حیله‌ی ئه‌سپه‌مێیه‌ک، دوای مه‌رگ!
ڕاده‌کات! ده‌ڵێی په‌رستارێکی نیانه، به کاسێک ده‌رمانی سووره‌وه بۆ به‌فریاکه‌وتنی بیمارێک، ڕاده‌کات! ده‌ڵێی که‌سێک چاوه‌ڕێی ده‌کات، یان ئه‌م چاوه‌ڕێی پێڕاگهشتنێکه، نازانێت له شتێک یان بۆ شتێک ڕاده‌کات؟!
ئێ خۆ ئه‌و به هه‌مووی گه‌یشت، به هه‌موو ڕێگاکاندا ڕۆیشت، هه‌مووی ژیا، ته‌نانه‌ت مردنیش! سه‌یره، هه‌ر چاوه‌ڕێیه! نازانێت چاوه‌ڕێی چییه؟ خۆ هه‌مووی تێپه‌ڕاند، هه‌مووی به‌جێهێشت یان هه‌مووی جێیهێشت، نازانێت. بڵێی له جێگایه‌کدا چه‌قیبێت؟ ئه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی مانای چییه؟ ئه‌ی ڕاکردنی بۆ؟ ئه‌وه‌تا بیرده‌کاته‌وه، ئه‌وه‌تا ئێشێت، یادگاره خۆشه‌کان له هه‌موو شت زیاتر ئازاری ده‌ده‌ن و بیره‌وه‌رییه ناخۆشه‌کانیش به‌ئه‌ندازه‌ی به‌هێزترین ته‌زووی کاره‌با ده‌یگرن، ڕایدهچڵهکێنن. باش ده‌زانێت ئێستای قۆناغێک دوای مردنێتی، به‌ڵام پێشتر نه‌یده‌زانی که ده‌کرێت پاش مردنیش چاوه‌ڕوانی و نائارامی بیتهنێت! له هیچ دڵنیا نییه و ناشزانێت ئه‌و دۆخه چه‌ند ده‌خایه‌نێت، هه‌موو شت لێڵ و ناسروشتی دێته پێشچاو. به‌رده‌وام هه‌ر بیرده‌کاته‌وه و ته‌نیا شت که په‌ی پێ به‌رێت، ئه‌وه‌یه که ئه‌و پێویسته ڕابکات!
من له‌بیرم نییه چۆن ناسیم! یان نازانم، ئه‌و له خۆم دوو دڵی کردووم، هه‌ر جارێک چیرۆکی یه‌که‌م بینینمانم بۆ ده‌گێڕایه‌وه، ده‌یوت نا ئه‌و شتانه‌ی تۆ باسیان ده‌که‌یت، ڕوویان نه‌داوه، له کوێ‌یان ده‌هێنیت؟!
كه‌چی من واده‌زانم (سپێده)م له ڕێگای گۆڕستانێك ناسیبێت! ئا دێته‌وه یادم ئه‌و ده‌چووه سه‌ر قه‌بری پیاوه پیره‌كه، ئه‌و پیاوه‌ی كه له باپیری ده‌چوو، ئه‌وه‌ی كه له‌به‌رده‌م شووشه‌ی كۆگایه‌كی جلوبه‌رگدا، ده‌می ڕوانینی ئه‌م له بلووسێك، پێی وتبوو، (له‌به‌رتدا، زۆر جوان ده‌بێت). ئه‌میش یه‌كسه‌ر بلووسهكهی كڕی بوو. خۆ هه‌ر ئه‌و جاره ئه‌و پیاوه‌ی بینی بوو. كه‌چی نازانم چۆن ده‌یزانی پیاوه پیره‌كه مردووه و ئه‌وه‌ش گۆڕهكهیهتی!
