بۆ فه‌یلییه‌كان له‌ تاقیكاری ده‌رناچن؟

بۆ فه‌یلییه‌كان له‌ تاقیكاری ده‌رناچن؟
2019-05-27T15:15:08+00:00

عه‌لی حسێن فه‌یلی / له‌ مێژه‌  ئه‌وه‌ یه‌كلایی بووه‌ كه‌ سێ لایه‌نی په‌یوه‌ست به‌ دۆسیه‌ی كوردانی فه‌یلی هه‌ن كه‌ ئایدیاو جیهانبینی و  نه‌خشه‌رێگایان جیاوازه‌ لێ ئه‌نجامی نه‌رێنی سیاسه‌ت و كارلێكه‌رییان  ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناخواسته‌ش بێ ، به‌رامبه‌ر به‌م كه‌یسه‌ وێك ده‌چێ. له‌ ریزی پێشه‌وه‌یاندا  ئه‌و لایه‌نه‌ كوردستانیانه‌یه‌ كه‌ له‌ روانگه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ، لایان وایه‌  ده‌بێ ته‌نیا ئه‌وان بڕیار بده‌ن و هه‌رتێڕوانینیكی پێچه‌وانه‌ به‌ لاده‌ر(رافزی) حسابی بۆ ده‌كه‌ن (له‌ دیدی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وان به‌ چاوی ساڵانی شه‌ست و حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو،   واته‌ پێش جینوساید،  قورسایی پێگه‌ له‌ فه‌یلییه‌كان ده‌خوازن ، له‌ كاتێكدا به‌ هۆی ئه‌و شێوه‌ نواڕینه،  چاوه‌نواڕیه‌كانیان‌ له‌   ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسی و ئابووریی  پاش جینوساید  ناهومێدی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی  پێوه‌ دیاره‌ بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی ئه‌و راستیه‌ بكه‌ن كه‌ خودی  ئه‌م پێكهاته‌یه‌ به‌پرسیاری  دۆخه‌كه‌ نییه‌).

دووه‌میان ؛ لایه‌نی  سیاسی هاوبه‌ش له‌ جوغرافیای ژیان و هاوڕا له‌ مه‌زهه‌ب  كه‌ خاوه‌نی شه‌رعیه‌تێكی  ئاسمانین و  له‌ جو‌گرافیا تازه‌كه‌ی خولیای ده‌سه‌ڵاتیاندا ، هیچ شه‌ریكێك ناخوازن و نابێ هیچ شت له‌بازنه‌ی بڕیاریان  ده‌ربچێ.  لایه‌نی سێیه‌میش ئه‌و كورده‌ فه‌یلیانه‌ن  كه‌  نه‌  متمانه‌یان به‌ خۆ هه‌یه‌ و نه‌ متمانه‌ به‌ كه‌سیش ده‌كه‌ن و نه‌ ده‌توانن متمانه‌ دروست بكه‌ن ! (به‌ هه‌ڵه‌كاری، كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی  ئه‌م پێكهاته‌یه‌ كه‌ هه‌م ره‌نگدانه‌وه‌ی هزری سیاسی و مه‌زهه‌بیه‌‌ و هه‌میش به‌ده‌ر له‌ ده‌ردی كۆمه‌ڵگای عیراقی نییه‌، ‌ ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئاسایی خۆی ).

هه‌رچه‌ند رای گشتی هاوسۆزی فه‌یلییه‌كانه‌  لێ له‌ناو سه‌ركردایه‌تی بڕیاردان و بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی ئه‌م وڵاته‌، نه‌بوونی ته‌عبیر له‌ هزرو خواستی كوردانی فه‌یلی گه‌لێك به‌رهه‌سته‌ .   له‌  ساڵانی رابردوودا ئه‌و هزره‌ لایی فیلییه‌كان دوروست بووه‌ كه‌  ئه‌و دوو لایه‌نه‌ به‌ پێكهێنانی به‌ره‌ی ناهومێد كردن، زۆر جار سزای سیاسیان داون‌ . به‌ اتای روونتر،  نه‌ لای ئه‌م و نه‌ لای ئه‌و  سه‌نگی خۆی پێنه‌دراوه‌ . لێره‌دا په‌یوه‌ست به‌م باسه‌، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ و ده‌توانێ ئه‌و شێوه‌ نواڕین و مامڵه‌ ناته‌ندروسته‌ی به‌رامبه‌ركان بگۆڕێ و هاوسه‌نگ بكات، ،  ته‌نیا لایه‌نی سێیه‌مه‌ ( خودی فه‌یلییه‌كان) . ناكرێ  وه‌ك هه‌میشه‌ ، بێ خۆئاماده‌ كردن بچنه‌ ناو پرۆسه‌ی  تاقیكرنه‌وه‌ی  به‌رپرسیاریه‌تی و داخوازی مافه‌كان ! ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و دابه‌ی رابردوو به‌رده‌وام بن، واته‌ له‌ هیچ  تاقیكاریه‌ك ده‌رناچن و  ده‌بێ هه‌ر خه‌ریكی له‌ گۆڕنانی  هیواو ئومید و چاڵ كردنی داخوازیه ره‌واو ئینسانیه‌كانی  خۆیان بن‌ . 

   
Shafaq Live
Shafaq Live