توانەوە

توانەوە
2020-04-04T12:16:39+00:00

به‌در ئسماعیل شیرۆكی / کە جۆگەلەی کانیاوەکانی نیشتیمان، سەربەرەوخوار تێکەڵی دیجلە و فورات دەبن و بەرەو دەریای نەمان ڕاپێچ دەکرێن، بەفرەکان لەداخا دەتوێنەوە . کە هەناسەی فێنکی زۆزانەکانی نیشتیمان، بەرەو تۆز و لـمی بیابان پەڵکێش دەکرێن و لەناو گەردەڵوڵی گەرما دەخنکێرێن، هەلالە و سوسن و مێلاقەکان لە خەمان هەڵدەوەرێن، کەوەکان بە قاسپەیان و شالورەکانیش بە چریکەی حەزین، سەرەخۆشی لە چیاکان دەکەن، بەڵام کە ڕۆڵەکانی نیشتیمان، یادگارەکانی قەدەم خێر و هاوپۆڵەکانی لەیلا قاسم، پۆڵ پۆڵ بەرەو گۆمی ژەهر و تیزا و تواندنەوە پەڵکێش دەکرێن، قەڵەمەکان و قەڵەمبەدەستان، هاوسەنگەران و سەرکردەکانی نیشتیمان، لێیان ناپرسنەوە و مێژووی شەهیدبوونیشیان نازانن، تاکوو بە رستەیەک پێیان بڵێن یادتان بەخێر.

من بەهۆی دەزگای شەفەق، لەساڵی ٢٠٠٣ بەسەرەوە، بە شێوەیەکی زۆر نزیک و راستەوخۆ تێکەڵی خەم و کەسەر و تراژدیای رەشی مێژوو و بەسەرهاتی نیوسەدەی رابردووی کوردانی فەیڵی بووم.

ئەو دەزگایە بەهۆی گرینگیدانی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران نێچیروان بارزانی، کە لە گۆشەی باکوریی مەیدانی موستەنسریەی بەغدا بارەگای دانابوو، لەو رۆژگارەدا وەکوو هەدیەیەکی ئاسمانی و نەفەسێکی مەسیحایی وابوو، کە دوا هەناسەکانی ئەو بەشە ستەمدیدەیە و ئەو ئێسک و پروسکەی کە لەژێر کەڵبی گورگەکانی بەعسی بەجێ مابوون و هێشتا بۆ و بەرامە و توخمەکانی کوردەواریان لێدەباری، ئەوانەی هێشتا چاوەکانیان پڕ بوون، لە یادگاریەکانی شۆڕشی ئەیلول و وێنەکانی بارزانی مەزنیان، وەکوو نوشتووی چاو و زار لە بەرگ پێچا بوو و لەسەرسنگیان، ئەو شوێنەی کە ترپەی دڵی ماندوویان لێدەدا، شاردبووە،  لەیەک کۆ دەکردەوە و

( خۆش هاتێ وەخێر هاتی ) پێدەگوتن .

لەناو رێڕەو و ژورەکانی دەزگای شەفەق، رۆژانە بەدەیان پیر و پەککەوتە، بە پشتی چەماوە و گۆچان بەدەست ریزیان دەبەست، کە زۆربەی نزیک بەتەواویان ئەو دایکە جگەرسوتاوە بوون، کە رۆلە نازدارەکان و هاوسەرەکانیان بەهۆی کوردبوونەوە ڕاپێچی دیاری نەمان کرابوون . زۆر کەمبوون ئەوانەی تەنیا کەسێکیان لەدەستدابێت، زۆربەی زۆریان دوو یان سێیان و تەنانەت هەبوو شەش خۆشەوێستی لەبەر چاوی پەلبەست کرابوو و ئیدی نەگەڕابوونەوە .

من لە فرمێسکی چاوی ئەو دایکە داخبارە فەیلیانە، فرمێسکی دایکە خەمبارە بارزانیەکانم ده‌بینی، لە گۆنای هه‌ڵكزاوی ئەو دایکانە، روخساری ژاکاوی دایکانی گەرمیانم بینی، من لە داو داوی قژە لەناوەخت سپی هەڵگەڕاوەکەی ئەو دایکانە، قژی سپی زستان لێ نیشتووی دایکانی بادینانم بینی . من لەوێ خەمی هاوبەش و گریانی هاوبەش و ستەمی هاوبەش و دوژمنی هاوبەش ومێژووی هاوبەشم بینی، لێ بەداخەوە، لە ساڵانی دواتردا، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپیرەوەهاتنی هاوبەش و پێزانینی هاوبەش و بە بیرهێنانەوەی هاوبەشم نەبینی . وەک بڵێی قەدەری فەیلی وەهانووسراوە ، کە جارێکی تر نیشتیمان خۆی لە خەمی دایکەکان و خوێنی هه‌زاران لاوی کوردی فەیلی و تەنانەت لە خودی دەزگای شەفەقیش، کە ناو ڕەشترین خوێناویترین پایتەختی جیهان، ببووە مەکۆیەک بۆ خۆش هاتنێکی گەرمی کوردانە،  نەبان  بکاتەوە

Shafaq Live
Shafaq Live