سپێدە ساڵیی دوو وه‌رز، تۆوی گوڵی جۆراوجۆری ده‌برد، له ده‌وروپشتی گۆڕه‌كانی ئه‌و قه‌برستانه پڕ له خاچ و صهنهمهدا، دهیپرژاند و قه‌تیش بێخزمه‌تی نه‌ده‌كردن. هه‌ندێ جار پێم ده‌وت تۆ زۆر سه‌یری! بۆ هێنده سه‌ردانی ئه‌وێ ده‌كه‌یت، ئاخر تۆ هه‌ر ناشزانیت ئه‌و مردووانه كێن و كوێنهرین، ڕه‌نگه كه‌سی خراپیش بن. ئه‌و ده‌یوت ڕه‌نگه باشیش بن، ڕه‌نگه په‌شیمان بووبنه‌وه له هه‌ر خراپییه‌ك كه كردبێتیشیان، ڕه‌نگه ته‌نیا و بێتاقه‌ت بن. لێگه‌ڕێ من ئاوا ئاسووده‌م، منێك كه پێڕانه‌گه‌یشتم مردوویه‌كی نیشتیمان بلاوێنم، نه‌متوانی بچمه خزمه‌تی سه‌یوان یاخود ده‌باشان و ده‌ست به‌سه‌ری كێلێكدا بێنم..
ئه‌و نكوڵی له زۆر ڕووداو ده‌كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شی بیر نه‌مابوو كه شه‌وێك تا به‌یانی پێكه‌وه گریاین. ده‌یوت تۆ خۆت ئه‌و باسانه دروست ده‌كه‌یت! من دڵنیام خۆم دروستم نه‌ده‌كردن، ئه‌و شتانه وابوون، به‌ڵام قه‌ت نه‌مده‌توانی قسه‌ی خۆمی بۆ بسه‌لمێنم، بۆ نموونه نازانم ئه‌و شه‌وه تا به‌یانی بۆچی گریاین؟ ئه‌ی چۆن بیریبهێنمهوه كه ئێمه هه‌تا شلوكوت نه‌بووین ژیر نه‌بووینه‌وه و دواجار له باوه‌شی یه‌كتریدا، خه‌وێكی قورس دادیداین..
ئێستاش كه ئه‌و ڕۆیشتووە، هیچ شتێكی ڕوون له یاده‌وه‌ری ته‌مه‌نیی و ڕۆژانی پێكهوهبوونماندا نییه، كه بۆتانی بگێڕمه‌وه. به‌ڵام من مه‌به‌ستمه ئه‌و هه‌سته پهڕهوازانه بنووسمه‌وه. دڵنیاش بن، به‌ڕابردوو بوون هیچێكی كاڵ نه‌كردۆته‌وه، به‌ڵكه ئه‌و به سروشتیی خۆی وابوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی كڵاوه ئه‌فسووناوییه‌كه‌ی كه‌چه‌ڵی كۆتربازی له سه‌ری نهێنییه‌كانی نابێت، هێز نه‌بوو ڕووداوەکانی به‌یان بکات و په‌ییان پێ به‌رێت. من به درێژایی پێکهوەبوونمان شتێکی ئه‌وتۆی لێ حاڵی نه‌بووم و هه‌میشه وام هه‌ست دەکرد زۆری مابێت چیرۆکی ئه‌و ڕوونبێتهوە! جاری وا هه‌بوو كه ده‌هاته لام هه‌موو گیانی پێده‌كه‌نی و ده‌یوت دڵم زۆر خۆشه، ئه‌وه‌شی ده‌ڵێت ژیان ناخۆشه، خۆی نه‌خۆشه! جاری واش هه‌بوو به قورسایی خه‌می كێوێكهوه ده‌هاته به‌رده‌مم و به ئاسته‌م دەنگیم دەبیست ده‌یوت ده‌ترسم هاوڕێ، دڵم زۆر ته‌نگه، ژیان سه‌خته، ژیان ڕه‌قه!
