیار بۆ نه‌هێشتی ئاسه‌واره‌كانی ده‌ربكات  .

له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی بۆتاوانی سیاسی و شوێنهاته‌كانی كاره‌ساته‌كه‌ ته‌نیا بیرورا ده‌بڕین و به‌ میدیای كردنی ئه‌م دۆسیه‌یه‌ به‌سه‌نده‌ نییه‌. بزافێكی حه‌ق خواز پێویستی به‌ رێكاری عه‌ملی هه‌یه‌. 

ناكرێ ئه‌م كاره‌ساته‌ ‌ ته‌نیا به‌ تاوانه‌كانی 1980 ببه‌ستینه‌وه‌. به‌راستی له‌ روانگه‌ی كات وشێنه‌وه‌ تا كوێ ده‌كرێ بگه‌ڕیینه‌وه‌ بۆ گوزه‌شته‌؟  تا رووداوه‌كانی  نیسانی ساڵی 1980 و كو‌شتنی هه‌زارن كه‌س و ده‌ربه‌ده‌ركردنی سه‌دان هه‌زار كه‌س یان سه‌ره‌تای حه‌فتاكان و شاڵاوی  گرتن و راپێچ و ده‌ربه‌ده‌ركردنی ده‌یان هه‌زار كه‌س یان به‌رواری ده‌ركردنی ئه‌و بڕیارانه‌ی ئه‌م چه‌شنه‌  تاوانانه‌ی به‌ یاسایی كرد. له‌ راستیدا ده‌كرێ ئه‌و رۆژه‌ به‌ بنه‌ما وه‌ربگرین كه‌ سیاسه‌تی ته‌به‌عیه‌ی عوسمانی و ئێرانی تیادا ره‌چاوكرا.

یاد كردنه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵات  كۆتایی بهێنن به‌  بێده‌نگی و كه‌مته‌رخه‌می. دادخوازی ئێمه‌  ته‌نیا بابه‌تی دوارۆژ نییه‌ به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی ئه‌مرۆمانه‌ كه‌ باش 40 ساڵ دوو جیلمان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازارو مه‌ینه‌تیانه‌ گه‌وره‌بوون كه‌  باوك و باپیرانمان له‌گه‌ڵیدا ژیاون.

Shafaq Live
Shafaq Live