کتێبی لێكۆڵینەوەی زارە کوردییەکانی باشوور

کتێبی لێكۆڵینەوەی زارە کوردییەکانی باشوور
2021-06-20T16:27:43+00:00

دکتۆر ئیسماعیل قەمەندار

رانانی : فەرەیدوون سامان

قسەیەک هەیە دەمێکە دووپات دەکرێتەوە کە جوگرافیا ستەمی لە کورد کردووە، ئەو هەڵکەوتە سرووشتیە ستەمکارانەو ناڕەوایانە وای کردووە کە خاکی کوردستان بکەوێتە سنووری نێوان نەتەوەی بە ناو شآرستانی وڵاتانێک کە مخانم زۆرجار بەناوی هاوئایینی و هەندێجاریش بە ناوی کولتوورو مێژووی هاوبەش و دراوسێیەتی بەڵام مخابن بە درێژایی مێژوو لە هەوڵی قرکردنی زمان و کولتوورو ناسنامەی کوردبوونمان بوونە، ئەرێ چونکە نیشتمان داگیرو دابەشکراوە، ناسنامەی نەتەوە بوونەکەشمان بەسەر گەلانی سەردەستی نەتەوەی داگیرکەر مۆری حاشا لێکردنی لێدراوە، زمان کە ناسنامەی گەلانە، بەڵام بۆ کوردی نەگبەت زمانەکەشی وێڕای ئەوەی کە حاشای لێدەکرێت ، هاوکات بە چەندانجۆر لەهەوڵی ئەوە دان لەیەکتری بترازێنن دابەشی کەن، تا ئەوپەڕی توانای ماددی و لۆجیستی تەنانەت بە پلان و بەرنامەرێژی لە هەوڵی رەشکردنەوە وسڕینەوەی دان، راستە سڕوشت و شوێنگەی جیۆگرافی وای کردووە کە زمانی کوردیش وەک هەر زمانێکی دیکە خاوەنی چەندان زار و بنزار و دەڤۆک بێت، تا ئەو ئەندازە دووری نێوان زار و بنزارەکان وای کردووە زۆرجار بە حاڵ تاکی کوردی دەڤەرێک لە هی دەڤەرێکی دیکە تێبگات، بەڵام هەر ئەو سرووشتە رەنگینەش بووە وای کردووە زمانەکەمان مۆرکی رەسەنایەتی خۆی بپارێزێت و لەناو نەچێت، وەک چۆن دەبینین ئەمڕۆ بە دەیان بگرە بەسەدان زمانی نەتەوەکان لەناوچوون و لەدەلاقەی فەرامۆشیدا پەراوێزخران.

یەکێک لە زار یان بنزارە رەسەنەنای زمانی باووباپیرانمان دیالێکتە کوردییەکانی باشووری کوردستانە کە بە زارەکانی لەک و لوڕو کەلهور، کە پتریش بە زاری کوردانی فەیلی ناسراون ، مخابن کەمتر زمانناسان و ئەکادیمیانی ئەو بوارە ئاوڕییان لەو زارە داوەتەوە و کاری میتۆدی زانستییان لەسەر کردووە.