سپێدە ئه‌و ڕۆژه‌ی که مرد، له ماڵێکی گه‌وره و پڕ له پێکه‌وه‌بووندا، ته‌نیا بوو. ژیان ده‌مێک بوو خۆی لێ گۆڕیبوو، ده‌مێک بوو دڵی وه‌ک کێلوونی ده‌رگایه‌کی ژه‌نگگرتوو، گیر بووبوو لێی و هه‌رچی ده‌کرد و ده‌کۆشا نه‌ده‌کرایه‌وه. ژیان، بڕێک شێی ئه‌و و، تاوە تۆفانی ژینگه‌ی کردبووه ده‌سکه‌لای ده‌ستی و هۆکاری ژه‌نگگرتن و نه‌کرانه‌وه‌ی بۆ تاهه‌تایه! ئه‌و وه‌ک زاتێکی باوه‌ڕدار به ژیان و چۆکدانه‌دان بۆ ئه‌و گیرییه، یه‌کبینه ده‌یوت دڵی تۆ مس نه‌بوو، زێڕ بوو، مه‌حاڵه ژه‌نگ هه‌ڵهێنانی. نا له شوێنێکدا هه‌ڵه‌یه‌ک هه‌یه، نا ئه‌مه کۆتایی نه‌کردنه‌وه‌ی نییه!
لێ، سپێده وته‌نی، ژیان سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و له خۆیدا بکاته ده‌ر و ده‌شیویست ناچاریبکات که دوا بڕیاری چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی، ئه‌و خۆی بیدات. سپێده نه‌یده‌ویست ژیان جێبێڵێت، هه‌رنه‌بێت ئێستا نا، تکای ده‌کرد نه‌یکوژێت تا خۆی ده‌مرێت. به‌شکم له پێکهنینێکا بمرێت، به‌شکم له خۆشیا دڵی بووه‌ستێت، به‌شکم شاگهشکهبێت. ئاوها مردنێکی له لا ئاواته. یان به‌شکم شه‌وێک بێخهیاڵی خۆش یان ناخۆش پاش نووستنی خه‌به‌ری نه‌بێته‌وه. ئه‌م نه‌یده‌ویست به تۆمهتدانهپاڵێک بکوژرێت یان به کوشتنی خۆی ناچار بکرێت!
سپێده که ئه‌و ڕۆژه‌شی بیر نه‌مابوو که غهیبزانێک، له ناو ئاپۆره‌یه‌ک خه‌ڵکدا، په‌نجه‌ی بۆ ڕاکێشا و وتی ئه‌گه‌ر که‌سێک له ناو ئێوه‌دا خاوه‌نی چاره‌نووسێکی به خه‌م شکۆدار بێت، ئه‌وه ئه‌م خانمه‌یه! سه‌ره‌تاکانی زۆر پێشتر له‌و ڕووداوانه‌ی له‌بیر بوو، ئه‌و ده‌مه‌ی که به‌ینی خۆش‌بوو له‌گه‌ڵ ژیان، ئه‌و کاتانه‌ی هه‌موو شت ڕۆژ به ڕۆژ قه‌شه‌نگتر خۆیان بۆ ده‌نواند و سات دوای سات باوه‌ڕیان به‌خۆی پێ پته‌وتر ده‌کرد. كه به هه‌موو چرکه‌یه‌کی شاد بوو، که خۆزگه‌ی به بوونی خۆی ده‌خواست له ژیاندا. هه‌میشه‌ش له یادی ئه‌و به‌یانییانه‌دا بوو كه به گومڕابوونی منداڵانه و خۆشبه‌ختییه‌کی ئه‌فسووناوییه‌وه به‌سه‌ر شه‌قامه گشتییه‌که‌ی (شار)دا ڕووه‌و مه‌یدانی پاسه‌کان، نه‌رم نه‌رم هه‌نگاوی ده‌نا.
له‌و مه‌یدانه بیره‌وه‌ریی خۆشی هه‌بووه، ئێ هه‌ر له‌وێ دێرینترین هاوڕێی منداڵی بینیوه‌ته‌وه، هاوڕێی سه‌رده‌می شفته‌ی ته‌زویر و شرووبیی سه‌ر سینی و خه‌تخه‌تێنی کۆڵان، نازداره‌که‌ی ده‌سته‌خوشکی، موڕاقیبه میهره‌بانه‌که‌ی پۆلی دووه‌کان.
