گه‌ڕان به‌دوای هیچا

گه‌ڕان به‌دوای هیچا
2010-01-24T12:13:17+00:00

له‌دوێنێ و له‌رۆژه‌كان

ئێمه‌ی مه‌حكوم به‌ترس وه‌ك هێشوه به‌رسیله‌یه‌كی ترساو

له‌و ڕه‌شه‌بایه‌ی له‌گه‌ردنی دره‌ختێكی ئه‌ترازێنێ و

له‌نێوگه‌ڵا وه‌ریوه‌كاندا ونی ئه‌كات

له‌نێو گێژاوی ترسێكی منالانه‌دا

ون ئه‌بین

چه‌ن بگه‌ڕێین

خۆمان له‌ژیان بدزینه‌وه

دواجار بۆباوه‌شی ساردوسڕی قه‌ده‌ر خۆمان ئه‌كوتین

له‌نێو ته‌متونی گومانه قوڵه‌كاندا وێڵ ئه‌بین

به‌رده‌وام گیرۆده‌ی ئازارین

گیرۆده‌ی ئه‌و غه‌مانه‌ین كۆتا نابن

چه‌ن بێمانایه ژیان ئه‌و ده‌مانه‌ی ئه‌مانگرێنێت

چه‌ن بێهوده‌ییه خۆدانه به‌لیزمه‌ی هه‌ڵاتن

ئێمه‌به‌تاوانی  گه‌وره‌بون مه‌حكومین

چوارپه‌لمان  به‌كۆڵه‌كه‌ی نائومێدییه‌وه به‌ستراوه و

بۆ ده‌ربازبون ..

چاوه‌ڕێی موسافیرێكی ڕێهه‌ڵكروین

ژیانمان پره له‌چیرۆكی نه‌خوێندراوه و

پریه‌تی له داستانه وه‌همییه‌كان

نه ده‌نگی هاوارمان ئه‌گاته دور و

نیگاكانمان ئه‌ڕوانن به‌هیچا

په‌نجه‌ره‌كانمان كراوه‌ن به‌ڕوی هیچا

ده‌رگاكانمان به هیچ كوڵم دراون

ژوره‌كانمان پرن له گومانی هیچ و

ژیانمان پڕیه له‌مانای هیچ

له‌سه‌فه‌ردا خه‌و به‌گه‌ڕانه‌وه ئه‌بینین

له گه‌ڕانه‌وه‌دا ئه‌گرین بۆ سه‌فه‌ر

له‌ڕاستیدا خۆمان گیرۆده‌ی خه‌یاڵ ئه‌كه‌ین و

له‌خه‌یاڵدا  غه‌رقی چیرۆكه راستییه‌كان ئه‌بین

ئێمه نه‌وه‌ی ئازارێكی مێژینه‌ین

مناڵی باوه‌شێكی پڕ مه‌ینه‌تین

نه یادگارییه‌كانمان  ته‌عبیر له‌هیچ ئه‌كه‌ن و

داهاتومان پرییه له هیچیێكی به‌تاڵ

Shafaq Live
Shafaq Live