کتێبی لێكۆڵینەوەی زارە کوردییەکانی باشوور( اللهجات الکوردیە الجنوبیە) کە دکتۆر ئیسماعیل قەمەندارنووسیویەتی، رووناکبیرێکی ئەکادیمی کوردی فەیلی بەغدایە، لێکۆڵینەوەکە لەگەڵ پێشەکییەکی تێروتەسەل لەبارەی زارەکان و ناسنامەی لەک و لوڕو کوردە فەیلییەکان و کۆ- زاری گۆران، زازاکی ،هەروەها هەڵبژاردنی ئەلفابیتاو و ستاندارکردنی زمانی کوردی پێکدێت ، لێکۆڵەرهەر لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا دەیان ساڵی ژیانی خۆی لەنێوان وڵاتانی فەرەنسا و ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ نووسینی ئەم توێژینەوە زانستییە تەرخان کردووە، بۆ لێکؤڵینەوە لەسەر زارە کوردییەکانی باشوور، کە بەرای من گەورەترین توێژینەوەی پراکتیکی و مەیدانییە لە بوارەکانی زمان و زارە کوردی و ئیرانییەکان. ئەم کتێبە ساڵی ٢٠٠١ لە فەرەنسا بە زمانی فەرەنسی چاپ بووە، دواتر لەساڵی ٢٠١٤ لای خودی لێکۆڵەر خۆی لە بەغدا بە زمانی عەرەبی بەرچڤەکراوە و هاتۆتە وەشاندن. لێکؤڵینەوەکە سیستەمی رێزمانی لکەکان وشێوەزارەکانی دەیان شار و دەڤەرە کوردییەکانی باشوور پێکدەهێنێت، کە پێشتر باسییان لێوە نەکراوە وەک زار و بنزارەکانی ناوچەگەلی کرمەشان و ئیلام وخانەقین و مەندەلی و هەروەها وتەگەلی خێڵەکانی کەلهوورو مەلەکشاهی و ئەرکەوازی و پیری و کوردلی هتد...

بەشی گەورەی کتیبەکە کە لە ١٠٤٠ لاپەڕە پێکدێت، مەبەست لێرە لێکۆڵینەوەیە لەسەر سیستەمی دەنگی و گراماتیکی و ئەو زار و بنزارانەیە، کە بابەتگەلی گرنگ و هەستەوەر دەگرێتەوە لە پەیوەندی بە ناسنامەی هەندێ توێژی کوردی باشوور کە دووچاری شرۆڤە و هەڵەی شێواندن یان سڕینەوە ئینتمای ئیتنیکی بوون، سەرباری روونکردنەوە مێژوویی و شێوەزارە بنەڕەتییەکان لەبارەی کوردانی لەک و لوڕ و کەڵهور، کۆزارەکانی گۆران- زازاکی لەپاڵ ئەوەشدا شرۆڤەکردنێکی گرنگ و پێویست لەبارەی بنزاری کوردە فەیلییەکانە. ئەم پێشەکییە ئاراستەکراوە گشت ئەو جۆرە خوێندنەوانە دەگرێتەوە لەسەر دوو بابەتی گرنگ کە هێشتا بەشێکی فرەوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردی سەرقاڵ کردووە، ئەویش پرسی هەڵبژاردنی ئەلفابیتایەکی گونجاوە بۆ نووسینی کوردی و بابەتی ستانداردکردنی زمانی نووسینی کوردییە، لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا. ئاماژە بەوەش دەکات کە لێکۆڵینەوەکە چیرۆکی (پێی زێڕین) بەرامبەر چیرۆکی ساندریلایە کە تێکستە کوردییە باشوورییەکەی تێدا نووسراوە بە ١٠ بنزاری کوردی نێوچەکانی باشوورە.