زۆر جار باسی له ڕۆژێكی زستانی ئه‌وێ ده‌كرد، كه له یاده‌وه‌ری ئه‌ودا جوانترین كاته‌كانی بوون به خه‌یاڵ. باسی به‌یانییه‌ك كه له ناو پاسێكدا وه‌ك هه‌میشه‌ی له‌سه‌ر یه‌که‌م کوشنی سه‌رپه‌ڕ دادەنیشێت. ملپێچه‌که‌ی له ملی دەکاته‌وه، ده‌ستکێشه‌کانی له ده‌ستی دادەکهنێت و به داڵغه‌ی سه‌رده‌می منداڵیی و هاواری هاوڕێکه‌یه‌وه له ده‌می بانگكردنیدا، له‌سه‌ر ته‌می سه‌ر جامی پاسه‌که دەنووسێت (سپێده). ئه‌و به‌یانییه که یه‌که‌مین جار دەبێت هه‌ست به مانا و ڕاستی بوونی ناوه‌كه‌ی بكات، سپێده ته‌نیا ناوی خۆی و زرنگانه‌وه‌ی ده‌نگی هاوڕێكه‌ی نابێت، به‌ڵکه ئه‌م، ژیان له ژینگه‌ی ناوهکهشدا دەکات. هه‌ر له‌ناو پاسه‌که‌دا له‌گه‌ڵ سه‌رنجدانی له منداڵێک به باوه‌شی دایکییه‌وه، سه‌ری دەنێت به جامه‌که‌ی ته‌نیشتییه‌وه و تێكه‌ڵ به دنیای ڕامان دەبێت.. له درزی جامێکی پێشتره‌وه کزه‌بایه‌کی کریستاڵ ئاسا گه‌ردیله‌کانی کازیوه‌یه‌کی زیوین له سیمای ده‌دات و به زمانی بێگه‌ردی به‌یانیان له‌گه‌ڵی ده‌دوێت. ئه‌و خه‌یاڵ به داهاتوویه‌کی پرشنگداره‌وه ده‌کات و بیر له‌و هێز و هه‌ڵکه‌وت و خۆشبهختییانه ده‌کاته‌وه که مرۆڤ هه‌نی له‌گه‌ڵ ژیاندا. بزه‌یه‌ک له ناخی دڵه‌وه لێوه ته‌ڕه‌کانی تورت ده‌کات و ڕووه‌و گۆناکانی ڕایده‌کێشێت. هه‌ست به زه‌وی ناکات و دەکه‌وێته گه‌ردوونی ڕههاگهرایهتییهوه.. تاوێک پێیوایه پاسه‌که دوو باڵی گرتووه و ده‌فڕێت، تاوێکیش واههستدەکات، به پێوه و به وه‌ستاوی به ئاسماندا بڕوات، بێئه‌وه‌ی هه‌نگاوێک بنێت، ده‌گاته دهمکهلی خۆر له ده‌می هه‌ڵهاتنیدا و ده‌ست و ڕوومه‌ت و برژانگه‌کانی له په‌لوپۆی هه‌وره‌کان و ئاسۆیه‌کی فێنک و شێ‌دار ده‌خشێنێت. هه‌ر له‌وێوه خه‌یاڵ به به‌رکه‌وتنه‌کانی تیشکی ڕۆژ له عه‌سرێکی باراناویدا دەکات و خول ده‌خوات و جه‌سته‌ی به که‌وانه‌یی له‌به‌رده‌م خۆردا ده‌چه‌قێنێت، به‌و به‌رزییه‌وه، به‌ده‌م پێشبینیکردنی ڕۆژگارێکی شادییبهخشهوه دهتریقێتهوە و ڕه‌نگڕێژ ده‌بێت له سیحری ئاسمان، کلو کلو هه‌ور لێدهکاتهوە، یاری پێ ده‌کات و له‌به‌رده‌م خۆیه‌وه ده‌ڵێت مرۆڤ و په‌لکه‌زێڕینه و گه‌وره‌یی ژیان!
* *
تا ئه‌و ده‌مه‌ی تێده‌گه‌ین ئاده‌میزاد تاقانه بوونه‌وه‌رێکه له‌گه‌ڵ قوڵپێک گریان دێته دنیاوه و به گه‌ردوونێک گله‌ییه‌وه به‌جێیدێڵێت، زۆری ده‌وێت! تا درککردنی ئه‌وه‌ش که ئه‌زموون فێرگه‌یه‌کی به‌لاش نییه، گرانمان له‌سه‌ر ده‌که‌وێت. مه‌ست مه‌ست به قاڵبوونی چاندنی خه‌ون و گوڵه‌وه له هۆش خۆ ده‌چین و، ناوهختێک، زڕه‌ی ناقۆڵاترین زه‌نگ، دڵمان له مستمان ده‌نێت. کار هه‌ر به‌وه‌وه ناوه‌ستێت، هێنده نابات ئه‌وی مرۆڤ نازناوی تاوانباری لێده‌نرێت و دووریش نییه به‌بێ گوێگرتن له چه‌ند و چۆن و بۆچیش سزا نه‌درێت! لێره‌وه گه‌وره‌یی هه‌پوو! ئیدی پێشه‌نگی بڵقێکی قه‌ڵه‌وه، سه‌رئاو ده‌که‌وێت. بڵێی نموونه‌ییبوون له‌و حیکایه‌تانه‌دا جێمابێت که چاوانی منداڵیمانی خه‌واند؟! بڵێی جوانییه‌کانی ژیان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و جۆکه‌ره عاشقه بن که له باڵی په‌پووله‌یه‌کی نایلۆندا خۆی نواند؟!
ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی به بۆیه‌ی ئاکریلی سوور له‌سه‌ر پهنجهرەی ژووره‌که‌ی نووسیبوو. دیاره ئه‌م وشانه و تابلۆکانی تاکه دۆکۆمێنتن که له ڕێیانه‌وه بزانین به‌ر له ڕۆشتنی بیری له‌چی کردۆته‌وه و چۆنی گوزه‌راندووه؟! ماڵه‌که‌ی له ستۆدیۆیه‌کی گه‌وره ده‌چێت، پڕه له ڕه‌نگ، که‌ره‌سه‌ی وێنه‌کێشان و جۆره‌ها تابلۆ. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی هه‌ر وهرشهیهکهوه، ده‌ڵێی مۆزه‌خانه‌یه‌که که ده‌ستلێدان له هه‌ر شتێک تیایدا قه‌ده‌غه‌یه! ئاخر به‌شێوه‌یه‌کی سه‌یر هه‌موو شتی له‌جێی خۆیه‌تی و هیچ بڵاو نییه. ڕاستی، دیمه‌نی شته‌کانی بۆ خۆیان وه‌ها تابلۆیه‌کن که ته‌نیا سه‌یریان بکه‌یت و دڵت نه‌یه‌ت په‌نجه‌یان بۆ به‌ریت. ئه‌و هه‌میشه دیقه‌تی له‌سه‌ر شته ورده‌کان بوو، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ملیمه‌ترێک به‌ملادا یان به‌ولادا که‌وتنی هه‌ر شتێکی ناوماڵه‌که هه‌راسانیان ده‌کرد و ده‌بوو زووبه‌زوو چاکیان بکات. ئه‌و کاتانه‌شی هه‌موو شتی له‌جێی خۆی بوو، ئاسووده‌یی هه‌ناوی ده‌گرته‌وه. ئه‌و هه‌ر وابوو، سه‌باره‌ت به هه‌موو شتێک، زۆر جار به شتی زۆر بچووک دڵی زۆر خۆش ده‌بوو، هه‌روه‌ک چۆن شتی زۆر بچووکیش ده‌یتوانی تا ئه‌وپه‌ڕی دڵته‌نگی به‌رێت!
که‌مێک لای تابلۆکان ده‌وه‌ستین، سه‌یرکه‌ن، دوو شت جێگای سه‌رنجه لێره‌دا، یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی که تابلۆکان فۆڕمی لێکنه‌چوو و سه‌یریان هه‌یه، بازنه‌ی قوپاو، سێگۆشه‌ی لا قرتاو، لاکێشه‌ی که‌رت که‌رت و جۆره‌ها شێوه‌ی نه‌ناسراو. دووه‌میش ئه‌و تێکسته کوورتانهی که له ته‌نیشت هه‌ر تابلۆیه‌که‌وه نووسیونی! هه‌ندێک له‌و ده‌قانه پێناچێ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به وێنه‌که‌وه هه‌بێت و هه‌ندێکیشیان ده‌شێت وه‌ک تیشکێک بۆ سه‌ر تابلۆکه وه‌ربگیرێت.