ئەو تایبەتمەندێتیە کە ئەم لێکۆڵینەوەیە لەگەڵ ئەوانیتردا جودای بکاتەوە و بەراوردی پێ بکرێت، لەراستیدا بۆ وەرامی ئەم پرسیارە پێویستی بە پڕکردنەوەی چەندان لاپەڕە دەبێت، کە لە داهاتوودا بەشێکی دیارکراو لە کەسانی پسپۆر و خوێنەران وەرامی دەدەنەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین کە کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکی زمانەوانی پراکتیکی و مەیدانییە، مەبەست لەوەش زارو بنزارە کوردییەکانی باشوورە، کە توێژینەوەی بۆ کراوە، ئەویش لە رێگای دیمانەو وتووێژی راستەوخۆ و شرۆڤەکردنی وتەگەلی خەڵکی ناوچەکە بووە، بێ پشت بەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی نووسراو، ئەویش سەبارەت بە سەختی متمانە پێکردن بەو سەرچاوانە بووە. لەکاتێکدا چەندان توێژینەوەو لێکۆڵینەوە لەسەدەکانی نۆزدەو بیستدا لە لایەن رۆژهەڵاتناسانی رووس و رۆژاواییەکان لەسەر زارەکانی کرمانجی باکوور و باشوور(سۆرانی) کراون، هەروەها لەسەر دیالێکتی زازاکی و گۆران ئەنجامدرابوون ، بێ ئاوردانەوە بۆ زارە کوردییەکانی ناوچە باشوورییەکانی کوردستان، هەڵبەت جگە لە ئاوڕدانەوەیەکی کەم و سادە نەبووبێت. کە مخابن وەک سەرچاوەیەکی زانستی متمانەی لەسەر ناکرێت، لەو سۆنگەیەوە لێکۆڵەر بۆ ماوەی پتر لە ٤٠ ساڵ هەر لە قۆناغی خوێندنی زانکۆوە تا خوێندنی باڵا و کارکردنی لەسەر توێژینەوەی ئاخێوەرانی ئەو زار و بنزارانە لە هەردوو بەشی رۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا، واتە لە هەردوو دیوی کوردستانی عیراق و ئیراندا کاری لەسەر کردوون، بە سووڕبوونی لەو هەموو ساڵە زۆرانەدا لەکارکردن لەو ناوچە فەرامۆشکراوەی باشووری کوردستان کە رێژەیەکی زۆر ئاخێوەرانی تێدا نیشتەجێن.

دکتۆر ئیسماعیل قەمەندار دوای تەواوکردنی نامەی دکتۆراکەی لەساڵی ١٩٨٨ لە زانکۆی پاریس کە لەسەر زارە کوردییەکانی باشوور بوو، لەساڵی ٢٠٠١ بەزمانی فەرەنسی ئەو کتێبەی بەچاپ گەیاند، کە سێ ئەوەندەی تێزی دکتۆراکەی دەبوو، زۆرترین پانتایی زمانەوانی کوردی گرتەوەو لە نایابترین خانەی چآپی رۆژاوایی تایبەتمەند لە بواری زمانناسیدا کە (خانەی پیترس) بوو بە چاپ گەیاندووە ، کە لە ئەنجامدا بووە ژێدەرێکی زانستی زار و زمانەوانی گرنگ لە گۆڕەپانی کوردناسیی و ئێراناسی لە زانکۆکانی رۆژاوا و ئەمریکیدا. بەڵام باشە بۆچێ نووسەر ئەو کتێبەی بۆ زمانی کوردی وەرنەگێڕاو کردی بە عەرەبی، لە دیمانەیەکدا لە سایتی ئیلاف هەر خۆی وەرام دەداتەوەو دەڵێت لەبەر ئەوەی من کوڕی بەغدام و قۆناغەکانی خوێندنم تا ئامادەیی هەر بە زمانی عەرەبی خوێندووە، جگە لەوەی کە زۆرینەی کوردانی ناوەراست و باشووری عیراق تەنانەت کوردانی هەرێمی کوردستانیش و بەشێکی کوردانی باشووری دانیشتووی ئیران عەرەبیزانن، بۆیەش بە چاکم زانی هەر بۆ زمانی عەرەبی وەریگێڕم. لەو رەوشدا ساناترە کە بۆ زمانی فارسی و هەروەها بۆ کوردی باکوور و ناوەراستیش بەرچڤە بکرێت، وێڕای ئەوەی دەرفەت دەبێت کە توێژەران و خوێنەرانی عەرەب زانیاری و شارەزایی تەواویان لەسەر زمان و کولتووری کوردی ئەو دەڤەرە فەرامۆشکراوە هەبێت، تا لەسەر ئاستی زانکۆکاندا تێزی ئەکادیمی لەسەرزار و زمانناسی کوردیدا بنووسن، سەبارەت بەو پاڵنەرانەش کە بوونە هۆی هەڵبژاردنی ئەو بابەتگەلە بەرفراوانە قەمەندار دەڵێت: کۆمەڵێک هۆکار هەن لەسەرووی هەمووشیانەوەی ئارەزووی کەسێتی خۆم بوو بەر لە دەسپێکردنی ئەم توێژینەوەیە لە تێگەیشتن لە زارەکەم وکولتوور و مێژووی هۆزەکەم کە کوردی فەیلین، دواتر بە شێوەیەکی گشتی فەرهەنگی گەلی کورد و مێژووەکەی بوو، چونکە بەشێکی گەورە لە کوردانی فەیلی بەتایبەتیش خوێندەوارەکانیان لەشارە گەورەکانی وەک بەغداو بەسراو تاران دەژین، سەرباری شانازیکردنیان بە نەتەوە و زمانەکەیان، بەڵام لە ژینگەی رەسەنی خۆیان دابڕاون کە باشووری کوردستانە و پتر کەوتوونە ژێر هەژموونی داب و نەریت و فەرهەنگی نەتەوەکانی عەرەب و فارس لەعیراق و ئیراندا، تا رادەیەکی زۆریش بێئاگان لە مێژووی خۆیان و بنەماکانی زارە تایبەتییەکەی خۆیان، سەرباری کەمی زانیاری پێویست و بەکارنەهینانی لای هەندێ لە نووسەرانیان بە شێوەیەکی درووست سەرباری پەیوەندی قووڵی نێوانیان لە گێڕانی رۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگای ئیراقیدا. چونکە لە ساڵانی رابردوودا کۆمەڵگەی کوردە فەیلییەکان لە عیراقدا رووبەرووی سیاسەتە چەپەڵەکەی رژیمی بەعس بووەوە کە هەر لە کۆدەتای ساڵی ١٩٦٣ رەگەزپەرستانە بەرامبەر بە مافی هاووڵاتییانی کوردانی فەیلی رەفتاری فاشێزمانەی کرد.هەستی بە بەرپرسێتی زانستی و سیاسی کرد لە روونکردنەوەی خاڵا شێوانراوەکانی تایبەت بە ناسنامەی کوردە فەیلییەکان و راستکردنەوەی ئەو هەڵە گەورانە وەک بەکارهێنانی زاراوەی لوڕ لە لایەن کوردە عیراقییەکان بۆ کۆمەڵەی دیالیکتە کوردییەکانی باشوور و بەتایبەت فەیلییەکان، لە کاتیکدا بنزارەکانی زاری لوڕی جیاوازن لەگەل بنزارەکانی دیالیکتەکانی کوردی باشوور، هەر لەو کتێبەدا شرۆڤەی زانستی هەن بۆ زاراوەگەلی فەیلی و هەندێ لە تیرە و هۆزەکانی وەک کوردلی و خەزەڵ. سەبارەت بە بەکارهینانی ئەلفابیتایەکی گونجاو بۆ نووسینی زمانی یەکگرتووی کوردی پێی باش بووە هەر ئەلفابیتایە ئارامییەکە بەکاربهینریت، ئەوەش دوای ئەو قەناعەتە هاتووە کە موستەفا کەمال ئەتاتورک لەساڵی ١٩٢٩تیپی لاتینی بۆ نووسینی زمانی تورکی بەکارهینا و پشتی لەو میراتە فەرهەنگیەی سەدان ساڵەی خۆیان کرد، هەروەها گەلانی مسولمانی سۆڤیەتی جارانیش ئەلفا بیتای سیریلیان بەکار هینا ، قەمەندار بۆچوونی وایە کە ئەم گەلانە زیانیان بە میراتی فەرهەنگت نەتەوەیی خۆیان گەیاندووە لە پشتکردنە ئەو سەرچاوەگەلە زانست و زانیارانانەی کە ساڵەهای ساڵی بەو ئەبجەدیەتە نووسراون. هەر بۆیەش نابێت کورد ئەو هەڵەیە دووپات بکاتەوە لە پەنا بردنە بەر رێنووسی لاتینی و پشتگوێ خستنی ئەو سەرچاوەگەلە فەرهەنگییەی کە ئەمڕۆ بە سەدان بگرە هەزاران کتێبی پێ نووسراون و کتێبخانەی کوردییان پێ دەولەمەند کردووە....

Shafaq Live
Shafaq Live