بۆ وێنه، ئه‌و تابلۆ خڕه‌ی سه‌ر دیواره پانه‌که، پێده‌چێت چه‌ندین تاسه و چاڵوچۆڵی تێدابێت، ڕه‌ش ده‌چێته‌وه و سێبه‌ری کچێکی تێدا ده‌رکه‌وتووه، له‌سه‌ر ئه‌ژنۆکانی خۆی گرتۆته‌وه، ده‌ستێکی له زه‌وییه‌که تووند کردووه و ده‌سته‌که‌ی تری ڕووه‌و ئاسمان بڵند به‌رز کردۆته‌وه و به چنگێکی کراوه‌وه گه‌ره‌کێتی (ڕۆژ) دابگرێت. له ته‌نیشت ئه‌م تابلۆیه‌وه به خه‌تی کامه‌ران نووسراوه: (تۆ وه‌ره، من ئاوا، ده‌ستم ناگاتێ..)
هه‌ر ڕێک به‌رامبه‌ر ئه‌و تابلۆیه، له تابلۆیه‌کی سێپارچه‌ی ناڕێکدا، وێنه‌ی دایکێکی پڕ حه‌سره‌ت و ته‌رمی ساردبۆوه‌ی کۆرپه‌یه‌ک و سی و یه‌ک په‌ڕه‌ی گوڵ و ژیله‌مۆ، بۆ لای خۆیان په‌لکێشت ده‌که‌ن. له ته‌نیشتیانه‌وه به هه‌مان خه‌تی ده‌قه‌که‌ی تر نووسراوه: (ده‌بوو هه‌ناسه‌م بکه‌مه هه‌ناسه‌ت، تاسه‌ر پهتیکهم ئازار و تاسه‌ت، ده‌مویست گلێنه‌م بنێمه ژێر پێت، خوێنم نانت بێت، جه‌سته‌م شوێن و جێت. خۆ ئاواتم بوو له‌م دنیایه‌دا، ئه‌و و من و تۆ، ته‌لارێک چێکهین له به‌هه‌شت بچێت..)
تابلۆیه‌کی تر لهملاترهوه، وێنه‌ی گۆڕێکه، که‌سێکی ده‌ست له‌ژێر چه‌نه‌ی تێدا دانیشتووه، ڕوون دیار نییه ئه‌و که‌سه پیاوه یاخود ژن؟ به‌ڵام له ته‌نیشتییه‌وه به خه‌تێکی ته‌ژی له دڵه‌ڕاوکێ نوسراوه: (ئه‌م که وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌یخواست نه‌ژیا و نه‌مرد، ده‌ستیشی له‌وه شتووه که بگاته (نیرڤانا)(٢)، به‌ڵام به‌م چاوه‌ڕوانییه‌دا پێده‌چێت چووبێته‌وه سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که هیوادارن، پاش مه‌رگ، جارێکی دی، له جه‌سته‌یه‌کی تردا، زینده‌گی جوانتر، بگه‌ڕێنه‌وه ژیان..!)
له‌وسه‌ره‌وه موشته‌قاته‌کانی ڕه‌نگێک به سه‌رتاپای تابلۆی ژێر کاتژمێره‌که‌دا ڕژاوه و هه‌ر به خه‌تی کامه‌ران له ته‌نیشتییه‌وه نووسراوه: (دڵنیای، کارێکت پێم نه‌ماوه..!؟)
هه‌ر ئێستا هاته‌وه بیرم، ڕۆژێک که هاتبووم بۆ لای، هه‌ر ڕێک دوای خوێندنه‌وەی ئه‌م تێکستانه لێم‌پرسی:
- پێمناڵێی ڕووی ستایش و گله‌ییت له کێیه؟
ئه‌و له وەڵامدا پێی وتم:
+ زووە بۆ وتن، به‌ڵام، ئه‌گه‌ر به درەنگانی درکاندنیش ڕانهگهشتم.. ژیان یار و یارییه‌که‌یه!
تابلۆکان زۆرن و حه‌وسه‌ڵه‌ی نووسینه‌وه‌یانم نییه، زۆر وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که تێپه‌ڕی، هیچێک له‌وه‌ی که دێت پێش ناخات. ئه‌وه‌ی که ماوه گرنگبێت ئێوه بیزانن ئه‌وه‌یه که ئه‌و مردنێکی ئاسایی نه‌مرد. نا ئه‌و وه‌ها نه‌بوو که ڕۆحی ده‌رچێت، لاشه‌که‌ی بنێژن و باڵایه‌ک زه‌وی له خاکی ئه‌و دنیایه‌دا داگیر بکات که له‌م بێزار بوو بوو. ئه‌م که بینی ژیان وه‌ک خه‌یاڵ و خه‌ونه‌کانی پێیه‌وه قه‌شه‌نگ و دڵ گه‌وره نییه و که زانی مه‌حاڵه خۆی به دزێوی و دابڕان ڕابێت.. له‌رزی لێهات، مه‌راق دایگرت و ویستی خۆی بخافڵێنێت، که‌چی بیرکردنه‌وه‌ی ئازارکێش ده‌مار ده‌ماری پچڕاند، ئێسک ئێسک و خانه خانه‌ی به گه‌رد کرد.. من بینیم، ئه‌و ته‌نک ته‌نک دووکه‌ڵی کرد! ئا باوه‌ڕ بکه‌ن، بوو به هه‌ڵم و له زریکه‌یه‌ک بهولاوە، ئاسه‌وارێکی له پاش خۆی جێنه‌هێشت!
ئه‌وه‌تا، له جێگایه‌کی تر، به‌رده‌می تا چاو بڕکات بۆشاییه و ئه‌و به‌رده‌وام هه‌ر ڕاده‌کات، ڕاده‌کات وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌دوای شتێک كه‌وتبێت، یان وه‌ک ئه‌وه‌ی شتێک ڕاوی بنێت. ڕاده‌کات و توانای به‌سه‌ر هێمنکردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌کانیا نه‌ماوه، ڕاده‌کات و شوێنپێ به‌جێماوه‌کانی، داستانێک تۆمار ده‌که‌ن، له دواوه. ڕاده‌کات و چاوانی ترس و ماته‌می ونبوونیان تێزاوه. ڕاده‌کات و به‌ردێک له‌به‌رپێی ناگیرێت، دره‌ختێک نایه‌ته ڕێی بیگرێته‌وه، دیوارێک نایوهستێنێتهوه، شتێک باوه‌شی بۆ ناگرێته‌وه. ئه‌و ڕاده‌کات و ئازاری دڵی پشکۆیه، پێناچێ دامرکێته‌وه. هه‌ر ڕاده‌کات و خه‌یاڵی هه‌ر لای ئه‌وه‌یه، چۆن و که‌ی له‌گه‌ڵ ژیاندا ئاشتبێته‌وه؟! که‌له‌ی ڕه‌قه، نایه‌وێت دان به‌وه‌دا بنێت، ژیان ئه‌وی هه‌ر بهبیریش نایه‌ته‌وه..! ده‌یبینن؟ به‌رده‌وام، هه‌ر ڕاده‌کات..
(١) دیاره له زمانی کوردییدا به مێیه‌ی ئه‌سپ ده‌وترێت ماین، به‌ڵام من وشه‌که‌م وه‌ک ده‌ربڕینێک پێ خۆش نه‌بوو، بۆیه (ئهسپهمێ)م به‌کارهێنا!
(٢) (نیرڤانا) ئامانجی گرووپێکه که پابه‌ندی ئایینی (بوودی)ین. ئه‌وان که پێیانوایه مرۆڤی نموونه‌یی ده‌توانێ بگاته ئاستی ئازادبوونی ڕۆح و بۆ تاهه‌تا ڕزگار بوون له ئازار. ئه‌مه له کاتێکدا، به‌پێی باوه‌ڕی ئه‌وان، نه‌گه‌یشتن به ئازادبوون و نیرڤانا، مانای به‌رده‌وامیی ئازار ده‌گه‌یه‌نێت!